هه‌ركات باس له دنیای مه‌قام و به‌سته‌ی كوردی ده‌كرێت، ڕاسته‌وخۆ ناوی هونه‌رمه‌ندێكی گه‌رمیانی، پاشای مه‌قام خوێندن مامۆستای به‌سته ( عه‌لی مه‌ردان) به‌رجه‌سته ده‌بێت، هونه‌رمه‌ندێكه كه تاڵ و سوێری و كوێرهوهرییهكانی ژیان په‌لی گرت و خستییه سه‌ر ئه‌و ڕێیگایه، ئه‌ویش دنیا جوانه‌كه‌ی به‌سته‌و مه‌قام بێژی یه، ده‌بێت مه‌قام چڕین توانا‌و لێهاتوویی گه‌ره‌ك بێت؟!
بێگومان مرۆڤی خۆی گه‌ره‌كه و ده‌بێت خاوه‌نی خه‌سڵه‌ته به‌رزه‌كانی مه‌قام چڕین بێت، مامۆستا عه‌لی مه‌ردان هه‌روا له‌خۆوه نه‌یفه‌رمووه ( مه‌قام مرۆڤی دڵ ناسكی ناوێت، به‌ڵكو مرۆڤی دڵ ڕه‌قی گه‌ره‌كه، ئه‌گه‌ر وانه‌بێت ده‌توێنێته‌وه ، هه‌رچه‌نده پته‌و گه‌شاوه بێت ده‌یكاته خۆڵه‌مێش، هیچ كات مه‌قامم له‌ده‌م دهرنهچووهبهگریانهوه نه‌بێت) به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو ئازار و سه‌ختی چه‌شتنه زۆر وهستایانهو مامۆستایانه درێژه‌ی به‌كاره پیرۆزه‌كه‌ی مه‌قام خوێندن دا، مامۆستا عه‌لی مه‌ردان نه‌ك ههرمهقام بێژه به‌ڵكو مه‌قام زان و مه‌قام ناسیش بووه، چه‌ندین ده‌نگبێژ له‌سه‌ر شێواز‌و قوتابخانه هونه‌رییه‌كه‌ی مامۆستا عه‌لی مه‌ردان فێری چڕینی مه‌قامات بوون و بوونه هونه‌رمه‌ند ، نه‌ك به‌ته‌نها له‌ناو نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆیدا ، به‌ڵكو له‌ناو هونه‌رمه‌ندانی عه‌ره‌بیشدا، له‌پاڵ چڕینی ئه‌م مه‌قامه چێژ به‌خش و ئارامكه‌ره‌وه‌ی ڕۆحه‌دا...
له‌به‌ر چاوی به‌د (مه‌قامی ماھوور)
چه‌ند جارم ووت (مه‌قامی ھهمایۆن)
با یادم كا فریادم كه (مه‌قامی ھیجران)
ڕه‌نجی بێوه‌رم (مه‌قامی به‌یاتی شور)
ڕاسته‌ی خیابان (مه‌قامی ئه‌ڵاوه‌یسی)
لێم یاخی (مه‌قامی ئای ئای)
له‌به‌ر نازی چاو بازان (مه‌قامی خورشیدی)
ئه‌ی مانگ (مه‌قامی به‌یات)
چی بكه‌م (ماقامی نه‌وا)
دڵ له حه‌سره‌ت (مه‌قامی ئورفه)
مه‌مكوژه گیانه به ھیجران (مه‌قامی ده‌شت)
به داوی زۆڵفت (مه‌قامی ڕاست)
به غه‌مزه‌ی چاوی مه‌خموری (مه‌قامی نه‌وا).
مامۆستا عه‌لی مه‌ردان بهستهشی فه‌رامۆش نه‌كردووه و خه‌رمانێكی پڕ به‌ره‌كه‌تی خستۆته سهرگهنجینهی ئاواز‌و سترانی كوردی .....
