Erbil 18°C ھەینی 22 تشرینی دووەم 10:34

سەباح زاخۆیی: عوده‌كه‌م قه‌ڵه‌م و چه‌ك و هه‌موو ژیانی منه‌!

_ موزیك ژیانه‌ ، په‌یامه‌ ، ده‌ربڕینی هه‌سته‌ ...!
کوردستان TV
100%

له‌ ته‌واوی كوردستان به‌گشتی گه‌لێك هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیاری ئامێره‌كانی مۆسیقامان هه‌یه‌، به‌وپه‌ڕی دڵسۆزیی و خه‌مخۆریی تێكۆشاون و ڕۆڵی گرنگ و به‌رچاویان هه‌بووه‌ له‌ گه‌شه‌كردن و پێشخستنی هونه‌ر،هه‌روه‌ها له‌ پێگه‌یاندن و پشتیوانی و هاوكاریكردنی هونه‌رمه‌ندانی گۆرانیبێژ، یه‌كێك له‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی ماوه‌ی نیوسه‌ده‌ زیاتر له‌ ( زاخۆ) ی ده‌لال بێ پسانه‌وه‌ ڕۆڵی گرنگی هه‌بووه‌ له‌پشتیوانی و پێگه‌یاندنی هونه‌رمه‌ندانی ده‌نگخۆشیی ده‌ڤه‌ره‌كه‌، هه‌ركاتێك ناوی هه‌ردوو هونه‌رمه‌ندی جوانه‌مه‌رگ ( ئه‌یاز زاخۆیی ، 1960_ 20/1/1986)  و( ئه‌رده‌وان زاخۆیی ، 1957_ 28 له‌سه‌ر29/1/1986 ڕۆژی سه‌رنگومكردنی) دێته‌ سه‌رزار و باس و خواسیی هونه‌ریی ، باسه‌كه‌ له‌نگ ده‌بێت ئه‌گه‌ر ناوی ‌هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیاری ئامێری (عود) كه‌ به‌ ( شێخی موزیكی كوردی له‌زاخۆ) ناسراوه‌ ،هونه‌رمه‌ند( صباح زاخۆیی) نه‌هێنرێت.

بێگومان هونه‌رمه‌ند صباح زاخۆیی ، به‌ ستوونی سه‌ره‌كی پێشكه‌وتنی هونه‌ر له‌ زاخۆ و ده‌ڤه‌ری بادینان ده‌ناسرێت.

له‌سه‌ره‌تادا به‌پێویستی ده‌زانم  سوپاسی هه‌ردوو هونه‌رمه‌ندی خۆشه‌ویست( جه‌مال محه‌مه‌د ئه‌دیب و شاكر ئاكره‌یی) بكه‌م له‌ڕێی  هه‌ردوو هونه‌رمه‌نده‌وه‌ ژماره‌ مۆبایلی هونه‌رمه‌ند صباح زاخۆیم ده‌ست كه‌وت ، ڕۆژانی ( 25 و26 و 29/7/2023) پێوه‌ندیم پێوه‌كرد، تاله‌نزیكه‌وه‌ چه‌ند پرسیارێكی لێ بكه‌م و زانیاری زیاتر له‌سه‌ر ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و هونه‌ریی بخه‌مه‌ به‌ردییه‌ ئازیزان و هۆگرانی هونه‌ری كوردی ، به‌داخه‌وه‌ دوای چه‌ندین جار په‌یوه‌ندی وه‌ڵامم ده‌ست نه‌كه‌وت؟!

هونه‌رمه‌ند صباح زاخۆیی، له‌ساڵی (1952) له‌شاری زاخۆ له‌خانه‌واده‌یه‌كی هونه‌ریی چاوی به‌ژیان هه‌ڵهێناوه‌،

بۆخانه‌واده‌یه‌كی هونه‌ریی؟

باپیری هونه‌رمه‌ند ناوی ته‌ها بووه‌، وه‌ك پیشه‌ ( دارتاش) و‌ له‌شاری زاخۆ و ده‌ڤه‌ره‌كه‌ به‌ ( ته‌ها نه‌جاڕ) یان بنه‌ماڵه‌ی ته‌ها نه‌جاڕ ناسراون،

