Erbil 5°C ھەینی 10 کانوونی دووەم 06:29

وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی: كەمئەندامان شایانی ڕێزن نەك بەزەیی

کوردستان TV
100%

بەبۆنەی‌ ڕۆژی جیهانی كەمئەندامان و خاوەن پێداویستی تایبەتەوە،‌ وەزیری كارو كاروباری كۆمەڵایەتی پەیامێكی  بڵاوكردەوە كە ئەمە دەقەكەیەتی ..
لە 3/12 ساڵڕۆژی جیهانی كەم ئەندامان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان و كورتە باڵاكاندا، گەرمترین پیرۆزبایی لە خاوەن پێداویستی تایبەت و   كەمئەندامان  و كورتەبالاكان دەكەم، هیوای ژیانێكی بەختەوەر و ئاسودەیان بۆ ئەخوازم ، ئەم یادە پەیوەندی راستەوخۆی بە هەموومانەوە هەیە و وەزارەتمان بە هەماهەنگی و پێكەوەیی لەگەڵ وەزارەتەكانی تری حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەرپرسە  لە بەدیهێنانی سەرجەم ئامانج و ماف و ئیمتیازاتی خاوەن پێداویستی یە تایبەتەكان  لە هەرێمی كوردستان. ڕۆژی جیهانی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان دەرفەتێكە بۆ هەموومان كە سەرنجمان لەسەر پێویستی بەرەو پێشبردنی یەكسانی و باشتركردنی ژیانی ئەو تاكانە بێت كە ڕۆژانە ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەبنەوە، لەم چوارچێوەیەدا پێویستە  بیر لە پابەندبوونمان بكەینەوە بە ئاراستەی دروستكردنی كۆمەڵگایەكی گشتگیر و هاودەنگ. 
هەموو تاكێك لە كۆمەڵگای ئێمەدا مافی ئەوەی هەیە كە بە خۆشگوزەرانیەوە بژی و سەرجەم مافەكانی وەربگرێت بەبێ گوێدانە هەر جیاوازییەك كە هەیبێت، ئێمە لە وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی یەوە جەخت لەسەر دابینكردنی دەرفەت و پشتیوانییەكی گونجاو بۆ ئەو كەسانە دەكەینەوە كە پێویستی تایبەتیان هەیە، دروشمی وەزارەتمان (كەمئەندامان شایانی ڕێزن نەك بەزەیی)و پێویستە و لەسەرمانە وەك هەر كەسێكی تری كۆمەڵگا پشت گیریان لێبكرێت و تواناكانیان دەربخرێت و پەرەی پێبدرێت. لەم بۆنەیەدا جێی خۆیەتی بڵێم یەكێك لە دەستكەوتەكانی تری وەزارەتمان بۆ ئەم توێژە پەسەندكردنی پەیرەوی سندوقی چاودێری و شیاندنی كەم ئەندامان و خاوەن پیێداویستی تایبەت و كورتە باڵاكانە، كە یەكێكی ترە لە خزمەتگوزاریەكانی حكومەتی ھەرێمی كوردستان و دەستكەوتێكی مەزنە بۆ بەرژەوەندی كەمئەندامان و خاوەن پێداویستی تایبەت و كورتەباڵاكان، ئامانجیش كۆكردنەوەی داهات و خەرجكردنەوەیەتی بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی پێویست بۆ كەسانی كەمئەندام و خاوەن پێداویستیی تایبەت و كورتە باڵایان، تا بگەنە ئاستی بەرەوپێشچوون و شیاندنەوەی كۆمەڵایەتی.
ئەم سندوقە لەلایەن ئەنجومەنی شیاندنی كەمئەندامان سەرپەرشتی و بەڕێوە ئەبرێت، كە نوێنەرانی ڕێكخراوەكانی كەمئەندامان و خاوەن پێداویستیی تایبەت و كورتەباڵایانی تێدا ئەندامن ڕۆڵیان لە بڕیاردان لەبارەی بەڕێوەبردنی سندووقەكەوە دەبێت كە دیاریەكی تری حكومەتی هەرێمی كوردستانە.
سەرەرای جێبەجێكردنی سیاسەت و پلانی وەزارەتمان لەسەرجەم سێكتەرەكانی تایبەت بەكەم ئەندامان لە بواری كردنەوەی سەنتەری ئۆتیزم  پەیمانگاكانی پەروەردە و شیاندنەوەی حكومی و ناحكومی لەپارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكاندا بۆ ئەمساڵی خوێندنیش لەسەر داوا و پێشنیاری وەزارەتمان  دەرفەتی خوێندن و بەدەركردنی وەرگیرانی پاڵێوراوانی دبلۆمی باڵاو ماستەر و دكتۆرا لە تاقیكردنەوەی توانستی زانستی و پێدانی مۆڵەتی خوێندن بە ژمارەیەكی بەرچاوی خوازریارانی خوێندنی باڵا بۆ ژمارەیەك خاوەن پێداویستی تایبەت بە سوپاسەوە لە لایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاوە دابین كرا كە ژمارەیەكی بەرچاو سوودمەندبوون و سەرەرای جەختكردنەوە و داواكردنی دیاریركردنی رێژەیەكی دیاریكراو لە شووقەی نیشتەجێبوونی كەم دەرامەتان بۆ خاوەن پێداویستی تایبەتەكان.
بەم بۆنەیەوە پێویستە هەمومان پێكەوە كاربكەین بۆ پێشكەشكردنی ئەو پشتگیری و ئاسانكاریانەی كە ئەم تاكانە  پێویستیانە تا بتوانن پەرە بە تواناو داهێنانەكانیان بدەن،   زەمینە سازیان بۆ برەخسێنین و خۆیان بسەلمێنن. داهێنان لە دابینكردنی خزمەتگوزاری و ئاسانكاری بۆ كەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت خزمەتێكی گەورەو گرنگە و پێویستی بە كاری پێكەوەیی و هاوبەش هەیە لەلایەن حكومەت و رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی و كەرتی تایبەت ،پێویستە هاوكاری بین بۆ ئەوەی ژینگەیەكی گونجاو بۆ هەمووان دابین بكەین، ڕێگەیان پێبدەین بە شێوەیەكی كاریگەر بەشداری كۆمەڵگا بكەن. 
لە كۆتاییدا بە دووپاتكردنەوەی پابەندبوونمان بۆ گەیشتن بە داهاتوویەك كە تێیدا هەموومان پێكەوە بەشدار  بین لە بنیاتنانی كۆمەڵگایەكی دادپەروەر خۆش گوزەران ، داواكارم لەرێكخراوەكانی تایبەت بە كەم ئەندامان و خاوەن پێداویستیە تایبەتەكان و كورتەباڵاكان كە هەمیشە دوور لە هەموو جیاكارییەك یەك دیدگاو یەك دەنگ و یەك دەست هەموو هێزو تواناتان لە خزمەتی كەمئەندامان بێت و پێشبڕكێ بكەن لە چەندیەتی و جۆریەتی خزمەت كردن هەردەم ببنە پێشەنگ بۆ رێكخراوەكانی تری كۆمەڵگای مەدەنی.
جارێكی تر ئەم یادە لەسەرجەم كەم ئەندامان و خاوەن پێداویستی یە تایبەتەكان و كورتە باڵاكان پیرۆز دەكەم. 

كوێستان محەمەد عبدللە
وەزیری كارو كاروباری كۆمەلایەتی
3/12/2023
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.