( تۆ و تارهكهت ، خاوه‌ن په‌رچه‌م ، بولبول ، چاو ڕه‌شه ، ئای چه‌ندم خۆش ئه‌وێ ، دیسان هاته‌وه، شیرین كه‌لامه، گیانه به‌سیه‌تی، یاریكه ڕاكه پێكه‌نه، خۆم وعودهكهم، كه‌تان كه‌تانه، مێوڵێ و دێلێژه، ئه‌سمه‌ر، وه‌ره قوربان، ھۆ برای جوتیار، له‌یلێ، ڕه‌نجی بێوه‌رم، ھه‌وری له قه‌دی ئاڵاوه، ده‌نگی خۆش بمھێنه جۆش، كه ئه‌و جوانه، ئه‌ڕۆی ئۆغر، دایم دڵ تۆی ئه‌وێ، مامه، كه‌ی دێته‌وه، له خرنه خرنه، ھه‌تا مردن، ئه‌ڵوه‌ن ناوت شیرینه، ھه‌ر تۆم ئه‌وێ تۆ، مینا گیان، له كه‌له ده‌نگی ساز دێ، شه‌و ڕۆژ، گۆڵه باخ، ده‌ھه‌سته، كراس كوده‌ری ئاوریشم، سه‌د جار به‌و مانگه، كۆڵان به كۆڵان)
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی خودی مامۆستا عه‌لی مه‌ردان ئاوازدانه‌ر و هۆنراوه‌ی بۆ گۆرانییه‌كانی داناوه ، به‌ڵام فۆلكلۆری ڕه‌سه‌نی نه‌ته‌وه‌كه‌ی له‌یاد نه‌كردووه و كێوماڵی به‌نێو دیوانی شاعیره نه‌مر و خامه به‌رزه‌كانی نهتهوهكهمانیشدا كردووه وه‌ك خۆی ده‌فه‌رمووێت ( له‌شاعیرانی به‌ناوبانگ له‌وانه‌ی لووتكه‌ی به‌رزی شیعری كوردی‌یان گرتبوو، منیش شیعر و ههڵبهستهكانیانم بۆ هه‌تا هه‌تایه ده‌هێشته‌وه‌و ده‌مخسته خانه‌ی نه‌مرییه‌وه ،به‌دانانی ئاواز بۆیان ، یان به وتنیان له گۆرانی و مه‌قامی ڕه‌سه‌ن و به‌سۆز و جۆشدار ، گۆرانییه‌كانم شیعرهكانیی به‌رزتر ده‌كرده‌وه و هه‌روا شیعره‌كانی ئه‌وانیش فه‌ڕ و نرخی گۆرانییه‌كانی منیان زیاتر ده‌كرد ، ئه‌مه‌ش شانازی و زیندوویهتیهكی تر بوو بۆ ههردوكلامان) (1).
گۆرانی (چی یه ئه‌ی گوڵ ، هۆنراوه‌ی ئه‌حمه‌د موختار جاف)،
(چه‌پكه گوڵ بۆ ست فاتمه،هۆنراوه‌ی ئه‌حمه‌د هه‌ردی)
(بێره كوردستان ، هۆنراوه‌ی ئه‌سیری) ،(نیشتمان ، هۆنراوه‌ی دلشاد مصرف)،(ئه‌ڕۆی ئۆغر، هۆنراوه‌ی گۆران)،(ئه‌مان مردم ، هۆنراوه‌ی مستهقابهگی كوردی )،(بلبل ئه‌خوێنی ، هۆنراوه‌ی شێخ له‌تیف شێخ مه‌حمود ) و....تاد.
ئه‌م هونه‌رمه‌نده خۆڕسك و ڕه‌سه‌نه‌ی وڵاتی كوردهواری ، له‌گه‌ڕه‌كی بهرتهكیهی شێخ عه‌لی تاڵه‌بانی له‌شاره دێرێن و ئازیزه‌كه‌ی كوردستان ، شاری كه‌ركووك ساڵی (1904) چاوی به‌ژیان هه‌ڵهێناوه،
باوكی ناوی ( قادر عوسمان) بووه، له‌بنچینه‌دا ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر شێخه‌كانی ( به‌رزنجه) و خه‌ڵكی گوندی( كانی سارد) ی ناوچه‌ی شارباژێڕ بووه.
دایكیشی ناوی ( شاناز) بووه له‌شاری كه‌ركووك به‌دنیا هاتووه، به‌ڵام له‌بنه‌ڕه‌تدا سهربهعهشیرهتی ( زه‌نگه‌نه) یه له‌تیره‌ی ( برایم غوڵامی) .
