لە كاتێكدا هێشتا نهێنی زۆرێك لە لایەنەكانی ئەو هێرشە لەناكاوەی حەماس لە 7ی ئۆكتۆبەردا بۆ سەر شارۆچكە و بنكە سەربازییەكانی ئیسرائیل لە كەرتی غەززە نادیارە، بەڵام هەندێك لە سەركردەكانی بزووتنەوەكە ئامانجەكانی ئەو هێرشەیان ئاشكرا كرد.
خەلیل حەیا، ئەندامی مەكتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس ڕایگەیاند: پێویست بوو تەواوی هاوكێشەكە بگۆڕدرێت و تەنها ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی نەبێت.
هەروەها پێیوابوو كە بزووتنەوەكە لە ڕێگەی هێرشەكەیەوە سەركەوتوو بوو لە گەڕانەوەی پرسی فەلەستین بۆ سەر مێزی گفتوگۆ.
بەپێی ئەوەی ڕۆژنامەی نیویۆرك تایمز بڵاویكردووەتەوە، حەیا ئاماژەی بەوەشكردووە،ئێستا كەس لە ناوچەكە هەست بە ئارامی ناكات.
ڕوونیشی كردەوە كە ئەوەی دەتوانێت هاوكێشەكە بگۆڕێت لە ڕوانگەی ئەوانەوە كردەوەیەكی گەورە بوو، كاردانەوەی ئیسرائیلیش دەزاندرا كە گەورە دەبێت.بەڵام لە هەمان كاتدا جەختی لەوە كردەوە كە دەبێت بە گەل و جیهان بڵێن كە دۆزی فەلەستین نامرێت.
لای خۆیەوە تاهر نۆنۆ، ڕاوێژكاری میدیایی حەماس گوتی: هیوادارم دۆخی شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل لەسەر هەموو سنوورەكان ببێتە هەمیشەیی، جیهانی عەرەبیش لەگەڵمان بوەستێت.
لەلایەكی دیكەوە بەرپرسێكی ئەمنیی ناوچەكە ڕایگەیاندووە، حەماس پێشبینی كردبوو، هەر كاتێك هێرش بۆ سەر غەززە دەستیپێكرد، فەلەستینییەكان لە كەناری ڕۆژئاوا و ناوچەكانی دیكە، لەنێویاندا حزبوڵڵای لوبنان ڕادەپەڕن .
بەڵام چوار بەرپرس لە دەزگای هەواڵگری ئەوروپی و عەرەبی پشتڕاستیان كردەوە كە حزبوڵڵای لوبنان هیچ زانیارییەكی پێشوەختەیان لەسەر هێرشەكەدا نەبووە.
جێگای سەرنجە، لە7ی ئۆكتۆبەرەوە تا ئێستا ژمارەی كوژراوانی فەلەستنییەكان گەیشتووەتە 10 هەزار و 569 كەس ، كە چوار هەزار و 324 منداڵ و دوو هەزار و 823 ئافرەتن، جگە لە برینداربوونی 26 هەزار و 475 هاووڵاتی دیكە، جگە لەو وێرانكارییەی كە رووی داوە، هاوكات فەلەستینییەكان بەدەست كەمیی ئاو و خۆراك و دەرمان بە تایبەتی دەناڵێنن.
ئامانجی هێرشەكەی 7ی ئۆكتۆبەر بۆ سەر ئیسرائیل ئاشكرا دەكرێت
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.