مافی میوانداریکردنی جامی کۆنیفای 2024ـی نێوان هەرێمەکان، بە کوردستان بەخشرا و یەکێتیی تۆپی پێی کوردستانیش دەڵێت، یارییەکان لە یاریگاکانی کوردستان بەڕێوەدەچن.
شوان عەزیز، بەرپرسی ڕاگەیاندنی لیژنەی ئۆڵۆمپی کوردستان، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕاگەیاند: یارییەکانی ئەو پاڵەوانەتییە لە یاریگاکانی سلێمانی، هەولێر، دهۆک و زاخۆ بەڕێوەدەچن.
مانگی ئاداری ئەمساڵ (٢٠٢٣) شاندێکی کۆنیفا سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد، بۆ ئاگەداربوون لە دۆخی ئەمنی و یاریگاکانی کوردستان، دوای هەڵسەنگاندنی دۆخەکە، بڕیاردرا مافی میوانداریکردنی جامەکە بە کوردستان ببەخشرێت.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری، لەگەڵ جەلال سەعید، گوتەبێژی یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان قسەی کرد و گوتی: لە ناوەڕاستی ساڵی داهاتوو (2024) یارییەکان دەستپێدەکەن و 16 هەرێم بەشداری دەکەن.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری پێشتر زانیویەتی، 8 هەرێم داوای میوانداریکردنی پاڵەوانەتییەکەیان کردبوو، بەڵام دواجار مافی میوانداریکردنی چوارەمین وەشانی جامەکە بە هەرێمی کوردستان بەخشرا.
لەبارەی ئامادەکارییەکان بۆ پێشوازیکردن لە هەڵبژاردەی هەرێمەکان و ئامادەیی یاریگاکانی کوردستان، بەرپرسی ڕاگەیاندنی لیژنەی ئۆڵۆمپی گوتی: ئامادەکاریی تەواو دەکرێن و لە ئامادەباشیدا دەبین بۆ هەر ئەگەرێک.
کۆنیفا، ڕێکخراوێکی جیهانیی قازانج نەویستە و پشتگیری لە ھەڵبژاردەکانی تۆپی پێی هەرێمەکان دەکات. لە مانگی حوزەیرانی ساڵی2013دامەزراوە و یەکەم پاڵەوانەتیش لە مانگی حوزەیرانی ساڵی2014بە بەشداریی 12 هەڵبژاردە لە سوید بەڕێوەچوو.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.