Erbil 27°C یەکشەممە 29 ئەیلوول 08:19

سەرەڕای ئاڵۆزییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆچی نرخی نەوت دابەزی؟

نرخی نه‌وت بۆ نزمترین ئاستی له‌ماوه‌ی 3 مانگی ڕابردوو دابه‌زی
کوردستان TV
100%

گرژییەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە تایبەتی پەرەسەندنی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە 7 ی مانگی ڕابردووەوە تا ئێستا، نیگەرانی لە بازاڕەكانی نەوت زیادكردووە، بەتایبەتی ئەگەر ململانێكان فراوانتر ببن.
ئەمە لە كاتێكدایە سیناریۆی جۆراوجۆر پێشبینی بەرزبوونەوەی پێوانەیی نرخەكانیان دەكرد، هاوتەریب لەگەڵ پەرەسەندنی گرژییەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام بەهۆی كۆمەڵێك هۆكار بازاڕەكان پشتیان لەو مەترسیانە كرد و بە پێچەوانەوە نرخەكان دابەزین.
لە ماوەی مانگی تشرینی یەكەمدا نرخی نەوت بەڕێژەی 8% دابەزینی تۆماركردووە و هەفتەی ڕابردووش نرخی نەوت بەڕێژەی 6% دابەزیوە. چەند هۆكارێك لە پشت ئەم دابەزینەی نرخی نەوتەوەن لەوانە:
ڕاپۆرتەكان باس لە بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنان و هەناردەكردنی نەوتی ئێران دەكەن.
دانوستان هەیە بۆ لابردنی سزاكانی سەر نەوتی ڤەنزوێلا كە بەم نزیكانە 500 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێكدا بهێنێتە بازاڕەكان
لە ژێر ڕۆشنایی داتاكان، نیگەرانییەكان سەبارەت بە ئابووری چین زیادیان كردووە.
شەڕی غەززە تا ئێستا لەڕووی جوگرافییەوە تەنیا لە غەززە سنوردار بووە و فراوان نەبووە، لەكاتێكدا لە ئەگەری فراوانبووننی بازنەی شەڕەكە لەوانەیە ئاستەنگ بۆ گواستنەوەی نەوت لە چەند شوێنێك درووست ببێت. 
لە لایەكی دیكەوە زیادبوونی نەوتی كۆگاكراوی ئەمریكا كاریگەری هەبووە لەسەر دابەزینی نرخی نەوت.
ئەمڕۆ، نرخی نەوت بۆ نزمترین ئاستی خۆی لە ماوەی زیاتر لە سێ مانگدا دابەزی، دوای ئەوەی داتاكان دەریانخست نەوتی كۆگاكراوی ئەمریكا زیادیكردووە و داتاكانی ئابووری چینیش لە بەرژەوەندی نرخی نەوت نین.
نەوتی كۆگاكانی ئەمریكا لە هەفتەی ڕابردوودا نزیكەی 12 ملیۆن بەرمیل بەرزبووەتەوە
ئەمڕۆ نرخی بەرمیلێك نەوتی خاوی برێنت بە 81 دۆلار و 36 سەنت مامەڵەی پێكرا، هاوكات نرخی بەرمیلێك نەوتی خاوی ئەمریكیش بە 77 دۆلار و 2 سەنت فرۆشرا. هەردوو جۆرەكەی نەوتیش بۆ نزمترین ئاستی خۆیان لە دوای 24 ی تەمموزەوە دابەزین.
دوێنێ فەرمانگەی وزەی ئەمەریكا ڕایگەیاند، ئەمساڵ بەرهەمهێنانی نەوتی خاو لە ئەمریكا كەمێك كەمتر لەوەی پێشبینی دەكرا بەرزدەبێتەوە، هاوكات خواست لەسەری كەمدەبێتەوە. پێشبینیش دەكات ئەمساڵ كۆی گشتی بەكارهێنانی نەوت لە ئەمریكا لە ڕۆژێكدا 300 هەزار بەرمیل كەم ببێتەوە.
وشیار مەحمود
 

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست جیهان ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.