Erbil -1°C ھەینی 29 تشرینی دووەم 07:34

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بڕیارێكی گرینگی سه‌رۆكی حكومه‌ت لەبارەی زمانی كوردییه‌وه‌ جێبەحێ دەكات

کوردستان TV
100%


زمانی سەرەكیی هەر شوێنێكی بازرگانی لە هەرێمی كوردستاندا كوردی نەبێت، ڕێوشوێنی یاسایی بەرامبەر دەگیرێتە بەر، ئەمەش لە دوای بڕیاری  مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە دەبێت بایەخی زیاتر بە زمانی شیرینی كوردی بدرێت.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، نووسراوی فەرمیی بۆ دەستەی گەشتوگوزار، بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆ، بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكان و سەرۆكایەتییەكانی شارەوانیی هەمووی وەزارەت كرد، ڕێوشوێنی یاسایی بگرنە بەر بۆ پابەندبوون بە بڕیاری جەنابی سەرۆكی حكوومەت ژمارە (605 لە 21/3/2023). لە نووسراوەكەشدا داوا لە هەموو فەرمانگەكان كراوە كە كاری پێویست بكرێت و لە ئەنجامەكەشی ئاگاداری وەزارەت بكرێتەوە.
هەموو فەرمانگەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، ڕاستەوخۆ پاش ئەو بڕیارە، ڕێوشوێنی یاسایییان بە پشتبەستن بە یاسای زمانە فەرمییەكان لە هەرێمی كوردستان/ عێراق ژمارە (6)ی ساڵی 2014 گرتووەتە بەر، هەر وەك چۆن لە نووسراوەكەی وەزیری شارەوانیشدا ئاماژەی پێ كراوە كە دەبێت نووسینی تابلۆ بە كوردی لە سەرجەم دامەزراوە حكوومی و ناحكوومییەكاندا هەبێت، هەروەها لە هۆتێل و شوێنە گەشتیاری و ڕیستۆرانتەكاندا دەبێت گرینگی بە زمانی كوردی بدرێت و لیستی خواردن و ڕێبەر و ڕێنمایییەكان بە زمانی كوردییش هەبن.
لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، تەنیا لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر، زیاتر لە 600 شوێنی بازرگانی كە بەهۆی پابەندنەبوونیانەوە ئاگەدار كراونەتەوە و پاش وەرگرتنی ماوەیەكی مۆڵەت بۆ ئەوەی تابلۆكانیان بكەنە كوردی، زۆربەیان چاكیان كردووە و نزیكی 130 شوێنیش بەهۆی پابەندنەبوونەوە ڕێوشوێنی یاساییان لەگەڵدا گیراوەتە بەر. ئەم كارە لەسەر ئاستی هەموو شارەوانییەكانی تری كوردستان دەكرێت و پرۆسەكە بەردەوامە. هەروەها شوێنە گەشتیارییەكان و چێشتخانە و هۆتێلەكان، پابەند كراون.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.