دوو مانگ پێش ئەوەی حەماس هێرشێكی كتوپڕ و بێ وێنە بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێبكات، وەزارەتی بەرگری ئەمریكا گرێبەستێكی بە بەهای دەیان ملیۆن دۆلار بە پنتاگۆن بەخشی بۆ دروستكردنی بنكەیەكی نهێنی هێزەكانی ئەمریكا لە ئیسرائیل.
بەپێی ماڵپەڕی هەواڵی “ئینتەرسێپت”ی ئەمریكی،ئەم بنكە نهێنییە ئەمریكییە دەكەوێتە دڵی بیابانی نەقەب و بە دووری 32 كیلۆمەتر لە سنووری كەرتی غەززە.
بنكەكە ناوی " 512" یە و بنكەیەكی كۆنە و نوێ نییە، بەڵام لە شەڕی غەززەدا هاتە ئاراوە.
بنكەكە دامەزراوەیەكی ڕادارە و چاودێری ئاسمان دەكات، مووشەكی دوور مەودا دەستنیشان دەكات كە بەرەو ئیسرائیل هەڵبدرێت.
بەڵام بەگوێرەی ئینتەرسێپت، لە 7ی ئۆكتۆبەر كە حەماس هەزاران مووشەكی ئاراستەی ئیسرائیل كرد، پێگەی 512 هەستی بە هیچ شتێك نەكردووە، چونكە ئەو چاودێرییەكانی لەسەر ئێران بووە كە زیاتر لە 1100 كیلۆمەتر دوورە.
سوپای ئەمریكا بە هێمنی لە كارەكانی فراوانكردنی بنكەی 512 بەردەوامە، بنكەكەش دەكەوێتە سەر لوتكەی چیای هار كێرن لە نەقەب و ئەو شتانە لەخۆدەگرێت كە تۆمارە ئەمریكییەكان بە "دامەزراوەی پشتیوانی ژیان" وەسفی دەكەن.
هەرچەندە جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا و كۆشكی سپی پشتڕاستیان كردەوە كە هیچ پلانێك بۆ ناردنی هێزی ئەمریكی بۆ ئیسرائیل لە ناوەڕاستی شەڕەكەی لەگەڵ حەماسدا نییە، بەڵام بوونی سەربازی نهێنی ئەمریكا لە ئێستاوە لە ئیسرائیل بوونی هەیە.
لەوبارەیەوە پۆڵ پیلەر، سەرۆكی پێشووی شرۆڤەكاری بەرنامەكانی دژە تیرۆری سی ئای ئەی دەڵێت: ئەمریكا هەندێك شت وەك نهێنی حكومەت مامەڵەی لەگەڵ دەكات، هاوكات هۆكاری دیپلۆماسی و سیاسیش هەیە كە ڕێگرن لەوەی ئەمریكا بوونی ئەو شتانە ڕابگەیەنێت، وەك بنكەی “512”.
هەروەها ئەو ئەفسەرەی پێشوو كە زانیارییەكی تایبەتی لەسەر ئەم بنكەیە نییە، ئاماژەی بەوەشكردووە، ڕەنگە بنكەكە بۆ پاڵپشتیكردنی ئۆپەراسیۆنەكان لە شوێنەكانی دیكەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەكاربهێنرێت .
ماڵپەڕی ئینتەرسێپت: شەڕی غەززە بنكەیەكی نهێنی ئەمریكا لە بیابانی نەقەب ئاشكرا دەكات
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.