ناوچه‌ی كه‌ڵهوڕ به‌گشتی و شاری كرماشان گه‌وره شاری كوردنشینی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، خاوه‌نی گه‌لێك شاعیر و ڕۆشنبیر و ده‌نگخۆش و هونه‌رمه‌ندی گۆرانیبێژ و ژه‌نیاری به‌توانا و ناوداره، هه‌ریه‌ك له‌و كه‌سایه‌تیانه خزمه‌تێكی گه‌وره‌یان به‌فه‌رهه‌نگ و كه‌لتوور و ئه‌ده‌ب و هونه‌ری ناوچه‌كه‌و كوردستان كردووه،
له‌م شاره كوردنشینه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان كه زێدی گه‌لێك له هونه‌رمه‌ندانی ده‌نگخۆشه ، ده‌نگ و هونه‌ره‌كه‌یان له‌ڕێی ڕادیۆی كرماشانه‌وه بوونه‌ته میوانی هه‌موو ماڵه كوردێكی كوردستان،
یه‌كێك له‌و هونه‌رمه‌نده ده‌نگ خۆڕسك و خاوه‌ن ده‌نگێكی ناسك و جوانتر و ئارامتر له سروشت و خاوه‌نی به‌هره‌یه‌كی په‌روه‌ردگاری ، ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ی نزیكه‌ی (30) ساڵ له‌ڕێی به‌هره‌و ده‌نگه ناسكه‌كه‌یه‌وه به‌هاوكاری هونه‌رمه‌ندانی ژه‌نیاری ڕادیۆی كرماشان ، بهچریكهی پڕسۆزی ئهویندارانهیهوه خزمه‌تی به گه‌نجینه‌ی ئاواز‌و گۆرانی كوردی كردووه، هه‌رچه‌نده به‌رهه‌مه هونه‌رییه‌كانی زۆرن، به‌ڵام گۆرانی ( كۆرپه‌ی شیرینم) پێشه‌نگ و سه‌رتۆپی به‌رهه‌مه ناوازه‌كانیه‌تی و له‌م گۆرانییه‌دا هونه‌رمه‌ند ( حیشمهتوڵڵالوڕ نه‌ژاد) شاكارێكی نواندووه، كه بۆهه‌میشه بۆته جێی یاده‌وه‌ریی بۆ گوێ‌گران و بیسه‌رانی ده‌نگه به‌سۆزو پڕ هه‌ست بزوێنه‌كه‌ی.
هونه‌رمه‌ند حیشمه‌توڵڵا لوڕ نه‌ژاد، كوڕی ( فهتحوڵڵالوڕنهژاد) ه، له‌ناوچه‌ی( عه‌لاف خانه) ی گه‌وره‌ترین شاری ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان ، شاری ( كرماشان) له‌ساڵی (1947) له‌خانه‌واده و بنه‌ماڵه‌یه‌كی ده‌نگخۆش هاتۆته دنیاوه، له‌وڕۆژه‌وه‌ی هه‌ستی به‌گه‌رماو سه‌رماو چێژ و بیستن كردووه، گوێكانی گۆشكراون به‌ده‌نگی خۆشیی باوك و باپیری و هونه‌رمه‌ندانی ناوچه‌و شاره‌كه‌ی. ده‌توانین بڵێین حیشمه‌توڵڵا لوڕنه‌ژاد گه‌وره‌ترین سامانێك كهبهمیرات بۆی ماوه‌ته‌وه ده‌نگ وسه‌دای ته‌نبوور و ده‌نگی خۆشی باوك و باپیری بووه.
هونه‌رمه‌ند له‌م ژینگه هونه‌رییه‌دا به كاریگه‌ریی ده‌نگ و هونه‌ری به‌رزی هونه‌رمه‌ندان ( سه‌یدعه‌لی ئه‌سغه‌ری كوردستانی ، عه‌لی مه‌ردان ، تایه‌ر تۆفیق و حه‌سه‌ن زیره‌ك) گه‌شه‌ده‌كات، ڕۆژبه‌ڕۆژ ڕۆحی به هونه‌ری مۆسیقا و ده‌نگی خۆش و گۆرانییه فۆلكلۆرییه پڕ چێژه‌كانی ناوچه‌كه‌و شاری كرماشان ئاشناده‌بێت و ، ئه‌ویش هه‌ستێكی هونه‌ریی له ناخ و جه‌سته‌یدا به‌دی ده‌كات و د‌رك به‌ده‌نگخۆشیی خۆی ده‌كات،
به‌داخه‌وه له‌به‌رنه‌بوونی سه‌رچاوه‌ی زیاتر له‌سه‌ر ژیانی هونه‌رمه‌ند نادیده‌یه و به‌ووردی وتوێژی له‌گه‌ڵدا نه‌كراوه‌و ژیاننامه‌ی هونه‌رمه‌ند به‌تێروته‌سه‌لی نه‌كه‌وتۆته به‌رچاوی خوێنه‌ران و، بۆمان ڕۆشن نه‌بووه‌وه كه هونه‌رمه‌ند تا چ ئاستێك درێژه‌ی به‌خوێندن داوه، بێگومان له‌به‌رئه‌وه‌ی ماوه‌ی چه‌ندین ساڵ كارمه‌ندی میری بووه، دیاره كه قۆناغه‌كانی خوێندنی ته‌واو كردووه.
