Erbil 17°C دووشەممە 25 تشرینی دووەم 03:41

هونه‌رمه‌ند سه‌لاح خدر بڵباس.. گۆرانی ساڵه‌های ساڵه‌ بوو به‌ ناسنامه‌ی هونه‌ریی ...!

کوردستان TV
100%

هه‌ندێك گۆرانی هه‌یه‌ ، له‌به‌رئه‌وه‌ی هۆنراوه‌كه‌ و میلۆدییه‌كه‌ی زۆر ناسك و ساده‌ و چێژ به‌خشن‌‌ ،به‌زوویی ده‌كه‌وێته‌ سه‌رزاری گوێگران، ئه‌گه‌ر ده‌نگ و گه‌رووی ده‌نگبێژه‌كه‌ش خۆش بێت ، ئه‌وه‌ هێنده‌ی تر له‌لای بیسه‌ران جێگه‌ ده‌گرێت و له‌یاده‌وه‌ریی هه‌وادارانی هونه‌ری مۆسیقا كوردی دا ده‌مێنێته‌وه‌، له‌ ساڵانی حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی پێشوو به‌دواوه‌ ، زۆر له‌هونه‌رمه‌ندان به‌هاوكاری تیپه‌ مۆسیقییه‌كانی كوردستان به‌رهه‌می هونه‌رییان له‌ته‌له‌فزیۆنی به‌غدا و كه‌ركوك تۆمارده‌كرد، هۆنراوه‌و ئاوازه‌كه‌ به‌چه‌ندین فلته‌ردا تێده‌په‌ڕی ئه‌وجا ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ر تۆماركردنی ده‌درا، زۆر جار له‌به‌ر بارودۆخی سیاسی و پاراستنی گیانی  شاعیر و ئاوازدانه‌ر ، ناوی خاوه‌نی هۆنراوه‌ یان ئاوازدارنه‌ر نه‌ده‌نووسرا به‌ڵكو به‌فۆلكلۆر  ناوده‌برا؟!‌، ئێستاش كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ به‌هه‌وڵ و تێكۆشانی خه‌مخۆران و دڵسۆزانی هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی ، بگه‌ڕێین به‌داوی ئه‌و زانیارییه‌ شاراوانه‌ و ده‌رخستنی ڕاستییه‌كان ، له‌ناوی هونه‌رمه‌ند ، شاعیر و ئاوازدانه‌ر ، بۆئه‌وه‌ی چیتر ناویان فه‌رامۆش نه‌كرێت و ناویان بهێندرێت و له‌لای نه‌وه‌ی نوێ و هه‌وادارانی هونه‌ری كوردی ڕۆشن بێت و مافیان نه‌فه‌وتێت.

له‌ناوه‌ڕاستی ساڵی هه‌شتاكان له‌ڕێی شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركووكه‌وه‌ ، ده‌نگێكی به‌سۆز  و ناسك گۆرانییه‌كی ده‌خوێند به‌ناوی ( ساڵه‌های ساڵه‌) ده‌نگ و تێكست و میلۆدییه‌كه‌  ئه‌وه‌نده‌ خۆش و ئارام به‌خش  بوو، زۆر به‌هێدی و هێمنی خۆی ده‌هاژنییه‌ گوێی بینه‌ران و بیسه‌رانه‌وه‌، ئه‌وكاته‌ ته‌نها ناوی گۆرانیبێژه‌كه‌ ( سه‌لاح خدربڵباس) له‌تایتڵ به‌دی ده‌كرا،

