Erbil 11°C ھەینی 29 تشرینی دووەم 13:30

سەرۆكی حكومەت : دەكرێ ئێمە لە كوردستان سوود لە ئەزموونی ژاپۆن وەربگرین

هیوادارم هاوکاری و هەماهەنگیی ئاژانسی جایکا لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان فراوانتر ببێت
کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ سێشەممە 11/28 لە شاری هەولێر، بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆنەیەکی تایبەت بە دامەزراندنی کۆمەڵەی دەرچووانی خولەکانی ئاژانسی ژاپۆنی بۆ هاریکاریى نێودەوڵەتی (جایکا) و کار و چالاکی و پرۆژەکانی ئاژانسەکە لە هەرێمی كوردستان بەڕێوە چوو.
لە ڕێورەسمەکەدا کە باڵیۆزی ژاپۆن و بەڕێوەبەری ئاژانسی جايكا لە عێراق ئامادەی بوون، سەرۆکی حکومەت گوتارێکی پێشکەش کرد و وێڕای دەربڕینی سوپاس و پێزانین بۆ هاوکارییەکانی ئاژانسی جایکا، هیوای خواست هاریکاریی و هەماهه‌نگیيان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان فراوانتر ببێت.

ئەمەش دەقی گوتاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە:

 بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان

ئامادەبووانی بەڕێز

زۆر خۆشحاڵم ئەمڕۆ لێرە لەگەڵ ئێوەی بەڕێز، بەتایبەتی بەڕێزان باڵیۆزی ژاپۆن و بەرپرسی جایکا لە عێراق و نوێنەرانی جایکا لە هەرێمی کوردستان بەشدارم لەم بۆنە گرنگە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی کارو چالاکی و پڕۆژەکانی ئاژانسی جایکای ژاپۆنی و هاوکاری و هەماهەنگیيان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە لە ساڵانی ڕابردوودا، لە چەندین پڕۆژەی گرنگ و جۆراوجۆردا، هاوکاری حکومەتی هەرێمی کوردستانیان کردووە.

ئاشکرایە دەوڵەتی ژاپۆن، ئەزموونێکی زۆر دەوڵەمەندی هەیە کە لە جیهان مایەی ڕێز و پێزانین و سەرسامییە. ئەزموونێکە دەکرێ ئێمە لە کوردستان سوودی لێ وەربگرین .

خەڵکی ژاپۆن لە سەدەی ڕابردوودا، بە قۆناخی زۆر سەختدا تێپەڕیون و وەکوو خەڵکی کوردستان، شەڕ و کاولکاری و ماڵوێرانییەکی زۆریان بینیوە، بەڵام سەرەڕای ئەو هەموو ناخۆشی و کارەساتانە، ژاپۆنییەکان نموونەیەکی زۆر سەرکەوتوویان لە دوای کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی پێشانی جیهان دا، کاتێک لە دوای ئەو هەموو کاولکارییەی بەسەریاندا هات، دەستیان بە پرۆسەیەکی فراوان و هەمەلایەنی ئاوەدانکردنەوە و بنیاتنانی وڵاتەکەیان کرد، ئەمەش تەنیا بە پشتبەستن بە هێز و سەرمایە مرۆییەکەیان. ئەمڕۆ ژاپۆن یەکێکە لە گەورەترین و پێشکەوتووترین وڵاتانی دونیا لە بواری پیشەسازی و تەکنەلۆجیادا.
بۆیە دەتوانین بڵێین کە ئەزموونی سەرکەوتووی ژاپۆن، بۆ ئێمە لە هەرێمی کوردستان زۆر مایەی سوود لێ وەرگرتنە، بەتایبەت لە بواری وەبەرهێنان لە سامانی مرۆیی و پێگەیاندنی نەوەی نوێ لەسەر داهێنان و کارکردن بە دڵسۆزی و ڕێزگرتن لە کات و خۆشویستنی وڵات و پاراستنی ناسنامە و تایبەتمەندی خۆمان .
ڕێز و پێزانینێکی زۆرمان بۆ خەڵک و حکومەتی ژاپۆن و بەتایبەتی ئاژانسی جایکا هەیە کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا، لە چەندین بواردا، هاوکاری هەرێمی کوردستانیان کردووە، بەتایبەتی لە پشتیوانیکردنی چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە بوارەکانی ئاو و ئاوەڕۆ و کارەبا و کشتوکاڵ، هەروەها پەرەپێدانی توانای مرۆیی و ڕاهێنانکردن بە بەرپرس و کارمەندانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
هیوادارم ئەو بەڕێزانەی خولی ڕاهێنانیان دیتووە لە ژاپۆن، یان لە هەرێمی کوردستان لەلایەن پسپۆرانی ژاپۆنییەوە ڕاهێنانیان پێکراوە، سوودیان لە ئەزموونی دەوڵەمەندی ژاپۆن بینیبێت و ئەو شارەزایی و پسپۆریيەی بەدەستیان هێناوە، لە بوارەکانی خۆیان لەناو دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، بەکاری بهێنن و ڕۆڵی خۆیان لە پرۆسەی گەشەپێدان و پێشخستنی ژێرخانی ئابووری و کارگێڕی کوردستان بگێڕن.

وێڕای پێزانینی دووبارەم بۆ هاوکارییەکانی ئاژانسی جایکا، ئومێدەوارم هاریکارییەکانیان بۆ هەرێمی کوردستانیش لەوەی هەیە فراوانتر بکەن و خوازیارین ئەو هاوکاری و هەماهەنگییە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستانیش، زیاتر پەرەبستێنێت و وەبەرهێنان و هاتنی کۆمپانیاکانی ژاپۆن بۆ کوردستان بەرفراوانتر ببێت بۆ ئەوەی هاوكار و یارمەتیدەرمان بن لەو پرۆسە چاکسازییە هەمەلایەنەی کە دەستمان پێ کردووە تا سوود لە ئەزموونی سەرکەوتوو و دەوڵەمەندیى ژاپۆن لە بواری ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان و داهێنان ببینین.

سوپاستان دەکەم و ئێوەش هەر شاد و سەرکەوتووبن.

کوردستان ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.