ته‌ها نه‌جاڕ له‌سه‌رده‌می خۆیدابه‌كه‌سێكی ده‌نگخۆش و حیكایه‌ت خوان و شمشاڵ ژه‌نێكی دیاری ناوچه‌كه‌ ناوی ده‌ركردووه‌‌، به‌رده‌وام دیوه‌خانه‌كه‌ی تژی بووه‌ له‌خه‌ڵك و چێژیان له‌ده‌نگ و سترانه‌كانی و هه‌روه‌ها سۆزی شمشاڵه‌كه‌ی وه‌رگرتووه‌، هه‌روه‌ها باوكی هونه‌رمه‌ند ئه‌ویش شمشاڵژه‌نێكی به‌توانا بووه‌ ، به‌ڵام زیاتر هونه‌ره‌كه‌ی بۆ خۆیی و ئازیزانی بووه‌ نه‌ك بۆ گشتی ، كه‌واته‌ ئه‌و كاریگه‌رییه‌ و بوونه‌ ڕێبوار له‌ ڕێگا پیرۆزه‌كه‌ی هونه‌ر ، هونه‌رمه‌ند صباح زاخۆیی ئه‌و به‌هره‌یه‌ی له‌باپیرییه‌وه‌ بۆماوه‌ته‌وه‌.

هونه‌رمه‌ند له‌ته‌مه‌نی شه‌ش ساڵیدا واته‌ ( 1958) خراوه‌ته‌ به‌رخوێندن، خوێندنی سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندی و ئاماده‌یی له‌شاری زاخۆ ته‌واو كردووه‌.

خولیای هونه‌ریی هونه‌رمه‌ند له‌ناو بنه‌ماڵه‌كه‌یه‌وه‌ چرۆی كردووه‌، وه‌ك ئاماژه‌م پێدا ئه‌و به‌هره‌ هونه‌رییه‌ی له‌باپیرییه‌وه‌ بۆماوه‌ته‌وه‌، پاشان  حه‌زو ئاره‌زووی بۆ ژه‌نینی ئامێری ( ته‌مبوور) هه‌بووه‌، به‌هاوكاری هونه‌رمه‌ند و مامۆستا ( غائیب عه‌بدولهادی) فێری ژه‌نینی ئامێری ( ته‌مبوور) بووه‌، به‌ڵام زۆر له‌سه‌ر ژه‌نینی ئه‌و ئامێره‌ نه‌ماوه‌ته‌وه‌ و حه‌زو خولیای بۆ ژه‌نینی ئامێری ( عود) هه‌بووه‌، به‌هه‌وڵ و تێكۆشانی مامۆستا ( موسه‌ده‌ق ئیسماعیل ) فێری ژه‌نینی عود بووه‌،به‌ڵام هونه‌رمه‌ند عه‌شقه‌كه‌ی بۆ هونه‌ر و ئامێری عود زۆر زێده‌تر بووه‌ و خودی خۆی زیاتر تێكۆشاوه‌ و پرۆڤه‌ی كردووه‌ تا ده‌ست و په‌نجه‌و ژێی عوده‌كه‌ی ئاوێته‌ی یه‌كدی بوون.

هه‌رچه‌نده‌ له‌ناو خانه‌واده‌یه‌كی هونه‌ریدا صباح زاخۆیی ژیاوه‌ به‌ڵام جیا له‌هونه‌ر، سیاسه‌تیش بوونی هه‌بووه‌، باوكی وه‌ك كه‌سێكی تێكۆشه‌ر و نیشتمانپه‌روه‌ر له‌ ده‌ڤه‌ره‌كه‌دا، له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و كاتی حكومه‌تی عێراقه‌وه‌ كاتێك هونه‌رمه‌ند صباح زاخۆیی ته‌مه‌نی ( 9) به‌هار ده‌بێت، له‌لایه‌ن ڕژێمه‌وه‌ باوكی ده‌ستگیر ده‌كرێت ، واته‌ ساڵی (1961) ڕه‌وانه‌ی زیندانی (موصڵ) ده‌كرێت،دوای ( 9) مانگ ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌ ڕه‌وانه‌ی شاری ( ڕومادی ) ده‌كرێت ، پاش (7) ساڵ زیندانیكردن و دورخرانه‌وه‌ له‌ خانه‌واده‌كه‌ی له‌‌ساڵی (1967) باوكی هونه‌رمه‌ند شه‌هید ده‌كرێت و ته‌رمه‌كه‌یان پێده‌ده‌نه‌وه‌، واته‌ هونه‌رمه‌ند صباح زاخۆیی ، له‌ته‌مه‌نی ( 9) ساڵیدا له‌سۆزو میهره‌بانی و ئامێزی گه‌رمی باوك بێ به‌ش ده‌بێت.