دوای ئه‌وه‌ی به‌هۆی كاری فه‌رمانبه‌رێتی یه‌وه‌ ڕاژه‌كه‌م گواسترایه‌وه‌ شاری هه‌ولێر، خولیاو ئاره‌زووم بوو بگه‌ڕێم به‌دوای هه‌ندێك له‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی ڕۆژانێك به‌و په‌ڕی دڵسۆزییه‌وه‌ خزمه‌تیان به‌هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی كوردی كردووه‌ ، ئه‌گه‌ر به‌یه‌ك به‌رهه‌میش بووبێت، به‌ڵام ئه‌و به‌رهه‌مه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر هه‌ست و سۆزی گوێگر دانابێت، یه‌كێك له‌و هونه‌رمه‌نده‌ ده‌نگخۆش و ده‌نگ ناسكانه‌ی‌ له‌ ناوه‌ڕاستی هه‌شتاكان خزمه‌تی كردووه‌، هه‌موو به‌رهه‌مه‌كانی ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌ نه‌بم (3) گۆرانییه‌، ئه‌ویش هونه‌رمه‌ند( سه‌لاح خدر بڵباس) ه‌ ، بۆ به‌ده‌ستهێنانی زانیاری له‌سه‌ر ژیانی هونه‌ریی و كۆمه‌ڵایه‌تی، هانام برد بۆ هونه‌ردۆست و نووسه‌ر ( تاهیر كرمانج)  و داوام لێكرد هاوكارم بێت له‌نزیكه‌وه‌ به‌خزمه‌تی بگه‌م ،

تاهیر كرمانجی دڵسۆز و خه‌مخۆری هونه‌رمه‌ندان پێی ڕاگه‌یاندم به‌داخه‌وه‌ ( سه‌لاح خدر بڵباس) ماوه‌ی چه‌ندساڵێكه‌ ژیانئاوایی كردووه‌..؟!

دوای سۆراخ و گه‌ڕان و پرسینم ده‌رباره‌ی هونه‌رمه‌ند( سه‌لاح خدر بڵباس)  گۆرانی ( ساڵه‌های ساڵه‌) ببووه‌ وێردی سه‌رزارم و به‌ده‌م ڕێ و  له‌كاتی كاركردنمدا  ئه‌و گۆرانییه‌م ده‌گووته‌وه‌، ئه‌وه‌ش بووه‌ پرسیار بۆم ، ده‌بێت ئه‌و هۆنراوه‌و ئاوازه‌ جوانه‌ ده‌بێت هی كێ بێت؟!

به‌رگوێم كه‌وت خاوه‌نی ئه‌و هۆنراوه‌و میلۆدییه‌ خۆشه‌ ، هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیارو ئاوازدانه‌ری نه‌ته‌وه‌كه‌مان ( ڕزگار خۆشناو) خاوه‌نیه‌تی ، له‌ڕێی په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی یه‌وه‌ ، هونه‌رمه‌ند ( ڕزگار خۆشناو، پێی ڕاگه‌یاندم به‌ڵێ گۆرانی ساڵه‌های ساڵه‌ ، هۆنراوه‌و ئاوازه‌ هی منه‌).

(ساڵەهاى ساڵە کە من ئەشقى تۆم

بەهار ئەژمێرم چاوەڕوانى تۆم ) .

ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ هه‌رچه‌نده‌ به‌رهه‌مه‌ هونه‌رییه‌كانی كه‌من و ناگاته‌ ئه‌ژماری په‌نجه‌كانی ده‌ستی مرۆڤ، به‌ڵام ده‌هێنێ ئاوڕێك له‌ ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌و هه‌ست و سۆزه‌ی بكرێته‌وه‌ كه‌ به‌په‌رۆشییه‌وه‌ هه‌نگاوی بۆ دنیا جوانه‌كه‌ی هونه‌ر هه‌ڵگرتووه‌.

ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ زاده‌ی شاری قه‌ڵاو مناره‌یه‌، ئه‌و شاره‌ی زێدی چه‌ندین هونه‌رمه‌ندی مه‌قامبێژ و به‌سته‌ و قۆریات بێژ و ئه‌گله‌نجه‌یه‌ ،

سه‌لاح خدر بڵباس ، ناوی ته‌واوی  ( سه‌لاح خدر ئیسماعیل حه‌سه‌ن) ه‌ ، ساڵی (1954) له‌گه‌ڕه‌كه‌ دێرینه‌كه‌ی ( خانه‌قا) ی شاری هه‌ولێر چاوی به‌ژیان هه‌ڵهێناوه‌،له‌ته‌مه‌نی حه‌وت ساڵیدا خراوه‌ته‌ به‌رخوێندن له‌قوتابخانه‌ی ( خالیدیه‌)ی سه‌ره‌تایی، تاپۆلی چواره‌می سه‌ره‌تایی له‌ خالیدیه‌ له‌خوێندن به‌رده‌وام بووه‌، دواتر چۆته‌ قوتابخانه‌ی (سۆران) و بڕوانامه‌ی شه‌شه‌می سه‌ره‌تایی به‌ده‌ستهێناوه‌.

