ئهمڕۆ یهكشهم شاندی دانوستانکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان و تیمی باڵای وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لەگەڵ کۆمپانیاکانی گواستنەوە و بەرهەمهینانی نەوت و گاز کۆبوونەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا باس لە دوایین پێشهاتەکانی گفتوگۆی نێوان هەرێم و بەغدا کرا سەبارەت بە یاسای بودجە و نەوت و تیشکخرایە سەر هەنگاوەکانی حکوومەتی هەرێم لە چوارچێوەی بەرگری لە مافە دەستوورییەکانی هەرێم بە ئاڕاستەی چارەسەری کێشەکان.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا نیازی حکوومەتی هەرێم بۆ چارەسەری ریشەیی جەختی لێ کرایەوە و ئاماژە بەوە درا كه ئەوەی لەسەر حکوومەتی هەرێم بووە ئەنجامیداوە تاکو گفتوگۆکان بگەنە ڕێکەوتن و چارەسەر، ئاماژەشدرا بە کۆبوونەوەی هاوبەشی حکوومەتی هەرێم و شاندی باڵای وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵ لە ناوەڕاستی مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ کە هەرێمی کوردستان ئەوەی پێویست بووە لە زانیاری و داتا و بەڵگەنامەکان خستوویەتییە بەردەم وەزارەتی نەوتی عیراق.
پوختەی کۆنووسی کۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوولا کە تا ئێستا هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی دواهەڵوێستی وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵە سەبارەت بە پێشنیارەکانی هاتوو، لە میانەی کۆبوونەوەکانی هەردوولا لە ناوەڕاستی مانگی ڕابردوو لە هەولێر بیروڕایان لەبارەیەوە ئاڵوگۆرکران.
لە کۆبوونەوەکەدا خواستی هەرێم بۆ هەرچی زووه دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لەگەڵ نوێنەری کۆمپانیاکان خرایەڕوو کە ئەم بابەتەش پێویستی بە دۆزینەوەی لێکتێگەیشتنی هاوبەشی هەموولایەکە سەبارەت بە تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت.
هەر لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا باس لەو ئالنگارییانە کرا کە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو هاتوونهتە پێش کۆمپانیاکانی نەوت کە بەهۆی بارودۆخی ئابووری بۆیان دروستبووە، بە سوپاسەوە تیشک خرایە سەر خۆڕاگری کۆمپانیاکان و لەبەرامبەر ئەو ئاستەنگانەی کە هەن و ئاماژەش بەوەدرا كه بە پێکەوەیی لەگەڵ حکوومەتی هەرێم کارەکانیان سەرکەوتووتر دەبن.
بڕیاریشدرا ئەم جۆرە کۆبوونەوە هاوبەشانە بەردەوام بن بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەری هاوبەش بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشە هەڵپەسێردراوەکان لەپێناوی دەستپێکردنەوە بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم کە ڕۆڵی گرینگی دەبێت لە بوژاندنەوەی ئابووری هەرێمی کوردستان و عێراق.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.