هونه‌رمه‌ند عه‌لی مه‌ردان له‌ته‌مه‌نی شه‌ش ساڵیدا وه‌ك منداڵانی تر نه‌بوو زۆربه‌ی كاته‌كانی له‌كۆڵان و یاری كردن به‌ڕێ كردبێت، به‌ڵكو خراوه‌ته به‌رخوێندن به‌ڵام له ( حوجره) له‌ته‌كیه‌ی( شێخ عه‌لی تاڵه‌بانی) له‌لای مامۆستا ( مه‌لا صاڵح) له‌و تهكییهیه قورئانی پیرۆزی خه‌تم كردووه، دوای ئه‌وه ( گوڵستان، بوستان ، ناگه‌هان ، ئیسماعیل نامه، باغه‌بانی و چه‌ند كتێبێكی بچوكی سه‌ره‌تایی تری وه‌ك فارسیی و توركیی و عه‌ره‌بیی خوێندووه) (2).
دوای ئه‌وه‌ی به‌باشی فێری ته‌جویدی قورئان خوێندن بووه، زۆرجار له‌بری مامۆستا مه‌لاصاڵح به‌ده‌نگه خۆشه‌كه‌ی قورئانی بۆ هاوڕێ كانی خوێندووه، ئه‌و عه‌شقه‌ی بۆ قورئان ڕۆژ به‌رۆژ له‌لا شیرین‌تر ده‌بێـت، ماڵیشیان نزیك ته‌كیه بووه به‌به‌رده‌وامی سه‌ردانی ته‌كییه‌ی كردووه له‌وێ گوێی ئاشنابووه به ده‌نگ و ئاواز و سرووته ئاینییه‌كان و چێژی لێوه‌رگرتووه.
دوای ئه‌وه‌ی له‌ته‌مه‌نی منداڵی‌دا له‌سۆزی باوك بێ به‌ش ده‌بێـت ( عارف محه‌مه‌د شوان) ی خاڵی ده‌یباته لای خۆیی له گوندی ( له‌یلان) داڵده‌ی ده‌دات، لێره‌وه ژیانی لێوڕێژ له‌چه‌رمه‌سه‌ری و نه‌هامه‌تی و چه‌وساندنه‌وه ده‌ست پێده‌كات له‌لایه‌ن خاڵیه‌وه،تاته‌مه‌نی (16) ساڵی له‌لای خاڵی ده‌مێنێته‌وه و دواتر ڕووده‌كاته گوندی ( حه‌فته‌غار) ماوه‌یه‌كی كه‌م ده‌مێنێته‌وه و پاشان قۆناغ به‌قۆناغ هه‌نگاو هه‌ڵده‌گرێت و له‌شاری به‌غداد ده‌گیرسێته‌وه، به‌هۆنراوه ئه‌و ژیانه پڕ چه‌رمه‌سه‌رییه ده‌گێڕێته‌وه...
( سه‌رخۆم هه‌ڵگرت و ڕاست چوومه به‌غداد
بێ كه‌س بێ پاره بێ قه‌وم و ئیمداد
به‌بێ پاره و پوول گیرفان چۆڵ و هۆڵ
سه‌ر له‌گریان و حه‌زین و كڵۆڵ
بێ ئیش و بێكار ئه‌سوڕامه‌وه
بهسكێ برسی ئه‌گه‌ڕامه‌وه .... )
ناوچه‌ی گه‌رمیان به‌گشتی ،ناوچه‌یه‌كی ده‌وڵه‌مه‌ند له مه‌قامی ڕه‌سه‌نی كوردی ، ههرگوندێك له‌و ناوچه‌یه خاوه‌نی تایبه‌تمه‌ندی و خاوه‌نی مه‌قامی خۆیه‌تی، ئه‌و دوڵهمهندییه له مه‌قام و مه‌قام بێ‌ژان له‌و ناوچه گهرمهسێرهدا بێگومان ڕاسته‌وخۆ كاریگه‌ری له‌سه‌ر مامۆستا عه‌لی مه‌ردان داناوه ( له‌دیوه‌خانی شێخ حه‌سیب تاڵه‌بانی كابرایه‌كی ئاوازخوان هه‌بوو ناوی ( خدلا بارام چاوه‌ش) بوو، یه‌كه‌مین جار له‌وه‌وه فێری مه‌قامی ( ئه‌ڵڵاوه‌یسی ) بووم، له‌هه‌مان كاتا تێكه‌ڵ به‌به‌زمی ئاوازی ( هۆره‌و ئای ئای و خاوكه‌ر و قه‌تار) بووم به‌ده‌م ته‌مووره لێدانه‌وه، كابرایه‌كی تریش هه‌بوو ناوی ( كامل تهپهلۆیی) بوو ئه‌ویش فێری گه‌لێ ئاوازی كردم ) (3).
