بڕیارە ڕۆژی 18ی كانوونی یەكەم، پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان لە 15 پارێزگای عێراق بە پارێزگای كەركووكیشەوە بەڕێوەبچێت كە تیاییدا پێنج هەزار و 904 بەربژێر كە چوار هەزار و 242 بەربژێر لە ڕەگەزی نێر و، هەزار و 662 لە ڕەگەزی مێینەن، پێشبڕكێ بۆ بەدەستهێنانی 285 كورسی ئەنجوومەنی پارێزگاكان دەكەن كە 75 كورسی لەو ژمارەیە تایبەتە بە ئافرەتان و 10 كورسیش بۆ پێكهاتەكان تەرخانكراوە.
- پارت و هاوپەیمانییەكان لەم هەڵبژاردنەدا ..
بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان، 38 هاوپەیمانی و 163 پارت و بەربژێری سەربەخۆ، پێشبڕكێ لەسەر بەدەستهێنانی 285 كورسی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق دەكەن و تیاییدا 16 ملیۆن كەس مافی دەنگدانی هەیە و، 17 ملیۆن كاغەزی دەنگدان چاپكراوە و ڕۆژی 18ی ئەم مانگەش لە 48 هەزار وێستگە پڕۆسەكە بەڕێوەدەچێت كە بەسەر حەفت هەزار و 765 بنكە دابەشبووە.
- دابەشبوونی كورسییەكان بەسەر پارێزگاكاندا ..
لە كۆی 285 كورسی ئەنجوومەنی پارێزگاكان، 75 كورسی بۆ ئافرەت و 10 كورسیش بۆ پێكهاتەكان دیاریكراوە و ژمارەی كورسیی ئەنجوومەنەكەش لە پارێزگاكان بریتین لە 49 كورسی لە پارێزگای بەغدا، 26 كورسی لە پارێزگای نەینەوا، 22 كورسی لە پارێزگای بەسڕە، هەریەك لە پارێزگاكانی بابل و زیقار 18 كورسی، هەروەها 16 كورسی لە پارێزگای ئەنبار، هاوكات 15 كورسی بۆ هەریەك لە پارێزگاكانی نەجەف، سەڵاحەددین، كەركووك و، دیالە دیاریكراوە، 14 كورسیش بۆ هەریەك لە پارێزگاكانی واست و قادسیە و، 13 كورسیش بۆ پارێزگاكانی كەربەلا و میسان، هەروەها 12 كورسیش بۆ پارێزگای موسەننا تەرخانكراوە.
هاوكات لەو 75 كورسییەی بۆ ئافرەتانیش دیاریكراوە، دابەشبووە بەسەر پارێزگاكانی عێراق بە شێوەیەك، 13 كورسی بۆ پارێزگای بەغدا، حەفت كورسی بۆ پارێزگای نەینەوا، شەش كورسی بۆ پارێزگای بەسڕە، هەریەك لە پارێزگاكانی زیقار و بابل پێنج كورسی، هەریەك لە پارێزگاكانی ئەنبار، قادسیە، دیالە، نەجەف، سەلاحەددین، كەربەلا، كەركووك، میسان و واست چوار كورسی، سێ كورسیش بۆ پارێزگای موسەننا.
- 10 كورسی پێكهاتەكان ..
هاركات 38 بەربژێری پێكهاتە جیاوازەكانیش لە پڕۆسەكە كێبڕكێ لەسەر 10 كورسی ئەنجوومەنی پارێزگاكان دەكەن بە جۆرێك 16 بەربژێر لە پێكھاتەی كریستیان، 13 بەربژێر لە پێكھاتەی كوردە فەیلییەكان، پێنج بەربژێر لە پێكهاتەی شەبەك و چوار كەسیش بۆ ئێزدییەكان خۆیان بەربژێر كردووە و ئەوانیش بەم شێوەیە تەرخانكراون كە، سێ كورسی لە پارێزگای بەغدا بۆ فەیلی، كریستیان و سابئەی مەندایی، هەروەها سێ كورسی لە پارێزگای نەینەوا، بۆ شەبەك، كریستیان و ئێزدی، هەروەها یەك كورسی لە پارێزگای كەركووك بۆ پێكهاتەی كریستیان، یەك كورسی لە پارێزگای بەسڕە بۆ پێكهاتەی كریستیان، یەك كورسی لە پارێزگای میسان بۆ سابئیە و یەك كورسیش لە پارێزگای واست بۆ فەیلییەكان.
بەپێی هەڵسەنگاندنەكان زۆرترین ململانێی هەڵبژاردنەكە كەوتووەتە ئەو ناوچانەی كە بە ناوچە جێناكۆكەكان (سنووری ماددەی 140)ناسراوە، ململانێكانیش لە نێوان هەر سێ پێكهاتەی كورد، عەرەب و توركمانە.
هەروەها بەپێی ئاماژەكان براوەی هەڵبژاردن لە پڕۆسەیەدا لە پارێزگاكانی باشووری عێراق دەبێت كە زۆرینەی دانیشتووانەكەی شیعە مەزهەبن.
پڕۆسەكە تەنیا لەناوخۆی عێراق بەڕێوەدەچێت و، هاوكات ئەو ئاوارانەش بەشداری پڕۆسەكە دەكەن بە هۆی دۆخی سیاسیی و ئەمنییەوە لە كەمپەكانی هەرێم نیشتەجێن و تیاییدا حەوت بنكەی دەنگدان لەو كەمپانە دادەنرێت.
- چاودێر و نوێنەری پارتە سیاسییەكان ..
بەپێی زانیارییەكانی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، 87 چاودێری نێودەوڵەتی و زیاتر لە 33 ھەزار چاودێری ناوخۆ، زیاتر لە پێنج ھەزار بریكاری پارتە سیاسییەكان چاودێری پڕۆسەی دەنگدان لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان دەكەن.
لەبارەی ژمارەی كورسی ئەنجوومەنی پارێزگاكان، لە یاسای ژمارە (4)ـی ساڵی 2023 كە تایبەتە بە ھەمواركردنەوەی سێیەمی یاسای ھەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگاكانی ژمارە (12)ـی ساڵی 2018، زۆرترین كورسی لە بەغدای پایتەختە بە 49 كورسی و دوای ئەویش پارێزگای نەینەوا دێت بە 26 كورسی و پارێزگای بەسرەش 22 كورسی ھەیە. بەشێوەیەك، كۆی گشتی ژمارەی كورسی ئەنجوومەنی ھەر 15 پارێزگاكە بریتییە لە 285 كورسی و 75 كورسییان تایبەتە بە كۆتای ئافرەتان و 10 كورسیش تایبەتە بە پێكهاتەكان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.