Erbil 7°C شەممە 23 تشرینی دووەم 03:08

حه‌سه‌ن ده‌رزی ..ده‌نگێكی به‌سۆز و هه‌ست بزوێن

ده‌نگ و هونه‌ر و گۆرانییه‌كانی به‌ڕۆح و هه‌ستی زۆرینه‌مان ئاشنایه‌
کوردستان TV
100%

له‌كووچه‌ی سه‌رووی بێ تۆیی ئه‌نێم هه‌نگاوی كوێرانه‌

له‌پاش تۆ چاوه‌كه‌ی چاوم ده‌ڵێی ئه‌م شاره‌ وێرانه‌

ئه‌تۆ ئێستا له‌خاكی هه‌نده‌ر‌انی باشه‌ ئازادی

ئه‌من چرن هه‌ڵبكه‌م بێ تۆ له‌نێو ئه‌م پۆله‌ كوێرانه‌

مه‌لێكی كۆچه‌ری بووی چوویته‌ كوێستان به‌خته‌كه‌ی ئاسۆ

نه‌بوو هێلانه‌یه‌ك بۆ تۆ له‌نێو ئه‌م كاوله‌ ئێرانه‌

ته‌واری سه‌رچیای كورد بووی فڕیت بۆ ئه‌وپه‌ڕی دونیا

مه‌ترسێ ڕوو ڕه‌شه‌ ڕێوی ئه‌وێش هه‌رلانه‌ی شێرانه‌  (1) .

 ئه‌وه‌ به‌شێكه‌ له‌هۆنراوه‌ی ( بۆ دوور وڵاتێ) به‌هه‌ست و خامه‌ی جوانی شاعیر (ئاسۆ) ، ئاسۆی شاعیر له‌ڕێی ئه‌و هۆنراوه‌یه‌وه‌ ده‌رده‌دڵی خۆی بۆ ئه‌و ئازیزانه‌ ده‌رده‌بڕێت كه‌ڕۆژگارێك له‌وڵات بوون و هاوڕێ و هاوده‌می خۆشیی و ناخۆشییه‌كانی بوون، ئێستاله‌سۆزو محه‌ببه‌تی ئه‌و ئازیزانه‌ بێ به‌شه‌و یادیان ده‌كات ، حه‌سه‌ن ده‌رزی  هونه‌رمه‌ندی ده‌نگخۆش ،یه‌كێكه‌ له‌و هاوڕێ وهاوده‌می كۆڕو كۆبونه‌وه‌كانی  ئاسۆی شاعیره‌، له‌نێو شارو وڵاتی خۆی به‌زۆر هه‌ڵكه‌ندراوه‌و  په‌ڕیوه‌ی هه‌نده‌ران و  ژیانی غوربه‌ت بووه‌ .

 هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن ده‌رزی، ئه‌و ده‌نگه‌ به‌سۆزو خاوه‌ن هه‌سته‌ ناسكه‌یه‌ ،  ده‌نگ و هونه‌ر و گۆرانییه‌كانی به‌ڕۆح و هه‌ستی زۆرینه‌مان ئاشنایه‌ ، هه‌ركاتێك گۆی بیستی ده‌نگ و سۆڵۆی كه‌مانچه‌ ژه‌نینه‌كه‌یی و میلۆدییه‌ ناسك و تێكسته‌ جوانه‌كانی ده‌بین ، ئارامی به‌ڕۆح و جه‌سته‌مان ده‌به‌خشێ و له‌گه‌ڵ ده‌نگی پڕ چێژی،  ئێمه‌ی گوێگر كه‌مه‌ندكێشی چیا و دۆڵ و كوێستان و گه‌رمێنی كوردستان به‌گشتی و شاره‌ ئازیزه‌كه‌ی ( بۆكان) مان ده‌كات،

شاری بۆكان مه‌ڵبه‌ند و سه‌رچاوه‌و لانكه‌ی هونه‌ر و وێژه‌و فه‌رهه‌نگ و كه‌لتوور و هونه‌رمه‌ندانی وه‌ك( مامۆستا و بلیمه‌تی نه‌مر حه‌سه‌ن زیره‌ك 19/11/1921_26/6/1972) ، ( قادر عه‌بدوڵڵا زاده‌ ، ناسراو به‌قاله‌ مه‌ڕه‌ 21/12/1925_ 22/5/2009) ، ( عوسمان محه‌مه‌دی ناسراو به‌ عوسمانه‌ سوور ، ژه‌نیاری باڵه‌بان) ،( عه‌لی خه‌ندان ، عه‌به‌ده‌ڕژێ، تایه‌ری خه‌لیلی  و حه‌سه‌ن ده‌رزی  و ....تاد)  له‌بواری  هونه‌ری میللیی خاوه‌نی ده‌یان ده‌نگ بێژ و به‌یت بێژ و حه‌یران و لاوكبێژه‌ ، هه‌روه‌ها له‌وبواری وێژه‌و دونیای شیعرداخاوه‌نی چه‌ندین شاعیر ی پایه‌به‌رزه‌، به‌رهه‌م و كاره‌ هونه‌رییه‌كانیان به‌ته‌واوی وڵاتدا بڵاوبۆته‌وه‌و بۆن و به‌رامه‌ی خۆشیی و شادی  ده‌به‌خشن.

یه‌كێك له‌و هونه‌رمه‌نده ‌ئازیزانه‌ی كه‌له‌هه‌ناوی شاری بۆكانه‌وه‌، له‌داوێنی دایكێكی میهره‌بان و بوێر و زه‌حمه‌تكێش چاوی به‌ژیان هه‌ڵهێناوه‌و هاتۆته‌ گۆ، ژینگه‌ی خانه‌واده‌كه‌یی و شاره‌ جوانه‌كه‌ی بۆكان  بوونه‌ته‌ فێرگه‌یه‌ك بۆ ئه‌و منداڵه‌ جوان و ڕۆح شیرینه‌ تا له‌دوارۆژدا به‌ده‌نگه‌ ناسك و پڕچێژه‌ هونه‌رییه‌كه‌ی  تێبچریكێنێ و گۆرانی( ده‌ردی دڵ بۆ كێ به‌یان بكه‌م و لێ ناگه‌ڕێن) مان بۆ بخوێنێ.