هه‌ستی هونه‌ریی له ڕۆحی حیشمهتوڵڵالوڕنهژاد گه‌شه‌ده‌كات و چیتر ناتوانێ ئه‌و هه‌سته هونه‌رییه‌و تواناچڕینهی گۆرانی خوێندن خه‌فه‌و خامۆش كات ، له‌ته‌مه‌نی (17) ساڵیدا، ساڵی (1964) ڕووده‌كاته ڕادیۆی كوردی كرماشان، ئهوڕادیۆیهی له‌ڕێی شهپۆلهكانییهوه ، وێژه‌و هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی به‌شێوه‌یه‌كی به‌رفراوان ده‌گه‌یانده هه‌موو ماڵه كوردێك و ته‌لیسمی سنووری ده‌ستكردی تێكده‌شكاند و هه‌میشه له‌ڕێی به‌رنامه‌كانیه‌وه خۆشیی و شادی ده‌به‌خشیی و گوێكرهكانی به‌تامه‌زرۆییه‌وه گوێبیستی به‌رنامه‌كان و ده‌نگی به‌سۆز و زوڵاڵی هونه‌رمه‌ندان ده‌بوون، ده‌بێ ئه‌وه‌ش بڵێم به‌رنامه شیرینه‌كانی له‌ڕووی ناوه‌رۆكه‌وه له‌ئاستێكی به‌رزدا بوون و سه‌رنجی زۆری بیسه‌رانی له‌شاره‌كانی باشووری كوردستانی بۆلای خۆی ڕاكێشاوه، كه‌واته ڕادیۆی كرماشان خاوه‌نی مێژوویه‌كی سه‌نگین و گه‌شاوه‌ی هه‌یه له‌دیرۆكی ڕاگه‌یاندن و وێژه‌و هونه‌ری كوردیدا، ( ڕادیۆ كرماشان جێگای له‌دایكبوون و گه‌شه‌ی به‌شی گرینگی مێژووی مۆسیقای كوردییه ، زۆرێك له له‌گۆرانیبێژان و ژه‌نیاران و ئاوازدانه‌ران و هه‌روه‌ها شاعیرانی كورد له‌ڕادیۆ كرماشان گه‌یشتنه لوتكه، به‌دڵنیاییه‌وه ده‌توانین بێژین كه‌به‌بێ ڕادیۆ كرماشان ، مۆسیقای كوردی به‌شێكی گه‌وره‌ی له سه‌رمایه‌ی خۆی له‌ده‌ست دابوو) (1).
له‌و ته‌مه‌ندا هونه‌رمه‌ند به‌هاوكاری هونه‌رمه‌ندانی تیپی ئۆركێسترای ڕادیۆی كرماشان ، گۆرانی تۆمارده‌كات، هونه‌رمه‌ند جیا له‌وه‌ی ئاشنا بووه به به‌رهه‌می شاعیرانی ناوچه‌كه‌و كوردستان ، به‌ڵام زۆر سوودی له‌هۆنراوه‌كانی براكه‌ی( یه‌دوڵڵای لوڕنه‌ژاد) ناسراو به( شه‌یدای كرماشانی) وه‌رگرتووه،
( شه‌یدای كرماشانی) شاعیر برای هونه‌رمه‌ند ، شاعیر و خاوه‌ن خامه‌یه‌كی هه‌ست جوان و باڵا بووه هاوشێوه‌ی شاعیرانی كرماشان وه‌ك( شامی كرماشانی و لاهووتی كرماشانی) كه خاوه‌نی مێژوویه‌كی به‌رزی ئه‌ده‌ب و شیعرن له شاری كرماشان.
هونه‌رمه‌ند یه‌كه‌م به‌رهه‌مێك له‌ڕادیۆی كرماشان له‌گه‌ڵ ئۆركێسترای ڕادیۆی كرماشان خوێندوویه‌تی و تۆماری كردووه، ئاوازی خۆیی و هۆنراوه‌ی( شه‌یدای كرماشانی) برای بووه.
