شاندێكی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە سەرپەرشتی و ئامادەبوونی د. جوتیار عادل، سەرۆكی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، لە ئەبووزەبیی پایتەختی وڵاتی ئیمارات بەشداری لە كۆنگرەی جیهانیی میدیادا دەكات.
كۆنگرەی جیهانیی میدیا دیدارێكی هەمەگیر و گشتیی بواری میدیایە و ساڵانە بە بەشداریی سەدان ناوەند و ئاژانس و دەزگای ڕاگەیاندنی فەرمی و نافەرمی، لە سەرانسەری جیهاندا بەڕێوە دەچێت؛ دەبێتە سەكۆیەك بۆ پەیوەندیگرتن و گفتوگۆی بواری میدیایی و ئاڵوگۆڕكردنی دواگۆڕانكاری و پێشكەوتنەكانی میدیا.
كۆنگرەی جیهانیی میدیا بۆ ساڵی 2023، لە ڕێكەوتی 14ی تشرینی دووەم تاوەکوو 16ی تشرینی دووەمی 2023 بەڕێوە دەچێت و 5 هەزار و 541 نوێنەری جیا و زیاتر لە 200 كۆمپانیای میدیایی جیهان و 170 قسەكەری سەرەكی بەشداری تێدا دەكەن و زیاتر لە 30 پانێڵی و كۆڕی سەركردایەتیی میدیایی تێدا بەڕێوە دەچێت. هاوكات 14 هەزار كەسی میدیاكار و دیپلۆمات و پێشەنگانی كاروباری میدیایی لە سەرجەمی جیهانەوە بەشداری تێدا دەكەن.
ئەم كۆنگرەیە بۆ ئەمساڵ بابەتەكانی ژینگەپارێزی و داهێنان و تەكنەلۆژیای میدیایی و میدیای وەرزشی و پەروەردە و گەشەپێدان و زیرەكیی دەستكردی وەكوو پرسە سەرەكییەكانی گفتوگۆ بە ئامانج گرتووە.
لە كۆنگرەكەدا دەرفەتی گەیاندنی پەیام، ڕوانگە، بەهێزكردنی پەیوەندییە گشتییەكان، هەماهەنگی و هاوكاریی میدیایی، لە پێناو پێشخستنی كاری دەزگا و ئاژانسە میدیاییەكان دەڕەخسێت.
چاوەڕوان دەكرێت لە سێ ڕۆژی كۆنگرەی ئەمجارەدا، فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پەیامی میدیایی حكومەتی هەرێم لەسەر ئاستە جیاوازەكانی ئامانجی كۆنگرە بگەیەنێت و لە هەمان كاتیشدا پەیوەندییەكی بەهێزتر لەگەڵ میدیای ناوچەكە و جیهان دروست بكات. هاوكات بەشدارییەكی كارا لە گفتوگۆ و پانێڵە میدیاییەكان لەسەر گەرمترین پرسە میدیاییەكان بكات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.