هونه‌رمه‌ند ( حه‌سه‌ن سه‌لیم  كوڕی برزو به‌گ) ناسراو به‌  حه‌سه‌ن ده‌رزی ، له‌ساڵی (1957) له‌شاره‌كه‌ی بلیمه‌تی نه‌مر ( حه‌سه‌ن زیره‌ك)  و شاری حه‌وزه‌گه‌وره‌ی بۆكان چاوی به‌ژیان هه‌ڵهێناوه‌.

نه‌هامه‌تی و به‌دبه‌ختی و زوڵم و سته‌م و چاره‌ڕه‌شیی، ئه‌وانه‌ به‌شێكن له‌ژیانی زۆرینه‌ی مرۆڤه‌كان ‌، ئه‌و نه‌هامه‌تیانه‌ن هه‌وێنی دروستبوونی كه‌سانی به‌هره‌مه‌ند و  هونه‌رمه‌ند، بێشك حه‌سه‌ن ده‌رزی له‌سه‌ره‌تای ژیانییه‌وه‌، بێ به‌ش نه‌بووه‌له‌ ژیانی سه‌ختی ڕۆژگار و بێ به‌ش له‌سۆزی باوك و ناهه‌مواری.

( سه‌لیم  كوڕی برزو به‌گ) باوكی هونه‌رمه‌ند یه‌كێك بووه‌ له‌ كه‌سایه‌تیه‌كانی هۆزی گه‌وره‌ی ( فه‌یزوڵڵا به‌گی) ، حه‌سه‌ن ده‌رزی ده‌نگخۆش و ده‌نگ زوڵاڵ لاپه‌ڕه‌كانی ژیانی هه‌ڵده‌داته‌وه‌ و ده‌ڵێت  ( بابم به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ك ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر به‌ڕێز( فه‌قێ ئه‌حمه‌دی داره‌شمانه1610_1663)‌، باوكم تاقانه‌ بووه‌، له‌بنه‌ماڵه‌ی ( دادخاكان) بووه‌، مامه‌كانی باوكم له‌سه‌روه‌ت و سامانی باوكی كه‌بۆی به‌جێماوه‌ له‌گونده‌كانی ( ئاڵبڵاغ  ، گۆل و هه‌واره‌ به‌رزه‌) بێبه‌شی ده‌كه‌ن  و زوڵم سته‌مێكی زۆری لێده‌كه‌ن، ته‌نانه‌ت پاشناوه‌كه‌ی له‌دادخاكانه‌وه‌ لێده‌سه‌ننه‌وه‌ و ده‌یگۆڕن بۆ پاشناوی( ده‌رزی) ، ئه‌م نازناوه‌ له‌ زمانی توركیدا به‌واتای ( به‌رگدروو) دێت ، هه‌له‌منداڵییه‌وه‌ باوكم ده‌خه‌نه‌ به‌ركاروكاسپی و ده‌یكه‌ن به‌شاگرد ( به‌رگدروو) (2) .

باوكی هونه‌رمه‌ند دوای ئه‌و چاره‌نووسه‌ به‌ره‌و ڕووی بۆته‌وه‌ ، ناچار شان ده‌داته‌ به‌ر كاسپی  له‌ته‌مه‌نی منداڵییه‌وه‌ به‌ڕه‌نجی شانی، خۆی پێده‌گه‌یه‌نێ و ده‌بێته‌ به‌رگدروو ، له‌ڕێی ئه‌و كاره‌یه‌وه‌ به‌هه‌وڵ و تێكۆشانی به‌رده‌وام ده‌بێته‌ خاوه‌نی دوكانی خۆیی و ژیانی هاوسه‌رگیری پێكدێنێ له‌گه‌ڵ خاتوو ( ڕه‌زیه نوبه‌ری‌،  ساڵی 1923 له‌دایكبووه‌) ، به‌روبوومی ئه‌و هاوسه‌رگیرییه‌ی نێوان سه‌لیم برزو به‌گ  و ڕه‌زیه‌خان ، په‌روه‌ردگار ( 3 كوڕو 2 كچ) یان پێده‌به‌خشێت و خانه‌واده‌كه‌یان ئاوه‌دان ده‌بێت و باوك و دایك زیاتر تێده‌كۆشن له‌پێناو خۆشگوزه‌رانی جگه‌رگۆشه‌كانیان، هونه‌رمه‌ند (حه‌سه‌ن ده‌رزی كوڕه‌ چكۆله‌ی ئه‌و خانه‌واده‌یه‌) بووه‌.

باوكی هونه‌رمه‌ند له‌ڕێی پیشه‌كه‌یه‌وه‌ گونداو گوند گه‌ڕاوه‌ له‌پێناو دابینكردنی ژیانی خانه‌واده‌كه‌ی،له‌یه‌كێك له‌گه‌ڕانه‌كانی  له‌نێوان  هه‌ردوو شاری ( بۆكان و سه‌رده‌شت) له‌گوندی ( خوڕخوڕه‌) به‌هۆی سه‌رماو كڕێوه‌ی سه‌ختی زستان،باوكی هونه‌رمه‌ند گیان له‌ده‌ست ده‌دات،كاتێك ئه‌و هه‌واڵه‌ ناخۆشه‌ به‌ خاتوو ڕه‌زیه‌و  منداڵه‌كانی ده‌گات ، هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن ده‌رزی هێشتا ته‌مه‌نی ( 6) مانگ بووه‌، به‌داخه‌وه‌ ئه‌و كۆرپه‌ ساوایه‌ له‌سۆزو خۆشه‌ویستی و ئامێزی میهره‌بانانه‌ی باوك بێ به‌ش ده‌بێت، مه‌رگی سه‌لیم كوڕی برزو به‌گ ، ده‌بێته‌ كاره‌ساتێكی تراژیدیا بۆ خاتوو ڕه‌زیه‌، چونكه‌ ته‌نها كه‌سێك كه‌ كاسبكارو خه‌م هه‌ڵگرو دابینكه‌ری ژیانیان  باوكی منداڵه‌كانی بووه‌،