له‌قوتابخانه‌ منداڵێكی چالاك و خاوه‌نی ده‌نگێكی خۆشبووه‌، یه‌كێك بووه‌ له‌ قوتابییه‌ ده‌نگخۆشه‌كان به‌شداری چالاكییه‌ هونه‌رییه‌كانی قوتابخانه‌كه‌ی كردووه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ به‌هۆی  سه‌ختی ژیان و كه‌مده‌رامه‌تی خانه‌واده‌كه‌ی نه‌یتوانیوه‌ درێژه‌ به‌خوێندن بدات.

له‌ته‌مه‌نی مێردمنداڵیدا له‌ناوه‌ڕاستی شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی پێشوو، وه‌ك كه‌سێكی خاوه‌ن هه‌ڵوێست به‌رامبه‌ر به‌ شۆڕشی گه‌له‌كه‌ی، ده‌بێت  به‌پێشمه‌رگه‌ له‌شۆڕشی ئه‌یلول، به‌رده‌وام ده‌بێت له‌خه‌باتكردن تا به‌یانی (11ی ئاداری ساڵی 1970) ،

سه‌لاح خدر بڵباس سوود له‌و كه‌شه‌ ئارامه‌ی دوای به‌یاننامه‌ی  11ی ئاداوه‌رده‌گرێت ، له‌و ساڵه‌دا واته‌ (1970) وه‌ك ( پارێزه‌ری سنوور _ حرس حدود) دادمه‌زرێت تا به‌هاری ساڵی (1974)  و دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌ به‌پێشمه‌رگه‌ و ده‌چێته‌وه‌ شاخ و خه‌بات درێژه‌ پێده‌دا.

له‌نسكۆی به‌هاری (1975) هونه‌رمه‌ند وه‌ك هه‌زاران له‌ هاوسه‌نگه‌رانی وه‌ك  كه‌سێكی ئاواره‌ ڕووده‌كاته‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، ماوه‌یه‌ك له‌شاری ( مه‌هاباد) ده‌مێنێته‌وه‌، له‌و ماوه‌دا به‌ده‌رفه‌تی ده‌زانێ و ده‌چێته‌ دیده‌نی هونه‌رمه‌ندان ( محه‌مه‌دی ماملێ 1925_ 23/1/1999 مه‌هاباد )  و ( عه‌زیز شارۆخ ، 1938 مه‌هاباد) .

 سه‌لاح خدر بڵباس له‌هه‌مان ساڵدا (1975) ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ باشووری كوردستان و له‌زێده‌كه‌ی شاری هه‌ولێر نیشته‌جێ ده‌بێته‌وه‌،

هونه‌رمه‌ند سه‌لاح خدر بڵباس حه‌زو ئاره‌زووی بۆ چڕینی گۆرانی ده‌بێت  و به‌دوای گرووپ و تیپێكی مۆسیقادا ده‌گه‌ڕێت  وه‌ك ده‌نگخۆشێك له‌گه‌ڵیان كاری هونه‌ریی ئه‌نجام بدات، له‌ساڵی (1975) په‌یوه‌ندی ده‌كات به‌تیپی مۆسیقای ( زیره‌ك) ، تیپی ناوبراو سه‌ربه‌ (مه‌ڵبه‌ندی لاوانی هه‌ولێر _ مركز الشباب اربیل) بووه‌، وه‌ك گۆرانیبێژێك به‌شداری چالاكییه‌ هونه‌رییه‌كانی تیپی مۆسیقای زیره‌ك ده‌كات.

