Erbil 9°C دووشەممە 23 کانونی یەکەم 20:32

خوێندنی باڵاى هەرێم و عێراق تاووتوێی پشکی هەرێمیان لەو سکۆلەرشیپانە کرد کە پێشکەشی عێراق دەکرێن

کوردستان TV
100%


بە ئامانجى چارەسەرکردنى کێشە هەڵپەسێردراوەکانى نێوانیان و پتەوکردنى نەخشەڕێى پێکەوەکارکردن، وەفدێکى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستیی هەرێمى کوردستان بە سەرۆکایەتیى د.عەبدولفەتاح عەبدولرەزاق، سەردانى بەغداى کرد و لەگەڵ وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کۆبوونەوەیەکى کرد.

شاندەکەى هەرێمى کوردستان لەگەڵ بریکارى وەزارەتى خوێندى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ کاروبارى زانستى کۆبوونەوە، لە کۆبوونەوەکەدا کە بە ئامادەبوونى ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرە گشتییەکانى هەردوو وەزارەت بەڕێوە چوو، بە وردى گفتوگۆ لەبارەى بابەتە هاوبەشەکانى نێوانیان کرا، بەتایبەت مافى هەرێمى کوردستان بە پێى دەستوور لەو سکۆلەرشیپانەى پێشکەش بە عێراق دەکرێ، هاوکات گفتوگۆ لەبارەى واژۆکردنى ڕێککەوتنامەیەکى هاوبەش لە نێوان هەردوو وەزارەت کرا.

واش بڕیارە لە ئایندەیەکى نزیکدا، شاندێکى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستیی عێراق سەردانى هەرێمى کوردستان بکات، بۆ دانانى نەخشەڕێى واژۆکردنى ڕێککەوتنامەى هاوبەشى نێوان هەردوو وەزارەت.

لە وێستگەیەکى دیکەى سەردانەکەیاندا، شاندى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى چەندین دیدار و کۆبوونەوەى دیکەى ئەنجام دا، بەتایبەت لە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانى لێژنەى خوێندنى باڵا کۆبوونەوەیەکى گرنگیان ئەنجام دا و تێیدا ئامانجى سەردانەکەیان بۆ بەغداد ڕوون کردەوە، بۆ ئەوەش ئامادەییی خۆیان پێشان دا بۆ هاوکارى و هەماهەنگیى نێوانیان بە ئامانجى سوودگەیاندن بە هەردوو لا، هەروەک پشتیوانیی خۆشیان بۆ چارەسەرکردنى هەر جۆرە گرفتێک دووپات کردەوە.

هاوکات شاندەکەى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەگەڵ د. شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگرى دووەمى سەرۆکى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق کۆ بووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا تاووتوێى لایەنە جیاکانى سەردانەکە و پێویستیى هاوکاریى نێوان هەردوو لا کرایەوە لە پێناو خزمەتکردن بە پرۆسەى خوێندنى باڵا.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.