ئه‌م مێردمنداڵه ساده‌و ساكاره، په‌روه‌رده‌ی ده‌شته‌كه‌ی گه‌رمیان، قوتابی به‌رده‌ستی مه‌قام چڕ و به‌سته بێژانی ڕه‌سه‌ن وخۆڕسك و بێ خه‌وشی گه‌رمیانه، خودی خۆشیی سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو له‌مپه‌ره سه‌ختانه‌ی به‌رده‌می ژیانی كۆڵی نه‌داو كۆشش و ته‌قه‌لایه‌كی بێ ووچانی دا تا گه‌یشته دوائه‌نجام و ببێته پێشه‌نگی مه‌قام و به‌سته‌ی كوردی.
له‌ساڵی (1932) مامۆستا عه‌لی مه‌ردان سه‌ردانی ڕادیۆی به‌غدا ده‌كات به‌مه‌به‌ستی خوێندنی مه‌قام و به‌سته، له‌هه‌مان ساڵدا به‌مه‌به‌ستی به‌شداریكردن له ( یه‌كه‌مین كۆنگره‌ی مۆسیقای عه‌ره‌بی) له قاهیره‌ی پایته‌ختی مصر له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندی مه‌قامبێژی عێراقی ( محه‌مه‌د قوبانچی) له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك ژه‌نیار به‌شداری ده‌كات له‌و گه‌شته‌یدا هونه‌رمه‌ند چاوی به‌كۆمه‌ڵێك كه‌سایه‌تی و هونه‌رمه‌ندی عه‌ره‌ب ده‌كه‌وێت.
هونه‌رمه‌ند و مامۆستا عه‌لی مه‌ردان ، له‌سه‌ره‌تای كردنه‌وه‌ی په‌خشی كوردی له‌ڕادیۆی كوردی به‌غدا (1939) دوای یه‌كه‌مین بێژه‌ری په‌خشی كوردی ڕادیۆی به‌غداد (كامیل كاكه‌مین ،1912_16/4/1987) مامۆستا عه‌لی مه‌ردان دووه‌مین كه‌سه له‌ڕادیۆی كوردی به‌غدا خزمه‌تی كردووه ، هه‌رچه‌نده پێشتر له‌ڕێی كۆمپانیاكانی گرامه‌فۆن، له‌سه‌ر قه‌وان مه‌قام و به‌سته‌ی تۆماركردووه، به‌ڵام له‌ڕادیۆی كوردی به‌رده‌وامی ده‌دا به‌ڕێبازه پیرۆزه‌كه‌ی هونه‌ر و تێكه‌ڵاو به هونه‌رمه‌ندانی ته‌واوی كوردستان ده‌بێت ، په‌یوه‌ندیه‌كی فراوان له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌نداندا دروست ده‌كات و هاوكارو كارئاسانیان بۆ ده‌كات بۆ تۆماركردنی به‌رهه‌مه هونه‌رییه‌كانیان ، هه‌روه‌ها هاوكارو پشتیوانی زۆر له‌هونه‌رمه‌ندان ده‌كات و ئاوازیان بۆ داده‌نێـت، خودی هونه‌رمه‌ند ڕێژه‌یه‌كی زۆری مه‌قام و به‌سته به‌زمانی شیرینی كوردی ، هه‌روه‌ها توركی تۆماركردووه،ئه‌مڕۆ بۆته جێی شانازیی و ئه‌رشیفێكی به‌نرخ بۆ هونه‌ری كوردی، یه‌كه‌م هونه‌رمه‌ندی كورده له‌ساڵی (1948) له‌ئیستگه‌ی لوبنان ، ئوردن و شام به‌زمانی كوردی گۆرانی و سروودی نیشتمانی خوێندووه .