دوای ته‌واوكردنی قۆناغی ئاماده‌یی، بۆمه‌به‌ستی درێژه‌دان به‌خوێندن، ماوه‌ی (2) ساڵ له‌په‌یمانگای مامۆستایان له‌شاری هه‌ولێر ده‌خوێنی و بڕوانامه‌ی مامۆستایه‌تی به‌ده‌ست دێنێ و له‌شاری زاخۆ وه‌ك مامۆستای هونه‌ر داده‌مه‌زرێت.

ده‌ستپێكی كاری هونه‌ریی هونه‌رمه‌ند صباح زاخۆیی ...!

به‌یاننامه‌ی (11ی ئاداری ساڵی 1970) وه‌رچه‌رخانێكی گرنگ و مێژوویی بوو بۆ گه‌لی كورد، ، هه‌روه‌ها ڕه‌و‌شێكی  ئارام و ئاسووده‌ وئازادی بۆ هونه‌ر و هونه‌رمه‌ندان و هاوڵاتیان ده‌سته‌به‌ركرد، له‌و كاته‌دا هونه‌رمه‌ند صباح زاخۆیی ئه‌ندامی یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان ده‌بێت‌،

شاری زاخۆ و چوارده‌وری خاوه‌نی ده‌نگبێژ و هونه‌رمه‌ندانی ده‌نگخۆش و هونه‌رێكی ده‌وڵه‌مه‌ند بووه‌ ، له‌دوای به‌یاننامه‌ی 11ی ئاداری ساڵی 1970 ، كۆمه‌ڵه‌ گه‌نجێكی پڕ به‌هره‌ و دڵسۆز بۆ شاری زاخۆ و هونه‌ری ده‌ڤه‌ره‌كه‌ ، بیرۆكه‌ی دامه‌زراندنی تیپێكی مۆسیقا ده‌ده‌ن و ناوی ده‌نێن ( تیپی مۆسیقای نه‌ورۆز) ، 

هونه‌رمه‌ند صباح زاخۆیی ئاماژه‌ به‌ هونه‌رمه‌ندانی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری تیپی مۆسیقای نه‌ورۆز ده‌دات ( به‌خۆشحاڵییه‌وه‌ له‌دوای به‌یاننامه‌ی ئاداری 1970 ، له‌زاخۆ تیپێكی مۆسیقامان به‌ناوی (نه‌ورۆز) دامه‌زراند ، ئه‌ندامه‌كانی بریتی بوون له‌  مامۆستا عه‌بدولعه‌زیز سڵێمان ، سه‌میر زاخۆیی ، غائیب عه‌بدولهادی ، حه‌مید عه‌بدولهادی، عه‌بدولڕه‌حمان محه‌مه‌د موسی و  من ،  به‌شداریمان له‌چه‌ندین ئاهه‌نگی نیشتمانی له‌ زاخۆ، له‌ ئاكرێ و له‌ شنگال كرد) (1).

كار و چالاكی هونه‌ریی تیپی مۆسیقای نه‌ورۆز له‌ساڵی (1970) وه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت تا به‌هاری ساڵی(1974) ، له‌وساڵه‌دا به‌هۆی پاشگه‌زبوونه‌وه‌ی به‌ڵێنه‌كانی حكومه‌تی عێراق له‌ ڕێكه‌وتننامه‌كه‌ی 11ی ئاداری 1970، هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی شه‌ڕ، هه‌موو چین و توێژه‌كانی گه‌لی كورد له‌به‌ره‌ی شۆڕشه‌ ڕه‌واكه‌یاندا بوون، هونه‌رمه‌ند سه‌باح زاخۆیی وه‌ك هونه‌رمه‌ندێك ڕووده‌كاته‌ ناو شۆڕشی گه‌له‌كه‌یی و ده‌بێته‌ پێشمه‌رگه‌، له‌ئیزگه‌ی ده‌نگی كوردستان وه‌ك هونه‌رمه‌ند و پێشمه‌رگه‌ له‌ ( ناوپردان و حاجی ئۆمه‌ران) درێژه‌ به‌خه‌باتی هونه‌ریی و به‌رگریی له‌نیشتمان ده‌دات، ( ئه‌وه‌ شه‌ره‌فێكی گه‌وره‌یه‌ پێشمه‌رگه‌و هونه‌رمه‌ندی شۆڕشی ئه‌یلولم، له‌ئیزگه‌ دامه‌زرام ، له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند ( محه‌مه‌د ته‌یب تاهیر) تیپێكی مۆسیقامان دروستكرد به‌ناوی تیپی مۆسیقای (دیلمان) (2).  

