زیاتر لە ساڵێكە بانكی فیدڕاڵی ئەمریكا سیستەمێكی نوێی بەسەر عێراقدا سەپاندووە كە نابێت لە دەرەوەی ئەم سیستەمە مامەڵە بە دۆلارەوە بكات و ئەمەش بەھای دیناری بەرامبەر بە دۆلار دابەزاندووە و رۆژانە نرخی دراوەكان گۆڕانكاریی بەسەردا دێت.
بانكی ناوەندی عێراقیش چەند جارێكە بە مەبەستی ڕێگریكردن لە سپیكردنەوە و بە قاچاغبردنە دەرەوەی پارە، ڕێكاری نوێ دەگرێتە بەر، لە نوێترین ڕێكاریشدا بانكی ناوەندی عێراق رایگەیاندبوو كە عێراق و توركیا رێككەتوون كە مامەڵە بازرگانییەكانییان لە ساڵی داهاتووەوە بە دراوی جۆری یۆرۆ، لیرەی توركی و دیناری عێراقی ئەنجام بدەن بەجۆرێك هاوردەكردن بۆ عێراق بە جۆری لیرە یان یۆرۆ بێت و لە ناوخۆی عێراقیش بە دینار مامەڵەكان ئەنجام بدرێت.
بەشێك لە شارەزایانی ئابووری پێیانوایە كە بانكی ناوەندی بەبێ پاڵپشتی و هاوكاری حكوومەتی عێراق و دەزگای دادوەری ناتوانێت ئەم بڕیارە جێبەجێ بكات و بەشێكی دیكەش پێیانوایە ئەم بڕیارە ناچێتە واری جێبەجێكردن و جەخت لەوە دەكەنەوە كە عێراق ناتوانێت وەها بڕیارێك جێبەجێ بكات تا ئەو كاتەی بڕیارەكانی ئەمریكا جێبەجێ نەكات.
لەوبارەیەوە محەمەد موحسین ،مامۆستا لە كۆلیژی بەڕێوەبردن و ئابووریی زانكۆی سەڵاحەددین، گوتی: بانكی ناوەندی هەندێك بڕیاریداوە، بەڵام پێموانییە بە تەنیا سەركەوتووبێت ئەگەر دوو لایەنی دیكە هاوكاری نەكەن ئەوانیش بریتیین لە حكوومەتی عێراق و دەزگای دادوەریی، دەبێت ئەم دوو لایەنە هاوتەریب كار بكەن بۆ گەڕانەوەی سەقامگیریی بۆ دراوی عێراقی.
هەروەها گوتی: ئەم بڕیارە لەناوخۆدا دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی خواست بە رێژەیەكی دیاریكراو لەسەر دراوی بیانی، بەڵام مامەڵە ناوخۆییەكان بەو ئاستە كاریگەرییان نابێت لەسەر كەمكردنەوەی خواست لەسەر دۆلار وەك ئەوەی خواستە گەورەكە بۆ بازرگانیكردن و مامەڵەكردنە لە دەرەوەی عێراق بۆ هاوردەكردنی كاڵا و پۆشاك و شتومەك.
گوتیشی: بەگشتی خواست و خستنەڕوو كاریگەری هەیە لەسەر هەڵبەز و دابەزی بەهای دینار، بەڵام پێشتر بانكی ناوەندی ڕۆژانە بڕی 250 ملیۆن دۆلاری بەشێوەی كاش دەخستە بازاڕ، ئێستا نزیكەی 200 ملیۆن دۆلار دەخاتە بازاڕ بەڵام هەمووی بەشێوەی كاش نییە، سێ بەشی بەشێوەی ئەلیكترۆنییە، كێشەكە لەوەدایە ئەم خستنەڕووە لەلایەن بانكی ناوەندی ڕاستەوخۆ ناچێتە دەستی ئەو كەسانەی كە كاریان بەو بڕە پارەیە هەیە بەڵكو بەشێكی هەرە زۆر سپیكردنەوەی پارەی پێ دەكرێت، بە تایبەتیش بۆ ئەو وڵاتانەی كە ئەمریكا سزای بەسەردا سەپاندوون لە نێویادا، ئێران، سووریا و لوبنانە و بۆیەش ئەم خەڵكە ناچار ڕوو لە بازاڕ دەكەن بۆ دەستخستنی دۆلار.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، ئەو كەسانەی كار بۆ سپیكردنەوەی دۆلار دەكەن، كەسی ئاسایی نین بەڵكو كەسی كاربەدەست و بڕیاربەدەستی سیاسیی گەورەی ئەم وڵاتەن (عێراق)، ئەو كەسانە كاریگەری زۆریان لەسەر حكوومەت، بانكی ناوەندی و دادگا هەیە، بۆیە پێموانییە بانكی ناوەندی بەتەنیا بتوانێت ئەم بڕیارە جێبەجێ بكات.
هاوكات دكتۆر محەمەد عەلی عوزێری، پسپۆڕی ئابووری، گوتی: بانكی ناوەندی عێراقی تا ئیستا نزیكەی 22 بڕیار و ڕێنمایی لەمبارەیەوە دەكردووە، هەموو ئەو بڕیارانە بۆ ڕووپۆشكردنی ئەو گەندەڵیانەیە كە بۆخۆی دەیكات، ئەگەر نا بانكی ناوەندی چاك دەزانێت كە ڕێگا و ڕێسای چارەسەركردنی ئەو كێشەیە لە بانكەكان نییە، بەڵكو لە دوای دەرچوونی پارە لە بانكەكانە و ئەوان بۆخۆیان ئەو ڕێگا خۆشكردنەیان بە چەند شێوەیەك كردووە وەكو پارە ناردنە دەرەوە لە ڕێگای حەواڵە، كەمكردنەوە، بۆخۆیان شتێكیان دروست كردووە بۆ ئەوەی ئەو پارەیە ببەنە دەرەوە، لەبەر ئەوەی وڵاتان بەم دۆخە ڕازی نین بە تایبەت ئەمریكا كە داوای ڕێكاری توند دەكات بۆ كەمكردنەوەی گەندەڵی و سپیكردنەوە و بە قاچاغ بردنەدەرەوە پارە.
گوتیشی: ئەو بڕیارە جێبەجێ ناكرێت و زۆریش هەیەڵە، عێراق زیاتر لە 20 ترلیۆن دیناری لەژێر چاپكردندایە، لە كاتێكدا ئەو بڕیارە جێبەجێ دەكرێت كە سیولەی پێویست (پارەی نەختینە) لە بانكەكاندا هەبێت، هاوكات دیناری عێراقیش لە هەموو جیهاندا مامەڵەی پێوە بكرێت، بەڵام كاتێك یۆرۆ و یوان و پارە بەهێزەكانی جیهان نەبووەتە بە دیلی دۆلار، وڵاتێكی وەك عێراق كە خاوەنی سەرەوەری خۆی نییە چۆن دەتوانێت بڕیار بدات كە مامەڵە بە دۆلار نەكات و هەموو شتێك بكاتە دینار كە پارەی نەختینەی ئەو دینارەشی لەبەردەستدا نییە.
ئەو پسپۆڕە پێیوایە هەتا عێراق پابەندی بڕیارەكانی ئەمریكا نەبێت، سەقامگیریی ئابووری لە عێراق نایەتەدی و گوتیشی: هەتا عێراق بڕیارەكانی ئەمریكا جێبەجێ نەكات و پابەند نەبێت پێیەوە، ئەوا بەهای دینار هەر لە كەم و زیادیدا دەبێت و سەقامگیریی ئابووری لە عێراق بەدی نایەت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.