ژمارەی ئەو کەسانەی لە ئەنجامی ھێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە کە لە 7ی تشرینی یەکەمەوە تا ئێستا ئەنجامیداون کوژراون لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا196 کەس زیادی کردووە و بەرزبووەتەوە بۆ 18 ھەزار و 608 کەس.
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی لە غەززە، ئەشرەف قودرا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا زانیاریی سەبارەت بە هێرشەکانی ئیسرائیل خستەڕوو کە درێژەیان هەیە.
قودرا باسی لەوە کرد کە لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا، 196 تەرم و 499 بریندار گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکان و، ژمارەیەکی زۆر تەرم لەژێر داروپەردووە ڕووخاوەکان و قەرەخ رێگاکاندا ماون.
هەروەها قودرا ئاماژەی بەوە کرد تێکڕای ژمارەی ئەوانەی لە 7ی تشرینی یەکەمەوە تا ئێستا کوژراون بەرزبووەتەوە بۆ 18 هەزار و 608 کەس، ژمارەی بریندارانیش گەیشتووەتە 50 هەزار و 594 کەس.
سەبارەت بە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سیستمی تەندروستیی، قودرا ڕایگەیاند: "ئامانجی ئیسرائیل لە هێرشکردنە سەر نەخۆشخانەکانی باکووری کەرتی غەززە لەناوبردنی سیستمی تەندروستییە، بۆئەوەی خەڵکی ناوچەکە ناچار بە کۆچ بکات".
هاوکات وەزارەتی تەندروستی غەززە، بە ئاماژە کردن بە تەواوبوونی پێکوتەی منداڵان داوای هاوکاری نێودەوڵەتیی کرد.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.