له‌ساڵی (1961 و 1962) دووجار هونه‌رمه‌ند و مامۆستا عه‌لی مه‌ردان ده‌چێته وڵاتی ئێران ، شاره‌كانی ( تاران و كرماشان) له شاری كرماشان له‌گه‌ڵ ئۆركێسترای ڕادیۆی كرماشان چه‌ند گۆرانییه‌ك تۆمارده‌كات
(مامۆستا عه‌لی مه‌ردان ده‌رباره‌ی شاری كرماشان ده‌فه‌رموێت : كرماشان شارێكی كوردستانییه و زۆریش شیوه‌ی كه‌ركوك ئه‌دات.
له‌هاوینی ساڵی (1961) مامۆستا عه‌لی مه‌ردان سه‌ردانی شاری كرماشان ده‌كات و ده‌چێته ڕادیۆی كوردی كرماشان ، دوای تۆماركردنی گۆرانیه‌ك و مه‌قامێك ،گۆرانی ( گوڵه‌باخ ) دواتر به‌یاوه‌ری به‌ڕێز كاك محه‌مه‌دی كه‌مانگه‌ر ، تا دره‌نگانێكی شه‌و به‌نێو شاری كرماشان‌دا ده‌گه‌ڕێن له‌دره‌ئه‌نجامی ئه‌و گه‌ڕانه مامۆستا عه‌لی مه‌ردان به‌كاك محه‌مه‌دی كه‌مانگه‌ر ده‌ڵێت ( من له‌م شاره‌دا خۆم به‌غه‌ریب نازانم ئه‌ڵێی تێیدا ژیاوم ، كرماشان شارێكی كوردستانییه و زۆریش شیوه‌ی كه‌ركوك ئه‌دات)(4).
هونه‌رمه‌ند و مامۆستا عه‌لی مه‌ردان تا توانی خزمه‌تی به‌هونه‌ری نه‌ته‌وه‌كه‌ی كرد، به‌داخه‌وه له‌ساڵی (1980) دوای ئه‌و هه‌موو ساڵه زه‌حمه‌ت و تێكۆشانه هونه‌رییه ، دووچاری نه‌خۆشیی ده‌بێت و هه‌ڵكشانی ته‌مه‌ن و نه‌خۆشیی كه‌نه‌فتی ده‌كات و به‌ڵام هه‌میشه حه‌زو ئاره‌زوو و خولیای خزمه‌تكردن و سه‌ركه‌وتنی هونه‌ریی كوردی بووه، بورهان قانع ده‌ڵێـت( چه‌نده‌ها جار له خۆیم بیستووه و وتوویه‌تی : بۆیه حه‌ز ئه‌كه‌م زۆر بژیم بۆئه‌وه‌ی بتوانم زۆرتر خزمه‌تی هونه‌ری گۆرانی كوردی بكه‌م) (5).
