ڕۆژی چوارشەممە 15ی تشرینی دووەمی 2023 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە ڤۆلكەر پێرسێس سەرۆكی تیمی سەربەخۆی پێداچوونەوەی ستراتیژی بە ئەركی نێردەی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق (یۆنامی) و شاندێكی یاوەری كرد.
لەو دیدارەدا ڤۆلكەر پێرسێس ئامانجی خۆی لە سەردانی بۆ عێراق و پلانی پێداچوونەوە بە ئەرك و كارەكانی تیمەكانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق و هەماهەنگی لەگەڵ حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ و حكوومەتی هەرێم لە ساڵی داهاتوو شی كردەوە.
لە بەشێكی تری ئەم دیدارەدا سەرۆك بارزانی سوپاسی ڕێكخراوەكانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكانی كرد كە لە ساڵانی ڕابردوو ڕۆڵی باشیان لە یارمەتیدانی پڕۆسەی سیاسیی عێراق و چارەسەركردنی قەیرانەكان گێڕاوە.
هەروەها سەرۆك بارزانی كورتەیەكی لە مێژووی دەستوەردانە هەرێمییەكان لە عێراق و توندڕۆیی و تاییفەگەری و قەیرانەكان و ئەو نەهامەتییانە باس كرد كە بەسەر گەلی كوردستان و گەلی عێراقدا هاتووە.
داواشی كرد كە كێشە و گرفتەكانی عێراق لە چوارچێوەی دەستووردا چارەسەر بكرێت و جەختیشی لەوە كردەوە ئامادەبوونی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و بەردەوامیی كارەكانیان یارمەتیدەر دەبێت بۆ باشتربوونی ڕۆسەی سیاسی و بەدیهاتنی سەقامگیریی عێراق و چارەسەری گرفتەكان.
بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و هەڕەشە و تەحەددیاتی بەردەم سەقامگیریی عێراق و ناوچەكە تەوەری تری ئەو دانیشتنە بوون.
سەرۆك بارزانی پێشوازی لە سەرۆكی تیمی پێداچوونەوە بە ئەركی یۆنامی لە عێراق دەكات
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.