Erbil 8°C دووشەممە 23 کانونی یەکەم 03:55

سەرۆكی حكومەت: هەمیشە پاڵپشت و پشتیوانی مافە ڕەواكانی ئافرەتانی كوردستان دەبم

كار بۆ زیاتر بەهێزكردن و پەرەپێدانی ڕۆڵ و پێگەی ئافرەتان لە ناو حكومەت و نەهێشتنی هەموو جۆرە پەراوێزخستنێكی ڕۆڵی ئافرەتان لە بڕیاری سیاسی و حوكمڕانی دەكەین
کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ سێشەممە10/31، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت، ڕێورەسمێكی تایبەت بە ساڵیادی دەرچوونی بڕیاری 1325ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان سەبارەت بە ئافرەت، ئاشتی و ئاسایش، لە هەولێر بەڕێوەچوو كە لەلایەن ئەنجومەنی باڵای خانمان و گەشەپێدان و دەستەی یەكسانی ڕەگەزی و تواناسازی ئافرەتانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان (UN Women) ڕێكخرابوو.
لە ڕێوڕەسمەكەدا سەرۆكی حكومەت گوتارێكی پێشكەش كرد و تێێدا جەختی كردەوە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان، كار دەكات بۆ زیاتر بەهێزكردن و پەرەپێدانی ڕۆڵ و پێگەی ئافرەتان لەناو حكومەت و نەهێشتنی هەموو جۆرە پەراوێزخستنێكی ڕۆڵی ئافرەتان لە بڕیاری سیاسی و حوكمڕانی و بەرەنگاربوونەوەی پێشێلكردنی مافەكانی ئافرەتان و ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی و كاردەكات بۆ زیاتر پەرەپێدانی كولتووری یەكسانی نێوان پیاو و ئافرەت.
ئەمەش دەقی گوتاری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانە:
بەناوی خوای گەورە و دلۆڤان
ئامادەبووانی بەڕێز:

ڕۆژتان باش
دەستخۆشی لە ئەنجومەنی باڵای خانمان و گەشەپێدان و دەستەی یەكسانی ڕەگەزی و تواناسازی ئافرەتانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان (UN Women) دەكەم بۆ ڕێكخستنی ئەم بۆنەیە كە تایبەتە بە ساڵیادی دەرچوونی بڕیارنامەی ژمارە 1325ی ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان سەبارەت بە ئافرەت، ئاشتی و ئاسایش.
ئەم بڕیارە، یەكێكە لە بڕیارە گرنگ و مێژووییەكانی ئەنجومەنی ئاسایش، كە كاریگەرییەكی دیار و بەرچاوی لەسەر گرنگیدان بە پرسی ئافرەتان بە گشتی هەبووە، بە تایبەتی لەو وڵات و ناوچانەی كە شەڕ و ناسەقامگیرییان تێدایە و ئافرەتانیش قوربانییەكی سەرەكی شەڕو جەنگن.
ئامانجی سەرەكی لەپشت دەرچوونی ئەم بڕیارە، بەرەنگاربوونەوە و نەهێشتنی توندوتیژییە دژی ئافرەتان لە كاتی شەڕ و جەنگدا و هەروەها برەودانە بە بەشداری ئافرەتان لە چەسپاندنی ئاشتی و كاراكردنی ڕۆڵیانە لە بڕیاری سیاسی و دەسەڵاتدا.
سەرەڕای هەموو ئەو ئاستەنگە داراییانەی بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان دروست دەكرێن، ئێمە هەوڵمانداوە بەپێی توانا، بودجە بۆ جێبەجێكردنی ئەم بڕیارە تەرخان بكەین و بەردەوامیش دەبین و هەرچی پێویست بێت بۆ درێژەدان بە جێبەجێكردنی ناوەڕۆكی ئەم بڕیارە دەیكەین.
كۆمەڵگەی كوردی و هەرێمی كوردستان بە گشتی، ساڵانێكی زۆرە قوربانی شەڕ و ماڵوێرانین. خەڵكی كوردستان بە درێژایی سەدەی ڕابردوو، ڕووبەڕووی شەڕ و هێرش و پەلاماری سەربازی و كۆمەڵكوژی و وێرانكاری زۆر بووەتەوە و ئافرەتانی كوردستانیش، هەمیشە قوربانییەكی سەرەكی ئەم شەڕ و پەلامارانە بوون.
لە ساڵانی هەشتاكاندا، خەڵك و خاكی هەرێمی كوردستان، دووچاری دڕندانەترین شاڵاوی جینۆساید هاتن و لە شاڵاوەكانی ئەنفال و كیمیاباراندا، دەیان هەزار خەڵكی بێتاوانی لە كوردستان، لەلایەن ڕژێمی بەعسی عێراقەوە ئەنفالكران و شەهید بوون، كە بەشێكی زۆریان ئافرەت بوون.
هەروەها لە كاتی هێرش و پەلاماری تیرۆریستانی داعش بۆ سەر هەرێمی كوردستان، بە تایبەتی بۆ سەر شنگال و دەوروبەری، بە هەزاران كەس لە خوشك و برایانی ئێزیدیمان كۆمەڵكوژ كران و هەزاران ئافرەتی ئێزدیش لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە، وەك كۆیلە و كەنیزەك بردران. بە هەمان شێوە كریستیان و كاكەیی و گشت پێكهاتەكانی گەلی كوردستان، لە ستەم و زۆرداری و كارە تیرۆریستییەكانی داعش بێ بەش نەبوون .
لە دوای ئازادكردنی شنگال و دەوروبەری لە دەست تیرۆریستانی داعش لەلایەن هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە بە سەرۆكایەتی جەنابی سەرۆك مەسعود بارزانی، پرۆسەیەكی بەرفراوانی ئازادكردنی ئافرەتانی ڕفێندراوی ئێزیدی لە دەست تیرۆریستانی داعش لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە دەستی پێكرد، كە خۆشبەختانە تا ئێستا ژمارەیەكی زۆریان ئازاد كراون و هەوڵەكانیش بەردەوامن بۆ ئازادكردنی ئەوانەی ماون.
لەم بۆنەیەدا، جەخت لە گرنگی و پێویستیی جێبەجێكردنی ڕێككەوتننامەی شنگال دەكەینەوە بۆ ئەوەی كۆتایی بە دۆخی نائاسایی و ناسەقامگیریی دەڤەری شنگال بهێنرێت و گرووپە چەكدارە نایاساییەكان لە ناوچەكە دەربچن بۆ ئەوەی ئاوارەكانی ئەو ناوچەیە، بگەڕێنەوە بۆ شوێنەكانیان.
سەرەڕای ئەو هەموو كارەسات و كۆمەڵكوژییانەی لە دژی گەلی كوردستان ئەنجام دراون، هەرێمی كوردستان هەمیشە پەناگەیەكی ئارام بووە بۆ هەموو ئەوانەی لە دەست تیرۆر و شەڕ و توندوتیژی لە ناوچەكانی تری عێراق پەنایان بۆ كوردستان هێناوە و لێرەش بەوپەڕی خۆشەویستییەوە، میوانداری كراون كە ئەمڕۆش سەدان هەزار ئاوارە و پەنابەر لە پێكهاتە جیاوازەكانەوە، بە ئاشتی و ئارامی لە هەرێمی كوردستان دەژین. دووپاتیشی دەكەینەوە كە گوتاری ئێمە هەمیشە گوتاری خۆشەویستی و پێكەوەژیانی ئاشتیانە دەبێت.
بەڕێزان:
ئافرەتانی كوردستان هەمیشە ڕۆڵێكی دیار و پێشەنگیان لە مێژووی گەلەكەماندا هەبووە و لە هەندێك قۆناخ و شوێندا، ڕۆڵی سەركردایەتییان بینیوە و لە قۆناخە سەختەكانی خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی كوردستانیشدا، بەشدارییەكی كارایان لە شۆڕش و ڕاپەڕینەكاندا كردووە كە مایەی شانازیمانە.
لە دوای سەرهەڵدانی ئاداری 1991 و پێكهێنانی پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان، ڕۆڵ و بەشداری ئافرەتانی كوردستان، لە پرۆسەی سیاسی و حوكمڕانیدا، زیاتر پەرەی سەند و ئێستا بە شداری ئافرەتان لە پرۆسەی سیاسی و بەڕێوەبردندا، ڕۆڵێكی گرنگ و دیارە.
حكومەتی هەرێمی كوردستان، كار دەكات بۆ زیاتر بەهێزكردن و پەرەپێدانی ڕۆڵ و پێگەی ئافرەتان لە ناو حكومەت و نەهێشتنی هەموو جۆرە پەراوێزخستنێكی ڕۆڵی ئافرەتان لە بڕیاری سیاسی و حوكمڕانی و بەرەنگاربوونەوەی پێشێلكردنی مافەكانی ئافرەتان و ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی و كاردەكات بۆ زیاتر پەرەپێدانی كولتووری یەكسانی نێوان پیاو و ئافرەت.
ئێمە لە ئاستی هەرێمی كوردستان، بەردەوام دەبین لە درێژەدان بە سیاسەتی ڕەخساندنی زەمینەیەكی لەبار بۆ ئافرەتانی كوردستان بۆ ئەوەی بتوانن بەشێوەیەكی یەكسان لە دەوڵەتسازی و بنیاتنان و ئاوەدانكردنەوە و گەشەسەندنی كوردستاندا بەشدار بن. لەسەر ئاستی خۆجێییش كار لەسەر بەرزكردنەوەی تواناكانیان دەكەین بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی كاریگەرتر و زیاتر لە بەڕێوەبردنی دامەزراوەكاندا بەشداربن .
هەروەها لەگەڵ لایەنە ناوخۆیی و دەرەكییەكان، هەماهەنگی دەكەین بۆ گەیاندنی دەنگی ئافرەتانی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان (بەتایبەت قوربانییانی دەستی تیرۆریستانی داعش) كە دەنگیان ببیسترێت و هاوكات دەرفەتیشیان بۆ دەڕەخسێنین خۆشیان لە پرۆسەكەدا بەشدار بن.
ئێمە لە هەرێمی كوردستان وەك كیانێكی فیدراڵی لە چوارچێوەی عێراقدا، پابەندین بە جێبەجێكردنی بڕیاری 1325 و لەم چوارچێوەیەشدا، ئەوەی دەكەوێتە ئەستۆمان كار بۆ جێبەجێكردنی دەكەین. بەڵام جێبەجێكردنی ئەم بڕیارە بەرپرسیارێتییەكی هاوبەشە و پێویستی بە هاوكاری و هەماهەنگی و یەكخستنی هەوڵەكانی هەموولایەكمانە.
دووبارە پیرۆزبایی ئەم یادەتان لێ دەكەم و ئافرەتانی كوردستان دڵنیا دەكەمەوە كە هەمیشە پاڵپشت و پشتیوانی مافە ڕەواكانیان دەبم بۆ ئەوەی بە پێی توانا و لێهاتوویی خۆیانەوە، ڕۆڵ و پێگەی شایستەی خۆیان هەبێت لە هەموو كایەكانی كۆمەڵگەدا.
هەر شاد و سەرفیراز بن .
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.