Erbil 22°C یەکشەممە 24 تشرینی دووەم 14:54

ئەحمەد جەمیل: بینەر زیاتر حەز بە نمایشێك دەكات كە باری دەروونی ئارام بكاتەوە

کوردستان TV
100%

كاتێ باس لە مێژووی شانۆی كوردی دەكرێت بەتایبەتی لە شاری هەولێر، ناكرێت باس لە هونەرمەند "ئەحمەد جەمیل عەبدولسەمەد" نەكەین ئەو خاوەن مێژوویەكی پڕشنگدارە خاوەنی چەندین نمایشی شانۆ و درامایە، رۆڵێكی گرنگی بیینوە لە پێشڤەچوونی رەوتی شانۆ لە شاری هەولێر بەتایبەتی لە هەشتایەكانی سەدەی رابردوو ئێمە بۆ زیاتر ئاشنا بوو بەو هونەرمەندە لە نزیكەوە وەكو ماڵپەڕی كوردستان تیڤی بەسەرمان كردەوە.
* ئەرشیفی هونەریتان دەوڵەمەندە بە چەندین بەرهەمی بەپێز ئەگەر بكرێت ئاماژەیان پێبدەیت. سەرەتای كاری هونەریم دەگەڕێتەوە بۆ ئەوە كاتەی كە قوتابی بووم لە قوتابخانەی مەولەوی كوڕان لە شاری  هەولێر كاتێ بەشداریم دەكرد لە چالاكی قوتابخانەكانی هەولێر بە سەرپەرشتی مامۆستای هونەرمەند  "تەحسین تەها" وە لە یەكێتی قوتابیانی كوردستان  ..  لەساڵی 1975 لە ئۆردوگای رەبەت لەرۆژهەڵاتی كوردستان  تیپێكی شانۆییمان بە ناوی تیپی ( خەبات) دامەزراند لەگەڵ هونەرمەندان (موئەیەد فقێ  وفەرەیدون ئاریۆخی) چەند شانۆگەرییەكمان پێش كەش كرد.
دوایی بە شداری چەند بەرهەمێكیم لە چالاكی قوتابخانەكانی هەولێرم كرد وەكو:
ئۆپەرێتی "رووباری ژیان" لە نووسین "مدحت بێ خەو"  دەرهێنانی هونەرمەند" تەحسین ها"  ساڵی 1978 ،ئۆپەرێتی "داستانی شۆرش "لە نووسین "مدحت بێ خەو" دەرهێنانی هونەرمەند"تحسین تەها"  ساڵی1979 ، درامای "هونەر و ژیان" لە نووسین "رێواس جاف " دەرهێنانی "عادل عبدوڵڵا"  ساڵی 1977 كە بەرهەمی تیپی كۆمەڵەی هونەرو وێژەی كوردی هەولێر بوو.
هەروەها بەشداریم كرد لە چەند بەرهەمێك لەگەڵ  تیپی شانۆی هەولێر لەوانە:
شانۆگەری" هەبوو  نەبوو" لە نووسینی" قاسم محەمەد"دەرهێنانی  هونەرمەند" سەباح عەبدولڕەحمان" ساڵی 1980 بۆ تەلەفزیۆن تۆمار كرا، شانۆگەری "لاس و خەزال" لە نووسینی "نازم دڵبەند" دەرهینانی  هونەرمەند  "سەباح عەبدولڕەحمان" ساڵی 1983 بۆ تەلەفزۆین تۆمار كرا،درامای " تاپۆ هەقی چی یە" لە نووسینی هونەرمەند"چەتۆ حسن" دەرهێنانی  "زوهیر عەبدولمەسیح" ساڵی 1983 ،شانۆگەری "ئادابا" لە نووسینی "معاز یوسف" لە دەرهێنانی  "هاشم زەینەل" ساڵی 1984.،هەروەها درامای " سورمە خان "لە نووسینی "محەمە یونس "دەرهێنانی "سەفوەت جەراح" ساڵی 1983، درامای "هەورو ساماڵ " لە نووسینی"چەتۆ حسن" دەرهێنانی هونەرمەند" عادل عەبدوڵڵا "ساڵی 1980،شانۆگەری "خاتووكڵاوزەر" لە نووسین" حەمە كریم هەورامی" دەرهێنانی "سەفوەت جەراح" ساڵی 1985 ،شانۆگەری "خانە دان" لە نووسینی مۆلێر دەرهێنانی  هونەرمەند"تەحسین شەعبان" ساڵی 1984،شانۆگەری "مرۆڤ و ئازارەكانی" نووسینی "پیتر ڤایس" دەرهێنانی هونەرمەند" سەباح عەبدولڕەحمان" ساڵی 