Erbil 14°C یەکشەممە 22 کانونی یەکەم 14:42

ڕێژه‌ى شێرپه‌نجه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان ‌لە پێوەری ئاساییی جیهانى كەمترە

کوردستان TV
100%


بەپێی داتاکانی وەزارەتی تەندرووستی لە هەرێمی کوردستان، ڕێژەى تووشبووانی نەخۆشیی شێرپەنجە لە پێوەرى جیهانی کەمترە، هۆشیاریی زیاتری خەڵک بۆ خۆپارێزی و پشکنین و پێشکەوتنی کەرتی تەندرووستی لە چارەسەر و بەتەنگەوەچووندا، وای کردووە، هاووڵاتییانی زۆر پەنا بۆ پشکنین ببەن و زووتر چارەسەر وەرگرن.

لە ساڵی 2022دا، نۆ هەزار و 61 کەس لە هەرێمی کوردستان تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بوون کە ڕۆژانه دەکاتە‌ نزیكه‌ى 32 کەس، بەڵام ئەو ژمارەیەش لە پارێزگایەکەوە بۆ پارێزگایەکی دیکە جیاواز بووە. له‌ پارێزگاى هه‌ولێر 4 هەزار و304 کەس، پارێزگاى‌ سلێمانى 3 هەزار و323 کەس و پارێزگاى دهۆك یەک هەزار و 434 کەس بووە.
بەربڵاوترین جۆرەکانى شێرپه‌نجه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان، بریتین لە، شێرپەنجەی مه‌مك، كۆڵۆن، سییه‌كان، پێست، غوددە، پرۆستات، لیوكیمیا، مێشك، منداڵدان.
د. چنار سنجاوی، سەرۆكی كۆنترۆڵی شێرپەنجە لە وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند: "لە هەرێمی کوردستان، شێرپەنجەی مەمک بە پلەی یەکەم دێت، هاوکات لە هەموو جیهانیش بەو شێوەیەیە و 23%ی تووشبووان، شێرپەنجەی مەمک و لە دوای ئەو، شێرپەنجەی کۆڵۆن و سییەکان لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراوە."
د. چنار سنجاوی ڕاشیگەیاند: ''ڕێژەی تووشبووانی ژن کەمێک زیاترە لە پیاو لە 56% تووشبوون بە شێرپەنجە لە ئافرەتان و لە 44%یش پیاوانە. چارەسەری شێرپەنجە بە پێی پێویستییەکانی نەخۆش هەیە، و نەشتەرگەریی پێویستییان بۆ دەكرێت، دوای نەشتەرگەری چارەسەری کیمیایی هەیە.''

سەرۆكی كۆنترۆڵی شێرپەنجە لە وەزارەتی تەندروستی ئاماژەش بەوە دەکات کە چارەسەری کیمیایی هەمووی لە نەخۆشخانە حکومییەکان بەردەستە و چارەسەری تیشکیش لە سەنتەری ئاوات هەیە، لە سلێمانییش بە هەمانشێوە هەیە، بەڵام بۆ نەشتەرگەری لە نەخۆشخانە حکومییەکان و تایبەتیش هەیە.

سنجاوی ئاماژە بەوەش دەکات کە سندوقی کۆمەکیش بۆ تووشبووانی شێرپەنجە زۆر کات تێچووی نەشتەرگەرییەکان دەگرێتە ئەستۆ. ئەو ڕێژەیەی تووشبوون کە تۆمار دەکرێت، 25% بۆ 30%ی شارەکانی ترە و لە هەرێمی کوردستان چارەسەر وەردەگرن و ڕاشیگەیاند:'' ڕێژەی توشبووان لە هەرێمی کوردستان لە خوار ڕێژەی ستانداردی جیهانییە، لە ماوەی 10ساڵدا، زیاتر لە 71 هەزار و 74 تووشبوو تۆمار کراوە. ڕێژەی تووشبوون لە جیهان بۆ هەر 100 هەزار کەسێک 190 تووشبووە، بەڵام لە کوردستان بۆ هەر 100 هەزار کەسێک 151 کەسە."
لە ساڵی 2023دا، له‌ 1ی کانوونی دووەمەوە تا 30ی حوزەیران ، ڕۆژانه‌ نزیكه‌ى30تا 35 نه‌خۆشى نوێ تۆمار كراون‌، بەوەش ژماره‌ى نه‌خۆشانى تۆمارکراوی شێرپه‌نجه لە شەش مانگدا‌، زیاتر له‌ 4هەزار کەس بووە، له‌ پارێزگاى هه‌ولێر نزیكه‌ى هەزار و 800 کەس، له‌ پارێزگاى‌ سلێمانى نزیكه‌ى هەزار و 500 کەس، له‌ پارێزگاى دهۆك نزیكه‌ى 700 کەس بوون. زیاترین ڕێژەى تووشبوو‌ له‌ پارێزگاى هه‌ولێر لە پیاوان 46% و لە ئافره‌تان 54% بووه، کە زۆربەی‌ شێرپه‌نجه‌ى مه‌مك و كۆڵۆن و سییه‌كانن.