كاتێك ده‌نگه به‌سۆزه‌كه‌ی حیشمهتوڵڵالوڕنهژاد له‌ڕێی ڕادیۆی كرماشانه‌وه په‌خشكراو و كه‌وته به‌ر گوێ و هه‌ستی ئاره‌زوومه‌ندانه‌ی هونه‌ری گوێ‌گران ، زۆر زوو ده‌نگه خۆشه‌كه‌ی كه‌وته به‌ردڵان و خۆی و هونه‌ره‌كه‌ی به‌جه‌ماوه‌ر ناساند و، هه‌روه‌ها له‌ڕێی هونه‌ره‌كه‌یه‌وه بووه هاوڕێ و هاوه‌ڵ و هاوپیشه‌ی هونه‌رمه‌ندانی ئه‌وكاتی زێده جوانهكهیی و هونه‌رمه‌ندانی ڕادیۆی كوردی كرماشان وه‌ك( ئیسماعیلی مه‌سقه‌تی، موشته‌بای میرزاده ، ئیسماعیلی پیرخدری ، ئیبراهیمی خۆشنه‌وا ، موڕته‌زای توندڕۆ ، سه‌عیدی قه‌ندی ، حه‌سه‌ن زیره‌ك ، مه‌زهه‌ری خالقی ، فیروز و ئیسماعیلی سابوور ، عه‌تاوڵڵای سه‌عید مه‌نسوور، شه‌هاب جه‌زایریی، عوسمان كێمنه‌یی، سه‌یدمحه‌مه‌دی سه‌فایی، حوسێن ئه‌لبورزی، سهیفوڵڵانادرشاهی و هاشمی ڕه‌بیعی) ، هه‌روه‌ها هونه‌رمه‌ندانی ژه‌نیاری ئۆركێسترای ڕادیۆكرماشان ( مه‌حمود بلووری ، مه‌حمود میرئاتی ، ئه‌كبه‌ری ئیزه‌دی و مه‌سعود زه‌نگه‌نه) له‌ڕێی ئه‌و په‌یوه‌ندی و تێكهڵابوونهی له‌ته‌ك ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه زۆر كه‌ڵكی له‌هونه‌ر و ڕێنوێنییه‌كانی ئه‌و هاوڕێ و مامۆستا هونه‌رمه‌ندانه وه‌رگرتووه‌و پاشخانی هونه‌ری خۆی پێ ده‌وڵه‌مه‌ندكردووه و دواتر هه‌نگاوی به‌ره‌و خۆناسیی خۆیی و هونه‌ره شیرینه‌كه‌ی هه‌ڵگرتووه.
هونه‌رمه‌ند حیشمهتوڵڵالوڕنهژاد، دوای ئه‌وه‌ی ده‌نگ و هونه‌ره‌كه‌ی له‌ناو دڵ و هه‌ستی جه‌ماوه‌ردا جێده‌گرێت، به‌رده‌وام ده‌بێت له‌كارو تێكۆشان و چالاكی هونه‌ری له‌ڕادیۆی كوردی كرماشانه‌وه هونه‌ره‌كه‌ی زیاتر ده‌ناسرێت و خه‌رمانی هونه‌ری خۆی ده‌وڵه‌مه‌ندتر ده‌كات و ، ڕۆشنبیری هونه‌ریی خۆی له‌چڕینی به‌سته‌و شاره‌زایی له‌چڕینی مه‌قامه‌كاندا زیاتر گه‌شه پێده‌دات، یه‌كێك له خاڵه ئه‌رێنییه‌كانی هونه‌رمه‌ند ئه‌وه‌یه كه‌شاره‌زای هه‌بووه له چڕینی گۆرانی بهشێوهزاراوهكانی ( كه‌ڵهوڕی ، سۆرانی ، كرمانجی و هه‌ورامی ) هه‌روه‌ها به‌زمانی فارسیش به‌رهه‌می تۆماركردووه،كاتێك گوێبیستی گۆرانییه‌كانی ده‌بیت بارانی زه‌وق و جۆش و خرۆشێكی لێوڕێژ له هونه‌رێكی ڕه‌سه‌نی كهڵهوڕو كرماشان و قه‌سری شیرین و ته‌واوی كوردستان ده‌بارێ به‌سه‌ر هه‌ست و ڕۆحی گوێگر دا و گۆرانییه‌كانی حیشمه‌توڵڵای لوڕنه‌ژاد په‌یوه‌ست نییه به‌ته‌نها توێژێك و ناوچه‌یه‌ك، به‌ڵكو بۆ تێكڕای چین و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵی كوردهواری گۆرانی و مه‌قامی خوێندووه ، هونه‌رمه‌ند خاوه‌نی ده‌نگێك له چینی به‌رزبووه و گوایه ده‌ڵێن پێویستی به (مایكرۆفۆن ) نه‌بووه ده‌نگی به‌ئاسانی گه‌یاندۆته گوێگر ، هه‌موو كات له‌ئاهه‌نگ و كۆڕ‌و كۆبوونه‌وه‌كان و تۆماركردنی گۆرانیدا ئاماده‌یی هه‌بووه‌و به‌هه‌گبه‌یه‌كی لێوان لێو له هۆنراوه‌و میلۆدی ناسك و چێژبه‌خش چریكاندوویه‌تی ،
هونه‌رمه‌ند سه‌یدئه‌حمه‌د ڕواندزی له‌باره‌ی تۆنی ده‌نگی هونه‌رمه‌ند حیشمهتوڵڵالوڕنهژاد ، به‌وشێوه‌یه خوێندنه‌وه بۆ توانای ده‌نگی و چڕینی گۆرانی ده‌كات و ده‌ڵێت ( هونه‌رمه‌ند یه‌كێكه له‌هونه‌رمه‌نده به‌رزه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان ، له‌ڕووی میلۆدییه‌وه كاری زۆر گه‌وره‌و شاكاری خوڵقاندووه، نایه‌ته باسكردن له‌جوانی و لهپڕئیحساسی و ئهوجۆش و خرۆشه‌ی له‌ناو گۆرانیه‌كانیدا هه‌یه ، به‌داخه‌وه نه‌وه‌ی ئێستا ئاشنای ئه‌م ده‌نگه به‌سۆزه نین وه‌ك پێویست، ئه‌وه‌ش هۆكاره‌كه‌ی نه‌بوونی میدیایه‌ك تایبه‌ت بێت به‌ناساندنی ئه‌و كه‌ڵه هونه‌رمه‌ندانه، هه‌رچه‌نده من له‌منداڵییه‌وه گوێ بیست و ئاشنای ده‌نگ و گۆرانییه‌كانی هونه‌رمه‌ند بووم، ده‌توانم