گۆرانی( كۆڵوانه كۆڵوانه‌ی لێ جوانه) به‌یه‌كه‌وه له‌گه‌ڵ حه‌سه‌ن زیره‌ك خوێندمان ...!
ئه‌وجاره هه‌وارمان ده‌به‌ینه ژێر تاوڵی به‌رزو فراوانی هونه‌رمه‌ندێكی میللی، له‌ژێر سایه‌ی فێنكی ئه‌و تاوڵه‌دا گوێ له ده‌نگی خۆش و هونه‌رێكی ڕه‌سه‌ن ، خۆڕسك ، بێ خه‌وش و شایگێڕێكی وڵات ده‌گرین ، ناوه ناوه له‌پاڵ به‌یت و به‌سته‌ی لێوان لێو له‌بۆن و به‌رامه‌ی كوردهواری ، دڵه‌كان گه‌ش و ڕۆحه‌كان ئارام ده‌كاته‌وه به گێڕانه‌وه‌ی ( نوكته و به‌سه‌رهات و قسه خۆشه‌كانی) ئه‌و هونه‌رمه‌نده نه‌خوێنده‌واره‌ی ماوه‌ی نیوسه‌ده له‌شایی و زه‌ماوه‌ند و داوهتهكاندا، له‌كۆڕی به‌زمی شایی و ڕه‌شبه‌ڵه‌كی كیژ و كوڕانی قه‌شه‌نگی وڵات دا به‌ده‌نگ و هونه‌ره‌كه‌ی شادی و جۆش خرۆش و خه‌نده به‌سیماو جه‌سته‌ی كوڕ‌و كچان و ئاماده‌بووانی دیوه‌خان و زه‌ماوه‌نده‌كان به‌خشیوه، ده‌یان بووكی بهبهستهو ڕه‌زمه كرژ و شادی به‌خشه‌كانی له‌به‌رده‌م ماڵی كاكی زاوا دا دابه‌زاندووه، ئه‌م هونه‌رمه‌نده خۆڕسكه خۆوێژه، پارێزه‌ر و زیندوكه‌ره‌وه‌ی فۆلكلۆر و زمانی شیرینی كوردی بووه له‌وبواره‌دا زه‌حمه‌تێكی زۆری چه‌شتووه و چه‌ندین گۆرانی فۆلكلۆری كوردی له‌سه‌ر لێواری هه‌ڵدێر و فه‌وتان زیندوكردۆته‌وه، ئه‌و هونه‌رمه‌نده له‌ڕۆژهه‌ڵات و باشووری كوردستان چه‌ند به‌ده‌نگ و هونه‌ره‌كه‌ی نێوبانگی هه‌یه، دوو هێنده‌ی تربه ( نه‌قڵ) و نوكته‌و به‌سه‌رهات و قسه‌خۆشه‌كانی زیاتر ناسراوه‌و خۆی خۆشه‌ویست كردووه له‌نێو خه‌ڵكیدا، ئه‌و هونه‌رمه‌نده میللیه خۆوێژه ( ڕه‌سوڵی نادری) ڕه‌وانشاده.
هه‌ركات كه باس له هونه‌رمه‌ندانی بواری میللی ده‌كه‌ین كۆمه‌ڵێك هونه‌رمه‌ندی به‌توانا به‌بێ ئه‌وه‌ی ده‌رچووی هیچ قوتابخانه‌یه‌كی هونه‌ریی بن ، سینه‌یان لێوان لێوه له‌به‌یت و بالۆره‌و به‌سته‌و لاوك و حه‌یران ، ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه هه‌موویان ده‌رچووی ژینگه‌ی زه‌نوێر و مێرگ و مێرگوزار و باخ و باخات و چیا و دۆڵ و گوند و شاری كوردستانن، له‌و وڵاته شیرینه‌وه ئه‌سپی هونه‌رییان تاوداوه و بواری هونه‌ریی میللی یان ده‌وڵه‌مه‌ندكردووه و ئه‌مڕۆ بهگهنجینهیهكی به‌نرخی هونه‌ری میللی ده‌ژمێردرێن و ده‌توانین شانازیان پێوه بكه‌ین .
له‌وانه‌یه لای زۆربه‌مان ڕۆشن نه‌بێت ئه‌و هونه‌رمه‌نده میللیه ( ڕه‌سوڵی نادری) كێیه و ؟ چۆن هه‌نگاوی بۆ‌نێو دنیاری هونه‌ری ئاواز‌و به‌سته‌ی كوردی هه‌ڵگرتووه و چ زه‌حمه‌تێكی له‌پێناودا كێشاوه ..؟! دوای هه‌وڵ و گه‌ڕانێك له‌ڕێی ئازیزانه‌وه هه‌ندێك زانیاریم ده‌رباره‌ی هونه‌رمه‌ند ( ڕه‌سوڵی نادری) وه‌ده‌ست كه‌وتووه، به‌پێویستم زانی ئێوه‌ی ئازیز به‌ژیانی هونه‌ریی و كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌و هونه‌رمه‌نده میللییهئاشنا بن ،
ڕه‌سوڵی نادری و هاوڕێ هونه‌رمه‌نده‌كانی له‌ڕۆژگارێكدا ده‌ستیان به‌كاری هونه‌ری گۆرانی چڕین كردووه ، له‌نێو كۆمه‌ڵی كوردهواری دا ئه‌و كاره نه‌شیاو و ناشایسته و به لۆتی و شایه‌ر نێویان براوه و هه‌میشه خۆیان لێ بهدوورگیراوه ..؟! به‌ڵام ئه‌مڕۆ له‌سایه‌ی هوشیاری خه‌ڵك و ڕێز‌و حورمه‌تی هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی یه‌وه ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه به هونه‌رمه‌ندانی به‌رزی كورد نێویان ده‌بردرێ و ڕێزیان بۆدادهنرێ.
له‌ئاوایی ( ئوزنتاش) ه‌وه بۆ نێو دنیای چڕینی به‌سته‌و ئاوازی فۆلكلۆر ..!
له‌خانه‌واده‌یه‌كی هه‌ژار و نه‌داری عه‌شیره‌تی مه‌نگووڕ، له‌ئاوایی ( ئوزنتاش) ی به‌شی خه‌لیفانی شاری مه‌هاباد، له‌ساڵی( 1310ی هه‌تاوی )به‌رامبه‌ر به ( 1931 ی زاینی ) په‌روه‌ردگاری به‌خشنده منداڵێك ده‌به‌خشێ به ( نادر زاده ئه‌قده‌م و زوله‌یخا نه‌بی یه‌ك شه‌وه) و نێوی ده‌نێن ( ڕه‌سوڵ یان ڕه‌سوو) ، له ڕێی په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنییه‌وه( واتس‌اپ) له‌گه‌ڵ كاك به‌ختیاری كوڕی هونه‌رمه‌ند ده‌رباره‌ی ساڵی به‌دنیای هاتنی باوكی ، له‌یه‌ك دوو سه‌رچاوه ئاماژه به ساڵی (1312 ی هه‌تاوی به‌رامبه‌ر به 1933 ی زاینی) دراوه له‌وه‌ڵامدا پێی ڕاگه‌یاندم و ته‌نانه‌ت وێنه‌ی گڵكۆی ڕه‌وانشادی باوكی بۆناردم ( به‌پێی سجل و پاسپۆرت و نووسینی سهرگڵكۆكهی بابم له‌ساڵی 1310ی هه‌تاوی به‌دنیا هاتووه) .