دوای نسكۆی ساڵی(1975) هونه‌رمه‌ند ڕووده‌كاته‌ وڵاتی ئێران و بۆماوه‌یه‌ك وه‌ك په‌نابه‌ر ده‌مێنێته‌وه‌، پاشان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ شاری زاخۆ و ده‌بێته‌وه‌ به‌مامۆستا، له‌ (  ناوه‌ندی لاوانی زاخۆ _ مركزالشباب زاخو) وانه‌ی مۆسیقا ده‌ڵێته‌وه‌.

ئاشنابوونی هونه‌رمه‌ند صباح زاخۆیی به‌ هه‌ردوو ده‌نگخۆشه‌ لاوه‌كه‌ی زاخۆ ( ئه‌رده‌وان وئه‌یاز) .

دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی له‌ئاواره‌یی هونه‌رمه‌ند له‌بیری ئه‌وه‌دا ده‌بێت ناوچه‌كه‌یان له‌ ڕووی فه‌رهه‌نگ و كه‌لتوور و هونه‌ره‌وه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌و خاوه‌نی چه‌ندین به‌هره‌مه‌ندی ده‌نگخۆشه‌، چی بكات ئه‌و ده‌نگخۆشانه‌ كۆبكاته‌وه‌و  تواناو لێهاتوویی یان له‌سترانچڕیندا به‌ خه‌ڵك و جه‌ماوه‌ری ده‌ڤه‌ره‌كه‌ بناسێنێ،ئه‌ویش سوود له‌ پێگه‌ی ناوه‌ندی لاوان ده‌بینێ و له‌وشوێنه‌ ئاشنا ده‌بێت به‌و دوو به‌هره‌مه‌نده‌ ده‌نگ ڕه‌سه‌نه‌ بێ خه‌وشه‌، ( سه‌ره‌تای ناسینی من و بۆ هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند ( ئه‌رده‌وان زاخۆیی و ئه‌یاز زاخۆیی ) له‌ ناوه‌ندی لاوان بوو، سه‌ره‌تا ده‌یانویست گۆرانییه‌ فۆلكلۆرییه‌كان بڵێنه‌وه‌، به‌ڵام من له‌به‌ر ئه‌وه‌ی توانای ئاوازدانان و ئامێرژه‌نینم هه‌بوو، بۆیه‌ په‌یمانم پێدان كه‌چه‌ند ئاوازێك و هۆنراوه‌یه‌كی نوێیان بۆپه‌یدابكه‌م، توانیمان له‌گه‌ڵ مامۆستا ( عه‌بدولعه‌زیز سڵێمان ) له‌ساڵی (1978) كاسێتێكی گۆرانی بۆ هونه‌رمه‌ند( ئه‌رده‌وان زاخۆیی) تۆماربكه‌ین، ئه‌وكات سه‌دایه‌كی زۆری له‌نێو خه‌ڵكی دایه‌وه‌ ، ئه‌م كاسێته‌ پڵنه‌رێك بوو بۆئێمه‌ گرنگی به‌كاره‌كانی داهاتوومان بده‌ین، ده‌رباره‌ی هونه‌رمه‌ند( ئه‌یاز زاخۆیی) یشه‌وه‌ ئه‌و كاته‌ كاسێتی تۆمارنه‌كرد، به‌ڵكو ته‌نیا ئه‌و گۆرانییانه‌ی تۆماركران كه‌له‌چالاكیی و ئاهه‌نگه‌كاندا ده‌گوتران، له‌ساڵی (1984 و 1985)  به‌ئامێری (عود) له‌تۆماركردنی یه‌كه‌م كاسێتی  هونه‌رمه‌ند ئه‌یاز زاخۆیی به‌شدار ببم ) (3).