1983، شانۆگەری "قەڵای دم دم" نووسینی عەرەب شەمۆ دەرهێنانی  هونەرمەند"سەعدون یونس" ساڵی 1984، شانۆ گەری"حەمە دۆك" نووسینی "یەشار كەمال" دەرهێنانی هونەرمەند "تەڵعت سامان" ساڵی 1988،شانۆگەری "گوڵی نەهێنی" لە نووسین و دەرهێنانی "لەتیف نوعمان" ساڵی 1986 درامای"ئاسكە" نووسینی "حەیدر عەبدولڕەحمان" دەرهێنانی "سەعدون یونس" ساڵی 1978،شانۆگەری "مەرزی و كاكە مین" لە نووسینی "چەتۆ حەسن " دەرهێنانی "سەعدون یونس" ،شانۆگەری "قاسپەی كەو" نووسینی "سەمیر عەبدولستار"دەرهێنانی "سەعدون یونس" ساڵی 1978،تەمسیلی"گەرەكەمان"نووسینی "چەتۆ حەسن" لەدەرهێنانی  هونەرمەند"سەعدون یونس"،درامای" كۆلار" نووسینی "حەیدەر عەبدولڕەحمان" دەرهێنانی "سەعدون یونس"، شانۆگەری "مردووی سەر شۆستەكە"دەرهێنانی هونەرمەند "فەرهاد شەریف"،شانۆ گەری" نالی خەونێكی ئەرخەوانی" نووسینی هونەرمەند "ئەحمەد سالار" دەرهێنانی "حەمە عەلی خان"،شانۆ گەری" تاشە بەردوو چاڵ " نووسین و دەرهێنانی "سەباح عەبدولڕەحمان"، شانۆگەری "شاهەر شایە" نووسینی "سەعدوڵڵا یونس" دەرهێنانی "سەباح عەبدولڕرحمان".
هەروەها لەگەڵ هونەرمەند بەكر مەعروف  تیپی شانۆی پێشڕەوی كرێكارامان دامەزراند و چەندین شانۆگەریمان پێشكەش كرد لەوانە شانۆ گەری "خەبات" ،شانۆگەری "كێ بەرپرسیارە" شانۆگەری " بەندی ژمارە 47"،هەرلەمیانی كارەكانم چەندین بەرهەمی رادیۆییمان بۆ رادیۆی بەغدا تۆمار كرد.
*جگە لەكاری شانۆ لە دراما-ش دا كارت كردووە، چ جیاوازییەك هەیە لە رووی نواندنەوە؟
- بەرای من جیاوازیكی زۆر هەیە لە نێوانیاندا هەیە،لە شانۆ دا هونەرمەند دەبێت خۆی زۆر باش ئامادە بكات  بۆ ئەزبەركردنی دیالۆگەكان وە كاتێكی زۆریش پرۆڤەدەكات چونكە لە كاتی نمایش راستەوخۆ رووبەرووی بینەران دەبێتەوە،  بۆیە دەبێت بە وردی مامەڵە لەگەڵ هەموو شتێك بكات، دەبێت باش كۆنتروڵی خۆی بكات ،بەبۆچوونی من هونەرمەند زیاتر چێژ لە شانۆ دەبینێت، بەڵام لە دراما وا نییە ئەكتەر رووبەروو كامێرا دەبێتەوە  بە ئارەزووی دەرهێنەر كامە گرتەیان بەدڵ بوو ئەو هەڵدەبژێرێت لە هەمەكان كاتدا كاتی ئەكتەر لەكاتی وێنەگرتن، هەڵە دەكات دەتوانێت چەندین جار دووبارە  بكاتەوە، كە لە نواندنی سەرتەختەی شانۆدا ئەم حاڵەتە بوونی نییە .
*بەو پێیەی ساڵانێكە لە هاندەران دەژیت ، شانۆی كوردی لەدەرەوە چۆن دەبینی؟
زۆر بە داخەوە شانۆی كوردی لەهاندەران زۆر زۆر كزە وەك پێویست نییە، لەوانەیە دوو ساڵ جارێك شانۆگەریك نمایش بكرێت،كاتێ شانۆگەرییەك لە وڵاتێك نمایش دەكرێت،لە هەموو ووڵاتێك نمایش ناكرێت،هۆكاریش زۆرن وەكو نەبوونی كات لەلای هونەرمەندەكان، چونكە زۆربەی هونەرمەندان بۆ بژیوی ژیانی خێزانەكانیان كاردەكەن،هیچ لایەنێك هاوكاری ماددیان ناكات زۆرجاریش لەكوردستان هەندێ تیپی هونەری  بۆنمایشكردنی بەرهەمەكانیان دێنە ئێرە، ئەوانیش كێشە و گرفتی خۆیان هەیە.،بێگۆمان كێشە زۆر ئەگەر باسیان بكەین.