له‌ساڵی (1977) له‌ مه‌ڵبه‌ندی لاوانی هه‌ولێر ، سه‌لاح خدر وه‌ك ( شۆفێر) داده‌مه‌زرێت، به‌ڵام له‌هونه‌ر دانابڕێت ، له‌ساڵی (1978) تیپی مۆسیقای (شیلان) له‌شاری هه‌ولێر داده‌مه‌زرێت ، هونه‌رمه‌ند په‌یوه‌ندی به‌تیپی مۆسیقای شیلان ده‌كات و تا ساڵی (1980) له‌گه‌ڵیان به‌رده‌وام ده‌بێـت.

هونه‌رمه‌ند له‌ساڵی (1982) په‌یوه‌ندی ده‌كات به‌تیپی مۆسیقای( كاروان) ،ئه‌م تیپه‌ مۆسیقیه‌ به‌سه‌رپه‌رشتی هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند( شێرزاد عوزێری و نه‌جمه‌دین بابه‌كر) داده‌مه‌زرێت.

 دیاره‌ پێشتر هونه‌رمه‌ند سه‌لاح خدر بڵباس، كارو چالاكییه‌ هونه‌رییه‌كانی له‌گه‌ڵ  هه‌ردووتیپی مۆسیقای ( زیره‌ك و شیلان ) به‌شداریكردن بووه‌ له‌ ئاهه‌نگ و یاد و بۆنه‌كان، به‌ڵام هونه‌رمه‌ند به‌هاوكاری هونه‌رمه‌ندانی تیپی مۆسیقای ( كاروان)  و به‌پشتیوانی هونه‌رمه‌ندی كۆچكردوو( شێرزاد عوزێری) كاره‌ هونه‌رییه‌كانی ده‌گوازێته‌وه‌ بۆ ته‌له‌فزیۆن و له‌ڕێی ته‌له‌فزیۆنه‌وه‌  ده‌نگ و ڕه‌نگی خۆی ده‌ناسێنێ، له‌ساڵی (1984) هونه‌رمه‌ند دوو گۆرانی له‌ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركوك له‌گه‌ڵ تیپی مۆسیقای كاروان تۆمارده‌كات،

یه‌كه‌م به‌رهه‌می هونه‌رمه‌ند سه‌لاح خدر بڵباس، گۆرانی (ساڵه‌های ساڵه‌ ) له‌ هۆنراوه‌و ئاوازی هونه‌رمه‌ند( ڕزگار خۆشناو ، 1952 شه‌قڵاوه‌) ، به‌و گۆرانییه‌ هونه‌رمه‌ند خۆی ناساند، گۆرانی دووه‌م به‌ناوی ( یاره‌كه‌م چاوی شینه‌ ، له‌هۆنراوه‌و ئاوازی هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیار و گۆرانیبێژ ( قادری سه‌یاحی، 1943_17/4/2022) ، دوای بڵاو بوونه‌وه‌ی ئه‌و دوو گۆرانیه‌و ناوبانگی ده‌ركرد و له‌ناو جه‌ماوه‌ردا ناسرا، هونه‌رمه‌ند دوو گۆرانی دیكه‌ش تۆمارده‌كات، له‌هۆنراوه‌و ئاوازی هونه‌رمه‌ند ( قادری سه‌یاحی) به‌ناوه‌كانی ( هه‌رئه‌منم ئه‌و كه‌سه‌ی ) ، ( له‌گه‌ڵ تۆمه‌ ئه‌ی حه‌بیبم) .

به‌ڵام  به‌ڕێز ( هاشم جه‌باری) له‌كتێبه‌كه‌یدا ئاماژه‌ به‌(3) گۆرانی بۆ هونه‌رمه‌ند  له‌ته‌له‌فزیۆن تۆماركراوه‌ (1). 

هونه‌رمه‌ند سه‌لاح خدر بڵباس، له‌ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ كه‌سێكی هێمن و قسه‌خۆش و خۆش مه‌شره‌ب و خۆشه‌ویستی نێو هاوڕێیانی بووه‌ له‌ نێو هونه‌رمه‌ندان و شوێنی كاره‌كه‌ی.