بڵێم هونه‌رمه‌ند حیشمهتوڵڵالوڕنهژاد به‌جه‌سته لێمان دووره‌و له‌ژیاندا نه‌ماوه، به‌ڵكو ناو و هونه‌ره‌كه‌ی هه‌میشه به‌پیرۆزی و زیندوێتی ده‌مێنێته‌وه، له‌ڕووی ئه‌كادیمییه‌وه ده‌توانم بڵێم ، چینه ده‌نگی هونه‌رمه‌ند له تینۆری یه‌كه‌م و تینۆری دووه‌میشی هه‌یه ، خاوه‌نی ده‌نگێكی زۆر به‌رز ، ئه‌م چینه ده‌نگه له‌كه‌م گۆرانیبێژ به‌دی ده‌كرێت ، هه‌م وه‌كو تۆن و هه‌م وه‌كو ئه‌داو چڕینی گۆرانی ،زۆر به‌شاره‌زایی و لێهاتوویی توانیویه‌تی گۆرانییه‌كانی بچڕێت، هونه‌رمه‌ند ده‌نگێكی خۆڕسكی بووه، نه‌ك ده‌نگێكی ته‌سه‌نوع ، ڕه‌نگه هه‌موو گۆرانیبێژێك نه‌توانێ لهوچینه ده‌نگه‌دا گۆرانی بخوێنێ، له‌لایه‌نی ئاواز و هه‌ڵبژاردنی ئه‌و میلۆدییانه‌ی خوێندوونی، زۆر سه‌ركه‌وتووانه ئاوازی بۆخۆی داناوه و یان ئاوازی فۆلكلۆر یان ئهوئاوازانهی له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ندانی تره‌وه پێیدراوه زۆر به‌جوانی و شاره‌زایانه له‌گه‌ڵ تۆنی ده‌نگیدا هاوته‌ریبی كردووه و سه‌ركه‌وتووانه خوێندوونی، كه‌واته هونه‌رمه‌ندێك ئه‌وه‌نده بهئیحساس و به‌عیشقه‌وه گۆرانی خوێندبێ ، مه‌حاڵه بمرێ و هه‌میشه زیندووه) (2) .
له‌باره‌ی ڕیتمی گۆرانییه‌كانی هونه‌رمه‌نده خۆشخوانهكهی شارهكوردنشینهكهی كرماشان حیشمهتوڵڵالوڕنهژاد، هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیار ( ئاراس كۆیی) به‌وشێوه‌یه خوێندنه‌وه له‌سه‌ر توانا و ده‌نگی هونه‌رمه‌ند ده‌كات ( هونه‌رمه‌ندی پایه‌به‌رز و ده‌نگخۆش، زۆربه‌ی كاره هونه‌رییه‌كانی له‌سه‌ر ڕیتمی (6/4 ) له‌وچوارچێوه‌یه‌دا جوانترین به‌رهه‌می پێشكه‌شكردووه، وهلهڕیتمهكانی دیكه‌ی وه‌ك(6/8) و 2/4) دا درێغی نه‌كردووه ، به‌ڵام گۆرانییه‌كانی هونه‌رمه‌ند لهوڕیتمهدا ده‌توانم بڵێم شاكاری خوڵقاندووه، خۆی سروشتی ده‌نگی به‌وشێوه‌یه بووه ، له‌ڕووی ڕیتمه‌وه زۆركاری هونه‌ری باشی هه‌ڵبژاردووه و پێشكه‌شی گه‌له‌كه‌ی كردووه) (3).
هونه‌رمه‌ند تا ساڵی (1989) له‌گه‌ڵ ناوه‌ندی ڕادیۆ ته‌له‌فزیۆنی كرماشان‌دا هاوكار و چالاكی هونه‌ریی هه‌بووه ، دواتر له‌گه‌ڵ گروپی مۆسیقای ( موشتاق) ، ئه‌و گرووپه هونه‌رییه به‌سه‌رپه‌رشتی هونه‌رمه‌ند( سیاوه‌شی نوورپوور) له‌شاری كرمشان و تاران و چه‌ند شارێكی دیكه كۆنسێرتی گۆرانی و مۆسیقای ئه‌نجامداوه،به‌وكارانه‌ی زیاتر لهناوجهماوهر و هۆگران و هه‌وادارانی ده‌نگ و هونه‌ره‌كه‌ی خۆشه‌ویستر بووه و پێشوازی گه‌وره‌ی لێكراوه،
هونه‌رمه‌ند له‌دیوانی شاعیرانی گه‌له‌كه‌مان كه‌ڵكی له‌هۆنراوه‌كانی ئه‌وان وه‌رگرتووه و هۆنراوه جوانه‌كانی ئه‌وانی به‌میلۆدیی جوان و چێژبه‌خش باڵاپۆشكردووهو بهگهرووه پاك و ڕه‌سه‌نه‌كه‌ی خوێندوویه‌تی و خه‌رمان و گه‌نجینه‌ی هونه‌ری مۆسیقا‌و گۆرانی كوردی پێ ده‌وڵه‌مه‌ندكردووه ، سوودی له‌هۆنراوه‌ی ئه‌م شاعیرانه وه‌رگرتووه ( مه‌وله‌وی ، تایه‌ربه‌گی جاف ، سه‌ی یاقوو ، ماهی ده‌شت ، ئیحسانوڵڵای ئه‌خه‌وان و شه‌یدای كرماشانی) ، له‌باره‌ی ئاوازیشهوه ، خودی هونه‌رمه‌ند زۆربه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی له‌هه‌ست و نه‌ست و سۆزههونهرییهكهیهوه سه‌رچاوه‌ی گرتووه و ئاوازی بۆ كاره‌كانی خۆی داناوه، به‌ڵام به‌داخه‌وه ڕۆشن نیه ئاوازی كام له‌هونه‌رمه‌ندانی دیكه‌ی نه‌ته‌وه‌كه‌مان وه‌رگرتبێ، به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی گه‌ڕام و بۆم ڕۆشن بۆوه ، یه‌كێك له گۆرانییه خۆشه‌كانی هونه‌رمه‌ند گۆرانی ( مه‌یخانه‌چی) یه ، ئهومیلۆدییه هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیار و گۆرانیبێژ ( ئیسماعیلی خانی مه‌سقه‌تی) بۆی داناوه.
