Erbil 15°C سێشەممە 24 کانونی یەکەم 17:03

هه‌ولێر... شەقامی دووسایدی ڕەشکین کرایەوە

کوردستان TV
100%


شەقامی دووسایدی ڕەشكین لە شاری هەولێر بە گوژمەی نزیكەی چوار ملیۆن دۆلار لەسەر بودجەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار كرایەوە، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاریش دەڵێت هەردوو شەقامەكانی 100مەتری و 120مەتری بەیەكەوە دەبەستێتەوە و ئاسانكاریش بۆ هاتوچۆی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر دەكات.
ئەمڕۆ سێشەممە 17/10/2023، بە ئامادەبوونی ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، قائیمقامی هەولێر و سەرۆکی شارەوانیی هەولێر و سەرۆكی كۆمپانیای جێبەجێكار و ژمارەیەك لە بەڕێوەبەرانی شارەوانی و پۆلیس و ئەندازیارانی شارەوانی و نوێنەری فەرمانگە خزمەتگوزارییەکانی هەولێر شەقامی دووسایدی ڕەشکین لە شاری هەولێر کرایەوە.
لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەبارەت بە گرنگیی پرۆژەكە، بۆ میدیاكان ڕایگەیاند: پرۆژەی دووسایدی ڕەشكین پرۆژەیەكی خزمەتگوزاریی زۆر گرنگە و هەردوو شەقامەكانی 100مەتری و 120مەتریی هەولێر بەیەكەوە دەبەستتێتەوە لە ڕەشكین كە لە ماوەی تەنیا دوو مانگدا تەواو كرا.
دواتر ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا، ڕایگەیاند: ئەو شەقامە بۆ شاری هەولێر گرنگییەكی زۆری هەیە و هەموو خزمەتگوزارییەكانی شەقام و هاتوچۆی تێدایە و لەمڕۆوە دەكەوێتە خزمەتی هاووڵاتییان و میوانانی شاری هەولێر كە بەتایبەتی لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە بەرەو سەنتەری شاری هەولێر دێن. 
لە بەشێكی تری قسەكانیدا لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەبارەت بە پێكهاتەكانی پرۆژەكە، گوتی: درێژاییی شەقامە دوو كیلۆمەترە  و پانییەكشی 36 مەترە، لەگەڵ دروستكردنی نزیكەی سێ كیلۆمەتر ئاوەڕۆ، هەروەها هێڵكاری بۆ شەقامەكە كراوە. گوتیشی: لە ئێستاوە ئەو شەقامە دەبێتە هۆی ئاسانكاریی هاتوچۆ لەنێوان هەردوو شەقامی 100مەتری و 120مەتری بۆ فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و هاتنی هاووڵاتییان بۆ ناو سەنتەری شاری هەولێر. 
شایەنی باسە، گوژمەی پرۆژەکە، نزیکەی 4 ملیۆن دۆلارە و لەسەر بودجەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دابینکراوە و زیاتر لە دوو هەزار مەتر قیری تێدا بەکارهێنراوە و پێکهاتووە لە شەقامێکی دووساید و جگە لەوەی شەقامەكانی 100مەتری بە شەقامی  120مەتری دەبەستێتەوە، هاوکات شۆفێران دەتوانن وەک ڕێگەی تری نێوان هەولێر-خەبات بەکاری بهێنن.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.