Erbil 8°C شەممە 11 کانوونی دووەم 23:03

ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق بڕیاری دا بودجه‌ بۆ هه‌ڵبژاردن و وشكه‌ساڵی و لافاو له‌ هه‌رێمی كوردستان ته‌رخان بكات

کوردستان TV
100%

له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق چه‌ند بڕیارێكی گرینگ په‌یوه‌ست به‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی وشكه‌ساڵی و مه‌ترسییه‌كانی لافاو له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌ركران.

كۆبوونه‌وه‌كه‌ كه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تی محه‌مه‌د شیاع سوودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق به‌ڕێوه‌چوو، چه‌ند بڕیارێك سه‌باره‌ت به‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌ركران.

سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان، ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران بڕیاری دا بڕی زیاتر له‌ 43 ملیار دینار له‌ بودجه‌ی كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق له‌ به‌رنامه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگه‌كان بگوازرێته‌وه‌ بۆ سه‌ر هه‌ژماری هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان كه‌ بڕیاره‌ له‌ مانگی شوباتی ساڵی داهاتوو بێته‌ ئه‌نجامدان.

هه‌روه‌ها بڕیادرا له‌ بودجه‌ی یه‌ده‌گی له‌ناكاوی هه‌رێمی كوردستان بۆ ساڵی 2023 بڕی زیاتر له‌ 25 ملیار و 460 ملیۆن دینار بگوازرێته‌وه‌ بۆ سه‌ر هه‌ژماری ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان.

ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق ده‌سه‌ڵاتی خه‌رجكردنی ئه‌و بودجانه‌ی بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان، خسته ‌به‌رده‌ستی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی كۆمیسیاران له‌ كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق.  

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌روه‌ها بڕیاردرا به‌ بڕی زیاتر له‌ 5 ملیار و 562 ملیۆن دینار وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پاره‌دار بكرێت بۆ جێبه‌جێكردنی پێشنیاره‌كانی لیژنه‌ی باڵای نیشتمانی ئاو به‌ مه‌به‌ستی چاره‌سه‌رییه‌كانی كێشه‌ی وشكه‌ساڵی و مه‌ترسییه‌كانی لافاو له‌ هه‌رێمی كوردستان.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.