له‌ده‌ستدانی سایه‌ی ماڵ گه‌لێك زه‌حمه‌ته‌ ، به‌ڵام خاتوو ڕه‌زیه‌ی نوبه‌ری‌ دایكی (5) جگه‌رگۆشه‌، چۆك داناداو پشت به‌یه‌زدان و متمانه‌ به‌خۆی  قۆڵی مه‌ردانه‌و جوامێرانه‌ی لێهه‌ڵده‌كا و خۆی ده‌بێته‌ باوك و دایك و سایه‌  بۆ منداڵه‌كانی و شان ده‌داته‌ به‌ر كاركردن ، نان كردن بۆماڵان ، زه‌حمه‌ت و ڕه‌نجێكی زۆر ده‌كێشێ تا منداڵه‌كانی به‌جوانی  و به‌خۆشه‌ویستی و به‌ڕاستگۆیی په‌روه‌رده و پێشكه‌شی كۆمه‌ڵی كورده‌وارییان بكات ، به‌ڵێ ئه‌و خاتوونه‌ چونكه‌ هه‌میشه‌ چاوی له‌نانێكی سه‌ربه‌رزانه‌ بووه‌، هیواو ئاواته‌كانی دێته‌دی و منداڵه‌كانی گه‌وره‌ ده‌كات ، كاتێكیش حه‌سه‌نی منداڵ چاو ده‌كاته‌وه‌ ته‌نها كه‌سایه‌تیه‌ك ده‌بینێ كه‌ گرنگی پێده‌دات و ده‌ی لاوێنێته‌وه‌ و سۆزی ده‌داتێ ته‌نها دایكه‌ ماندوه‌كه‌ی ده‌ستی ڕۆژگاره‌، سۆزو خۆشه‌ویستی دایكی له‌ته‌مه‌نی منداڵییه‌وه‌ له‌ناو هه‌ست و نه‌ستی حه‌سه‌نی ده‌رزی دا ڕه‌گ داده‌كوتێ و دایكی  به‌جوانترین و به‌نرخترین  و شیرینترین دیاری په‌روه‌ردگار وێناكردووه‌  .

 سه‌ره‌تای ده‌ركه‌وتنی به‌هره‌ی هونه‌ریی هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن ده‌رزی .

وه‌ك هه‌رمنداڵێكی ئاسایی و له‌ته‌مه‌نی دیاریكراودا حه‌سه‌نی منداڵ خراوه‌ته‌ به‌رخوێندن، له‌به‌رئه‌وه‌ی كوڕه‌ بچكۆله‌ی ماڵ بووه‌ و خۆشه‌ویست و زۆر نازیان كێشاوه‌ ، به‌تایبه‌ت له‌لایه‌ن محه‌مه‌دی براگه‌و‌ره‌یه‌وه‌ كه ‌كه‌سێكی ڕۆشنبیر و خاوه‌نی كه‌سایه‌تیه‌كی جوان و میهره‌بان بووه‌، هه‌روه‌ها خاوه‌نی ده‌نگێكی به‌سۆزو خۆش بووه‌ به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ كاك  محه‌مه‌د ده‌نگه‌ خۆشه‌كه‌ی  ته‌نها بۆخۆیی و حه‌سه‌نی برا و خانه‌واده‌كه‌یی چێژیان لێوه‌رگرتووه‌، كاریگه‌ری كه‌سایه‌تی برا گه‌وره‌كه‌یی و ده‌نگه‌ خۆشه‌كه‌ی ده‌بێته‌ یه‌كه‌م مامۆستا و ڕێنیشانده‌ر بۆ حه‌سه‌ن ، به‌ڵام جێی داخه‌ كه‌ خۆی درێژه‌ی به‌وڕێبازه‌ ده‌نگخۆشیی و هونه‌ر نه‌داوه‌،  لێره‌وه‌ خولیای گۆرانی گوتن و ئاشنابوون به‌مۆسیقا له‌ناخی هونه‌رمه‌ند دا چرۆده‌كات، نابێت ڕۆڵی ڕادیۆی كوردی ( به‌غدا و كرماشان) فه‌رامۆش بكه‌ین ، ڕۆژانه‌ حه‌سه‌ن ده‌رزی گوێی له‌ده‌نگ و ئاوازه‌كانی هه‌ردوو ڕادیۆ گرتووه‌ و ئاشنابووه‌  به‌ ده‌نگ و هونه‌ری هونه‌رمه‌ندان ، گوێی به‌ده‌نگ و ئاوازه‌ خۆشه‌كانی مامۆستا حه‌سه‌ن زیره‌ك و فۆلكلۆری ده‌وڵه‌مه‌ندی ناوچه‌ی فه‌یزوڵڵابه‌گی بۆكان كراوه‌ته‌وه‌و په‌روه‌رده‌بووه‌.

ئامێری كه‌مانچه‌ ( ڤیۆلۆن) و هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن ده‌رزی ..!

