Erbil 15°C دووشەممە 23 کانونی یەکەم 14:07

لە ساڵی نوێوە ڕێگە نادرێت هیچ دەرمانێك بە بێ ستیكەر لە بازاڕدا بفرۆشرێت

کوردستان TV
100%

ئامێری پشكنینی كوالێتی و نرخی ڕاستەقینەی دەرمان، لە زۆرینەی دەرمانخانەكانی هەرێمی كوردستان دانراوە كە بە هۆیەوە ئاسانكاری لە ناسینەوەی دەرمانی ساختە و نرخی نایاسایی دەكات، بەڕێوەبەری كوالێتیی كۆنترۆڵی دەرمانیش دەڵێت: لە ساڵی نوێوە هیچ دەرمانێك نابێت بە بێ ستیكەری فەرمی لە بازاڕدا هەبێت.
چاكسازییەكانی كابینەی نۆیەم، لە كەرتی تەندروستی بەردەوامن و بۆ ڕێگریكردن لە ساخكردنەوەی دەرمانی ساختە و كۆنترۆڵكردنی نرخەكەی، ستیكەری نوێ لە سەرجەم ئەو دەرمانانە دەدات لە دەرمانخانەكان دەفرۆشرێن.
ئێستا زیاتر لە 14 هەزار جۆری دەرمان، ستیكەری نوێیان پێوەیە، بەمەش هاووڵاتییان دەتوانن لە ڕێگەی مۆبایلەكانییانەوە بە زمانەكانی كوردی، عەرەبی و ئینگلیزی، پشكنین بۆ كۆمپانیای هاوردەكار و كوالێتی و نرخی دەرمانەكە بكەن. هەروەها كوالێتیی كۆنترۆڵی دەرمان هێڵێكی گەرمی داناوە، نەخۆش دەتوانێت لە هەر كاریگەرییەكی خراپی دەرمانەكە ئاگاداریان بكاتەوە و ئەوانیش بەدواداچوون دەكەن.
لەوبارەیەوە د. شێروان سادق، بەڕێوەبەری كوالێتیی كۆنترۆڵی دەرمان، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند: ئێستا خۆشبەختانە لە تواناماندایە دەرمانەكان هەموویان لە كاتی خۆیاندا دەربچن و ستیكەریان پێوە بێت، كۆمپانیاكانمان ئاگادار كردوونەتەوە، لە ساڵی نوێوە كۆتا مۆڵەتیانە، نابێت هیچ دەرمانێك بێ ئەو ستیكەرە لە ناو بازاڕەكانی كوردستان بفرۆشرێت.
هەروەها گوتی: هەر كۆمپانیا، كۆگا و دەرمانخانەیەك پابەندی ستیكەری نوێی دەرمان نەبێت دوو ملیۆن تاكوو 10 ملیۆن دینار بە پێبژاردن سزا دەدرێت؛ هەروەها تاكوو ساڵی نوێ، دەبێت 390 كۆمپانیای هاوردەكاری دەرمان، 147 كۆگا و 1782 دەرمانخانە، پابەندی ئەم بڕیارە بن.

 
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.