Erbil 18°C یەکشەممە 24 تشرینی دووەم 19:33

ئەردۆغان: تا ئێستا 912 هاووڵاتیيمان گیانیان لەدەستداوە و زیاتر له‌ 5 هەزار كه‌سیش بریندارن

کوردستان TV
100%


سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند به‌ره‌به‌یانی ئه‌مرۆ دووشه‌ممه‌ 6ى2ى2023، گەورەترین کارەسات ولاتەکەمانی هەژاندووە کە دوای بوومەلەرزەکەی ساڵی 1939ی سەدەی رابردووی ئەرزینجان گەورەترین کارەساتە و راشیگەیاند: تا ئێستا 912 هاووڵاتیمان گیانیان لەدەستداوە، پێنج هەزار و 385 هاووڵاتیشمان برینداربوون. ژمارەی ئەو کەسانەی لە ژێر داروپەردووی بینا رووخاوەکاندا رزگارکراون گەیشتووەتە دوو هەزار و 470. ژمارەی بینا رووخاوەکانیش دوو هەزار و 818 بینایە.

بەمەبەستی هەماهەنگیی کارەکانی لەبارەی ئەو بوومەلەرزەیەی بە گوڕی 7،7 پلە قەزای پازارجیکی پارێزگای مەڕەشی هەژاند و 10 پارێزگای دیکەشی گرتەوە، سەرکۆماری تورکیا ئەردۆغان، گەیشتە سەرۆکایەتی ئیدارەدانی کارەسات و باری لەناکاوی وڵاتەکەی (ئافاد).

ئەردۆغان باسی لەوە کرد کە بوومەلەرزەکە لە قوڵایی حەوت کیلۆمەتر توێکڵی زەوی روویداوە و رایگەیاند: بوومەلەرزەکە لە پاڵ مەڕەش لە پارێزگاکانی هاتای، عەنتاب، کیلیس، عوسمانیە، ماڵاتیا، ئادیامان، دیاربەکرد، ئورفا، ئادانا زیانی لێکەوتەوە.

گوتیشی: لە ساتەوەختی بوومەلەرزەکەوە دەوڵەتەکەمان لەگەڵ تەواوی دام و دەزگاکان لە هەوڵدایە. پارێزگاکانمان هەموو توانایەکی خۆیان خستووەتەگەڕ.

سەبارەت بە هەڵمەتی بەهاناوەچوونی لێقەوماوان و کارەکانی گەڕان و رزگارکردن، ئەردۆغان باسی لەوە کرد کە لە پاڵ پارێزگارەکانی ئەو پارێزگایانەی رووبەڕووی کارەساتەکە بوونەتەوە، 10 پارێزگاری دیکەش راسپێردراون کاریان لەگەڵ بکەن و، رایگەیاند: لە ئێستادا نۆ هەزار کارمەند سەرقاڵی کارەکانی گەڕان و رزگارکردنن، لەگەڵ گەیشتنی کەسانی دەرەوە بە ناوچەکە ئەو ژمارەیە بەردەوام زیاد دەکات.

لەبارەی زیانە گیانییەکانی بوومەلەرزەکە، سەرکۆماری تورکیا ئەردۆغان رایگەیاند: تا ئێستا 912 هاووڵاتیمان گیانیان لەدەستداوە، پێنج هەزار و 385 هاووڵاتیشمان برینداربوون.

راشیگەیاند: لەو پارێزگایانەی کە بوومەلەرزەکە زیانی زۆری پێگەیاندوون، کارەکانی دۆزینەوە و رزگارکردنی ئەو هاووڵاتیانەمان درێژەی هەیە کە کەوتوونەتە ژێر داروپەردووی رووخاوی بیناکان.

سەرکۆماری تورکیا، ئەوەشی خستەڕوو کە ژمارەی ئەو کەسانەی لە ژێر داروپەردووی بینا رووخاوەکاندا رزگارکراون گەیشتووەتە دوو هەزار و 470 ژمارەی بینا رووخاوەکانیش دوو هەزار و 818 بینایە.

هەروەها سەرکۆماری تورکیا ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کرد کە لەلایەن وڵاتانی جیهانەوە پەیوەندیان پێوە کراوە بۆ گەیاندنی هاوکاری و، رایگەیاند: پەیوەندی لەگەڵ وڵاتەکەمان بەستراوە بۆ هاوکاری نێودەوڵەتی. لە پاڵ ناتۆ و یەکێتیی ئەورووپا 45 وڵات داوایان کردووە هاوکاریمان بکەن.

تورکیا

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.