به‌داخه‌وه سه‌رچاوه‌ی زۆر له‌به‌رده‌ستدا نییه تایبه‌ت بێت بهژیاننامهی هونه‌رمه‌ند ڕه‌سوڵی نادری، ته‌نها دووسه‌رچاوه نه‌بێت ، دواتر هانام برده به‌ر كاك ( به‌ختیار) كوڕی هونه‌رمه‌ند ڕه‌سوڵی نادری و كاك ( به‌كری ماملێ ، كوڕی گه‌وره هونه‌رمه‌ندی كۆچكردوو حه‌سه‌نی ماملێ ،1930_ 1979) به هه‌ندێك زانیاری كۆمه‌كیان كردم تا ئه‌م چه‌ند دێڕه ده‌رباره‌ی هونه‌رمه‌ندی میللی ڕه‌سوڵی نادری بنووسم .
واته ناوی ته‌واوی ( ڕه‌سوڵ نادرزاده ئه‌قده‌م) له‌نێو كۆڕ‌و كۆمه‌ڵ و نێوه‌ندی هونه‌ریی له گه‌رمێن و كوێستان ( ڕۆژهه‌ڵات و باشووری كوردستان) به( ڕه‌سوڵی نادری) ناسراوه.
ڕه‌سوڵی نادری ، چوار برا( عه‌زیز و بایز ، حه‌سه‌ن و محه‌مه‌د) و دوو خوشك به‌ناوه‌كانی ( ئه‌ستی و هه‌مین) ی هه‌یه، باوكی هونه‌رمه‌ند لهدارای دونیا خاوه‌نی هیچ سه‌رمایه‌ك نه‌بووه، نهموڵك و نه‌ماڵ و نه مه‌ڕو ماڵات، به‌ڵكو خاوه‌نی ده‌نگێكی خۆش بووه حه‌یرانبێژێكی ناسراوی ناوچه‌كه‌ی خۆی بووه و زۆر شاره‌زایی له ڕاوكردنی ئاژه‌ڵ و په‌له‌وه‌ردا هه‌بووه ، واته ڕاوچییه‌كی كارامه و لێهاتوو به‌ده‌ست بووه.
هونه‌رمه‌ند ڕه‌سوڵی نادری ده‌رباره‌ی ژیانی خانه‌واده‌كه‌یی و باوكی ده‌ڵێت ( له‌بنه‌ڕه‌تدا سه‌ر به‌عه‌شیره‌تی(مه‌نگووڕ) ین ، له‌بنه‌ماڵه‌یه‌كی زۆر هه‌ژار له‌دایكبووم ، بابم خاوه‌نی هیچ سه‌روه‌ت و سامانێكی نه‌بووه، كاری ڕاوكردن بووه و له‌گه‌ڵ ئاغایان هه‌ڵده‌ستاو داده‌نیشت ، به‌ڵام ده‌نگی زۆر خۆش بوو ، نه‌ك وه‌ك گۆرانیبێژێكی ناسراو به‌ڵام ئاهه‌نگه‌كانی قه‌دیمی بوون، وه‌ك ( سوارۆ ، گه‌لۆ ، پایزه ، ئایشێ گوڵ كانه‌بی و نو‌عمان و ناسر و ماڵماڵ) ئه‌وانه‌ی ده‌گووتن، له‌هه‌رجێیه‌ك ئاغا خڕده‌بوونه‌وه، وڵاخیان ده‌نارده دوای باوكم ئه‌وكات ماشێن نه‌بوو ، بابیشم مه‌جلیسی به‌ده‌نگه خۆشه‌كه‌ی ده‌ڕازانده‌وه)(1).
ڕه‌سوڵی نادری له‌به‌ر هه‌ژاری و نه‌بوونی قوتابخانه له گونده‌كه‌یان ، نه‌چۆته به‌رخوێندن ..! له‌ته‌مه‌نی منداڵیه‌وه ژیانی به‌سه‌ختی هاتووه، له‌و ته‌مه‌نه منداڵییه‌دا له‌سۆزی باوك بێ به‌ش ده‌بێت، له‌به‌رئه‌وه‌شه خراوه‌ته به‌ر كاركردن وه‌ك ( به‌رخه‌وانی و شوانی و گاوانی و سه‌پانی و كرێكاری) به‌وشێوه‌یه ژیانی منداڵی و مێردمنداڵی به‌ڕێوه‌بردووه .
بێگومان ئه‌و ناوچه‌یه‌ی تێیدا ژیاوه ، ده‌ڤه‌رێكی ده‌وڵه‌مه‌نده له‌بواری فه‌رهه‌نگ و كه‌لتوور و بوونی هونه‌رمه‌ندانی به‌یت بێژ و به‌سته‌بێژی میللی، ده‌نگ و هونه‌ری ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه و هونه‌ری ده‌نگخۆشیی باوكیشی كاریگه‌ری له‌سه‌ر ژیانی هونه‌ری ڕه‌سوڵی نادری داناوه،
هونه‌رمه‌ندی خۆڕسك و قسه‌خۆشیی كۆڕی دیوه‌خان ڕه‌سوڵی نادری له‌ته‌مه‌نی (15) ساڵییه‌وه واته ساڵی (1946) هه‌نگاوی بۆ نێو دنیای هونه‌ری گۆرانی گوتن و به‌یتبێژی هه‌ڵگرتووه،
به‌مه‌به‌ستی زیاتر ئاشنابوون بهدهستپێكی كاری هونه‌ریی ده‌گه‌ڕێینه‌وه بۆلای یاده‌وه‌رییه‌كانی هونه‌رمه‌ندی میللی ڕه‌سوڵی نادری و پێمان ده‌ڵێت :
( ماڵمان له ئوزنتاش چووه گوندی ( چوارگا) ئه‌وكاته له‌ته‌مه‌نی (15) ساڵیدابووم، كۆمه‌ڵێك هاتبوون گیایان هه‌ڵده‌قه‌ند، ئه‌و گیا ههڵقهنانه خه‌ڵكی لای ههوشاربوون، شه‌و ئێمه ده‌سته‌یه‌ك مێرمنداڵ بووین ، گووتیان ئه‌وه بۆ داوه‌تێك ناگرن و ئه‌مه گۆرانیتان بۆ بڵێین..!
