لە چوارچێوەی کۆبوونەوەیەکی تایبەتدا لە وەزارەتی پێشمەرگە، وەزیری پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی باڵای کرد لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و ڕاوێژکارانی باڵای هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستان، لەو کۆبوونەوەیەدا پرسی چاکسازی و رێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزەکان و هاوکارییەکانی هاوپەیمانان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە گفتوگۆی لەبارەوە کرا.
ئهمڕۆ یهكشهم شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە پێشوازی کرد لە جەنەڕاڵ مەکێنزی بەرپرسی تیمی باڵای ڕاوێژکارانی هاوپەیمانان و کۆڵۆنێڵ مایکڵ گاچێرۆ بەرپرسی ئۆفیسی هەماهەنگی کونسوڵخانەی ئەمریکا و ڕاوێژکارانی باڵای وڵاتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستان، وەزیری پێشمەرگە لەو کۆبوونەوەیەدا جەختیکردەوە لە خێراترکردنی پرۆسەی چاکسازی و پێکەوە کارکردن بۆ سەرخستنی ئەو پرۆسەیە و رێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزەکان لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا.
وەزیری پێشمەرگە ههروهها بە گرینگییەوە باسی لە پرۆسەی چاکسازی و هەنگاوەکانی ڕێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی کرد و ڕایگەیاند: بە هاوکاری و هەماهەنگی زیاتر لەگەڵ دۆستەکانمان لە هێزەکانی هاوپەیمانان هەوڵ بدەین هێزەکان رێك بخەینەوە بە ئامانجی دروستبوونی هێزێکی نیشتمانی تۆکمە و رێکخراو، خاوەن دیسپلینی سەربازی لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا کە ساڵانێکە لەم پێناوەدا هەوڵی جددی بۆ دەدەین. هەروەها گوتی: دڵخۆشین ویست و ئیرادەیەکی بەهێز هەیە بەرامبەر پرس و پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگەدا.
لای خۆشیانهوه بەرپرسی تیمی باڵای ڕاوێژکارانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان دڵخۆشی خۆی دەربڕی بەرامبەر خێراکردنی هەنگاوەکانی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و ڕایگەیاند: ئێمە لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی پاڵپشت و پشتیوانتان دەبین لە پرۆسەی چاکسازی و یەکگرتنەوەی هێزەکانی حەفتا و هەشتا و پەرەپێدان بە کاروباری فیرقەکان لە وەزارەتی پێشمەرگە، لەم پێناوەشدا پێکەوە کاری هاوبەش و پلانی گرینگ و ستراتیژی دادەڕێژین .
هەروەها گوتی: هاوپەیمانان چاودێری وردی پرۆسەی چاکسازی دەکەن لە وەزارەتی پێشمەرگە و هیوادەخوازن هێزی پێشمەرگە بگاتە ئاستێکی باڵای سەربازی.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا گفتگۆی چڕ و پڕبایەخ کرا دەربارەی پەرەپێدان بە کاروباری فیرقەکان و پلانی یەکگرتنەوەی هێزەکان و ستراتیژییەتی وەزارەتی پێشمەرگە لە ئایندەدا .
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.