Erbil 28°C دووشەممە 30 ئەیلوول 09:30

ژمارەی كوژراوانی غەززە بۆ هەشت هەزار و 525 كەس بەرزبووەتەوە

کوردستان TV
100%

لە 7ی ئەم مانگەوە تا ئەمڕۆ ژمارەی كوژراوان لە كەرتی غەززە بۆ هەشت هەزار و 525 كەس بەرزبووەتەوە.
ئەشرەف قودرە، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لەنێو قوربانییەكاندا سێ هەزار و 542 منداڵ و دوو هەزار و 187 ئافرەت هەن.
هەر ئەمڕۆ سێشەممە سندوقی منداڵان لە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان (یونسێف)، لە ئەنجامی بۆردومانە بەردەوامەكانی ئیسرائیل، هۆشداری سەبارەت بە بارودۆخی منداڵان لە كەرتی غەززە دابوو.
رێكخراوەكە ڕایگەیاندووە، غەززە دەگۆڕێت بۆ گۆڕستانی منداڵان، ئێمەش نیگەرانین لە زیادبوونی مردن لەنێوانیاندا .
ئاماژەی بەوەشكردووە،تا ئێستا 940 منداڵ لە غەززە بێسەروشوێنن.
پێشتر فرانسیسكا ئەلبانیز، ڕاپۆرتدەری نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ مافەكانی مرۆڤ لە ناوچەكانی فەلەستین، پشتڕاستی كردەوە كە بەشێكی زۆری دانیشتوانی كەرتی غەززە لەناو دەچن و هەزاران كەسیش كوژراو و بریندار بوون لە ئەنجامی بۆردومانەكانی ئیسرائیل .
ئەلبانیز لە بەیاننامەیەكی ڕۆژنامەوانیدا گوتی، “ئەوەی ڕوودەدات ئەوەیە كە بەشێكی زۆری دانیشتوانی فەلەستینی لە غەززە لەناودەبرێن.
هەروەها راپۆرتدەری نەتەوە یەكگرتووەكان جەختی لەوە كردەوە كە برسیكردنی دانیشتوانی لە غەززە و بێبەشكردنیان لە پێداویستییەكان تاوانێكی جەنگە و تاوانێكە دژی مرۆڤایەتی.
ئەلبانیز دۆخی كەرتی غەززەی بە كارەساتبار وەسف كرد و داوای ئاگربەستی كرد و داوای كرد دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل بۆردومانكردنی خەڵكی سڤیل ڕابگرن، هەروەها جەختی لەسەر كردنەوەی ڕێڕەوی مرۆیی دەستبەجێ بۆ بریندارەكان و ئەوانەی لە غەززە بارودۆخیان ناجێگیرە كردەوە.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.