هونه‌رمه‌ندی ده‌نگبێژ و گۆرانیبێژ چه‌ند له‌بواره‌كه‌یدا سه‌ركه‌وتوو لێزان  و خۆشخوان بێت ، ئه‌وه‌نده‌ش گرنگ و پێویسته‌ كه‌ شاره‌زایی له‌ ناسین و خوێندنی مه‌قامه‌كاندا هه‌بێت، به‌ڵام له‌وه‌ش گرنگتر بۆ هونه‌رمه‌ندی خۆشخوان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ شاره‌زایی له‌ژه‌نینی ئامێرێكی مۆسیقادا هه‌بێت ، چونكه‌ ئه‌و ئاشنابوون و شاره‌زاییه‌ هاوكارێكی گرنگه‌ له‌دانانی ئاواز بۆ كاره‌ هونه‌رییه‌كانی ،سه‌باره‌ت به‌یه‌كه‌م به‌ركه‌وته‌ و ئاشنابوونی هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن ده‌رزی به‌ئامێری كه‌مانچه‌ ، جارێكی دیكه‌ ڕۆڵی  دایكه‌ زه‌حمه‌تكێشه‌كه‌ی به‌رجه‌سته‌ ده‌بێته‌وه‌، ڕه‌زیه‌ خانی دایكی جیا له‌وهه‌موو زه‌حمه‌ته‌ی له‌ژیانیدا چه‌شتوویه‌تی ،  كه‌سێكی به‌خشنده‌و میهره‌بان و ده‌رگاو دیوه‌خان ئاوه‌ڵابووه‌ ،  ڕۆحی هاوكاری و یارمه‌تی له‌ناخیدا هه‌بووه‌ ، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌مان وه‌ك خانه‌واده‌ له‌شاری بۆكان ژیاون، ڕه‌زیه‌خانی دایكی ژوورێكی ته‌رخانكردووه‌ بۆ خزم و كه‌س و كار كه ‌له‌گونده‌كانه‌وه‌ هاتوونه‌ته‌ بۆكان به‌مه‌به‌ستی خوێندن ، ئه‌وخاتوونه‌ میهره‌بانه‌ داڵده‌ی داوون و جێگای بۆفه‌راهه‌مكردوون تا درێژه‌ به‌خوێندن بده‌ن، یه‌كێك له‌و قوتابیانه‌  پورزایه‌كی  حه‌سه‌ن ده‌رزی بووه‌، ( یه‌كێك له‌خوێندكاره‌كان كوڕه‌ پورێكی خۆم بوو ، ناوی فه‌یزوڵڵا بوو ، سه‌ره‌ڕای خوێندنه‌كه‌ی كه‌مانچه‌یه‌كی پێ بوو ، بۆخۆی كه‌مانچه‌كه‌ی ده‌ژه‌نی ، له‌گه‌ڵ یه‌كه‌م بینینی ئه‌و ئامێره‌ عه‌شق و خۆشه‌ویستییه‌كه‌م بۆی هه‌بوو ، دڵخوازبووم كه‌ منیش دانه‌یه‌كم هه‌بێت ، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ فه‌یزوڵڵا  نه‌یده‌هێشت ده‌ستم به‌ری بكه‌وێت ) (3).

ئه‌و ڕۆحه‌ هونه‌رییه‌ بۆ گۆرانی گوتن و فێربوونی ئامێری كه‌مانچه‌ ، به‌به‌رده‌وامی له‌ناو بیرو هزری حه‌سه‌ن ده‌رزی دا دێت و ده‌چێت و به‌ئاواتی ئه‌و ڕۆژه‌وه‌یه‌ كه‌ خۆی ببێته‌ خاوه‌نی كه‌مانچه‌یه‌ك، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌و حه‌زو ئاواته‌ هونه‌رییه‌دا ، هونه‌رمه‌ند مه‌یلی زیاتر بۆ خوێندنه‌كه‌ی هه‌یه‌ و خوازیاره‌ بگاته‌ زانكۆی هونه‌ری مۆسیقا له‌شاری (تاران) به‌هه‌وڵ و تێكۆشانێكی زۆر و به‌هێنانی نمره‌یه‌كی باش به‌ئاواته‌كه‌ی ده‌گات و له‌زانكۆی ناوبراو وه‌رده‌گیرێت، به‌داخه‌وه‌ له‌دوای ڕاپه‌ڕینی گه‌لانی ئێران له‌ساڵی (1979) و گرتنه‌ده‌ستی ده‌سه‌لات له‌لایه‌ن كۆماری ئیسلامی یه‌وه‌، حه‌زو خولیایه‌كه‌ی هونه‌رمه‌ند درێژه‌ ناكێشی و خوێندنی هونه‌ر له‌زانكۆكانی ئێران دا حه‌رام ده‌كرێت ، به‌نائومێدی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆشاری بۆكان.

هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن ده‌رزی  له‌ساڵی (1976)  به‌مامۆستا داده‌مه‌زرێت و وانه‌ به‌منداڵانی هاوزمانه‌كه‌ی خۆی ده‌ڵێته‌وه‌، له‌وسه‌رده‌مه‌دا شاری بۆكان دواین شاری ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان بووه‌ كه‌له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستاندا بووه‌، دوای سێ ساڵ له‌كاری مامۆستایه‌تی هونه‌رمه‌ند له‌گه‌ڵ چه‌ند هاوڕێیه‌كی ڕاژه‌ی مامۆستایی یه‌كه‌یان ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆ گونده‌كانی نێوان( ورمێ و شنۆ ) به‌دیاریكراوی بۆ هه‌ردوو گوندی ( ده‌ره‌ ، گه‌لی قاسملو ) ماوه‌ی دووساڵ حه‌سه‌ن ده‌رزی هونه‌رمه‌ند و دڵسۆزو خه‌مخۆری قوتابیان خزمه‌ت به‌منداڵانی گوندی  ( دۆسته‌ك) ی كردووه‌. له‌ناو گه‌رمه‌ی خزمه‌تكردن و په‌روه‌رده‌و فێركردن به‌منداڵان ، له‌لایه‌ن هاوڕێیه‌كییه‌وه‌  له‌به‌رێوه‌به‌رایه‌تی په‌روه‌رده‌ی (شنۆ) ئامێرێكی (كه‌مانچه‌) به‌دیاری بۆدێت ، ئه‌وه‌نده‌ی تر هونه‌ره‌كه‌یی و كاره‌كه‌ی له‌لاخۆشه‌ویستر ده‌بێت.

دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی  بۆشاری بۆكان ، هونه‌رمه‌ند له‌بیری ئه‌وه‌دا ده‌بێت خۆی ته‌رخان بكات بۆفێربوونی ئامێری كه‌مانچه‌ و زیاتر  ڕۆبچێته‌ ناو دونیا جوانه‌كه‌ی مۆسیقاوه‌، حه‌سه‌ن ده‌رزی هانا بۆ زانست و زانیارییه‌كانی  هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند ( ئه‌میری مینایی و ڕه‌شیدخانی فه‌یزنه‌ژاد) ده‌بات و له‌فێرگه‌كه‌ی هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند ده‌بێته‌ قوتابییه‌كی به‌په‌رۆش بۆ فێربوونی مۆسیقا و، هه‌ردوو هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیار به‌وپه‌ڕی خۆشحاڵی له‌خۆبردووییه‌وه‌و‌ فێری ژه‌نینی ئامێری كه‌مانچه‌و ئاشنای ده‌كه‌ن به‌ئاوازه‌ كوردییه‌كان و هاوكارو پشتیوانی ده‌بن.

