لە رۆژی رابردووەوە پێدانی موڵەتی چەك لە هەرێمی كوردستان كۆتاییهاتووە، و وتەبێژی پۆلیسی هەرێمی كوردستانیش دەڵێت: لە ئەمڕۆوە هەر چەكێكی بێ مۆڵەت دەستی بەسەردا بگیرێت وەكو قاچاخ مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت.
موقەدەم كارزان ئەمیر، وتەبێژی پۆلیسی هەرێمی كوردستان بە كوردستان تیڤی راگەیاند: "دوێنێ پێدانی مۆڵەت بە چەك كۆتاییهات و لە ئەمڕۆوە هەر چەكێكی بێ مۆڵەت دەستی بەسەردا بگیرێت وەكو چەكی قاچاخ مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت و خاوەنەكەی رووبەڕووی یاسا دەكرێتەوە".
موقەدەم كارزان ئەمیر ئاماژەی بەوەشكرد، ئاماری وردی چەكی تۆماركراوی هەرێمی كوردستانیان هێشتا بەدەست نەگەیشتووە، بەڵام زۆرترین چەك لە سنووری پارێزگای دهۆك و كەمترینیش لە پارێزگای سلێمانی تۆمار كراوە.
جێگای ئاماژەیە تا ئێستا مۆڵەتی تۆماركردنی چەكی بێموڵەت درێژنەكراوەتەوە، لەوبارەیەوە وتەبێژی پۆلیسی هەرێم لەكاتی بەشداریكردنی لە هەواڵەكانی كاتژمێر 3:30 رۆژی رابردووی كوردستان تیڤی، پشتراستی كردەوە كە ماوەی پێدانی مۆڵەتی چەك درێژناكرێتەوە.
شایانی باسە پۆلیسی هەرێمی كوردستان لە رێگەی 90 بنكەوە چەكی هاونیشتمانییانی تۆمار دەكرد. دوێنێ-ش 21ـی تەممووزی 2023 تاوەكو شەو دەرگای بنكەكانی پۆلیس بۆ تۆماركردنی چەك وەكو دوایین رۆژی پێدانی مۆڵەت كراوەبوون.
لە ئەمڕۆوە هەر چەكێكی بێ مۆڵەت دەستی بەسەردا بگیرێت خاوەنەكەی رووبەڕووی یاسا دەكرێتەوە
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.