سه‌باره‌ت به‌كۆی به‌رهه‌مه‌كانی هونه‌رمه‌ند ، له‌سه‌ره‌تای كاری هونه‌رییه‌وه تۆماری كردوون به ڕێژه‌ی (200) گۆرانی مه‌زه‌نده كراوه ( حیشمه‌توڵڵای لوڕنه‌ژاد ساڵه‌های ساڵ به‌دڵ و به‌گیان ، هونهرهڕهسهنهكهی پێشكه‌شی گه‌له‌كه‌ی خۆیی و گه‌لانی تریش كردووه و نزیكه‌ی(200) گۆرانی بهشێوهزاره جیاجیاكانی زمانی كوردی بۆهونهردۆستان به‌جێهێشتووه، هه‌ریه‌ك له‌گۆرانییه‌كانی له‌كاتی خۆیدا له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه پێشوازییه‌كی زۆریان لێ كراوه ، گۆرانییه‌كانی هاوشێوه‌ی به‌هارێكن كه‌هه‌رگیز ڕه‌نگی پاییز به‌خۆیانه‌وه ناگرن) (4).
به‌شێك له گۆرانییه خۆش و دڵنشینهكانی هونه‌رمه‌ند حیشمهتوڵڵالوڕنهژاد ( كۆرپه‌ی شیرینم ، نه‌چوو ، بادهنووشی، سهفهرخۆش ، خودا حافیز ئه‌زیزم، باوانم ، جه‌ژنه‌ن شادیهن، عه‌هدو په‌یمان، ناز، گوڵ وه‌نه‌وشه، ساقی ، زه‌نجیر چاومهست، ههرتۆنی یارم ، مه‌گری مه‌گری، كیژی كورد ، قه‌سرشیرین ، خوداوه‌ند، شه‌می شه‌وگار ، سه‌بری، ئه‌ی زاڵم ، حیكایه‌تی دڵ، كاڵێ وه‌ی كاڵێ ، ئه‌ی ڕه‌فیقانی ته‌ریقه‌ت ،فه‌سڵی وه‌هاره ، له‌سه‌رچی ، خه‌یاڵی خۆش ، شاری شیرینم ، ئیمشه‌و دووباره مه‌ستم، كه‌مه‌ره، ڕووناك، شه‌م و په‌روانه ، دڵم زیندانی ، ئیمشه‌و میوانم ، ئه‌ی گوڵ ، عه‌شقی زار ،گه‌ڵاڕێزان و كرماشان ) ،
هونه‌رمه‌ند خۆشه‌ویستیه‌كی زۆری هه‌بووه له‌ناخیدا بۆ زێده‌كه‌ی شاری كرماشان ، له‌ڕێی گۆرانییه‌كه‌وه بۆ ئه‌وشاره به‌هه‌ست و سۆزێك و به‌عه‌شقێكی پاك و وابهستهبهزێدهكهیهوه ، ئه‌و گۆرانییه‌ی خوێندووه، هه‌روه‌ها یه‌كێك لهشاكار و به‌رهه‌مه دیاره‌كانی هونه‌رمه‌ند گۆرانی( كۆرپه‌ی شیرینم ) ه ، له‌باشوور له‌به‌رنه‌بوونی زانیاریی ته‌واو له‌سه‌ر هونه‌رمه‌ندی ده‌نگبێژ ئه‌و گۆرانییه به‌ناوی هونه‌رمه‌ندانی تره‌وه به‌گوێ و هه‌ستی گوێ‌گران ئاشنابوو ، به‌ڵام ئه‌و گۆرانییه پڕهه‌سته لێورێژه له‌سۆزی باوك بۆ جگه‌رگۆشه‌كه‌ی له‌ئاوازی هونه‌رمه‌ند حیشمهتوڵڵالوڕنهژاد و تێكستی ( ئیحسانوڵڵای ئه‌خه‌وان) ه، هونه‌رمه‌ند ساڵی (1977) له‌گه‌ڵ ئۆركێسترای ڕادیۆی كوردی كرماشان، به‌سه‌رپه‌رشتی هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیار ( مهحمودمیرئاتی) خوێندوویه‌تی، وه‌ك هه‌میشه ئاماژه به‌پاشخانی چیرۆكی ئه‌و گۆرانیانه ئه‌ده‌م ، بێگومان گۆرانی كۆرپه‌ی شیرینم ، ئه‌ویش یه‌كێكه لهوگۆرانیانه كهچیرۆكێكی هه‌ست بزوێنی له‌پشته،