له‌ماوه‌ی ژیانی هونه‌ریدا گه‌لێك جار خه‌ڵات كراوه‌و و بڕوانامه‌ی ڕێزلێنانی پێ به‌خشراوه،
به‌داخه‌وه كاتێك به‌خزمه‌تی گه‌یشتم ته‌مه‌نی هه‌ڵكشا بوو و هه‌روه‌ها نه‌خۆشیش بوو توانای ئاخاوتنی نه‌بوو زۆر بێهێز و لاواز بوو، له‌یادمه له‌ڕێكه‌وتی (14/5/1981) دوایین سه‌ردانی هونه‌رمه‌ندو مامۆستای مه‌قام و گۆرانی كوردی عه‌لی مه‌ردان بۆ شاری سلێمانی به‌یاوه‌ری هونه‌رمه‌ند (حسێن عه‌لی، 1925_18/7/1991) و كاك عه‌بدولقادری كوڕی له‌و ڕێكه‌وته كۆڕێك بۆ مامۆستا عه‌لی مه‌ردان هۆڵی نه‌قابه‌ی كرێكارانی سلێمانی سازكرا ، به‌هاوكاری به‌ڕێزان ئازاد عه‌بدولواحید ، مه‌حمود زامدارو كه‌مال ڕه‌ووف و مامۆستا ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داخی ، له‌كۆڕه‌كه‌دا به‌داخه‌وه مامۆستا عه‌لی مه‌ردان باری ته‌ندروستی زۆر خراپ بوو نه‌یده‌توانی قسه بكات وه هه‌روه‌ها هونه‌رمه‌ندی گه‌وره حسێن عه‌لی قاچی شكابوو لهگهچدا بوو ) وبه‌داخه‌وه ئه‌و دواین گه‌شتی بوو بگه‌ڕێته‌وه كوردستان،
ئه‌گه‌ر چی مامۆستا عه‌لی مه‌ردان هونه‌رمه‌ندێكی نه‌خوێنه‌ده‌وار بوو، به‌ڵام زۆر خزمه‌تی بهنهتهوهكهی كرد و تێكۆشا، هونه‌ره به‌رزه‌كه‌ی بۆته ناسنامه‌ی گه‌وره‌ترین مه‌قامبێژی گه‌لی كورد له‌سه‌ده‌ی بیسته‌مه‌وه تائێستا،
به‌داخه‌وه ئه‌و هونه‌رمه‌ند و مامۆستا مهقامبێژهی كورد ، مامۆستا عه‌لی مه‌ردان له به‌ره‌به‌یانی ڕۆژی هه‌ینی ، ڕێكه‌وتی (24/7/1981) له‌نه‌خۆشخانه‌ی ( ابن النفیس) ی شاری به‌غداد ، چاوه‌كانی بۆهه‌میشه داده‌خات و ژیانئاوایی له مه‌قام و به‌سته و هونه‌ر و جگه‌رگۆشه‌كانی كرد، مامۆستا عه‌لی مه‌ردان له‌گه‌ڕه‌كی بهرتهكیه له‌شاری كه‌ركووك له‌دایكبووه، به‌ڵام له‌مێژبوو له ژیانیدا ئاواتی بوو بۆ هه‌میشه ته‌رمه‌كه‌ی بێته‌وه گرده‌كه‌ی سه‌یوانی شاری سلێمانی ، گۆڕستان و جێ نزرگه‌ی هونه‌رمه‌ندان و شاعیران و ڕۆشنبیران و نووسه‌ران و كه‌سایه‌تی و تێكۆشه‌رانی كورد بووه، ئه‌ویش هیوا و ئاواتی بووه له‌ته‌ك ئه‌و كه‌ڵه مرۆڤانه‌دا بخرێته ناوئامێزی خاكی پیرۆزی كوردستانه‌وه، به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌و ڕۆژه (24/7/1981) ته‌رمه‌كه‌ی به‌ره‌و كوردستان به‌ڕێده‌خه‌ن و له‌گۆڕستانی شێخ محێدین له شاری كه‌ركووك ئه‌سپه‌رده‌ی خاكی پیرۆزی كوردستانی ده‌كه‌ن.
دروود و سڵاو بۆ گیانی پاكی ئه‌و هونه‌رمه‌نده به‌رزو نه‌مره‌ی تا مه‌قام و به‌سته بوونی هه‌بێت ، مامۆستا عه‌لی مه‌ردان بوونی هه‌یه‌و خۆیی و هونه‌ره‌كه‌ی زیندووه.
جه‌مالی ده‌لاك 24/7/2023 هه‌ولێر .
سه‌رچاوه:
(1 و 4) كتێبی _ گه‌ڵای پایز ، بیره‌وه‌ری عه‌لی مه‌ردان ، ئاماده‌كردنی عه‌بدولقادر عه‌لی مه‌ردان ، (191).
).
بیره‌وه‌رییه‌كانی كاك محه‌مه‌دی كه‌مانگه‌ر
لاپه‌ڕه (311 )
تێبینی / مامۆستا عەلى مەردان خۆى دەفەرموێت مانگى 8/1962 سەفەرم کرد بۆ ئێران .
(2 و3 و5)كتێبی گۆرانیه‌كانم ، عه‌لی مه‌ردان ، به‌رگی یه‌كه‌م ، لاپه‌ڕه ( 6 و 15).
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.