*ئاستی شانۆی كوردی  بەگشتی لە ئێستادا چۆن دەبینی؟
- بە داخەوە شانۆی كوردی زۆر لەكزی دایە،بە تایبەتی لە شاری هەولێر ئەگەر لە ساڵێك نمایشێكی  شانۆ بكرێت ،هۆكاریش زۆرن لەوانە كەمی هاوكاری دارایی تەرخان كراو بۆ شانۆ ، دەستنیشان كردنی  دەقی خراپ،  نەبوونی هۆڵی نمایشی شانۆیی ،ئەوانە هەموویان هۆكارن بۆ دابەزینی ئاستی شانۆی كوردی ، بۆیە دەبێت بەرپرسان چارەسەرێك بۆ ئەو قەیرانە بدۆزنەوە، هەروەها دوور كەوتنەوەی شانۆكارانی بە ئەزموونیش، ئەوانە پێمان دەڵێن كەوا شانۆی كوردی لە قەیرانێكی گەورە دایە كەجێگای داخە بەڵام لە شاری سلێمانی جووڵەی شانۆیی بەردەوامی هەیە، هیوادارم ئەو جووڵەیەش لە هەموو شارەكانی كوردستان بوونی هەبێت، هاوكات داوا لە شانۆكاران دەكەم با هەموویان یەك دەست بن یەكگرتووبن لە پێناو شانۆی كوردی..
* بینەر چێژ لەچ جۆرەنمایشێكی شانۆیی دەبینێت (بەزمەسات یان مەرگەسات)؟
-بە بۆچوونی خۆم لەم كاتە دا بینەری شانۆ لە كوردستان تارادەیەك بێزارە،بە باردۆخی ژیانی سەخەت گوزەر دەكات ، ناسۆرییەكانی زۆرە بۆیە حەز بەنمایشێك دەكات كە كەمێك لەو ناخۆشییانەی كەم بكاتەوە ،لەبەر ئەوە هەست دەكەین بینەر زیاتر حەز بەنمایشێك دەكات كە كە باری دەروونی ئارام بكاتەوەو زیاتر حەز لە نمایشی بەزمەسات دەكات، بەمەرجێ پەیامێكی شانۆیی مرۆڤایەتی هەبێت نەك تەنیا ئامانج لێی تەنیا پێكەنین بێت.
*رۆڵی و گرنگی تەكنیك بە تایبەتی رووناكی لە شانۆدا تا چەند لە خزمەت نمایش شانۆ دایە؟
- رووناكی رۆڵیكی گرنیكی هەیە لە شانۆدا،چارەسەری زۆر شت دەكات ،هەندێك لە نمایشە شانۆییەكان  بەبێ رووناكی پەیامی خۆی وون دەكات،چونكە لە رێگەی رووناكی ،دەست نیشان كردنی هەموو كاتەكانی شانۆ دەكرێت ، بۆیە چەندە دەقی شانۆ گرنگە، ئەوەندەش تەكنیكی رووناكی گرنگە بۆ شانۆ ،بەڵام بە داخەوە شانۆی كوردیمان لەم بوارەدا زۆر هەژارە ،بەجۆرێك  تائێستا نەمان توانیوە هونەرمەندی پسپۆری رووناكی ئامادە بكەین، بە تایبەتی لە كۆلێژ و پەیمانگاكان زۆر گرنگی بەم بوارە نادەن بۆ ئەوەی كادیری لێهاتووی رووناكی دروست بكەین، ئێستا لە وڵاتی ئالمَانیا هیچ كەس ناتوانێ لەم بوارە كار بكات، ئەگەر هاتوو بڕوانامەی پسپۆری رووناكی نەبێت، چەندین پەیمانگا و كۆلێژی هونەری  تایبەت بەم بوارە هەن ،بەو هیوایەی لە كوردستان-یش گرنگی بەو بوارە بدرێت.
*هیچ پڕۆژەیەكت بۆ داهاتوو هەیە؟
- هیوادارم كاتێ گەڕامەوە بۆ كوردستان سوود لە تواناكانم وەربگیرێت ،چونكە من ماوەی (25) ساڵە لە شانۆی نورنبێرگ لە بەشی تەكنیكی رووناكی كارە دەكەم و ئەزموونێكی باشم لەو بوارەدا هەیە.

هەڤپەیڤین- كامەران حاجی ئەلیاس
 

کولتوور و هونه‌ر شانۆ هه‌مه‌ره‌نگ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.