Erbil -0°C ھەینی 29 تشرینی دووەم 07:55

نێچيرڤان بارزانى و سه‌رۆكى ئازه‌ربايجان جه‌خت له‌ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كان ده‌كه‌نه‌وه‌

کوردستان TV
100%

پاش ئه‌وه‌ى به‌ سه‌ردانێكى فه‌رمى گه‌يشته‌ باكوى پايته‌ختى ئازه‌ربايجان، نيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2023/7/18  نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌لايه‌ن ئيلهام عه‌ليێڤ سه‌رۆكى ئازه‌ربايجانه‌وه‌ له‌ كۆشكى كۆمارى به‌ گه‌رمى پێشوازى لێكرا.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كى دۆستانه‌ى دووقۆڵيدا هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى ئازه‌ربايجان له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا كرده‌وه‌، به‌تايبه‌تى له‌ بوارى ئابوورى و بازرگانى و گه‌شتيارى و وزه‌دا و ده‌رفه‌تى وه‌به‌رهێنان و سه‌رمايه‌گوزارييان بۆ كۆمپانياكانى ئازه‌ربايجان له‌ هه‌رێمى كوردستان و ته‌واوی عێراق تاوتوێ كرد.

هه‌ر له‌مباره‌يه‌وه‌ جه‌خت له‌ گرنگيى كردنه‌وه‌ى كونسلخانه‌يه‌كى گشتيى ئازه‌ربايجان له‌ هه‌رێمى كوردستان كرايه‌وه‌ كه‌ پێشتر بڕيارى لێدراوه‌ و باسى ڕێكاره‌كان كرا بۆ ئه‌وه‌ى له‌ داهاتوويه‌كى نزيكدا بكرێته‌وه و كار بكات بۆ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كان و هاريكاريى هاوبه‌شى هه‌ردوولا‌.

هه‌روه‌ها دوايين ڕێكار و هه‌نگاوه‌كانى گه‌شتى ڕاسته‌وخۆى ئاسمانيى هه‌ولێر ـ باكو و باكو له‌گه‌ڵ به‌غدا و چه‌ند ناوچه‌يه‌كى ديكه‌ى عێراق و ئاسانكارى بۆ پێدانى ڤيزا و ئاڵوگۆڕى سه‌ردان و شانده‌كانى هه‌ردوولا، خرايه‌ به‌ر باس.

پاشان له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كى ديكه‌دا كه‌ به‌ ئاماده‌بوونى شاندى هه‌ردوولا و به‌شداريى به‌ڕێز هه‌ڵسووڕێنه‌رى كاروبارى باڵيۆزخانه‌ى عێراق له‌ باكو به‌ڕێوه‌ چوو، كه‌ناڵه‌كانى په‌يوه‌ندى و ڕێكاره‌كانى به‌دواداچوونى ته‌وه‌ره‌كانى كۆبوونه‌وه‌ى هه‌ردوو سه‌رۆك بۆ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كان، تاوتوێ كران و بڕيارى پێويستيان له‌باره‌وه‌ درا.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.