په‌یوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی و هونه‌ریی صباح زاخۆیی، له‌گه‌ڵ هه‌ردوو هونه‌رمه‌ندی ده‌نگخۆشیی لاوی پڕ له‌ هونه‌ریی ڕه‌سه‌ن ( ئه‌رده‌وان و ئه‌یاز  زاخۆیی) درێژه‌ ده‌كێشێ و  هاوڕێیه‌تییه‌كه‌یان له‌سه‌ر بنه‌مای برایه‌تی و خزمه‌تكردن و گه‌شه‌دان به‌هونه‌ریی مۆسیقا و گۆرانی له‌ده‌ڤه‌ره‌كه‌ ده‌بێت،  هونه‌رمه‌ند له‌ته‌واوی ئاهه‌نگ و بۆنه‌كاندا به‌خۆیی و ئامێریی عوده‌كه‌یه‌وه‌ هاوكار و پشتیوانی هه‌ردوو هونه‌رمه‌ندی جوانه‌مه‌رگ بووه‌، هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند ( ئه‌یاز و ئه‌رده‌وان) جیا له‌چڕینی سترانی ئه‌ڤینداریی ، چه‌ند ین گۆرانی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییان له‌ئاهه‌نگه‌كاندا خوێندووه‌ و ئه‌وه‌ش بۆته‌ جێی هه‌ڵوه‌سته‌ كردن له‌لایه‌ن ڕژێمی به‌عسه‌وه‌، ته‌نانه‌ت زۆر له‌هونه‌رمه‌ندانی مۆسیقاژه‌ن ئاماده‌نه‌بوون مۆسیقا بۆ هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند بژه‌نن و به‌شداربن له‌گه‌ڵیاندا،  سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو ترس و زوڵم و سته‌مه‌ی ده‌سه‌ڵاتی به‌عس ، هونه‌رمه‌ندصباح زاخۆیی بوێرانه‌ ئامێری عوده‌كه‌ی كردۆته‌ چه‌ك و له‌پشتی  هه‌ردوو هونه‌رمه‌نده‌وه‌ وه‌ستاوه‌و  پشتیوانی ده‌نگی زوڵاڵی ( ئه‌رده‌وان و ئه‌یاز) ی كردووه‌.

له‌وڕوانگه‌یه‌وه‌ صباح زاخۆیی  خوێندنه‌وه‌ بۆ هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند ( ئه‌رده‌وان و ئه‌یاز) ده‌كات و ده‌ڵێـت

( ئه‌رده‌وان زاخۆیی: ده‌نگێكی چیایی یه‌ ، ده‌نگی شۆڕش و كوردایه‌تیه‌.

ئه‌یاز زاخۆیی: ده‌نگ و هونه‌ره‌كه‌ی وه‌كو ئاگری  جه‌ژنی نه‌ورۆزه‌ هه‌رده‌مێنێته‌وه ، ئه‌یاز گه‌نجێكی خاوه‌ن به‌هره‌یه‌كی زۆر بوو له‌ته‌مه‌نی منداڵیه‌وه‌خه‌زێنه‌یه‌كی گه‌وره‌ی فۆلكلۆری ده‌ڤه‌ره‌كه‌ بوو، له‌ماوه‌یه‌كی كه‌مدا گۆرانییه‌كی له‌به‌ر ده‌كرد كاتێك ده‌یخوێند ، جاری دووه‌م له‌یه‌كه‌م جاری خۆشتری ده‌ووت ،  هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند  ئه‌رده‌وان و ئه‌یاز  دوو ده‌نگی ڕه‌سه‌نی كوردی بوون‌) (4).

هونه‌رمه‌ند صباح زاخۆیی، جیا له‌هاوكاری و دانانی ئاواز و ژه‌نینی مۆسیقا بۆ هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند ( ئه‌یاز و ئه‌رده‌وان) ، خۆیی و ئامێره‌ شیرینه‌كه‌ی ( عود) به‌ده‌ست و په‌نجه‌ هونه‌رییه‌كه‌ی مۆسیقا بۆ گه‌لێك له‌ هونه‌رمه‌ندانی وه‌ك ( ته‌حسین ته‌ها 25/10/1941_28/5/1995) ، ( فوئاد ئه‌حمه‌د1932_17/8/2004)، (شاكر ئاكره‌یی ، به‌شار زاخۆیی، حاجی زاخۆیی ، عه‌بدولقه‌هار زاخۆیی، عه‌بدولواحید زاخۆیی و ڕێكیش سه‌یرانی  و ...تاد) ژه‌نیوه‌.