هونه‌رمه‌ند حیشمه‌توڵڵای لوڕنه‌ژاد له‌ناوه‌ڕاستی ساڵی حه‌فتاكان له‌گه‌ڵ خاتوونێكی خه‌ڵكی شاری (تاران) هاوسه‌رگیری ده‌كات، به‌روبوومی ئه‌و هاوسه‌رگیرییه ، په‌روه‌ردگار (دوو كوڕ‌و كچ) ێكیان پێ ده‌به‌خشێت، له‌گه‌ڵ كار‌و تێكۆشانی هونه‌ریی له‌ڕادیۆ ، ده‌بێته كارمه‌ندی ئیداره‌ی ( كه‌شناسی) له‌شاری كرماشان ، ماوه‌ی (25) ساڵ له‌و ئیداره‌یه خزمه‌ت به‌شاره ئازیزه‌كه‌ی ده‌كات، له‌ساڵی (1977) كاتێك هاوسه‌ره‌كه‌ی به‌سه‌ردان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ شاری تاران بۆناو خانه‌واده‌كه‌ی و ، هونه‌رمه‌ندیش سه‌رقاڵی كاری هونه‌ریی و ئیداره‌كه‌ی ده‌بێت ، خوای گه‌وره كورێكیان پێده‌به‌خشێت و ناوده‌نرێت ( حسام) واته یه‌كه‌م جگه‌رگۆشه‌ی هونه‌رمه‌ند له‌شاری تاران دێته دنیاوه ، كاتێك هه‌واڵ به‌هونه‌رمه‌ند ده‌گات و پێی ده‌ڵێن په‌روه‌ردگار جگه‌رگۆشه‌یه‌كی پێبه‌خشیویت، ئه‌میش له‌وبارودۆخه‌دا جگه له‌خۆشگوزه‌رانی و سوپاسگوزاری بۆپه‌روه‌ردگار، سۆزێكی غه‌مگینی دایده‌گرێت له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌وكاته‌دا له‌وێ نییه كه جگه‌رگۆشه‌كه‌ی له‌ئامێزبگرێت، ئه‌وهه‌ست و سۆزه جوان و پاك و بێگه‌رده‌ی باوكانه‌یه له‌ناخیدا هانی ده‌دات كه به‌سۆزو نه‌غمه‌یه‌كی پڕ له‌عه‌شقی باوكانه هه‌ستی خۆی بۆ كۆرپه‌كه‌ی ده‌رببڕێت و هانا بۆ ئه‌و تێكسته جوانی ( ئیحسانوڵڵای ئه‌خه‌وان) ده‌بات و ئهومیلۆدییه هه‌ست بزوێنه‌ی له‌سه‌ر داده‌نێت و بهگهرووه شیرینه‌كه‌ی ده‌یخوێنێ و ده‌یكاته دیاری بۆ كۆرپه‌كه‌ی ،
تێكستی گۆرانی ( كۆرپه‌ی شیرینم)
كۆرپه‌ی شیرینم بنوه دره‌نگه
شه‌وگار درێژ و دنیا بێ ده‌نگه
بنوه به‌رهه‌می ژینی ڕابردووم
ته‌نیا ئاواتی عومری بابردووم
هه‌رتۆی گوڵی بههارهكهم
ڕوناكی به‌خته تارهكهم
بنوه كۆرپه‌ی لهبارهكهم
ڕۆڵه لای لای كۆرپه‌كه‌م لای لای
رۆڵهلای لای جه‌رگه‌كه‌م لای لای
قه‌رارم تۆی بێ قه‌راری تۆم
تۆی مه‌رهه‌می جه‌رگی بهسۆم
بۆت فرمێسكم ده‌ڕژێ وه‌ك چۆم
ڕۆڵه لای لای به‌رخه‌كه‌م لای لای
رۆڵهلای لای جه‌رگه‌كه‌م لای لای
به‌تۆ وه شاده ژیانی تاڵم
بۆتۆیه گوڵم به‌كوڵ ئه‌ناڵم
بنوه ئازیزم به‌ختت بێداربێ
هه‌ر ڕۆژێ ژینت هه‌زار به‌هار بێ
هه‌رتۆی گوڵی بههارهكهم
ڕوناكی به‌خته تارهكهم
بنوه كۆرپه‌ی لهبارهكهم
ڕۆڵه لای لای كۆرپه‌كه‌م لای لای
رۆڵه لای لای جه‌رگه‌كه‌م لای لای.
هونه‌رمه‌ند حیشمهتوڵڵالوڕنهژاد ، خاوه‌نی دووئهلبومی هونه‌رییه ، به‌ناوه‌كانی :
1/ ئه‌لبوومی ده‌نگه دڵ ، به‌هاوكاری هونه‌رمه‌ندان ( سیاوه‌ش پوورنوور ، به‌هاده‌ر جاویدان و هونه‌رمه‌ند حوسێن ئه‌لبورزی)
2/ ئه‌لبومی كرماشان : به‌هاوكاری هونه‌رمه‌ندان( كهیخوسرهوپوورنازری ، هادی مونته‌زه‌ری و سه‌ید جه‌لال محه‌مه‌دیان، تۆماركراوه.