یه‌كێكیان گۆرانی گووت ، گۆرانیبێژه‌كه ئه‌م گۆرانییه‌ی گووت ( هه‌ڵیخه وهقوروانت بم هه‌ڵیخه وهسهیوانت بم
جووتیاری گاكانت بم سابوونی جله‌كانت بم
ئاوێنه‌ی گیرفانت بم هه‌ڵیخه له‌و بهیتهلماڵه
دنیای ڕۆشنم پێ تاڵه یارم تۆزێ مناڵه )
له‌وكاته‌وه عه‌شقی گۆرانی كه‌وته مێشك و دڵمه‌وه، ئهلهوهی ڕا ئیتر عه‌شقی گۆرانی كه‌وته سه‌رم ، ڕۆژ تائێواره له‌به‌ر وڵاخان و لێره‌و له‌وێ ئه‌وه‌م ده‌وته‌وه( هه‌ڵیخه وهقوروانت بم) ئه‌وه‌نده‌م ئه‌و گۆرانییه ده‌گووته‌وه تاوای لێهات گه‌ربڵێم سه‌د به‌ندی دیكه‌م پێكه‌وه جووت كرد، به‌هۆی ئه‌و گۆرانییه‌وه نێوم وه‌ده‌ركه‌وت كه‌وته سه‌رزاری خه‌ڵك كه ڕه‌سوڵی نادری گۆرانیان ده‌ڵێ)(2).
دوای ئه‌وه‌ی ناوی له‌نێو ئاوایی‌دا بڵاوده‌بێته‌وه و ده‌توانێ گۆرانی بخوێنێ ، به‌ڵام بێ مۆسیقا چونكه هیچ ژه‌نیارێك نه‌بووه تالهگهڵیدا گۆرانی بخوێنێ، له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه كۆت و به‌ندی كۆمه‌ڵی كوردهواری و ناوهێنانی ده‌نگخۆش و به‌هره‌مه‌ند بهشایهر و لۆتی ئه‌وه‌ش بێگومان كاریگه‌ریی نه‌رێنی هه‌بووه و به‌ترس و دڵه‌ڕاوكێوه گۆرانی خوێندووه، به‌ڵام عه‌شق و ئاره‌زووی بۆ گۆرانی خوێندن هه‌میشه هانده‌ری بووه كه ڕچه بشكێنێ و بێئه‌وه‌ی شه‌رم بكات گۆرانی بخوێنێ،
له‌و ژینگه داخراوه‌دا به‌هره‌مه‌ند و ده‌نگخۆش له‌بازنه‌یه‌كی داخراودا ده‌سوڕێنه‌وه و كه‌سێك نییه ده‌ستی كۆمه‌ك و پشتیوانی بۆ درێژ بكات و بیخاته سه‌رڕێی ڕاست و دروستی هونه‌ر ، به‌ڵام ڕه‌سوڵی نادری به‌خت یاوه‌ری ده‌بێت تاڕۆژێك زوڕناژهنێك به‌ناوی( برایم چاوه‌ش) ڕێی ده‌كه‌وێته گونده‌كه‌یان و ده‌بینێ كوڕه گه‌نجێك گۆرانی ده‌خوێنێ و باشیشی ده‌خوێنێ سه‌رنجی ڕاده‌كێشێ ، كاتێك له گۆرانی گوتن ته‌واو ده‌بێت و پێی ده‌ڵێ تۆ گۆرانی ده‌زانی بۆنایه ده‌گه‌ڵه من گۆرانی بخوێنی لهداوهتان پوڵت ده‌ده‌مێ و جلكانیشت بۆ ده‌كڕم ، هونه‌رمه‌ند ڕه‌سوڵی نادری كاتێك گوێی له‌و قسانه ده‌بێت له‌لایه‌ن ( برایم چاوه‌شه‌وه) بێ ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێته‌وه بۆ ماڵ و پرس و ڕا به‌خانه‌واده‌كه‌ی بكات ده‌بێته هاوڕێی و هاوكاری برایم چاوه‌شی زوڕناژه‌ن، له‌به‌رئه‌وه‌ی زۆر عه‌شق و ئاره‌زووی بۆهونهرهكهی هه‌بووه ڕاسته‌وخۆ بڕیار ده‌دات ( گوتم وه‌ڵا ئاماده‌م بۆنایهم ، له‌گه‌ڵ مام برایمی چاوه‌ش ئاماده‌بووم و ڕۆیشتین بۆ داوه‌ت، به‌رده‌وام بووم له‌گه‌ڵیدا و گۆرانیم ده‌گووتن، تا ماوه‌ی (3) ساڵی ڕێك نه‌هاتمه‌وه بۆ ماڵه‌وه، ههردهچوومه داوه‌تان، له‌به‌رئه‌وه‌ش نه‌ده‌گه‌ڕامه‌وه ماڵه‌وه چونكه پێم عه‌یب بوو! ماوه‌ی ئه‌و (3) ساڵه له‌به‌ر براكانم نه‌هاتمه‌وه ، نه‌مده‌وێرا و پێم شه‌رم بوو له‌لای خه‌ڵكیش گۆرانی گوتن عه‌یب و بهشایهر و لوتی ناویان ده‌برد) (3).
هونه‌رمه‌ند ناو و ناوبانگ له‌ناوچه‌كه ده‌رده‌كات و به‌رده‌وام ده‌چێته داوه‌ت و زه‌ماوه‌نده‌كان و ڕۆژ به‌ڕۆژ شاره‌زایی په‌یداده‌كات و ئاشنای زۆرتری ده‌بێت له‌به‌یت و به‌نده فۆلكلۆرییه‌كان ، له‌سه‌ر ئه‌و كاره‌ی به‌رده‌وام ده‌بێت بیر له‌وه ده‌كاته‌وه كه تیپێكی مۆسیقی بۆ خۆی په‌یدا بكات ، ئه‌و سه‌رده‌مه‌ش زیاتر ئامێره‌كانی ( زه‌ڕب ، باڵه‌بان و زوڕنا) بووه بۆ شایی و زه‌ماوه‌ند و كۆڕی دیوه‌خانی ئاغا و كوێخای گونده‌كان. پاشان هونه‌رمه‌ند ڕه‌سوڵی نادری له‌ڕێی ده‌نگ و هونه‌ره‌كه‌یه‌وه ئاشنا ده‌بێت به هونه‌رمه‌ندانی گۆرانیبێژ و له شایی و زهماوهندهكاندا پێكه‌وه گۆرانی ده‌خوێنن، یه‌كێك له‌و هونه‌رمه‌نده به‌توانا و لێهاتووه‌ی بواری هونه‌ری میللی هونه‌رمه‌ند ( سه‌یدعه‌لی سه‌رده‌شتی ،1922 ) بووه په‌یوه‌ندییه‌كی پته‌و له‌نێوانیاندا دروست بووه و هونه‌ره‌كه‌ی هونه‌رمه‌ند سه‌یدعه‌لی سه‌رده‌شتی بۆ هونه‌رمه‌ند ڕه‌سوڵی نادری بۆته قوتابخانه‌یه‌ك و وانه‌ی زۆری لێوه فێربووه،
هونه‌رمه‌ند ڕه‌سوڵی نادری زیاتر سه‌رپێی خۆی ده‌كه‌وێت و لههونهركهیدا چالاك و به‌رده‌وام سه‌رقاڵی كاری هونه‌ری بووه و له‌نێو خه‌ڵكیدا به‌ده‌نگ و گۆرانی و قسه خۆشه‌كانی زیاتر خۆی ده‌ناسێنێت ، هونه‌رمه‌ند ته‌مه‌نی ده‌گاته ( 37) ساڵ ، له‌لایه‌ن ( ساواك) ه‌وه له‌سه‌رده‌می ڕژێمی (محه‌مه‌د ڕه‌زاشا) دا به‌تۆمه‌تی سیاسی بوون له ساڵی ( 1347 تا 1350 ی هه‌تاوی ) به‌رامبه‌ر ( 1968 تا 1971 ی زاینی ) بۆ ماوه‌ی سێ ساڵ له به‌ندینخانه‌ی ( ده‌ریا) زیندانی ده‌كرێت، ئه‌م ماوه‌یه قۆناغێكی گرنگ ده‌بێت بۆ هونه‌رمه‌ند ، له‌زیندان فێری كه‌مێك نووسین و خوێندنه‌وه ده‌بێت ، هه‌روه‌ها له‌ناخ و هه‌ست و سینه‌یدا هونه‌ره‌كه‌ی زیاتر په‌نگ ده‌خواته‌وه و ده‌كه‌وێته جۆش و خرۆش و له‌زیندان گۆرانی داده‌نێ، یه‌كێك له‌و گۆرانیانه به‌ناوی :
( مه‌هاباد شاری شیرینم
وه‌ته‌نی كورد ، كوردنشینم
شادم ، بهشادیت ده‌بینم) .