به‌مه‌به‌ستی زانیاری زیاتر له‌سه‌ر هونه‌رمه‌ند له‌ڕێی ماسنجه‌ره‌وه‌ په‌یوه‌ندیم كرد به‌ هونه‌رمه‌ند و مامۆستا ( نۆڤه‌ر) له‌ڕێی نامه‌یه‌كه‌وه‌ پێی ڕاگه‌یاندم  ( به‌نده‌ له‌ساڵی (1981) هونه‌رمه‌ند سه‌لاح خدرم ناسی ، من ئه‌و كاته‌ئه‌ندامی تیپی مۆسیقای ئه‌ژینی ڕۆژئاوایی بووم، كاك سه‌لاح ئه‌وكاته‌ شۆفێر بوو له‌ ئه‌مانه‌ی عامه‌ی ڕۆشنبیری، كه‌سێكی زۆر هونه‌ردۆست و كۆمیدی و خۆش مه‌شره‌ب و خۆشه‌ویستی هه‌مووان بوو، له‌ساڵی (1984) زۆر له‌ هونه‌رمه‌ندان وه‌ك ( نه‌جمه‌دین ئاواره‌، جه‌رجیس مه‌لازاده‌، خدر خۆشناو، ڕه‌مه‌زان حسێن ، ته‌حسین قادر ، هاوتا ئه‌سعه‌د ، دلێر سوبغچی ، فوئادئه‌حمه‌د، شه‌وكه‌ت تۆفیق ، په‌روین شازاده‌و سه‌لاح خدر بڵباس و كامه‌ران ساڵه‌ح) هه‌رهه‌موویان له‌تیپی مۆسیقای كاروان بوون ، ئه‌وكاته‌ كاك سه‌لاح گۆرانی ساڵه‌های ساڵه‌ی به‌سه‌رپه‌رشتی مامۆستای خوالێخۆشبوو ( شێرزاد عوزێری و براكانی ) ئه‌و گۆرانییه‌ی تۆماركرد و به‌و گۆرانییه‌ به‌ناوبانگ بوو) (2).

هه‌روه‌ها هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیار ( نه‌جات جه‌وهه‌ر) ده‌رباره‌ی هونه‌رمه‌ند نووسیویه‌تی ( من سه‌لاح م باش ده‌ناسیی ، چونكه‌ كاتێ ئێمه‌ له‌خولی مۆسیقای بنكه‌ی لاوانی هه‌ولێر بووین، ئه‌ویش شۆفێری پیكاب بوو له‌وێ ، تیپی مۆسیقای كاروان به‌سه‌رپه‌رشتی مامۆستای ڕه‌حمه‌تی ( شێرزادعوزێری) به‌ڕێوه‌ی ده‌برد و هه‌رئه‌ویش گۆرانییه‌كانی بۆ كاك سه‌لاح تۆماركرد، جیاله‌وگۆرانییه‌ من گۆرانی تریشم به‌ده‌نگی كاك سه‌لاح گوێ لێ بووه‌) (3).

 جێی سه‌رنج و پرسیاره‌ هونه‌رمه‌ند سه‌لاح خدر بڵباس، له‌ساڵی (1984) ئه‌و گۆرانیانه‌ له‌ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركوك تۆمارده‌كات و پێی ده‌ناسرێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌هیچ شوێن و سه‌رچاوه‌یه‌ك ئاماژه‌ به‌وه‌ نادرێت  كه‌ هونه‌رمه‌ند به‌رده‌وامی دابێت به‌هونه‌ره‌كه‌ی، ئایا به‌هۆی سه‌رقاڵی كارو پیشه‌یه‌كه‌وه‌ بووه‌ ، یان چیتر ده‌ستگیرۆیی و پشتیوانی له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ندانی ژه‌نیار و ئاوازدانه‌ره‌وه‌ لێنه‌كراوه‌؟!