ساڵی (1986) بۆ هونه‌رمه‌ند صباح زاخۆیی، ساڵێكی زۆر ناخۆش و پڕ ئازار و له‌ده‌ست دانی ئازیزان و هاوڕێی ڕێبازه‌ هونه‌رییه‌كه‌ی بووه‌، له‌سه‌ره‌تای ساڵی (1986) هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند ئه‌یاز و ئه‌رده‌وان، جوانه‌مه‌رگ ده‌بن ، ئه‌یازی كه‌م ته‌مه‌ن و پڕ به‌خششی هونه‌ر به‌هۆی دووچار بوونی به‌ ( شێرپه‌نجه‌ی خوێن) ، له‌نه‌خۆشخانه‌ی سه‌ربازی شاری موصڵ له‌ژێر چاودێری پزیشكدا ده‌بێت، به‌ڵام جێی داخه‌و ده‌رده‌كه‌ی كوشنده‌و بێ ده‌رمانه‌، له‌ڕێكه‌وتی ( 20/1/1986) گیانی پاكی ده‌سپێرێت له‌شاری موصڵ و كۆچی دوایی ده‌كات،

هونه‌رمه‌ندی‌ جوانه‌مه‌رگ‌ (ئه‌رده‌وان عه‌لی محه‌مه‌د ته‌ها) ناسراو به‌ ( ئه‌رده‌وان زاخۆیی ) له‌ (1/7/1957) له‌زاخۆ له‌دایكبووه‌ و چه‌ندین ساڵ خه‌باتی نه‌ته‌وایه‌تی و هونه‌ری ، دوای (8) ڕۆژ له‌مه‌رگی له‌ناكاوی هاوڕێ هونه‌رمه‌نده‌كه‌ی (ئه‌یاز زاخۆیی)  ده‌چێته‌ ‌شاری به‌غدا له‌ میوانخانه‌ی ( ئه‌لئه‌غادیر) له‌شه‌وی (28 له‌سه‌ر 29/1/1986) پیاوه‌كانی ڕژێمی به‌عس له‌میوانخانه‌ی ناوبراو ده‌ستگیری ده‌كه‌ن و تائێستا وه‌ك هونه‌رمه‌ندێكی شه‌هید بێسه‌رو شوێنه‌..! ( ڕۆحیان شاد و یادیان به‌خێر ) .

ئه‌و قۆناغه‌ له‌ساڵی (1986 تا ساڵی 1990) بۆ هونه‌رمه‌ند صباح زاخۆیی، قۆناغێكی دژوار و بۆشاییه‌كی هونه‌ریی له‌ژیانیدا به‌بێ ده‌نگ و سۆزی ( ئه‌رده‌وان و ئه‌یاز) دروست ده‌بێت ، هونه‌رمه‌ند ناچار ده‌بێت بگه‌ڕێت به‌دوای به‌هره‌مه‌ند و لاوی ده‌نگخۆشیی ده‌ڤه‌ره‌كه‌ ، تا ئه‌و بۆشاییه‌ هونه‌رییه‌ پڕبكرێته‌وه‌، خۆش به‌ختانه‌ چه‌ندین هونه‌رمه‌ندی لاوی ده‌نگخۆش و به‌توانا سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن جێی ڕه‌زامه‌ندی و په‌سه‌ندی هونه‌رمه‌ند صباح زاخۆیی ده‌بن ، ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌  وه‌ك ( حاجی زاخۆیی ، عه‌بدولقه‌هار زاخۆیی، ڕێكیش سه‌یرانی و ....تاد) به‌ده‌نگه‌ خۆشه‌كانیان به‌رده‌وامن له هونه‌ری لاوك و سترانچڕین به‌هاوكاری هونه‌رمه‌ند صباح زاخۆیی.‌

هونه‌رمه‌ند زۆربه‌ی كاره‌كانی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند ( حاجی زاخۆیی ) یه‌، وه‌ك خۆی ده‌ڵێت ( هه‌ست ده‌كه‌م ده‌نگی حاجی زاخۆیی ، زۆر له‌ ده‌نگی هونه‌رمه‌ند ( ئه‌رده‌وان زاخۆیی) نزیكه‌ و هه‌میشه‌ ده‌مگه‌ڕێنێته‌وه‌بۆ جیهانێكی پڕ ڕه‌سه‌ن) (5).