دوای ئه‌وه‌ی هونه‌رمه‌ند ڕه‌سوڵی نادری له‌زیندان ئازاد ده‌بێت، له‌وساڵه‌دا له‌شاری مه‌هاباد (1350ی هه‌تاوی ) واته ( 1971ی زاینی ) ناوه‌ندی ڕادیۆ و ته‌له‌فزیۆنی مه‌هاباد داده‌مه‌زرێت، هونه‌رمه‌ند له‌گه‌ڵ تیپه میللییه‌كه‌ی ده‌چێته ڕادیۆو ته‌له‌فزیۆنی مه‌هاباد و گۆرانی ( هه‌ی سێوێ ماڵم سێوێ) تۆمارده‌كات ، له‌ڕێی په‌خشی ڕادیۆو ته‌له‌فزیۆنه‌وه هونه‌رمه‌ند ڕه‌سوڵی نادری له‌ناو خه‌ڵكیدا زیاتر ده‌ناسرێت، پاشان ده‌رفه‌تی بۆ ده‌ڕه‌خسێ و به‌رهه‌می زیاتر تۆمارده‌كات ( هونه‌رمه‌ند له‌گه‌ڵ تیپه هونه‌رییه میللییه‌كه‌ی له‌یه‌ك ڕۆژدا چه‌ند گۆرانیه‌ك بۆ ته‌له‌فزیۆنی مه‌هاباد تۆمارده‌كات ، گۆرانیهكان وه‌ك ( كاروانه ، بارانه ، كالێلێ ، مه‌هاباد، سوره گوڵ ، ده‌ڕژێ ده‌ڕژێ، هه‌ی مهشكێ ، بۆ ده‌تۆرێی، ئۆخه‌ی گه‌رده‌ن هه‌ڵاڵه ....تاد) (4).
ده‌رباره‌ی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی هونه‌رمه‌ند له‌ڕادیۆو ته‌له‌فزیۆنی مه‌هاباد گۆرانی تۆماركردووه ، ڕه‌سوڵی نادری ده‌ڵێت ( له‌زه‌مانی شادا ئه‌من له‌ڕادیۆ مه‌هاباد (40 بۆ 50) ئاهه‌نگم هه‌بووه ئه‌گه‌ر گیرام و كه‌وتمه زیندان بۆماوه‌ی (3) ساڵان له‌زیندانی ده‌ریا ، به ئیتیهامی سیاسی ، له‌زیندان گۆرانی مه‌هاباد شاری شیرینم دانا و دواتر ئه‌و گۆرانیه به‌گۆرانییه‌كی سیاسیی له‌قه‌ڵه‌مدرا ، هه‌موو ئه‌و گۆرانیانه‌ی منیان له‌ڕادیۆ سڕیه‌وه..! دواتر له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه پرسیاریان ئاراسته‌كرابوو و داوایان لێ‌كردبوون بۆ گۆرانییه‌كانی ڕه‌سوڵی نادری له‌ڕادیۆ نه‌ماون و لێنادرێ؟!
له‌ڕادیۆ و ته‌له‌فزیۆنه‌وه له‌به‌ر ڕای خه‌ڵك هاتن بۆ ( كانی سێوێ) به‌دوامدا و منیان برده‌وه بۆ ڕادیۆو ته‌له‌فزیۆن سه‌رتاسه‌ری گۆرانیه‌كانیان بۆ تۆماركردمهوه و نوێیان كرده‌وه ،
دوای ئه‌وه من وه‌ك ڕه‌سوڵی نادری ماوه‌ی (10) ساڵ كارم له‌گه‌ڵ فه‌رهه‌نگ و هونه‌ری مه‌هاباد دا كردووه و له‌هه‌موو شاره‌كانی ئێران به‌رنامه‌و ئاهه‌نگی هونه‌ریم هه‌بووه) (5).
هونه‌رمه‌ند ڕه‌سوڵی نادری جیا له تۆماركردنی ده‌یان كاسێت له ئاهه‌نگ و شایی و زه‌ماوه‌ند و داوه‌ت و هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ گۆرانیبێژانی میللی به‌شێوه‌ی دوو قۆڵی گۆرانی خوێندووه وه‌ك ( سه‌ید عه‌لی سه‌رده‌شتی ، ئیبراهیمی قادری ، ئه‌حمه‌د شه‌نگه، عه‌لی گڵێنانی و قادر مامه‌ند و ،،، تاد ) ،
هونه‌رمه‌ند شاره‌زایه‌كی باش و توانایه‌كی به‌رزی هه‌یه له چڕینی حه‌یران( ئه‌من حه‌یران له‌بابمه‌وه فێربووم ،پوریشم به‌ناوی ( گوڵه حه‌سه‌نی) یه‌كێك بووه له‌ئافره‌ته حهیرانبێژهكان، حه‌یران هه‌ڵقوڵاوی دڵه و هه‌رگیز پیرنابێ ، به‌ڵام من وه‌كو ڕه‌سوڵی نادری سه‌رسامم به میری حه‌یرانبێژان ( ڕه‌سوڵ گه‌ردی، 1922_ 17/10/1994) (6).
ڕه‌سوڵی نادری قسه‌خۆش و شایگێڕ جیا له خوێندنی حه‌یران، شاره‌زایی له خوێندنی (سوارۆ ، گه‌لۆ ، پایزه ) شدا هه‌یه كهبهمیرات لهباییهوه بۆی ماوه‌ته‌وه.