خودی هونه‌رمه‌ند ئه‌وه‌نده‌ دڵسۆزو خه‌مخۆری منداڵان بووه‌، به‌رده‌وام هه‌وڵی داوه‌ كه‌ پاڵپشت و هاوكاری ئه‌و منداڵانه‌ بێت كه‌به‌هره‌یه‌كی هونه‌رییان هه‌یه‌و زیاتر هانی داون كه‌ هونه‌رییان له‌لاخۆشه‌ویستر ببێ ، له‌هه‌مانكاتیشدا ئه‌وزانیاریانه‌ی ده‌رباره‌ی ژه‌نینی ئامێری كه‌مانچه‌ به‌ده‌ستی ده‌هێنان ، ماڵه‌كه‌شی كردۆته‌ فێرگه‌یه‌ك بۆ فێربوونی ئامێری كه‌مانچه‌ ، له‌پاڵ ژه‌نینی ئامێری كه‌مانچه‌و سۆزی ده‌نگه‌ ناسكی  و چڕینی گۆرانی ، ڕۆژ به‌ڕۆژ زیاتر ده‌ناسراو لایه‌نگرانی زۆرتر ده‌بوون، به‌رده‌وام له‌لایه‌ن ئازیزان و دۆستانییه‌وه‌ بانگهێشتكراوه‌ بۆ كۆڕو كۆبوونه‌وه‌ و به‌ده‌نگی خۆش و سۆڵۆی كه‌مانچه‌كه‌ی ئاشناده‌بوون و چێژی هونه‌رییان لێوه‌رده‌گرت.

كارێكی زه‌حمه‌ته‌ بۆ كه‌سێك له‌لایه‌ك ئه‌ركی مامۆستایه‌تی و په‌روه‌رده‌كردن و فێركردنی منداڵانی له‌ئه‌ستۆ بێت و له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ له‌نێو دونیای هونه‌ردا به‌جۆش و خرۆشێكی بێوێنه‌وه‌ تێبكۆشێت، به‌ڵام له‌وان زه‌حمه‌تر ئه‌وه‌یه‌ له‌ژینگه‌یه‌دا بژیت و ده‌سه‌ڵات ڕێگر بێت له‌وه‌ی مامۆستا بۆی نه‌بێت كارو تێكۆشانی هونه‌ری ئه‌نجام بدات، هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن ده‌رزی پشت ئه‌ستوور به‌ تواناهونه‌رییه‌كه‌ی  وبه‌پێچه‌وانه‌ی ڕێگرییه‌كانی كۆماری ئیسلامی ، به‌ڵێن به‌خۆیی و نه‌ته‌وه‌كه‌ی ده‌دات كه‌ له‌سه‌ر ڕێگاپیرۆزه‌كه‌ی هونه‌ری گۆرانی و مۆسیقا به‌رده‌وام بێت، له‌ته‌مه‌نی (29) ساڵیدا ، ساڵی (1986) به‌هاوكاری و پشتیوانی هه‌ردوو تیپی مۆسیقای شاری ( مه‌هاباد و سه‌قز) ده‌ست و په‌نجه‌ زێڕینه‌كانی هونه‌رمه‌ندان ( ڕه‌شیدفه‌یزنه‌ژاد( كه‌مانچه‌) ، عه‌زیزی سه‌یفی ( سه‌نتوور ) ، (محه‌مه‌د دانش ، 1945_ 12/9/2015 ، ئامێری عوود ) ، ( حسێنی ڕه‌هبه‌ر (زه‌ڕب) یه‌كه‌م به‌رهه‌می خۆی  له‌ستۆدیۆی كه‌سایه‌تی هونه‌ردۆست و ئه‌رشیف پارێزی هونه‌رمه‌ندان ( كه‌ریمی ته‌ڵایی 1947_26/10/2021) له‌شاری مه‌هاباد تۆمارده‌كات و له‌ته‌واوی شارو گونده‌كانی ڕۆژهه‌ڵات و باشووری كوردستان بڵاوده‌بێته‌وه‌ و له‌لایه‌ن گوێگران و هۆگرانی مۆسیقا و گۆرانی كوردی پێشوازییه‌كی زۆرگه‌رم له‌و ده‌نگه‌ به‌سۆزو نوێیه‌ ده‌كه‌ن و ده‌بێته‌ جێی سه‌رسامی گوێگران.

دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی به‌رهه‌می یه‌كه‌م  و ده‌نگدانه‌وه‌ و ئه‌وپێشوازییه‌ گه‌رمه‌ لێكرا ، له‌ساڵی (1987) واته‌ دوای سالێك هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن ده‌رزی به‌رهه‌می دووه‌می  خۆی ده‌خاته‌ سه‌رگه‌نجینه‌ی ئاوازو مۆسیقا و گۆرانی كوردی .

له‌سه‌ر بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌ردوو به‌رهه‌مه‌ هونه‌رییه‌كه‌ی ، له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی ده‌وڵه‌تی ئێرانه‌وه‌، ئازار ده‌درێت و هه‌راسان و ئاگاداری ده‌كه‌ن كه‌نابێت مامۆستا كاری هونه‌ری بكات ، ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستیه‌تی به‌رده‌وام بێت له‌سه‌ر كاری هونه‌ری ده‌توانێ سروودی ئیسلامی بخوێنێ..؟!

هونه‌رمه‌ند به‌رده‌وام ده‌بێت له‌سه‌ر كاره‌ هونه‌رییه‌كانی و تاساڵی (1991) كۆی به‌رهه‌مه‌كانی ده‌بێته‌ (4) ئه‌لبووم و ، (48) گۆرانی تێدا تۆماركردون و پێشكه‌شی كوردستانی كردووه‌.