دواهه‌مین كاری هونه‌رمه‌ند كۆنسێتێكی گۆرانی و مۆسیقا له‌گه‌ڵ كۆمه‌لێك هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیاری ده‌ست و په‌نجه‌زێڕین له‌شاری تاران ، له‌ڕێكه‌وتی ( 30/3/1993) ئه‌نجام ده‌دات و ، جارێكی دیكه له‌رێی ده‌نگه خۆشه‌كه‌یه‌وه دڵی ئاماده‌بووانی كۆنسێرته‌كه خۆش ده‌كات و سه‌رمه‌ست و كه‌یف خۆشیان ده‌كات،
هونه‌رمه‌ند حیشمهتوڵڵالوڕنهژاد، ته‌نها (48) ساڵ ژیاوه، نیوه‌ی ته‌مه‌نی به‌خشی به هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی نه‌ته‌وه‌كه‌ی ، خه‌رمانێكی به‌پیت و پڕ له‌میلۆدی و تێكستی جوانی به‌ده‌نگه خۆشه‌كه‌ی تۆماركرد‌و ئاوازه فۆلكلۆرییه‌كانی شاری كرماشان و ده‌وروبه‌ری به‌شێوازێكی نوێ زیندووكرده‌وه به‌هاوكاری هونه‌رمه‌نده مۆسیقیه به‌تواناكانی ئه‌وسه‌رده‌مه ، به‌داخه‌وه‌ئه‌و هونه‌رمه‌نده ده‌نگ زولاڵهی كورد و ڕادیۆی كوردی كرماشان له‌به‌ره‌به‌یانی ڕۆژی (16/9/1995) به‌هۆی نه‌خۆشییه‌وه دڵی له‌لێدان ده‌كه‌وێت و چاوه‌كانی لێك ده‌نێ و ماڵئاوایی له‌شاره شیرینه‌كه‌ی كرماشان و هونه‌ر و ئازیزانی ده‌كات ، ته‌رمی پیرۆزی هونه‌رمه‌ند له‌گۆڕستانی ( میناباد) ئه‌سپه‌رده‌ی خاكی پیرۆزی شارهگهورهكهی كورد كرماشان ده‌كرێت،
هونه‌رمه‌ند به‌جه‌سته وڵات و شارهكهیی و ئازیزانی جێهێشت، به‌ڵام ناو و هونه‌ره‌كه‌ی بۆهه‌میشه زیندووه، هه‌روه‌ها ڕێگا پیرۆزه‌كه‌ی ڕۆشنه و كوڕه گه‌وره‌كه‌ی ( حسام حیشمه‌ت لوڕنه‌ژاد) ڕێبوارێكی دڵسۆز‌و به‌ئه‌مه‌كی ڕێگا پیرۆزه‌كه‌ی باوكیه‌تی و مه‌شخه‌ڵی به‌رزی هونه‌ری گرتۆته ده‌ست و به‌وپه‌ڕی دڵسۆزییه‌وه له‌پێناو به‌رزڕاگرتنی ناو و هونه‌ری باوكی و هونه‌ری پیرۆزی نه‌ته‌وه‌كه‌ی تێده‌كۆشێت ، ئه‌مڕۆ حسام یه‌كێكه له‌و هونه‌رمه‌نده لاوه ده‌نگخۆش و سه‌رنج ڕاكێشانه‌ی شاری كرماشان و ناوچه‌ی كه‌ڵهوڕ ، ئه‌ویش وه‌ك باوكی ئاسا، بهشێوهزاراوهكانی ( سۆرانی ، كرمانجی ، كه‌ڵهوڕ) گۆرانی ده‌چڕێت، وهچهندجارێكیش سه‌ردانی باشووری كوردستانی كردووه و له‌كه‌ناڵه ئاسمانییه‌كان دیداری هونه‌ری له‌گه‌ڵدا سازكراوه ،
هونه‌رمه‌ند حسام لوڕنه‌ژاد چۆن بوو ڕێچكه‌ی باوكی گرته‌به‌ر و تا باوكی له‌ژیاندابووه هیچ ئومێدێكی پێ به‌خشیوه كه نایه‌ڵێت چرای هونه‌ر لهبنهماڵهو خانه‌وادی لوڕنه‌ژاد نه‌كوژێته‌وه؟
هونه‌رمه‌ند حسام لوڕنه‌ژاد له‌دیدارێكدا ده‌ڵێت ( من له‌بنه‌ماڵه‌یه‌كی هونه‌ر و ئه‌ده‌ب دۆستدا له‌دایكبووم و گه‌وره‌بووم ، له‌تاران هاتومه‌ته دنیاوه و له‌شاری كرماشان گه‌وره‌و په‌روه‌رده بووم ، چونكه باپیرم ده‌نگی خۆش بوو ، باوكیشم له‌ڕێی ده‌نگ و هونهرهكهیهوهخۆی ناساند و بووه هونه‌رمه‌ندێكی دیاری كوردستان ، هه‌روه‌ها مامیشم ( یه‌دوڵڵای لوڕنه‌ژاد) ناسراو به( شه‌یدای كرماشانی) یه‌كێك له‌شاعیره دیاره‌كانی كرماشان و زۆرینه‌ی هۆنراوه‌ی گۆرانییه‌كانی باوكم هی