هونه‌رمه‌ند په‌یوه‌ندییه‌كی زۆر پته‌وی له‌گه‌ڵ ئامێره‌كه‌یدا( عود ) هه‌یه‌ و زۆری خۆش ده‌وێـت، داواكاره‌ له‌دوای خۆیی له‌ مۆزه‌خانه‌ی نیشتمانی ئه‌و ئامێره‌ شیرنه‌ی بپارێزێت، له‌دیداره‌ هونه‌رییه‌كان له‌گه‌ڵیدا سازكراوه‌ ئاماژه‌ به‌و په‌یوه‌ندییه‌ ڕۆحییه‌ی نێوان خۆیی و خۆشه‌ویستی بۆئامێره‌كه‌ی ده‌دات و ده‌ڵێت ( عوده‌كه‌م زۆر پیرۆزه ‌له‌لام  چونكه‌ خزمه‌تی زۆری به‌ده‌نگ و هونه‌ریی هونه‌رمه‌ندان ( محه‌مه‌د عارف جزیری، 1912_17/12/1986) ،( حه‌سه‌ن جزیری، 1917_9/7/1983)  و ئه‌یاز و ئه‌رده‌وان و زۆر له‌هونه‌رمه‌ندان كردووه‌، واته‌ خزمه‌تی زۆری به‌هونه‌رمه‌ندانی كۆن و نوێ كردووه‌ (6) ،

عوده‌كه‌م قه‌ڵه‌م و چه‌ك و هه‌موو ژیانی منه‌، هونه‌رمه‌ند پێشمه‌رگه‌یه‌ ، به‌ده‌نگ و ئامێر و هونه‌ره‌كه‌ی په‌یامی میلله‌ته‌كه‌ی خۆی بگه‌یه‌نێ،   له‌كۆڕه‌وی ساڵی (1991) كه‌ ماڵمان به‌جێهێشت، ماڵه‌كه‌مان تۆپی به‌ركه‌وتبوو، ته‌نها له‌خه‌می عوده‌كه‌مدا بووم، خۆش به‌ختانه‌ ته‌نها ئامێری عوده‌كه‌م پارێزراو بوو) (7) .

له‌به‌رامبه‌ر ماندوبوون و تێكۆشانی نیوسه‌ده‌ زیاتر خزمه‌تكردن به‌هونه‌ر ، له‌ڕێكه‌وتی ( 29/3/2022) له‌شاری زاخۆ به‌ئاماده‌بوونی خودی هونه‌رمه‌ند و ژماره‌یه‌كی زۆر له‌هونه‌رمه‌ندان و كه‌سایه‌تی شاری زاخۆ ، په‌رده‌ له‌سه‌ر په‌یكه‌ری عوده‌كه‌ی صباخ زاخۆیی لادراوه‌،هونه‌رمه‌ندسه‌باره‌ت به‌و پرۆژه‌و كاره‌ هونه‌رییه‌ ده‌ڵێت ( ئه‌م ڕێز لێنانه‌ ته‌نها بۆ من نییه‌ به‌ڵكو ڕێزگرتنه‌ له‌هونه‌ر و هونه‌رمه‌ندان به‌گشتی و شاری زاخۆ ، به‌ڕاستی زاخۆ گه‌لێك ئێش و ئازاری چه‌شتووه‌ ، ڕۆژگارێكی سه‌خت و گرانی تێپه‌ڕاندووه‌ ، ئێمه‌ خه‌باتمان بۆ كرد تا ئه‌مڕۆ ئه‌م هونه‌ره‌ به‌به‌رزی بهێڵینه‌وه‌ ) .

هونه‌رمه‌ند صباح زاخۆیی ، وه‌ك هونه‌رمه‌ندێكی ژه‌نیاری به‌توانا له‌ شاری دهۆك و زاخۆ ، ماوه‌ی (7) ساڵ ، له‌ساڵی ( 2000 تا 2007) له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك هونه‌رمه‌ند له‌تیپی مۆسیقای سه‌ته‌لایتی كوردستان  كاری هونه‌ریی ئه‌نجامداوه‌،

ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ هێمن و نه‌رم و نیان و میهره‌بانه‌ صباح زاخۆیی،  ژیانی هاوبه‌شی پێكهێناوه‌ ، له‌گه‌ڵ خاتوونێكی هونه‌رمه‌ند ، واته‌ هاوسه‌ره‌كه‌ی مامۆستای هونه‌ریی شێوه‌كاری یه‌وه‌ و خاوه‌نی (5) منداڵن ، (3) كوڕ و دوو كچ ، كوڕه‌ گه‌وره‌كه‌ی به‌ناوی (هونه‌ر)  ئه‌ندازیار و عاشقی هونه‌ره‌و مۆسیقاژه‌نیشه‌.