لایه‌نێكی دیكه‌ی هونه‌ری ڕه‌سوڵی نادری جگه له‌وتنی به‌سته‌و به‌یت و به‌ند ، گێڕانه‌وه‌و كۆڕگه‌رم كردنه به قسه‌و نوكته خۆش و ئه‌و به‌سه‌رهاتانه‌یه كه بینیونی و یان بیستوویه‌تی و ئه‌وانه‌ی به‌سه‌ر خۆیدا هاتوون له‌ژیانی ڕۆژانه‌یدا، له‌زمانی جه‌سته‌دا زۆر به‌توانا و متمانه به‌خۆ بووه، به‌شێوه‌یه‌ك ئه‌و به‌سه‌رهات و ڕووداوانه‌ی گێڕاوه‌ته‌وه به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ گۆرانكارییه‌ك وه‌ك بزه‌و خه‌نده له‌سیمایدا به‌دی بكرێت، به‌ڵكو له‌كاتی گێڕانه‌وه‌ی نوكته‌كه دا تۆنی ده‌نگ به‌پێی شوێنی ڕوداوه‌كه ده‌گۆڕێت و نمایشی ده‌كات ، ههرنوكتهیهكی ده‌ست كه‌وتبێت له‌لایه‌ن دۆست و برادهرهكانیهوه وای گێڕاوه‌ته‌وه مۆرك و به‌رامه‌ی ڕه‌سوڵی نادری لێداوه و كردوویه‌تی به‌هی خۆی ، له‌وبواره‌شدا چه‌ندین كاسێتی تۆماركراوی هه‌یه كهلهتۆمارگاكاندا له‌ڕۆژهه‌ڵات و باشووری كوردستان ده‌ست ده‌كه‌ون.
هونه‌رمه‌ند ڕه‌سوڵی نادری و دیداری له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌ك ..!
هونه‌رمه‌ند نایشارێته‌وه و به‌ڕاشكاوی ده‌ڵێت، كاتێك ئه‌من ده‌ستم به‌گۆرانی گوتن كرد، زۆر هونه‌رمه‌ند و گۆرانیبێژی دیكه‌ی به‌ناوبانگ هه‌بوون و له‌ناو خه‌ڵكیدا ناسراوبوون هونه‌رمه‌ندانی وه‌ك ( محه‌مه‌دی ماملێ 1925_23/1/1999) ، (حه‌سه‌ن زیره‌ك1921_26/6/1972) ،( مه‌لاحوسێنی عه‌بدوڵڵا زاده 1923_26/11/1988) ، (ئیبراهیمی قادری1934 )، (سه‌یدعه‌لی سه‌رده‌شتی 1922) ، ( عه‌بدوڵڵا هۆشمه‌ند ناسراو به عه‌به ده‌ڕژێ ، برایم هه‌لامه، محه‌مه‌د حه‌تۆته ).
( ئه‌من له‌گه‌ڵ كاك محه‌مه‌دی ماملێ له زۆر داوه‌تان ده‌توانم بڵێم له‌سه‌د جێ پێكه‌وه بووین ، ئه‌و گۆرانیبێژی مه‌جلیس بوو ، ئه‌من گۆرانیبێژی داوه‌تێ بووم ، له‌گه‌ڵ كاك حه‌سه‌نی ماملێ بۆیه‌كه‌مین جار داوه‌تی ( سواره‌ی كاك سڵێمانی) بووین و دواتر له‌زۆر جێیان له‌گه‌ڵی كه‌وتووم ، ئه‌و لهمهجلیسێ گۆرانی ده‌خوێن ئه‌منیش لهداوهتێ ، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ مه‌لاحوسێنی عه‌بدوڵڵازاده په‌یوه‌ندیمان زۆر خۆش بوو زۆر یه‌كتریمان خۆش ده‌ویست و زۆر لهداوهتان وێك ده‌كه‌وتین،
به‌ڵام له‌گه‌ڵ حه‌سه‌ن زیره‌ك بۆیه‌كه‌مین جار له
( بێكۆسێ) لێیان گێڕامه‌وه له‌ماڵی كاك( محه‌مه‌دی بێكۆسێ ) كاك محهمهدئاغایه، حه‌سه‌ن زیره‌كیش له‌خانه‌ی ڕاهاتبوو، سهیدعهلیی سه‌رده‌شتی له‌گه‌ڵ بوو هاتنه ئه‌وێ ، بۆیه‌كه‌مین جار ئه‌من دیتم حه‌سه‌ن ڕانكوچۆغهیهكی سووری له‌به‌ردابوو ، به‌خێرهاتنیان لێ‌كرد، پێیان ووت ڕه‌سوڵی نادری ده‌ناسیی؟!
حه‌سه‌ن زیره‌ك وتی : ئه‌من نای ناسم به‌ڵام نێویم بیستووه..!
گوتیان ئه‌وه ڕه‌سوڵی نادری یه ، كه‌منیان پێ ناساند حه‌سه‌ن زیره‌ك هه‌ستا و یه‌كتریمان ماچ كرد و ، ئه‌منی له‌په‌نای خۆی دانا و ، گروپێكی مۆسیقی لێ بوو، حه‌سه‌ن زیره‌ك بانگی كردن وتی وه‌رن مۆسیقا لێده‌ن باكاك ڕه‌سوڵ بیڵێ خۆ ئه‌من هیچم لێ نه‌بیستووه!
بۆئهوهلین بار له‌گه‌ڵ حه‌سه‌ن زیره‌ك گۆرانی( كۆڵوانه كۆڵوانه‌ی لێ جوانه) ئه‌و گۆرانیه‌مان پێكه‌وه گووت و ههرئهودهمیش زه‌بتیان ( تۆماركرا) كرد،ته‌نها له‌و داوه‌ته من حه‌سه‌ن زیره‌كم بینی ، به‌داخه‌وه تا بیستم له بۆكانه و نه‌خۆش كه‌وتووه، چووم بۆ دیده‌نی ، كه‌چوومه ژوور بینیم دایكی له‌پشتی سه‌ری دانیشتووه، هه‌مووجه‌سته‌ی حه‌سه‌ن زیره‌ك وه‌ك زه‌ردێنه‌ی هێلكه زه‌رد ببوو! گوتم ده‌مناسی حه‌سه‌ن؟!
وتی من وام لێهاتووه تۆ نه‌ناسمه‌وه ؟!
وتم حه‌سه‌ن ئه‌من ڕه‌سوڵی نادری یم ، ماچی كردم و ده‌ستی به‌گریان كرد ..! به‌داخه‌وه بۆئه‌و هونه‌رمه‌نده گه‌وره‌یه به‌ڕه‌حمه‌ت بێ ) (7).