هونه‌رمه‌ند له‌ڕێكه‌وتی ( 9/5/1995) له‌ شاری دهۆكه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ به‌ره‌و هه‌ولێر ، به‌داخه‌وه‌ له‌ڕێگای گه‌ڕانه‌وه‌ی  له‌نێوان دهۆك  و ئه‌تروش ، ئۆتۆمبێله‌كه‌ی وه‌رده‌گه‌ڕێت و  گیان ده‌سپێرێت و بۆهه‌میشه‌ ماڵئاوایی له‌ ژیان و خانه‌واده‌و ئازیزانی ده‌كات.

دروود و سڵاو بۆ گیانی پاكی هونه‌رمه‌ند سه‌لاح خدربڵباس و یادی به‌خێر و ڕۆحی شادبێت.

سڵاو و ڕێز بۆ هه‌ستی جوان و خامه‌ی شیرینی هونه‌رمه‌ند ( ڕزگار خۆشناو)  سه‌باره‌ت به‌نووسینی ئه‌و هۆنراوه‌ ناسكه‌،

هۆنراوه‌ی  گۆرانی ساڵه‌های ساڵه‌ ، پێشكه‌شه‌ به‌ خوێنه‌رانی ئازیز و گیانی پاكی هونه‌رمه‌ندی كۆچكردوو ( سه‌لاح خدر بڵباس) .

ساڵەهاى ساڵە  کە من ئەشقى تۆم

بەهار ئەژمێرم چاوەڕوانى تۆم

پەیمانت دابوو  کەهەر بێیتەوە

زۆرت پێ نەچێ بگەڕێیتەوە

کەچى نەهاتى  نەت نارد هەواڵێ

بێ باک  لەو کەسەى کەبۆت ئەناڵێ

ئەزانى کەمن تۆم لەیاد ناچێ

توخوا لێم مەگرن مەستم گشت کاتێ

وێڵ و ئاوارەم گشت دەم و ساتێ

ئەشقى شۆخێکم  چەندەها ساڵە

بێ ئەو ژیانم  تاریک و تاڵە

لەتاوى عەشقت  بووم بە دێوانە

بێ تۆ شارى دڵ چۆڵ و بیابانە

تۆبڵێی  هیوا و  ئاواتم بێتەدى

تەمەن تەواو بوو هیچ خۆشیم نەدى

جه‌مالی ده‌لاك (17/8/2023) هه‌ولێر.

سه‌رچاوه‌:

(1)كتێبی مێژووی ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركووك (1967_1999) هاشم جه‌باری ، لاپه‌ڕه‌(77).

(2) په‌یوه‌ندی له‌ڕێی ماسنجه‌ره‌وه‌ له‌گه‌ڵ مامۆستا و هونه‌رمه‌ند( نۆڤه‌ر) له‌( 19/5/2020).

(3) په‌یوه‌ندی له‌ڕێی ماسنجه‌ره‌وه‌ له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیار ( نه‌جات جه‌وهه‌ر) له‌ ( 24/5/2023).

سوپاس و پێزانینم بۆ برای هونه‌ردۆست و نووسه‌ر ( تاهیر كرمانج) سوودم له‌دیداری خۆیی و هونه‌رمه‌ند (سه‌لاح خدر بڵباس) له‌ڕێكه‌وتی ( 1/8/1986) وه‌رگرتووه‌ ، كتێبی  (ژیان و هونه‌ر) كۆكردنه‌وه‌و ئاماده‌كردنی ، تاهیر كرمانج ، به‌رگی یه‌كه‌م ساڵی (1990) ، لاپه‌ڕه‌( 92).

هه‌روه‌ها سوپاس و پێزانین بۆ برای به‌ڕێز ( به‌همه‌ن غازی حسێن) زاوای هونه‌رمه‌ندی كۆچكردووه‌، هاوكارم بوو به‌پێدانی وێنه‌ و هه‌ندێك زانیاری ده‌رباره‌ی هونه‌رمه‌ند سه‌لاح خدر بڵباس.

کوردستان بناسە

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.