Erbil 25°C دووشەممە 23 ئەیلوول 00:31

گوتەبێژی كرملین :سكاڵا لە دژی دامەزرێنەری كۆمپانیای ئەمنیی ڤاگنەر دادەخرێت 

کوردستان TV
100%

گوتەبێژی كرملین، رایگەیاند كە سكاڵای دژی دامەزرێنەری كۆمپانیای ئەمنیی ڤاگنەر، یەڤگینی پریگۆژین دادەخرێت و گوتیشی: پریگۆژین دەچێتە بێلاڕووس.
دێمیتری پپێسكۆڤ، گوتەبێژی كرملین، لەبارەی یاخیبوونی گرووپی ڤاگنەر لە بەرامبەر ئیدارەی رووسیا لێدوانی بۆ رۆژنامەنووسان دا.
پێسكۆڤ ئاماژەی بەوە كرد كە بە درێژای رۆژ پەیوەندی تەلەفۆنی لە نێوان سەرۆكی رووسیا، ڤلادمێر پوتین و سەركۆماری بێڵارووس، ئەلێكساندر لوكاشێنكۆ ئەنجامدراوە و راشیگەیاند "ھەردوو سەرۆكەكە، ھاوڕابوون لەسەر ھەوڵەكانی نێوەندگیری لوكاشێنكۆ بۆ چارەسەركردنی دۆخەكە. 
پێسكۆڤ جەختی لەوەشكردەوە كە ئەلێكساندر لوكاشێنكۆ نزیكەی 20 ساڵە پریگۆژین دەناسێت و گوتیشی: ئەمە داواكاری كەسیی لوكاشێنكۆ بوو. ئەمە داواكارییەش لەلایەن پوتینەوە قبوڵكرا. سوپاسی سەركۆماری بێڵارووس دەكەین لەمەڕ چارەسەركردنی كێشەكە بە بێ زیان و بەرزبوونەوەی ئاستی گرژییەكە.
پێسكۆڤ ئاشكراشی كرد كە چاودێری ئەو جەنگاوەرانەی ڤاگنەر ناكرێت كە بەشداریان لە یاخیبوونەكەدا كردووە و رێزیان لێدەگیرێت بەھۆی ئەو قارەمانێتییەی كە لە پێكدادانەكاندا نیشانیان داوە.
گوتەبێژی كرملین لەبارەی چارەنووسی پریگۆژین (دامەزرێنەری ڤاگنەر) گوتی: سكاڵای دژی پریگۆژین دادەخرێت، پریگۆژین دەچێتە بێلاڕووس.
یەڤگینی پریگۆژین، دامەزرێنەری كۆمپانیای ئەمنیی ڤاگنەر، ، سوپای رووسیای بەوە تاوانبار كردبوو كە ھێرشی كردووەتە سەر ڤاگنەر و ھەڕەشەی تۆڵەكردنەوەی كردبوو. چەكدارانی ڤاگنەر ئۆكراینایان جێھێشتبوو و چووبوونە نێو ناوچەی رۆستۆڤ لەسەر سنوور.
لە بەرامبەر ئەمەدا دەزگای ئاسایشی فیدراڵی رووسیا، بە تاوانی یاخیبوونی چەكداریی سكاڵای تۆماركردبوو.ھاوكات ڤلادیمیر پوتین، سەرۆكی رووسیا، یاخیبوونەكەی ڤاگنەری بە "ناپاكی لە نیشتمان" ناوبردبوو.
لەلایەكی دیكەوە بە گوێرەی رۆژنامەی واشنتن پۆست ،دەزگا هەواڵگرییەكانی ئەمەریكا لە ناوەڕاستی مانگی ئایاردا، هەندێك ئاماژەیان بۆ دەركەوتووە كە یەڤگینی پریگۆژین ،سەرۆكی گروپی ڤاگنەر،  پلانی كردەوەی چەكداریی لەدژی وەزارەتی بەرگری ڕوسیا دادەڕێژێت.
هەروەها ئەو خاڵانەی لە ڕێككەوتنەكەی نێوان ڤاگنەر و رووسیا هاتووە بریتییە لە:
1-بەشێك لەو چەكدارانەی "ڤاگنەر" كە سەرەتا ئامادە نەبوون بەشداری لە "كەمپین"ەكەی پریگۆژین بكەن، دەرفەتی ئەوەیان دەبێت بچنە ڕیزەكانی هێزە چەكدارەكانی ڕووسیا و گرێبەست لەگەڵ وەزارەتی بەرگری ڕووسیا بكەن.
2- هیچ لێپێچینەوەیەكی یاسایییان لەسەر نابێت.
 3- هێزەكانی ڤاگنەر دەگەڕێنەوە بۆ كەمپەكانیان.
4-ئەو بەشەی كە نایەوێت بگەڕێتەوە بۆ بارەگا و كەمپەكان، ڕێككەوتن لەگەڵ وەزارەتی بەرگری ڕوسیا واژۆ دەكات.
5-داخستنی دۆسیەی تاوانی پریگۆژین و ئەویش بەرەو بێلاڕوس بەڕێدەكەوێت.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.