له‌سه‌ر ئه‌و چواربه‌رهه‌مه‌ هونه‌رییه‌ و ده‌نگدانه‌وه‌ی له‌ناو جه‌ماوه‌ر و كاریگه‌ریی له‌سه‌ر هه‌ست و سۆزی كوڕان و كیژانی وڵات و ، به‌رده‌وامی له‌سه‌ر هونه‌ر ، حه‌سه‌ن ده‌رزی هونه‌رمه‌ند له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی ئێرانه‌وه‌ له‌كاری مامۆستاییه‌كه‌ی دوای (26) ساڵ خزمه‌تكردن به‌ قوتابیان دوور ده‌خرێته‌وه‌ و له‌كاری مامۆستایی ده‌رده‌كرێت .

كاتێك به‌ناو ژیان و تێكۆشانی هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن ده‌رزی دا ڕاده‌بوورم و له‌وژیانه‌ سه‌خته‌ی ده‌ڕوانم كه‌ ده‌سه‌ڵات ڕێگربووه‌ له‌ به‌رده‌م كاره‌ هونه‌رییه‌كانی و به‌زۆر دووری ده‌خه‌نه‌وه‌ له‌ پیشه‌ پیرۆزه‌كه‌ی ئه‌ویش مامۆستایه‌تییه‌، كه‌وتمه‌ خه‌یاڵی  شیعره‌ جوان و به‌رزه‌كه‌ی ( قوتابخانه‌) ی شاعیر (  شه‌ریف حوسێن په‌ناهی) له‌دیوانی ( ملوانكه‌ی شین) دا سه‌باره‌ت به‌مامۆستا و پێوه‌ندی به‌ قوتابخانه‌و قوتابیه‌كانیه‌وه‌، له‌به‌شێكیدا ده‌ڵێت :

(  ڕۆژی شه‌ممه‌ی داهاتوو

ئه‌و ده‌ر‌سه‌یان له‌به‌ر بوو

به‌ڵام تاكو خۆراوا

به‌و گه‌رما‌ی خۆره‌تاوا‌

له‌ڕێی شارا وه‌ستابوون

چاوه‌ڕێی مامۆستا بوون

تینی خۆر و خه‌مباری

پرسین و چاوه‌نواڕی

مامۆستامان وا له‌كوێ ؟

بۆچی نایه‌ته‌وه‌ دێ ؟

پێش ئه‌وه‌ی تاریك دابێ

هه‌واڵێ كه‌وته‌ نێو دێ

مامۆستای قوتابخانه

‌ كه‌وتووه‌ته‌ به‌ندینخانه‌

ماوه‌ی حه‌فته‌یێ ده‌گوزه‌رێ

نابێ له‌وی خه‌به‌رێ ) (4) .

خۆش به‌ختانه‌ هونه‌رمه‌ند وه‌ك مامۆستای قوتابخانه‌كه‌ی شاعیر شه‌ریف حسێن په‌ناهی ، ناكه‌وێته‌  ناو چوارچێوه‌ی  ژووره‌ تاریكه‌كانی زیندان  ، به‌ڵام  له‌زیندانێكی به‌رفراوانتر ده‌كه‌وێته‌ به‌ر ئازار و  چه‌شتنی ئازاردانی ڕۆحی، به‌ڵام كۆڵنادات و به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ كاری هونه‌ریی، چونكه‌ بۆئه‌و غه‌زای ڕۆح و چێر وه‌رگرتن و به‌ئه‌ركێكی هونه‌ریی و نه‌ته‌وه‌یی زانیوه‌ ، هونه‌رمه‌ند ده‌ڵێت ( ژیان و خۆشییه‌كانم ته‌نیا له‌ هونه‌ر و گۆرانی گوتندا بینیووه‌) (5) .

ساڵی (1990) بۆ هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن ده‌رزی ساڵێكی شووم و پڕ له‌نائومێدی و داڕمانی ڕۆح ده‌بێت ، چونكه‌ له‌وساڵه‌دا ئه‌ستوون و كۆڵه‌كه‌ی ڕه‌شماڵی ژیانی ده‌ڕووخێت  دایكه‌ خۆشه‌ویسته‌كه‌ی  بۆ هه‌میشه‌ به‌جێی دێڵێت و كۆچی دوایی ده‌كات ( ڕه‌زیه‌ نوبه‌ری 1923_ 1990) واته‌ ڕه‌زه‌یه‌خانی دایكی (67) ساڵ ژیان ده‌كا ، پاش‌ چه‌رمه‌سه‌ری و زه‌حمه‌تێكی زۆر له‌ژیانیدا ، كۆچی دایكی كاریگه‌ری بێ ئه‌ندازه‌ له‌سه‌ر ژیانی حه‌سه‌ن ده‌رزی ده‌بێت و په‌رێشانی ده‌كات و زۆربه‌ی شه‌وان له‌سه‌ر گڵكۆی دایكه‌ ئازیزه‌كه‌ی  به‌گریان فیغانه‌وه‌ ڕۆژی كردۆته‌وه‌ ( ئه‌و ئه‌وینه‌ ڕاسته‌قینه‌یه‌ی كه‌هه‌رگیز ڕه‌نگی ناگۆڕێت دایكه‌ ، من وه‌ك خۆم دایك به‌به‌رده‌وام ترین و جوانترین ئه‌وین ده‌شوپهێنم ، كۆچی دوایی دایكم نازو ژیانم به‌ته‌واوی شێوا ...!) (6) .

هونه‌رمه‌ند بۆ به‌رزی و پیرۆزی دایكه‌ ئازیزه‌كه‌ی به‌ده‌نگه‌ به‌سۆزه‌كه‌ی گۆرانی ( دایه‌ گیان) ی بۆ خوێندووه‌ :

( له‌وساوه‌ كه‌ تۆ ڕۆیوی  له‌لام  ، خۆشی نه‌ماوه‌ دایه‌گیان له‌دڵه‌ی ته‌وه‌لام

له‌بیرم ناچێ هه‌تا هه‌تایه‌، ڕۆژانه‌ نه‌سره‌وتن دایه‌ گیان شه‌و لای لایه‌

ده‌نگه‌ نه‌رمه‌كه‌ت دایه‌ گیان هه‌رله‌گوێمدایه‌) .

گۆرانی و ئاوازه‌كانی هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن ده‌رزی له‌ناوه‌و ده‌ره‌وه‌ی وڵات ..!

