Erbil 17°C پێنجشەممە 26 کانونی یەکەم 16:21

به‌ یادی (36) ساڵه‌ی ماڵاوایی هونه‌رمه‌ندی گه‌ل ( تایه‌ر تۆفیق) ده‌سته‌ مۆكردنی مردن له‌ پێناو ژیانێكی ئه‌به‌دی

کوردستان TV
100%


له‌ ڕۆژی  پێنجشه‌ممه‌ 1987/10/1 كاتێ سه‌رۆك و ئه‌ندامانی تیپی موزیكی پاشای گه‌وره‌ له‌رواندزی هونه‌ره‌وه‌ گه‌یشتنه‌ هه‌ولێری باپیره‌وه  بۆ  به‌شداری و یادكردنه‌وه‌ی ڕۆژی جیهانیی موزیك‌، یه‌كه‌م ئه‌ركی سه‌رشانی هونه‌ریمان ئه‌وه‌بوو له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك ده‌روێشی خاره‌ تایه‌ر به‌ره‌و ماڵ و مه‌نزڵی ئه‌و مرۆڤه‌ دڵگه‌وره‌یه‌ به‌ رێكه‌وتین. 
ماڵێكی بچووك، دنیایه‌كی گه‌وره‌ له‌ سام و ره‌هبه‌ت ، قه‌ڵه‌وێره‌یه‌كی ساده‌، جه‌سته‌یه‌كی لێكدراو له‌ موعانات و ئێش و ئازار به‌سه‌ریه‌كه‌وه‌ بوو، كۆمه‌ڵێك له‌ حه‌ب و ده‌رمان و كه‌پسولی بێ شه‌رم له‌ سه‌ر مێزێكی شه‌رمه‌زار ئاره‌قه‌ی ره‌ش و شینیان كردبوو، ئای له‌و رۆژه‌ بێ ئه‌مانه‌. 
چه‌ند مه‌ینه‌ته‌ له‌ رۆژێكی ئاوا و پڕ برینه‌دا ئافره‌تێك نه‌بێ بزه‌یه‌كت بداتێ.
ئێمه‌ ئه‌و سات كۆمه‌ڵێ له‌ هه‌رزه‌كاری هونه‌ریی بووین و  له‌م ژیانه‌ بێ ره‌حمه‌دا له‌گه‌ڵ ڕابه‌ر ومامۆستای گه‌وره‌مان هونه‌رمه‌ند ( زرارمحه‌مه‌د مسته‌فا) یه‌كه به‌‌ یه‌كه‌ نوشتاینه‌وه‌ سه‌ر جه‌سته‌ ماندووه‌كه‌ی خاره‌ تایه‌ر، كاك جیهانبه‌خشی خه‌مخۆری هونه‌رمه‌ندان به‌ ئیشاره‌ت و هێمای ده‌سته‌كانی تێیگه‌یاند كه‌ ئه‌و هه‌موو حه‌شامه‌ته‌ هونه‌رییه‌ له‌ شارێكی وه‌كو (كۆیه‌) له‌ رواندزه‌وه‌ هاتوون. 
له‌گه‌ڵ ناوهێنان و بیستنی ناوی رواندز خاره‌‌ تایه‌ر ده‌سته‌ له‌رزۆكه‌كه‌ی به‌رزكرده‌وه‌و دیاربوو حه‌زی ده‌كرد هێشتا بچینه‌‌ پێشه‌وه‌.
له‌و ساته‌ سامناكه‌دا
ده‌سته‌ له‌رزۆكه‌كه‌ی زیاتر به‌ره‌و روومه‌ته‌ زه‌رده‌كانی ‌بردو تا هه‌ر هیچ نه‌بێ ئه‌و فرمێسكه‌ هونه‌ریانه‌ بگرێته‌وه‌ نه‌بادا عه‌شقی رۆژانی رابردوو به‌ڕه‌ڵای 
ئه‌م سه‌رده‌مه‌ جه‌نجاڵه‌ی بكه‌ن. 
ئه‌و كۆنه‌ برینه‌ نوێیانه‌ی باسم لێوه‌كردن ( 19 ) رۆژ به‌ر ماڵئاوایی یه‌كجاره‌كی ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ به‌كبریائه‌ بوو كه‌ هه‌رگیز نه‌یده‌ویست ژان و ژیان تێكه‌ڵ و ئاوێته‌ی یه‌كترببن. 
دوای (36)ساڵ پێچانه‌وه‌ی یادگاری وهونه‌ری یه‌كتریی، ده‌نگ  و زایه‌ڵه‌و  پێرفۆڕمه‌نسی ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ هه‌میشه‌ له‌ گرمه‌ گرمی هونه‌ری خۆی نه‌كه‌وتووه‌, له‌مه‌ش زێتر ئێستاكه‌ لێره‌ و له‌وێ به‌ده‌یان هونه‌رمه‌ند پڕۆژه‌ی هونه‌ری له‌سه‌ر ده‌نگ و رواڵه‌ته‌ هونه‌رییه‌كانی خاره‌‌ تایه‌ر بنیات ده‌نێین .
ئه‌م نووسینه‌م
نامه‌یه‌كی له‌رۆزكی ترسئامێزه‌‌ له‌به‌رده‌م گه‌نجینه‌ی هونه‌ریی خاره‌ تایه‌ر
بۆیه‌ زۆر به‌ ڕاشكاوانه‌ ده‌ڵێم:- 
ئێمه‌ نه‌مانتوانی دڵی گۆرانییه‌كانت بده‌ینه‌وه