له‌ماوه‌ی نیوسه‌ده خزمه‌تكردن به‌زیندووكردنه‌وه‌ی گۆرانی فۆلكلۆر و گێڕانی شایی و گۆرانی خوێندن له زه‌ماوه‌ند و داوه‌تی دیوه‌خانان، له‌پشتی ده‌نگ و هونه‌ری ڕه‌سوڵی نادری و هه‌موو هونه‌رمه‌ندانه‌وه، كۆمه‌ڵێك ژه‌نیاری ده‌ست و په‌نجه زێڕین هه‌بووه كه پشتیوان و هاوكاربوون له‌پێدانی جۆش و خرۆش و بزوواندنی هه‌ستی گۆرانیبێژ ، ئه‌وه ئه‌ركه ده‌بێت هه‌میشه به‌ڕێزه‌وه ناوی ئه‌و هونه‌رمه‌نده ژه‌نیارانه بێنین و تا ناویان فه‌رامۆش نه‌كرێت و ڕێز له هونه‌ره‌كه‌یان بگرین، هونه‌رمه‌ند ڕه‌سوڵی نادری به‌ڕاشكاوانه باس و له‌و ڕۆژگارانه ده‌كات له‌نه‌بوونی ژه‌نیار هانایان بۆ شاره‌كانی دیكه بردووه و به‌ڕێزه‌وه ناوی ئه‌و هونه‌رمه‌نده ژه‌نیارانه دێنێ كه ڕۆژێك پێكه‌وه كاری هونه‌رییان ئه‌نجام داوه( ئه‌و سه‌رده‌مه مۆسیقا كه‌م بوو ، ئه‌گه‌ر داوه‌تێك هه‌بوایه ده‌ماننارده ( ڕه‌زایه) به‌دوای هونه‌رمه‌ندان ( له‌تیفی ده‌شتی ، هۆشمه‌ندی ، مه‌مه‌دی تارژه‌ن ، حوسێنی مه‌تنی سارا ) ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌مان دێنا و كاریان له‌گه‌ڵدا ده‌كردین، به‌ڵام ئه‌من نزیك له (50) ساڵ له‌گه‌ڵ( نایه _ باڵه‌بان) ی ( كانه‌بی خزری) گۆرانیم گوتووه و كانهبیم له‌گه‌ڵدابووه،
هونه‌رمه‌ندێكی دیكه ناوی ( عه‌لی) بوو ( عه‌لی یه درێژ) یان پێ ده‌گووت ، (كه‌مانچه) ی ده‌ژه‌نی تورك بوو، زیاتر ئه‌ومان له‌گه‌ڵ بوو ،
سه‌باره‌ت به (زه‌ڕب) كوڕێك به‌ناوی ( تۆفیق ) به‌ڕه‌حمه‌ت بێت ئه‌و زۆر له‌گه‌ڵمدابوو ، پاشان به‌ڕه‌حمه‌ت بێ ( برایم چاوه‌ش) زوڕنای لێده‌دا ، دووكه‌سیی دیكه‌ش هه‌بوون ئه‌وانیش زوڕنایان لێده‌دا ( ئه‌سكه‌ر خه‌ڵكی نه‌غه‌ده‌یه) و ئه‌وی تر ناوی ( موشیر) ه خه‌ڵكی عێراقێ یه) (8).
هونه‌رمه‌ند ڕه‌سوڵی نادری له‌ته‌مه‌نی (26) ساڵیدا له گوندی ( كانی سێ‌و) واته له‌ساڵی (1957) ی زاینی له‌گه‌ڵ خاتوو ( حه‌لیمه میری) ژیانی هاوبه‌شی پێكدێنێ ، به‌روبوومی ئه‌و ژیانه هاوبه‌شه( 3 كچ) به‌ناوه‌كانی ( نه‌سرین و نه‌رمین و جه‌میله) ، ( 4كوڕ) ( ئازاد ، موراد ، به‌ختیار و دڵشاد) .
هونه‌رمه‌ندی قسه‌خۆش و گۆرانیبێژ له‌ساڵی ( 1973) ماڵی گواستۆته‌وه بۆ شاری ( مه‌هاباد) و تادواساتهكانی ژیانی له‌و شاره‌دا ژیاوه.
له‌داوی ڕاپه‌ڕینی گه‌لانی ئێران و ئازادبوونی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان ، هونه‌رمه‌ند ڕه‌سوڵی نادری وه‌ك هونه‌رمه‌ندێكی میللی ناودار و خاوه‌ن هه‌ستێكی نه‌ته‌وه‌یی بۆ گه‌ل و خاكه‌كه‌ی ، ده‌بینێ شار و وڵاته‌كه‌ی ئازاده‌و پێشمه‌رگه وڵات ده‌بات به‌ڕێوه ، له‌وسه‌ر وبه‌نده‌دا هونه‌رمه‌ند ده‌نگی هه‌ڵبڕیوه و ستایشی پێشمه‌رگه ده‌كات و ده‌ڵێت :
( بژی هێزی پێشمه‌رگه ، دوژمن نسیبی مه‌رگه
تێكۆشن به‌دڵ و به‌گیان ، پێشمه‌رگه زۆر به‌جه‌رگه
هه‌ی ئاوه‌دان بێ سابڵاخ ، شارێكی میهره‌بانه
ههرپێشمهرگهیهكی تێدایه ، یه‌ك ئاربیجی له‌شانه )
هونه‌رمه‌ند ڕه‌سوڵی نادری له گۆرانییه‌كی دیكه‌شدا به‌شان و باڵی پێشمه‌رگه‌دا هه‌ڵده‌دا و ده‌ڵێ :
( پێشمه‌رگه‌ی شاری خانێ له‌گه‌ڵ ده‌شتی لاجانێ )
به‌داخه‌وه هێزه‌كانی كۆماری ئیسلامی ئێران به‌زه‌بری هێزو تۆپ و تانك و ته‌یاره ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان داگیر ده‌كه‌ن و ئه‌و خه‌ونه زۆر ناخایانێت و جارێكی دیكه ده‌كه‌ونه‌وه ژێر چه‌پۆك و سته‌می داگیركاری ،
له‌سه‌ر ئه‌و گۆرانیانه كه‌به‌سه‌ر پێشمه‌رگه‌دا گوتوونی هونه‌رمه‌ند ڕه‌سوڵی نادری (3) جاری دیكه ده‌خرێته زیندانه‌وه ماوه‌ی ( جاری یه‌كه‌م 40 شه‌و) ، ( جاری دووه‌م 30 شه‌و ) و ( جاری سێیه‌م 15 شه‌و) ئه‌وه‌ش حاڵ و گوزه‌رانی هونه‌رمه‌ندی كورد ، كه‌واته مامۆستا هێمن ، ڕۆحی شادبێت له‌خۆڕا نه‌یفه‌رمووه ( هونه‌رمه‌ند و ژیانی خۆش مه‌حاڵه؟!) .
دیداری هونه‌رمه‌ند ڕه‌سوڵی نادری و مامۆستا هێمن ..!
