Erbil 5°C پێنجشەممە 26 کانونی یەکەم 06:10

دادگه‌ی باڵای فیدڕالی بڕیاری دوورخستنه‌وه‌ی محه‌مه‌د حه‌لبووسی له‌ په‌رله‌مانی عێراق ده‌ركرد

کوردستان TV
100%

ئاژانسی ده‌نگوباسی عێراق بڵاوی كرده‌وه‌، ئه‌مڕۆ سێشه‌م دادگه‌ی باڵای فیدڕالی عێراق بڕیاری دا ئه‌ندامێتی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌ محه‌مه‌د حه‌لبووسی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق هه‌ڵبووه‌شێنێته‌وه‌.

ئه‌مڕۆ سێشه‌م دادگه‌ی باڵای فیدڕالی له‌سه‌ر تۆماركردنی داوایه‌ك له‌لایه‌ن په‌رله‌مانتار له‌یس دلێمی كۆبووه‌وه كه‌ چه‌ند تۆمه‌تێكی ئاراسته‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق كردبوو.

له‌یس دلێمی له‌ داواكه‌دا حه‌لبووسی به‌وه‌ تۆمه‌تبار كردبوو كه‌ ساخته‌كاری كردووه‌ له‌ كۆمه‌ڵێك نووسراوی فه‌رمیدا و ده‌سه‌ڵاته‌كانیشی به‌ خراپی به‌كارهێناوه‌.

په‌رله‌مانتاره‌كه‌ هه‌ر له‌ سكاڵاكه‌دا سه‌رۆكی په‌رله‌مانی به‌وه‌ تۆمه‌تبار كردبوو كه‌ هه‌وڵی دوورخستنه‌وه‌ی له‌ ئه‌ندامێتی په‌رله‌مان داوه‌، به‌ڵام په‌رله‌مانتاره‌كان‌ نه‌یانهێشتووه‌.

دادگه‌ی باڵای فیدڕالی عێراق له‌سه‌ر داواكه‌ بڕیاری تۆمه‌تباركردنی محه‌مه‌د حه‌لبووسی ده‌ركرد و هه‌روها بڕیاری دا مافی ئه‌ندامێتی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان هه‌ڵبووه‌شێنێته‌وه‌، جه‌ختیشی كرده‌وه‌‌ كه‌ بڕیاره‌كه‌ له‌مڕۆ سێشه‌مه‌وه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێ.

هه‌ر ئه‌مڕۆ سێشه‌م له‌ كاتی به‌ڕێوه‌چوونی دانیشتنێكی ئاسایی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، له‌نێو هۆڵی په‌رله‌مان هه‌واڵه‌كه‌ی دادگه‌ی باڵای فیدڕالی عێراقییان گه‌یاندۆته محه‌مه‌د حه‌لبووسی و ئه‌ویش به‌ خێرایی كۆتایی به‌ دانیشتنه‌كه‌ هێناوه‌ و باڵه‌خانه‌ی په‌رله‌مانی جێهێشتووه‌.

ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ ده‌قی بڕیاره‌كه‌ی دادگه‌ی باڵای فیدڕالییه‌:

دادگه‌ی باڵای فیدڕالی ئه‌مڕۆ سێشه‌م ڕێكه‌وتی 14/11/2023 داوای ژماره‌ 9/فیدڕالی/ 2023 تاوتوێ كرد.

به‌گوێره‌ی ئه‌و حوكمه‌ی ده‌ركراوه‌، بڕیاردرا به‌ كۆتاییهێنان به‌ ئه‌ندامێتی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی محه‌مه‌د ریكان حه‌لبووسی، هه‌روه‌ها كۆتاییهێنان به‌ ئه‌ندامێتی له‌یس مسته‌فا حه‌موود ئه‌لدلێمی له‌ ڕێكه‌وتی ده‌رچوونی بڕیاره‌كه‌ كه‌‌ 14/11/2023ـه‌، بڕیاره‌كه‌ش كۆتاییه‌ و پێویسته‌ جێبه‌جێ بكرێت له‌ سه‌رجه‌م ده‌سه‌ڵاته‌كان.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.