Erbil 2°C یەکشەممە 22 کانونی یەکەم 08:27

له‌ فه‌لووجه‌ دژی بڕیاری دوورخستنه‌وه‌ی حه‌لبووسی خۆپیشاندانه‌

کوردستان TV
100%

سه‌رله‌ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ هه‌ینی سه‌دان هاووڵاتیی شاری فه‌لووجه‌ سه‌ر به‌ پارێزگای ئه‌نباڕ له‌ دژی بڕیاری دادگه‌ی باڵای فیدڕالی بۆ دوورخستنه‌وه‌ی محه‌مه‌د حه‌لبووسی له‌ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی عێراق، خۆپیشاندانیان ده‌ست پێ كرد.

خۆپیشانده‌ران شه‌قامه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی شاری فه‌لووجه‌یان گرتووه‌ و به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك بڕیاره‌كه‌ی دادگه‌ی باڵای فیدڕالی ڕه‌ت ده‌كه‌نه‌وه‌.

له‌ رۆژانی ڕابردووش هاووڵاتییانی شاری فه‌لووجه‌ و به‌شێك له‌ شاره‌كانی تر دژی بڕیاره‌كه‌ی دادگه‌ی باڵای فیدڕالی خۆپیشاندانیان ئه‌نجامدابوو، هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عێراقیش به‌ تۆمه‌تی دروستكردنی پشێوی چه‌ندان خۆپیشانده‌ریان ده‌ستگیركرد و ره‌وانه‌ی به‌ندیخانه‌یان كردن.

رۆژی سێشه‌می ڕابردوو دادگه‌ی باڵای فیدڕالی بڕیاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌ندامێتی محه‌مه‌د حه‌لبووسی له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان ده‌ركرد له‌سه‌ر بنه‌مای داوایه‌ك كه‌ له‌لایه‌ن په‌رله‌مانتار له‌یس دلێمی له‌ دادگه‌كه‌ تۆماری كردبوو.

دواتر محه‌مه‌د حه‌لبووسی له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا بڕیاره‌كه‌ی دادگه‌ی باڵای فیدڕالی به‌ ناده‌ستووری وه‌سف كرد و ڕایگه‌یاند كه‌ هه‌ندێ لایه‌نی سیاسی ده‌یانه‌وێ دۆخی سه‌قامگیری عێراق به‌ره‌و ئاقارێكی نادیار به‌رن.

هه‌ر له‌ رۆژی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌ندامێتی محه‌مه‌د حه‌لبووسی له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، پارتی ته‌قه‌دوم دوای كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌ و ئه‌ندامه‌كانی، چه‌ند بڕیارێكی ده‌ركرد كه‌ ئه‌مانه‌ی خواره‌وه‌ بوون:-

1- بایكۆتكردنی كۆبوونه‌وه‌كانی هاوپه‌یمانی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت.

2- ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی سه‌رجه‌م نوێنه‌رانی پارته‌كه‌ له‌ حكوومه‌تی عێراق كه‌ پێكهاتوون له‌ (محەمەد عەلی تەمیم جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری پلاندانان، خالید بەتال نەجم وەزیری پیشەسازیی و ئەحمەد فەکاک وەزیری رۆشنبیری)

3- ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی نوێنه‌رانی پارته‌كه‌ له‌ سه‌رۆكایه‌تی و ئه‌ندامێتی په‌رله‌مان و لیژنه‌كانی په‌رله‌مان.

 4- بایكۆتكردنی په‌رله‌مانتاران له‌ سه‌رجه‌م دانیشتنه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.