Erbil 9°C یەکشەممە 12 کانوونی دووەم 08:39

له‌ سلێمانی پشكنین بۆ هه‌موو ئه‌و برنجانه‌ كرا كه‌ له‌ بازاڕ ده‌فرۆشرێن و ده‌گوترێ پلاستیكن‌

کوردستان TV
100%

قایمقامییه‌تی پارێزگه‌ی سلێمانی پشكنینی بۆ هه‌موو ئه‌و برنجانه‌‌ كرد‌ كه‌ له‌ بازاڕدا بوونی هه‌یه‌ و ئه‌نجامه‌كه‌شی بڵاو كرده‌وه‌ دوای ئه‌وه‌ی له‌ هه‌ندێ له‌ تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی وا بڵاوكرابووه‌وه‌ كه ئه‌و برنجانه‌ پلاستیكن و رووه‌كی نین.‌

هیوا ساڵح نوێنه‌ری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی له‌ لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قایمقامییه‌تی سلێمانی رایگه‌یاند: دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی گرته‌ی ڤیدیۆ دروستكردنی برنج له‌ پلاستیك و دروستبوونی دڵه‌ڕاوكێ له‌نێو هاووڵاتییان، لیژنه‌كان به‌ ره‌زامه‌‌ندی قایمقامی سلێمانی سه‌رجه‌م جۆره‌كانی برنجی له ‌ڕووی جۆر و كوالێتی و پێكهاته‌كه‌یه‌وه نارد‌ بۆ پشكنین‌ بۆ تاقیگه‌كان.

گوتیشی: ئه‌و تاقیگه‌یه‌ی پشكنینی بۆ سه‌رجه‌م جۆره‌كانی برنج له‌ بازاڕه‌كانی شاری سلێمانی كردووه‌‌، یه‌كێكه‌ له‌ باشترین تاقیگه‌كانی كوردستان و له‌ژێر ‌چاودێری نوێنه‌ره‌كانی حكوومه‌ت و به ‌باشترین ئامێره‌ پێشكه‌وتووه‌كان پشكنینه‌كانی ئه‌نجامداوه و در‌كه‌وتووه‌ كه‌ سه‌رجه‌میان برنجی رووه‌كین‌.

هیوا ساڵح ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد: به‌پێی ئه‌و ئه‌نجامه‌ی به‌ده‌ست قایمقامییه‌تی سلێمانی گه‌یشتووه‌ته‌وه‌، پشكنینی تاقیگه‌كه‌ كوالێتی برنجه‌كانی پله‌به‌ند كردووه‌ و چه‌ند جۆرێكیان له‌ باشترین جۆره‌كانی برنجی جیهانن كه ‌له‌ بازاڕه‌كانی شاری سلێمانی ده‌فرۆشرێن.

نوێنه‌ره‌كه‌ی ته‌ندروستی له‌ لیژنه‌كانی قایمقامییه‌تی سلێمانی ‌دووباره‌ هاووڵاتییانی دڵنیا كرده‌وه‌‌ كه‌ سه‌رجه‌م برنجه‌كانی ناو بازاڕی شاری سلێمانی له‌ ڕووی كوالێتی و جۆره‌كانییانه‌وه‌ رووه‌كین و هه‌روه‌ها له‌ پێكهاته‌كانیاندا مادده‌ی پلاستیك بوونی نییه‌ و پێویست به‌ دڵه‌ڕاوكێ ناكات.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.