Erbil 10°C یەکشەممە 12 کانوونی دووەم 03:37

مەکتەبی رێکخستنی کەرکوک: قسەكانی قه‌یس خەز عەلی هەڵگری دەستكاریكردنی مێژوو و راستییەكان بوو

کوردستان TV
100%


مه‌كته‌بی رێكخستنی كه‌ركوك - گه‌رمیانی پارتی  وه‌ڵامی ووته‌كانی قه‌یس خه‌ز عه‌لی ده‌داته‌وه‌.
مه‌كته‌بی رێكخستنی كه‌ركوك - گه‌رمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان بڵاویكرده‌وه‌، قسەكانی ئەمڕۆی قەیس خەز عەلی ئەمینداری عەسایبی ئەهلی حەق لە بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان لە كەركووك هەڵگری تەحریفی مێژوو و ڕاستیەکان بوو. ئەوە لە حاڵێكدایە ئەو دۆخەی كە بەسەر عێراق و كەركووك و هەرێمی كوردستاندا هاتووە، دەرئەنجامی سیاسەتی هەڵە و پێشێلكردنی دەستوور و تاییفەگەریی دەستەڵاتدارانی عێراقی بووە لە ساڵانی ڕابردوودا، سیاسەتێکی هەڵە کە وای كردووە لەبری ئەوەی عێراق ببێتە وڵاتی شەراكەت و برایەتی و پێشكەوتن، بووەتە شوێنی گەندەڵی و لاوازكردنی دامەزراوەكانی دەوڵەت و حوكمی میلیشیا و دەستوەردانی دەرەكی و تێكدانی بنەماكانی فیدڕاڵیزم و پێكەوەژیان و دیموكراسی.

مه‌كته‌بی رێكخستنی كه‌ركووك - گه‌رمیانی پارتی راشیده‌گه‌یه‌نێت: گەلی كوردستان بۆ بەدیهاتنی عێراقی تازە و جێگیربوونی فیدڕاڵیزم و دیموكراسی و شەراكەت دەریایەك خوێنی داوە. جینۆساید و كیمیاباران كراوە، گەلی كوردستان بەشداری سەرەكی بوو لە بنیاتنانی عێراق بەو ئومێدەی كە دەستەڵاتدارانی عێراق عیبرەت لە ڕابردوو وەربگرن و چیتر تەماحی ستەمكاری و شۆڤینیەت تووشی هەڵەیان نەكات، بە خەزعەلی دەڵێین ئێوە لەسەرشانی گەلی كوردستان و هەرێمی كوردستتان دەستتان لە دەستەڵاتدا گیر بوو، هەرێمی كوردستان فەزڵی بەسەر هەمووتانەوە هەیە كە ئێستا لە دەستەڵاتدان . بە قسەكانی ئێوە مێژوو چەواشە ناكرێت و هیچ كەسێك لەهەر پێگە و مەقامێكدا بێت ناتوانێ مێژووی خەبات و قوربانیدانی كوردستان بۆ ڕزگاریی عێراق بسڕێتەوە، هەرێمی كوردستان پشتی بە خوای گەورە و ئیرادەی ڕۆڵەكانی و ڕەوایەتیی دۆزەكەی گەرمە و بەرچاوی ڕوونە.

 راشگه‌یاندراوه‌، بەبیریان دەهێنینەوە، دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان دۆزێكی مێژوویی و جیۆگرافی و سیاسی و دەستووری و وجوودیە و لەبەرانبەر هیچ گوشار و نكۆڵیكارییەك بچووك ناكرێتەوە. خەڵكی كوردستان زۆر لەوە وریاتر و ئاگادارترن و چاك دەزانن سیاسەتی برسیکردن و بڕینی بودجەی هەرێمی كوردستان، دژایەتیکردنی ئاشکرای مافەكانی گەلی كوردستانە، ئەوە درێژكراوەی سیاسەتی نكۆڵیكارانەی ڕژێمەكانی پێشووترە.

مه‌كته‌بی رێكخستنی كه‌ركوك - گه‌رمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان راشیده‌گه‌ێنێت، چیتان بۆ عێراق و عێراقییەكان كردووە؟ ئێوە بەرپرسی یەكەم و كۆتایی و هەموو نەهامەتی و ناسەقامگیری و برسیەتی و مەحروومییەتێكن كە لە سەرانسەری عێراقدا هەیە و دەتانەوێ هەرێمیش بەدەردی شوێنەكانی تر بەرن؟ هەر بەهۆی سیاسەتی فراوانخوازی و غرور و تایەفەگەریی ئێوەیە عێراق بووەتە سەرلیستی دەوڵەتە هەژار و گەندەڵەكانی جیهان و پاسپۆرتی عێراقی خەراپترین پاسپۆرتە لەسەر ئاستی جیهان. عێراق سەدان ملیار دۆلار داهاتی هەبووە كەچی هەژاری تەنگی بە پارێزگاكانی عێراق هەڵچنیوە و خەڵك لە باشوور ئاوی خواردنەوەی نییە و قوتابخانە و خەستەخانەكان وێرانن، دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشوو و پەسەندبوونی دەستوور لەلایەن گەلانی عێراقەوە، ئەو دەرفەتە هەبوو عێراق بكرێتە وڵاتێكی ئارام و خۆشگوزەران كە هەموو لایەك تێیدا شەریك بن و عێراقییەكان بتوانن دوور لە تیرۆر و چەواشە و شۆڤینیەت برینەكانیان سارێژ بكەن.. بەڵام ئێوە نەتانهێشت و ڕێگر بوون و ڕێگرن.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.