له‌نێو كۆڕ‌و به‌زمی یاران و بادهنۆشیندا ، زۆرجار وا ڕه‌خساوه كه ڕۆشنبیر و نووسه‌ر و شاعیر له‌و كۆڕی گۆرانی و به‌زمی خۆشیی و شادی دا بوونیان هه‌بێت و دواتر سه‌رنج و خوێندنه‌وه‌یان بۆ هونه‌رمه‌ندی گۆرانیبێژ بووبێت، هونه‌رمه‌ند ڕه‌سوڵی نادری باس له‌و یه‌كه‌م دیدار و دانیشتنه‌ی خۆیی و مامۆستا هێمن ده‌كات، پێشتر مامۆستا هێمن ڕوانگه‌ی چۆن بووه به‌رامبه‌ری و له‌دوای ئه‌و دیداره‌وه خوێندنه‌وه‌ی به‌جۆرێكی دیكه بووه( مامۆستا (هێمن 1921_16/4/1986) سه‌دجار ڕه‌حمه‌ت لهقهبرهكهی داوه‌تێك بوو كاك مه‌لا ڕه‌سوڵی پێشنماز ،ژنی بۆ پێشمه‌رگه‌یه‌كی ده‌گواسته‌وه، ئه‌من و مامۆستا محه‌مه‌دی ماملێ و مامۆستا عه‌زیز شارۆخی داوه‌ت كردبوو ، بۆ ئه‌وه‌لین جار له‌و داوه‌ته (دكتۆر عه‌بدولڕه‌حمان قاسملۆ 1930_ 13/7/1989 ) م بینی هه‌روه‌ها ئه‌ولین باربوو مامۆستا هێمن ببینم ئه‌و قه‌ت ئه‌منی نه‌دیبوو، منیش قه‌ت ئه‌وم نه‌دیتبوو..!
مامۆستا هێمن هه‌مووانی بینی و گوتی:
(مه‌جلیسێك ،ئاراسته‌یه‌ك، شه‌وقێك زه‌نگێك جهوانییهك
مامۆستا ماملێ یه‌ك ، شارۆخێك ، ڕه‌سوڵی نادرییهك، قه‌تارێك ، پیره هه‌ڵۆیه‌ك گۆرانییه‌ك ) ..!
مه‌به‌ستی ئه‌وه بوو هه‌ریه‌كێك شتێك بڵێ، مامۆستا محه‌مه‌دی ماملێ قه‌تارێكی گووت ، دواتر مامۆستا عه‌زیز شارۆخ پیره هه‌ڵۆی خوێند، ئه‌منیش ئه‌و
( به‌هاره) م گووت :
( ئۆف له‌به‌ر فرمێسكی به‌فرێ ده‌شت و گۆم ڕاوه‌ستاون
ده‌شت و گۆماوی پڕكرد شه‌ت و ڕووبار هه‌ستاون
مامۆستا هێمن ووتی : ڕایگره ، داده‌ی داده‌ی چۆن دووباره‌ی بكه‌ره‌وه، فرمێسكی به‌فرێ ، ئای چه‌نده جوانه ئه‌وه هونه‌ره!
ئه‌منیش سه‌رله‌نوێ دووباره‌م كرده‌وه و وتم :
( ئۆف له‌به‌ر فرمێسكی به‌فرێ ده‌شت و گۆم ڕاوه‌ستاون
ده‌شت و گۆماوی پڕكرد شه‌ت و ڕووبار هه‌ستاون
قاز ، قورینگ و مراوی له‌سه‌ری ڕاوه‌ستاون
سوێسنه ، هه‌ڵاڵه‌و به‌یبوون له‌ده‌وری تێك چڕژاون
هه‌وران دێنێ و ده‌گوڕێ شنه‌ی شه‌ماڵ دێته جۆش
قاز ، قورینگ مراوی سه‌رسامن دێنه خرۆش
قاسپه‌ی كه‌و لهكوێستانان بولبول ده‌بوون دڵخۆش
به‌هار وڵاتی داگرت ده‌شت و كێ‌و بوونه سه‌وزه پۆش )
كه ته‌واو بووم مامۆستا هێمن وتی وه‌ره ماچێكم ده‌یه ،
هه‌تا ئێسته له‌سه‌گ م ناخۆشتر ده‌ویستی ، ئه‌مما ئه‌لعان لهههردوك چاوم خۆشتر ده‌وێی ، وتی ئه‌وه چییه و چۆنه و له‌كوێت هێناون ؟!
پێم بڵێ سه‌وادت هه‌یه ؟
وتم : نه‌وه‌ڵڵا هیچ سهوادێكم نییه ( تووتی یهواری) له‌خه‌ڵكی فێربووم ،
ئه‌وجار پێی گووتم : قسه و نووكته ناحه‌زه‌كانت گوێم لێ ده‌بوو زۆرم ناخۆش ده‌ویستی ، ئه‌مما ئه‌لعان زۆرم خۆش ده‌وێیت و به‌ڕاستی هونه‌رت هه‌یه سه‌د جار ئافه‌رین وه‌ره كنه خۆم دانیشه) (9).
هونه‌رمه‌ند ڕه‌سوڵی نادری هه‌رچه‌نده هونه‌ر و گۆرانییه‌كانی و نه‌قڵ و قسه و نوكته خۆشه‌كانی به‌ته‌واوی ڕۆژهه‌ڵات و باشووری كوردستاندا بڵاوبۆته‌وه، بۆخۆشیی له‌چوارچێوه‌ی شاری مه‌هاباد و ناوچه‌ی موكریان هاتۆته ده‌رێ و به‌شداری له ئاهه‌نگ و بۆنه و یاد كردووه، هه‌رچه‌نده بۆخۆشیی ده‌ڵێت له‌هه‌موو شاره‌كانی ئێران به‌رنامه‌م هه‌بووه، یه‌ك له‌و به‌رنامانه
له زانكۆی ئیسفەهان، له ساڵی (١٣۵٦ هەتاوی بهرامبهر۱۹۷۷ی زایینی) به‌شداریكردووه لەگه‌ڵ هونه‌رمه‌ندان( عه‌زیز شارۆخ 1938) ، مه‌نافی ئێرانپهنا، ئاغای خاڵه‌ندی وهونه‌رمه‌ند و مامۆستا شمشاڵژه‌نین ( قادرعه‌بدوڵڵازاده،ناسراو به‌قاله مه‌ڕه 1925_ 11/5/2009) ، له‌به‌رئه‌وه‌ی زۆر ده‌وڵه‌مه‌ند و خاوه‌نی گه‌نجینه‌یه‌كی له‌بن نه‌هاتوو بووه لهفۆلكلۆردالهههموو كۆڕ‌و كۆبوونه‌و یاد و فیستڤاڵه‌كان له شاره‌كانی ئێران به‌شداری كردووه، هونه‌رمه‌ند له‌سه‌رده‌می مه‌لیكی له‌عێراقدا بۆیه‌كه‌م جار هاتۆته باشوور و له‌شاری ڕانیه ده‌گیرێت و ڕه‌وانه‌ی شاری هه‌ولێر ده‌كرێت له‌به‌ر نه‌بوونی به‌ڵگه‌ی هاتوچۆ ( پاسپۆرت) له‌نێوانی عێراق و ئێران، پاشان ڕه‌وانه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان ده‌كرێته‌وه، له‌دوای ڕاپه‌ڕینی به‌هاری ساڵی (1991) هونه‌رمه‌ند چه‌ندین جار هاتۆته باشوور زیاتر له چه‌ندین جار له كهناڵهئاسمانی و لۆكاڵییه‌كان وه‌ك كه‌ناڵی (زاگرۆس و كوردستان و خاك و كوردسات) به‌رنامه‌و دیداری هونه‌ری بۆئه‌نجامدراوه،
له‌و گه‌شته هونه‌رییانه‌ی بۆ باشووری كوردستان ئه‌نجامی داوه له‌هه‌موو به‌رنامه‌و ئاهه‌نگه‌كان هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند ( هه‌مزه شه‌ریفی _ ژه‌نیاری باڵه‌بان ، ئه‌بوبه‌كری غه‌ریب نه‌وازی _ ژه‌نیاری زه‌ڕب) مۆسیقایان بۆ ژه‌نیوه.
