Erbil 6°C سێشەممە 24 کانونی یەکەم 06:30

سەرۆک بارزانی: كەركووک بۆ هەموو تاكێكی كورد ڕەمزێكی گەورەیە

کوردستان TV
100%

سەرۆک بارزانی لە میانی پێشوازیکردنی لە خانەوادە و كەسوكاری شەهیدان و بریندارانی ڕووداوەكانی ئەم دواییەی كەركووک دووپاتی كردەوە كە كەركووک دەبێت بۆ هەمووان بێت و ببێتە نموونەی پێكەوەژیان و برایەتی و تەبایی.

سەرۆک مەسعود بارزانی ئەمڕۆ دووشەممە 18ـی 09ـی 2023 لە سەڵاحەدین پێشوازی لە خانەوادە و كەسوكاری شەهیدان و بریندارانی ڕووداوەكانی ئەم دواییەی كەركووک كرد.

لە دیدارەكەدا سەرۆک بارزانی پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەمیی خۆی ئاراستەی خانەوادەی شەهیدان و برینداران كرد و جەختی كردەوە كە خوێنی ئەو ئازیزانە بەفیڕۆ ناچێت و پێویستە تاوانباران سزای یاسایی خۆیان وەربگرن. سەرۆک بارزانی ئاماژەشی بەوە دا خوێنی ئەو شەهیدانە و دەنگی ناڕەزاییتان پەیامێكی ڕوون بوو بۆ هەموو لایەک كە كورد گەلێكی زیندوو و هوشیارە و پێویستە سنوورێک بۆ ئەو زوڵم و ناهەقیە دابنرێت كە لەدژی هاووڵاتیانی كورد لە كەركووک دەكرێت. ئەوەشی بە ئامادەبووان ڕاگەیاند بەردەوامبوونی ئەو دۆخە ناسرووشتییەی لە كەركووک هەیە مانای ئەوە نییە كە دەستبەرداری ناسنامەی كەركووک دەبین، چونكە كەركووک بۆ هەموو تاكێكی كورد ڕەمزێكی گەورەیە. سەرۆک بارزانی دووپاتیشی كردەوە كە كەركووک دەبێت بۆ هەمووان بێت و ببێتە نموونەی پێكەوەژیان و برایەتی و تەبایی و ئەو گرفتانەی كە ئێستا لە ئارادان بە خۆسەپاندن و توندوتیژی چارەسەر ناكرێت، بەڵكوو دەبێت بۆ چارەسەری كێشەكان زمانی عەقڵ و مەنتق بەكار بهێنرێت.

لە بەشێكی دیکەی گوتەكەیدا سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوە دا كە بە قووڵی لە ئێش و ئازارەكانی هاووڵاتییانی كورد لە كەركووک تێدەگات و داواشی كرد كە بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بە سەركەوتنی ئەو هەوڵە نامەسئولانە نەدرێت كە نیەتی ئەوەیان هەیە ناكۆكییە سیاسییەكانی لایەنەكان بكەنە ناكۆكیی و ململانێیی نەتەوەیی نێوان پێكهاتەكانی كەركووک.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.