هونه‌رمه‌ند صباح زاخۆیی دوای خزمه‌تێكی زۆر له‌بواری په‌روه‌رده‌و كاری مامۆستایه‌تی له‌سه‌ر میلاكی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ / به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی په‌روه‌رده‌ی زاخۆ به‌پێی یاسای شارستانی خانه‌نشین بووه‌، به‌ڵام له‌هونه‌ردا هه‌ربه‌رده‌وام و هیواو ئاواتی زۆره‌ و  هه‌میشه‌ باوه‌ڕی به‌گه‌شه‌كردن و پێشخستنی هونه‌ریی نه‌ته‌وه‌كه‌ی هه‌یه‌ و به‌ڵام له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رزی فۆلكلۆری كوردی،  هه‌وره‌ها هه‌میشه‌ ده‌خوازێت نه‌ته‌وه‌كه‌ی به‌یه‌كڕیز و به‌یه‌ك هه‌ڵوێست تێبكۆشێت، ئاواته‌خوازه‌ ئاهه‌نگی سه‌ركه‌وتن و ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی بۆ كوردستان بگێڕێت ،

هونه‌رمه‌ند صباح زاخۆیی خاوه‌نی كه‌سایه‌تیه‌كی به‌رزو  خۆشه‌ویستی نێو جه‌ماوه‌ر و هونه‌رمه‌ندانه‌، ئه‌و ڕێزگرتنه‌ به‌گه‌وره‌ترین شانازیی  ده‌زانێت و منه‌ت به‌سه‌ر كه‌سه‌وه‌ ناكات و ئه‌وه‌ به‌ئه‌ركی سه‌رشانی خۆی زانیوه‌،  ( گه‌وره‌ترین سه‌رمایه‌ بۆ من له‌ژیانمدا شانازی پێوه‌ بكه‌م ڕێزگرتن و خۆشه‌ویستی خه‌ڵكه‌ بۆمن ، له‌ماوه‌ی ژیانمدا ته‌نها په‌یامم ئه‌وه‌بووه‌ له‌ڕێگه‌ی هونه‌ره‌وه‌ وڵاته‌كه‌م به‌دنیا بناسێنم و خزمه‌تی هونه‌ریی كوردی بكه‌م، خۆشحاڵم له‌لایه‌ن خه‌ڵكیه‌وه‌ ڕێزێكی زۆرم لێده‌گیرێت) (8).

دروود و سڵاو له‌ هونه‌ر و ڕێگا پیرۆزه‌كه‌ی هونه‌رتان  هونه‌رمه‌نده‌ ماندوو  ده‌ست و په‌نجه‌ زێڕینه‌كه‌ی كوردستان‌ صباح زاخۆیی، ته‌مه‌ندار و پڕ ته‌ندروست بن ، سوپاس بۆ ئه‌و مێژووه‌ جوانه‌تان و خزمه‌تكردن به‌ هونه‌ر و هونه‌رمه‌ندان.

جه‌مالی ده‌لاك ( 30/7/2023) هه‌ولێر .

سه‌رچاوه‌:

( 1 و 2 و 6)به‌رنامه‌ی (23خوله‌كا) كه‌ناڵی ئاسمانی وار ، دیدار له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند صباح زاخۆیی،  پێشكه‌شكردنی (ڕێبه‌ر كوردۆ) (31/5/2020) یوتوب.

( 3 و 5 و 8)  ( لەبەر ئەوەی بەرهەمەکانی (ئەردەوان و ئەیاز زاخۆیی) ڕەسەنن، بۆیە هەرگیز لەبیر ناکرێن) دیدار له‌گه‌ڵ  سەباح زاخۆیی، ئاریان ده‌رگه‌ڵه‌یی ، سایتی  چرا ، له‌ 22/10/2010.

(4 و 7) به‌رنامه‌ی ( تاڤه‌هه‌یڤ) دیدار له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندی موزیكژه‌نی كورد  صباح زاخۆیی ، پێشكه‌شكردنی ( صبری سڵێمانه‌یی) ( 5/1/2022) یوتوب.

کوردستان بناسە

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.