ئه‌گه‌ر هه‌ڵه نه‌بم له‌سه‌ره‌تای ساڵی دووهه‌زاره‌كان له‌وڵاتی ( سوید) ه‌وه بانگهێشتنامه‌ی بۆكراوه به‌مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی ئاهه‌نگ له‌و وڵاته، كاتێك گه‌یشتۆته فڕۆكه‌خانه‌ی ستۆكهۆڵم له‌لایه‌ن ( پۆڵای نانه‌وازاده و هونه‌رمه‌ند ناسری ڕه‌زازی و بنه‌ماڵه‌ی بلووری و ئهمیرییهكانی سابڵاخ) پێشوازی گه‌رمی لێكراوه ، له‌و ماوه‌یه‌ش كه‌له وڵاتی سوید ماوه‌ته‌وه به گۆرانی و قسه‌خۆشه‌كانی ، شادی و خه‌نده‌ی به‌ئاماده‌بووان به‌خشیوه.
به‌داخه‌وه ئه‌م هونه‌رمه‌نده خۆڕسكه شادی به‌خش و شایگێڕ و قسه نه‌سته‌ق و قسه لهمشتهی كورد ، نه‌خۆشیی ته‌نگی پێ هه‌ڵده‌چنێ و نه‌خۆش ده‌كه‌وێت، له‌ته‌مه‌نی (87) ساڵیدا خۆری ته‌مه‌نی ئاواده‌بێت ، له‌ڕێكه‌وتی ( 17/9/2018) ژیانئاوایی له هونه‌ری میللی و خانه‌واده‌و ئازیزانی ده‌كات، به‌مه‌راسیمێكی شایسته له گۆڕستانی ( سه‌ردارانی هونه‌ر) له‌شاری مه‌هاباد ئه‌سپه‌رده‌ی خاكی پیرۆزی كوردستانی ده‌كه‌ن، له‌و ڕۆژه‌وه هونه‌رمه‌ند ڕه‌سوڵی نادری بۆهه‌میشه چاوه‌كانی لێكنا، چیتر دیوه‌خان و كۆڕ‌و كۆبوونه‌وه‌ی ئاغا و ڕه‌عیه‌ت و داوه‌تان ئه‌و زه‌وق و شه‌وقه‌ی جارانی نه‌ماوه، تازه ڕه‌سوڵی نادری نه‌ماوه به‌نه‌قڵ و قسه‌خۆشه‌كانی كۆڕ گه‌رم و به‌جۆش بكات و خه‌نده‌و شادی و به‌خته‌وه‌ری به‌ئاماده‌بووان ببه‌خشێ ، هه‌رچه‌نده به‌قه‌ولی هونه‌رمه‌ند (سه‌واد _ خوێنده‌واری) نه‌بووه ، به‌ڵام ده‌رچووی قوتابخانه ده‌وڵه‌مه‌نده‌كه‌ی فه‌رهه‌نگ و كه‌لتووری نه‌ته‌وه‌كه‌ی بووه، ئای چه‌ند شیرین و به‌نرخه له‌یه‌كێك له‌به‌نده‌كانی گوتویه‌تی :
( پووڵت هه‌بێ هیچ مه‌زانه، هه‌م سه‌واده هه‌م زمانه!) (10).
دروود بۆ گیانی پاكی و سڵاو له‌هونه‌ری به‌رزی ، له‌كۆتاییدا به‌و چوارینه‌یه‌ی ( محه‌مه‌د سه‌عدی نه‌جاڕی ناوسراو به ئاسۆ) ی شاعیر ، كۆتایی بهباتهكه دێنم ، گڵكۆكه‌ی هه‌میشه چراخان و لێوڕێژ بێت له ( به‌هاره‌و سوارۆ و گه‌لۆ و به‌سته‌ی شادی به‌خش) .
(ده‌نگ خۆشی گه‌لۆ و مه‌قام و حه‌یرانان بووی
شاسواری شكاری كه‌ژ و كۆی كوردان بووی
كێ بێ له‌قسه‌ی خۆشی ئه‌تۆ بێ به‌ش بێت؟
تاخوا حه‌ز ئه‌كا له‌به‌ردڵان و جوان بووی ) ( ئاسۆ) .
جه‌مالی ده‌لاك 4/10/2023 هه‌ولێر .
سه‌رچاوه:
(1 و 2 و 3 و 5 و 7 و 8)دیدار له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند ( ڕه‌سوڵی نادری) ، ( ئینستاگرام) ( كاروانی مه‌ڵبه‌ندی هونه‌ری ماملێ) ئه‌دمین ( به‌كری ماملێ) .
(4) كتێبی ژیان و هونه‌ر ، كۆكردنه‌وه و ئاماده‌كردن و ساغكردنه‌وه‌ی ( تاهیر كرمانج) چاپی یه‌كه‌م 2017، لاپه‌ڕه(73) ،تاهیر كرمانج له‌په‌راوێزدا نووسیویه‌تی ( كورته‌ی ئه‌م ژیاننامهیهم له‌شاری مه‌هاباد له(10/10/2013) له‌هونه‌رمه‌ند وه‌رگرتووه.
(6 و 9 )به‌رنامه‌ی ژیله‌مۆ ، پێشكه‌شكردنی هونه‌رمه‌ند( سه‌لاح خزری) ، یوتوبی ( خالیدڕهحمانی ) له ( 21/7/2019).
(10) كتێبی ( خه‌زێنه‌ی هه‌رمان) توێژینه‌وه‌ی گۆرانی فۆلكلۆر، نووسینی ( سه‌لاح نیساری) چاپی دووهه‌م لاپه‌ڕه (63).
* له‌دڵه‌وه سوپاس و پێزانینم بۆ هه‌ریه‌ك له‌به‌ڕێزان :
كاك به‌ختیار كوڕی هونه‌رمه‌ند ڕه‌سوڵی نادری
كاك به‌كری ماملێ ، كوڕی هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌نی ماملێ
هونه‌رمه‌ند كاكه ئیسماعیلی و كاك ڕه‌حیم له‌شاری مه‌هاباد ، هه‌روه‌ها هه‌ردوو به‌ڕێزان ( فه‌رهاد مه‌جید به‌گ و موهیب مه‌هابادی) هاوكارم بوون له نووسینی ئه‌م بابه‌ته ( جه‌مالی ده‌لاك).
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.