هونه‌ره‌ جوان و بێ خه‌وشه‌كه‌ی حه‌سه‌ن ده‌رزی به‌شێكی له‌ وڵات ، له‌ناو زێد و ئاو خاك و نیشتمان و ئازیزانیدا  خوێندووه‌و پێشكه‌شی هه‌واداران و گه‌نجینه‌ی گۆرانی كردووه‌ ، هونه‌رمه‌ند به‌كامی دڵ خواستویه‌تی ڕه‌شماڵی هونه‌ری خۆی بۆ هه‌میشه‌ له‌وڵات هه‌ڵبدات و به‌گه‌رووه‌ ناسك و پر سۆزی هونه‌ری گۆرانی بۆ نیشتمان و جوانییه‌كانی وڵات و كیژ و كوڕی لاوی وڵات بڵێ ، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ زریانی شوومی تاریكپه‌رستی و دژ به‌ مۆسیقا و گۆرانی ، له‌مپه‌ر له‌به‌رده‌م  ده‌نگ و هونه‌ری حه‌سه‌ن ده‌رزیدا دروست ده‌كه‌ن و نایه‌ڵن چیتر به‌ئازادانه‌ گۆرانی بۆ كوردستان و هۆگرانی هونه‌ره‌كه‌ی بڵێ ، ئه‌و ده‌نگه‌ به‌سۆزه‌ وه‌ك مه‌لێكی باڵنه‌خشین په‌ڕیوه‌و ده‌ربه‌ده‌ری زێده‌كه‌ی ده‌بێت، له‌ژیانی غوربه‌ت و نامۆیشدا حه‌سه‌ن ده‌رزی هونه‌رمه‌ند سه‌ر‌له‌نوێ به‌دڵێكی خه‌مگینه‌وه‌ ، هونه‌ره‌كه‌ی به‌دبه‌ختی و ژیانی تاراوگه‌ له‌ هونه‌ره‌به‌رزه‌كه‌یدا ڕه‌نگ ده‌داته‌وه‌و  به‌رده‌وام بیر و هه‌ست و سۆزی له‌لای ئازیزان و خۆشه‌ویستان وگڵكۆی پیرۆزی دایكیه‌تی،

دوای ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌نی ئێرانه‌وه‌  رێگری له‌به‌ره‌وپێشچوونی هونه‌ره‌كه‌ی ده‌كه‌ن ، دوای چاره‌كه‌ سه‌ده‌یه‌ك زیاتر خزمه‌تكردن به‌منداڵانی كورد، له‌پایزی ساڵی (1999) به‌ناچاری له‌ترسی گرتن و زیندانیكردن، شاری بۆكان جێده‌هێڵێ و ڕوو ده‌كاته‌ شاری ( وان) ی باكووری كوردستان و ماوه‌ی ساڵێك له‌شاری وان  ده‌مێنێته‌وه‌، دوای ئه‌وه‌ی ده‌رفه‌تی ده‌ربازبوونی بۆ هه‌نده‌ران بۆناڕه‌خسێت، پاشان ڕووده‌كاته‌  شاری هه‌ولێر ، پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان، ماوه‌ی (11) مانگ له‌شاری هه‌ولێر ده‌ژی و له‌نزیكه‌وه‌ به‌دیداری هونه‌رمه‌ندانی باشووری كوردستان  ده‌گات و به‌هۆی كه‌سایه‌تیه‌ هێمن و له‌سه‌ره‌خۆ و زمانشیرینیه‌كه‌یه‌وه‌ زۆر زوو ده‌بێته‌ هاوڕێی و دۆستی زۆر له‌هونه‌رمه‌ندانی شاری هه‌ولێر ، له‌و ماوه‌یه‌دا هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن ده‌رزی به‌هه‌وڵ و تێكۆشان و هاوكاری  هونه‌رمه‌ندان  ( هه‌ڵبه‌ست سه‌لاح ، هێمن حوسێن ، ڕێبین جه‌مال و شوان قه‌ره‌داخی ) ئه‌لبومی پێنجه‌م تۆمارو بڵاو ده‌كاته‌وه‌، یه‌كێك له‌ گۆرانییه‌ خۆش و سه‌رنج ڕاكێشه‌كانی به‌ناوی ( وه‌ته‌ن) بووه‌ ، دواتر ئه‌لبومه‌كه‌ به‌ناوی ( وه‌ته‌ن) ناسراو بڵاوكرایه‌وه‌.

سه‌باره‌ت به‌ گۆرانی (وه‌ته‌ن) خوێندنه‌وه‌ی بۆ هونه‌ر و ده‌نگی هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن ده‌رزی ، هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیار ( هه‌ڵبه‌ست سه‌لاح) پێی ڕاگه‌یاندم ( گۆرانی وه‌ته‌ن یه‌كێكه‌ له‌ گۆرانییه‌ هه‌ره‌ جوانه‌كانی هونه‌رمه‌ندی ناسك خه‌یاڵ و هه‌ست ناسك حه‌سه‌ن ده‌رزی ، كه‌زۆر كوردانه‌ و به‌ده‌نگێكی كوردانه‌ خوێندویه‌تی ، هونه‌رمه‌ندێكی زۆر به‌سه‌لیقه‌ یه‌ له‌ گۆرانی گوتندا هه‌روه‌ها ئاوازدانه‌ر و كه‌مانچه‌ژه‌نێكی به‌توانایه‌، ده‌ست و په‌نجه‌ ڕه‌نگینه‌ و كۆی به‌رهه‌مه‌كانی زۆر ئیحساسین  و مۆركی كوردانه‌و تایبه‌ت به‌ده‌نگی خۆیین ، تام و چێژێكی هونه‌ری زۆر تایبه‌ت به‌هه‌ستی بیسه‌ر ده‌به‌خشێت ، یه‌كێك له‌شانازییه‌كانم ئه‌وه‌یه‌  كه‌ له‌گه‌ڵ برا هونه‌رمه‌نده‌كانم  وه‌ك ( هێمن حوسێن ، ڕێبین جه‌مال و شوان قه‌ره‌داخی ) كاری هونه‌ریمان له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن ده‌رزی ئه‌نجامداوه‌ ، به‌رهه‌مه‌كانی ئه‌لبومی وه‌ته‌ن ، له‌ڕووی ئاماده‌كردن و دابه‌شكردنه‌وه‌ كاری هونه‌رمه‌ند هێمن حسێن و منه‌) (7).