كام عه‌شق گه‌وره‌تره‌؟
عه‌شقی وه‌ته‌ن یا گۆرانیی؟.
ئه‌مه‌ گه‌رده‌لوولی ژیانه‌ یان 
له‌دایك بوونێكی نوێ؟
ئه‌وه‌ ده‌نگێكی تره‌ یان نه‌غمه‌یه‌كی یاخی؟
دوێنێ له‌ كۆیه‌ی كه‌كۆن، ئه‌مڕۆ 
له‌ هه‌ولێری كۆن و ئێستا له‌باوه‌شی ئێمه‌، ئێواره‌ له‌ دڵی هه‌موو جه‌ماوه‌ر و به‌یانی له‌ نێو كۆشی مێژوویێكی بریندار, سبه‌ینێش له‌نێو جه‌رگه‌ی رووداوه‌كان، بۆ دواڕۆژیش هه‌ر خۆت باس و خه‌به‌ر, ئه‌وه‌ چ ژیانێكی پڕ شكۆیه‌
بۆ عه‌شقی وه‌ته‌ن برسی و بۆ 
بۆنی خاكی پاش بارانیش ئه‌ڤین هه‌میشه‌ وێڵ و عه‌وداڵ، بۆ خه‌ڵكی ده‌وروبه‌رت مۆمی گریاناوی رووناك، بۆ نه‌غمه‌ی كوردی هه‌مووكات نوێ بوونه‌وه‌, ئه‌وه‌ چ داهێنانێكه؟‌
ده‌روون پڕ كڵپه‌ بێ ، سینه‌ پڕ باده‌ی بێسه‌رو شوێن، ژیان پڕ له‌ خه‌زانی ته‌مه‌ن، ته‌مه‌ن پڕ له‌ حه‌سره‌ت، حه‌سره‌ت پڕ له‌ هه‌ناسه‌ی گه‌رم، ئه‌م هه‌موو شۆڕشه‌ له‌ پای چی؟.. .. 
وه‌ته‌ن پڕبوو له‌ قه‌لبی من، 
قه‌لبی من تژی له‌ شیرین، شیرین به‌ چه‌هچه‌هه‌ی بولبول نه‌با له‌خه‌و رانه‌ده‌بوو، ئیدی ( مانی ) قوه‌تی بۆ چییه‌؟ 
تۆ هه‌میشه‌ خاكت به‌وه‌ته‌نه‌وه‌ ده‌ویست!! 
گۆرانییه‌كانت هه‌میشه‌ یاخی بوون له‌ موزیسیانان، ئیدی ئه‌م عه‌شقه‌ بۆ به‌ هه‌ده‌ر چوو !! 
به‌هه‌موومان نه‌مانتوانی دڵی مه‌قام و به‌سته‌و گۆرانییه‌كانت بده‌ینه‌وه‌، هه‌مدیس نه‌مانتوانی به‌رگه‌ی نه‌ڕه‌ی له‌رینه‌وه‌ كوردییه‌كانت بگرین, ئیدی ئه‌م یادگارانه‌ له‌ پای چی!!.. 
شه‌رمه‌زارین (خاره‌) به‌ڵام دڵنیابه‌ بێ گوناهین.
ئامانج غازی

کولتوور و هونه‌ر

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.