Erbil 33°C یەکشەممە 29 ئەیلوول 13:32

ئەنجوومەنی وەزیران: ئەرکی حكوومەتی فیدراڵە مووچە لە کاتی خۆی بنێرێت

کوردستان TV
100%

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان جەخت دەکاتەوە کە ئەرکی حكوومەتی فیدراڵە هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیش لە کاتی خۆی بنێرێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە 25ـی 10ـی 2023 بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجامی کۆبوونەوەی هاوبەشی ڕۆژی 18ـی 10 لەنێوان لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەران و شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیى وەزیری دارایی و ئابووری و بە ئامادەبوونی وەزیری دارایی و سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵ، لەلایەن ئەندامانی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان خرایەڕوو و ڕوونکردنەوەی پێویست بە ژمارە و داتای دروست سەبارەت بە دۆخی دارایی و مووچەی هەرێمی کوردستان پێشکەش کرا.

لە کۆبوونەوەکەدا، ئاماژە بەوە درا کە لە کۆبوونەوەکەی لێژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەران، شاندی هەرێمی کوردستان بە ڕاپۆرتێکی 30 لاپەڕەیی و بە ژمارە و داتای دروست، وەڵامی سەرجەم پرسیارەکانی تایبەت بە بودجەی هەرێمى دایەوە لەبارەی داهات وخەرجییەکان و نەوت و دەروازە سنووريیەکان و پرۆسەی وردبینی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی فیدڕاڵی و هەرێمی کوردستان و میلاکیی گشتی و مووچە.

ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایی و ئابووری و شاندی دانوستانکاری ڕاسپارد کە لە پەیوەندی بەردەوامدا بن لەگەڵ لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەران و وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدڕاڵ، بۆ بەرجەستەکردنی ئەو بنەمایانەی کە لە کۆبوونەوەی ڕۆژی 10/18 ی لیژنە دارایی هەموولایەک لەسەری کۆک بوون، بەتایبەتیش جیاکردنەوەی تەرخانکراوەکانی مووچەی هەرێمی کوردستان لە پێوەری خەرجیى ڕاستەقینە، هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراقی فیدراڵ و هەموارکردنەوەی ماددەکانی پەیوەندیدار بەم بابەتە لە یاسای بودجە.

پاشان لەلایەن فەریق سلێمان بەڕێوەبەری گشتی لە دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان کە میوانداریی کۆبوونەوەکە کرابوو، پوختەی ڕێڕەوی بەڕێوەچوونی پرۆسەی وردبینی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی خرایە ڕوو کە لە ساڵی 2023 ئەنجام دراون. لەمبارەیەوە دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە هەماهەنگی وەزارەت و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان دا بۆ سەرخستنی پرۆسەی وردبینی لەڕێگه‌ی پێدانی زانیاری و داتای پێویست و پەیوەندیدار بە داهات و خەرجیيەکان و میلاکی گشتی و ئاسانکاریی پێویست بۆ کردنەوەی دەرگای دامەزراوەکان بۆ تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێریی دارایی، کە لە دەرەنجامدا سێ ڕاپۆرتی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری پێشکەش کراون کە یەکەمیان تایبەتە بە داهات و خەرجییەکان بەگشتی و ڕاپۆرتی دووه‌میش سەبارەت بە نەوت و دواڕاپۆرتیش تایبەتە بە میلاکی گشتی هەرێم و بڕی مووچەکان، لەم ڕاپۆرتەدا دوای وردبینی هەردوو دیوانی چاودێری و دارایی، ژمارەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و بڕی مووچەکانیان پشتڕاست کراونەتەوە.

ئەنجوومەنی وەزیران وێڕای پشتیوانی لە پرۆسەی وردبینی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریى دارایی دەکات، بە ئاراستەی خستنەڕووی ڕاستیيەکان و دڵنیاکردنەوەی هەموو لایەک کە هەرێمی کوردستان، هەروەک هەمیشە شەفافانە، هەموو زانیاری و ژمارەکان دەخاتەڕوو و هیچی نییە بیشارێتەوە، ئەم پرۆسەیەش هەر لەو پێناوەدایە کە هەموو لایەک لە ڕاست و دروستی داتا و زانیاری و ژمارەکان دڵنیا ببنەوە و هیچ بیانوویەک بۆ حکوومەتی فیدراڵ نەهێڵرێتەوە کە بەربەست دروست بکەن لە خەرجکردنی شایستەداراییەکانی هەرێمی کوردستان.

ئەنجوومەنی وەزیران گشت وەزارەت و دامەزراوەکانی حکوومەتی هەرێمی ڕاسپارد کە بەردەوام بن لە هەماهەنگی و هاوکاریی دیوانی چاودێریی دارایی و کارئاسانی بۆ دەستە هاوبەشەکانی وردبینیان و وەرگرتنی ڕێکاری پێویست بۆ تێبینی و سەرنجی تەکنیکی ژمێریاری و دارایی تاوەکوو هیچ بیانوویەک بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵ نەهێڵرێتەوە. بەتایبەتیش لەدوای ئەو ڕاپۆرتە هاوبەشەی هەردوو دیوانی چاودێریی فیدڕاڵی و هەرێمی کوردستان، ئێستا ژمارەی مووچەخۆران و بڕی مووچەکانیان لە دوای وردبینی پشتڕاستکراونەتەوە. ئیتر ئەرکی حكوومەتی فیدراڵ و بەتایبەتی وەزارەتی داراییە، هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمیش لە کاتی خۆی بنێرێت کە شایستەی قانونیی مووچەخۆرانە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.