پارساڵ 92هەزار کەس سەردانی نەخۆشخانەکانیان كردووە
پرسێکی دیکەى نەخۆشیی شێرپەنجە بریتییە لە سەردانی نەخۆشان بۆ نەخۆشخانەکان و چارەسەرکردنیان، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەى وەزارەتی تەندرووستییەوە، لە ماوەى ڕابردوودا، هەموو هەوڵێکی بۆ کۆنترۆڵکردن و چارەسەرى نەخۆشانی شێرپەنجە داوە. لە ساڵی 2022، ژماره‌ى نه‌خۆشانى شێرپه‌نجه‌ كه‌ سه‌ر‌دانى نه‌خۆشخانه‌ و سه‌نته‌ره‌كانیان كردووه، نزیكه‌ى 91 هەزار و 722 کەس بوون. ئەو نه‌خۆشانەی چاره‌سه‌ریان له‌ ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێمی کوردستان وەر گرتووە، 391 نەخۆش بوون.
زیاتر له‌ 40 هەزار چاره‌سه‌رى به ‌تیشك له‌ سه‌نته‌رى ئاوات له‌ هه‌ولێر و سه‌نته‌رى ژیاناوا له‌ سلێمانى پێشکەش کراوە، هەروەها لە ساڵی 2022-2023، ڕێژه‌ى سه‌ر‌دانى نه‌خۆشانى شێرپه‌نجه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان بۆ 30% زیاد بووە.
کابینەی نۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، 258 ملیار و 403 ملیۆن و 637 هەزار دیناری بۆ دەرمان، ئامێر و پێداویستی پزیشکی و نەخۆشخانەکان خەرج کردووە. تووشبووان لە هەشت نەخۆشخانە و سەنتەری تایبەت بە شێرپەنجە چارەسەر وەردەگرن و د.چنار سنجاوی، لەمبارەیەوە دەڵێت: "لە هەرێمی کوردستان 8 بنکەی تایبەت بە چارەسەرکردنی شێرپەنجە هەن، 3 بنکە لە هەولێر، 3 لە سلێمانی، 2 لە دهۆک."

پشکنینی زیاتر و هۆشیاری و چارەسەرى باشتر
بە پێی ڕاپۆرت و توێژینەوە جیهانییەکانی نەخۆشیی شێرپەنجە، تۆمارکردن و ئامارە بەرزەکانی نەخۆشیی شێرپەنجە، پەیوەندیی بە هۆشیاریی خەڵک بۆ پشکنین و خەمخۆریی تەندروستیی خۆیانەوە هەیە. بۆیە لە زۆرێک لە وڵاتان، تۆمارکردنی ڕێژەى بەرزی شێرپەنجە، پەیوەندییەکی بەهێزی بە گەشەپێدانی مرۆیی و پێشکەوتنی کەرتی تەندرووستییەوە هەیە، چونکە ئەو پێشکەوتنە هانی خەڵک دەدات پشکنینی پێشوەختە و زوو بکەن و ڕێژەیەکی زۆریان ئەو نەخۆشییە بدۆزنەوە.
لە هەرێمی کوردستاندا، جگە لەوەى ڕێژەى تووشبووانی نەخۆشیی شێرپەنجە لە پێوەرى جیهانی کەمترە، هۆشیاریی زیاتری خەڵک بۆ خۆپارێزی و پشکنین و پێشکەوتنی کەرتی تەندروستی لە چارەسەر و بەتەنگەوەچووندا، وای کردووە، هاووڵاتییانی زۆر پەنا بۆ پشکنین ببەن و زووتر چارەسەر وەرگرن.

 


دانانی هه‌واڵ - شوان عه‌زیز

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.