ماممه، هه‌روه‌ها به‌بۆنه‌ی په‌یوه‌ندی فراوانی باوكمه‌وه له‌ته‌ك هونه‌رمه‌ندان و ئه‌دیبان و شاعیران ، نه‌ك ته‌نیا شاری كرماشان به‌ڵكو ته‌واوی شاره‌كانی كوردستان به‌رده‌وام ماڵمان جێی میوانداری ئه‌و هونه‌رمه‌ندو كه‌سایه‌تیانه بوو، به‌قسه‌و باس و به‌گۆرانی و زۆرجار پرۆڤه‌كردن كاتیان به‌سه‌رده‌برد، ئهوهبۆمن جێی سه‌رنج و كاریگه‌ری له‌سه‌ر ژیانم دانا، به‌ڵام به‌داخه‌وه تاباوكم له‌ژیاندا بوو نه‌یده‌زانی كه‌من ده‌توانم گۆرانی بڵێم ، ئه‌ویش له‌به‌رئه‌وه‌بوو من شه‌رمم له‌بابم ده‌كرد، به‌ڵام كاتێك كۆچی دوایی كرد‌و كاریگه‌ری له‌سه‌ر هه‌موومان دانا به‌تایبه‌ت دایكی ئه‌زیزم، هه‌ستی به‌ته‌نیایی ده‌كرد هاوڕێی چه‌ندین ساڵه‌ی به‌جێیهێشتووه، دایكم ده‌یزانی كهدهنگم خۆشه‌و ده‌توانم گۆرانی بخوێنم، دوای ماوه‌یه‌ك دایكم داوای لێكردم ده‌بێ گۆرانی بخوێنی و چرای هونه‌ری ڕێگاكه‌ی بابم خامۆش نه‌بێت ، منیش به‌ڵێنم پێداو واته له‌سه‌ر خواست و ویستی دایكم بوو كه هاتمه ناو دنیا جوانه‌كه‌ی هونه‌ر ، بابم پیاوێكی زۆر ساده‌و ساكار بوو، ژیانێكی زۆر ساده‌ی هه‌بوو به‌وژیانه‌ی خۆی ڕازی بوو، وه‌له‌ڕێگای هونه‌ردا زۆر زه‌حمه‌تی كێشا و تێكۆشاوه له‌پێناو هونه‌ری نه‌ته‌وه‌كه‌ی و هیچ كات په‌شیمان نه‌بوو له‌و زه‌حمه‌تانه‌ی له‌ڕێگای هونه‌ر هاتونه‌ته پێشی ) ( 5).
بڕواناكه‌م هیچ كورد زمانێكی ( كه‌ڵهوڕ ، سۆران و هه‌ورامی و كرماشانی ، سنه‌یی ، سلێمانی ، مه‌هابادی و هه‌ولێری و كه‌ركوكیه‌ك ، گۆرانییه‌كانی بلیمه‌تی نه‌مر حه‌سه‌ن زیره‌ك و حیشمه‌توڵڵای لوڕنه‌ژاد و ده‌ست و پهنجهزێرینهكهی موشته‌بای میرزاده و ته‌واوی هونه‌رمه‌نده‌كان و به‌رنامه‌كانی ڕادیۆی كوردی كرماشان، له‌یادو یادهوهرییهكانیاندا نه‌بێت، ئه‌وه‌ش پیرۆزی و به‌نرخی هونه‌ری به‌رزی ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه ده‌سه‌لمێنێ.
دروود و سڵاو بۆ ناو و نازناو و هونه‌ری به‌رزی هونه‌رمه‌ند حیشمهتوڵڵالوڕنهژاد، یادو یاده‌وه‌رییه هونه‌رییه‌كانی هه‌رده‌م به‌رزو به‌ڕێزبێت.
جه‌مالی ده‌لاك ( 26/10/2022) هه‌ولێر.
سه‌رچاوه:
(1)سایتی كوردپا : كوردستانئێرانفهرههنگ و هونه‌ر ، وتووێژ له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیار و ئه‌رشیف دۆست ( عه‌لی سه‌میمی مانگی 12ی ساڵی 2015 .
(2 و 3 و 5) به‌رنامه‌ی گه‌شتێك له‌كۆڕه‌ك ، به‌رنامه‌یه‌كی هونه‌ری له‌گه‌ڵ ( حیسام حیشمه‌ت لوڕنه‌ژاد) پێشكه‌شكردنی ( عه‌بدولغه‌فار عه‌بدوڵڵا) كه‌ناڵی ئاسمانی كۆڕه‌ك ، له ( 19/6/2019).
(4) حیشمه‌توڵڵای لوڕنه‌ژاد : ده‌نگه نه‌مره‌كه‌ی گه‌وره‌ترین شاری كوردنشین، جام كوردی ، مه‌ڵبه‌ندی گۆرانی و ئاوازی ڕه‌سه‌نی كوردی ، تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك له ( 14/3/2017).
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.