Erbil 4°C پێنجشەممە 28 تشرینی دووەم 21:41

حكوومه‌تی سوێد: كارمه‌ندانی باڵیۆزخانه‌كه‌مان له‌ به‌غدا به‌سه‌لامه‌تی گه‌یشتنه‌وه‌‌ ستۆكهۆڵم

کوردستان TV
100%

ئه‌مڕۆ هه‌ینی حكوومه‌تی سوێد به‌فه‌رمی گواستنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م كارمه‌ندانی باڵیۆزخانه‌ی وڵاته‌كه‌ی له‌ شاری به‌غدا بۆ ستۆكهۆڵم به‌سه‌لامه‌تی ڕاگه‌یاند.

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی سوێد بڵاوی كرده‌وه‌: ئه‌مڕۆ هه‌ینی سه‌رجه‌م كارمه‌ندانی باڵیۆزخانه‌ی سوێد له‌ شاری به‌غدا به‌ سه‌لامه‌تی گواسترانه‌وه‌ بۆ شاری ستۆكهۆڵم.

بڵاویشی كرده‌وه‌: گواستنه‌وه‌ی ئه‌م كارمه‌ندانه‌ به‌شێوه‌ی كاتییه‌ و به‌هۆكاری ئه‌منییه‌وه‌یه‌.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ به‌ره‌به‌یانی دوێنێ پێنجشه‌م باڵیۆزخانه‌ی وڵاته‌كه‌ له‌ شاری به‌غدا له‌لایه‌ن خۆپیشانده‌رانه‌وه‌ هێرشی كرابووه‌ سه‌ر و سوتێنرا، وه‌ك ناڕه‌زایه‌تییه‌ك به‌رامبه‌ر به‌ دووباره‌بوونه‌وه‌ی هه‌وڵی بێڕێزیكردن و سوتاندنی قورئارنی پیرۆز له‌لایه‌ن په‌نابه‌رێكی عێراقییه‌وه‌ له‌ شاری ستۆكهۆڵمی پایته‌ختی ئه‌و وڵاته‌.

هه‌ر دوێنێ پێنجشه‌م محه‌مه‌د شیاع سوودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق فه‌رمانی كرد له‌ زووترین كاتدا كارمه‌ندانی باڵیۆزخانه‌ی سوێد شاری به‌غدا جێبهێڵن، هه‌روه‌ها داوای له‌ هه‌ڵسوڕاوانی باڵیۆزخانه‌ی وڵاته‌كه‌شی له‌ شاری ستۆكهۆڵم كرد بگه‌ڕێنه‌وه‌ وڵات.

ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی حكوومه‌تی عێراق هه‌ربه‌وه‌نده‌شه‌وه‌ نه‌وه‌ستا و به‌ فه‌رمانێك بڕیاری دا ڕێگری له‌ سه‌رجه‌م كۆمپانیا سوێدییه‌كان بكات له‌سه‌ر خاكی عێراق كار بكه‌ن له‌نێویشیاندا كۆمپانیای ئیریكسۆن كه‌ كۆمپانیایه‌كه‌ له‌ بواری په‌یوه‌ندییه‌كاندا كار ده‌كات.

هه‌موو ئه‌مانه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌وه‌ بوو كه‌ دوێنێ پێنجشه‌م په‌نابه‌رێكی به‌ڕه‌گه‌ز عێراقی به‌ناوی سه‌له‌وان مۆمیكا له‌ شاری ستۆكهۆڵمی پایته‌ختی وڵاتی سوێد بۆ دووه‌مجار بێڕێزی به‌رامبه‌ر به‌‌ كۆپییه‌كی قورئانی پیرۆز و هه‌روه‌ها ئاڵای عێراق‌ كرد، پێشتریش له‌ رۆژی 28ی حوزه‌یرانی ڕابردوو هه‌مان كاری ئه‌نجامدابوو.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.