هونه‌رمه‌ندی ده‌نگخۆش و ژه‌نیار و ئاوازدانه‌ر ، زۆر هه‌ستیارانه‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ هۆنراوه‌ی  فۆلكلۆر و  شیعری شاعیران دا كردووه‌ ، له‌به‌رهه‌مه‌كانیدا دیاره‌ هۆنراوه‌یه‌ك له‌ناو هه‌ست و نه‌ستیدا جێگه‌ی نه‌گرتبێت و شاره‌زایانه‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ تێكستدا كردووه‌ و مه‌به‌ستی بووه‌  كه‌  ئاوازێك بكاته‌ گه‌ردنی هۆنراوه‌یه‌ك له‌لای گوێگرو هه‌وادارانی ده‌نگ و هونه‌ره‌كه‌ی په‌سه‌ند بێت، له‌سه‌ره‌تای ده‌ستپێكی كاری هونه‌رییه‌وه‌  هونه‌رمه‌ند هۆنراوه‌ی شاعیرانی وه‌ك ( هێمن ، خالیدائاغای حیسامی( هێدی) ، سواره‌ی ئیلخانی زاده‌، گۆران، محه‌مه‌د سه‌عید نه‌جاڕی ( ئاسۆ ) ، شه‌ریف حسێن په‌ناهی ، نالی )

 گۆرانییه‌كانی  هونه‌رمه‌ند  حه‌سه‌ن ده‌رزی ، كه‌زۆر نزیكه‌ له‌ڕۆح و هه‌ستی گوێگر ، وه‌ك :

1/ ئه‌ی وه‌ی باڵابه‌ر ،

2/  گه‌وهه‌رێ ( هۆنراوه‌ی فۆلكلۆر و ئاوازی  حه‌سه‌ن ده‌رزی).

3/  شار ( هۆنراوه‌ی سواره‌ی ئیلخانی زاده‌ و ئاوازی حه‌سه‌ن ده‌رزی) ( ئه‌لبومی دایه‌ گیان ساڵی 1990 ،  هونه‌رمه‌ندانی مۆسیقا ژه‌ن ( ڕه‌شیدخان فه‌یزنه‌ژاد ، ڕه‌حمان پیرانی ، ئیسماعیلی یه‌عقوبی  ، عه‌لی خاڵندی  و چاپووك ، ستۆدیۆی عومه‌ر ڕه‌سوڵی  تۆماركراوه‌).

4/  ده‌ردی دڵ  بۆ كێ به‌یان كه‌م ، هۆنراوه‌ی ( هێدی ) ئاوازی حه‌سه‌ن ده‌رزی  ، هونه‌رمه‌ندانی مۆسیقا ژه‌ن ( ڕه‌شیدخان فه‌یزنه‌ژاد ،عه‌زیزی سه‌یفی  ، محه‌مه‌د دانش و حسێنی ڕه‌هبه‌ر)   ئه‌م گۆرانییه‌  له‌ساڵی (1988 له‌ستۆدیۆی ( كه‌ریمی ته‌ڵایی) تۆماركراوه‌).

5/ ئاوازی نیشتمانی سه‌وزه‌  ، هۆنراوه‌ی ( حوسێن مام ڕۆسته‌می و شێركۆبێكه‌س ، ئاوازی فۆلكلۆر ، هونه‌رمه‌ندانی مۆسیقاژه‌ن سه‌روه‌ت كۆیی ، هه‌ژار زه‌هاوی و  ڤینۆس ده‌رزی ، له‌ستۆدیۆ (نیهاد) له‌ شاری (له‌نده‌ن) له‌ساڵی (2004) تۆماركراوه‌.

6/ تاری شكاو  ، هۆنراوه‌ی ئاسۆ ، ئاوازی حه‌سه‌ن ده‌رزی  ،

7/ غه‌ریبم ده‌رگام لێ بكه‌وه‌ ، هۆنراوه‌ی فۆلكلۆر و ئاوازی حه‌سه‌ن ده‌رزی ،  هونه‌رمه‌ندانی مۆسیقاژه‌ن ( دڵزار یاسین ،ئیسماعیلی شاهی ، شازاد ،  په‌یمان فه‌یزیابی  ، تۆماركردنی ده‌نگ  ( كه‌ریمی ته‌ڵایی و عومه‌ر ڕه‌سوڵی).

8/ بێ وه‌فایی ، هۆنراوه‌ی (هێمن) و( مه‌لا غه‌فوری ده‌باغی) و ئاوازی حه‌سه‌ن ده‌رزی ،

9/ لێ ناگه‌ڕێن  ، هۆنراوه‌ی ( نازم حیكمه‌ت) وه‌رگێڕانی بۆسه‌رزمانی كوردی ( عه‌بدوڵڵا گۆران)

10/ گوڵه‌كه‌م ، هۆنراوه‌ی (ئاسۆ ) ئاوازی حه‌سه‌ن ده‌رزی

11/ نه‌مردم ، هۆنراوه‌ی (نالی ) ئاوازی حه‌سه‌ن ده‌رزی

12/ ئه‌گه‌رچی شه‌و دره‌نگه‌  ، هۆنراوه‌ی (هێمن) و ئاوازی حه‌سه‌ن ده‌رزی .

13/  له‌یلا بارمه‌كه‌  ، ئاوازی  حه‌سه‌ن ده‌رزی .

14/ دێته‌وه‌ ته‌یره‌كه‌ی گه‌رمێنێ

15/ ئامۆزا ، فۆلكلۆری ناوچه‌ی فه‌یزوڵڵابه‌گی  و ئاوازی  حه‌سه‌ن ده‌رزی .

16/ سێوێ گیان سێوێ ، هۆنراوه‌ی فۆلكلۆر و  ئاوازی  حه‌سه‌ن ده‌رزی .

17/ شه‌وانه‌ ئه‌وده‌مانه‌ی شه‌و  ،  هۆنراوه‌ی (هێمن) و ئاوازی حه‌سه‌ن ده‌رزی ،

18/ په‌پوله‌ی باڵ ته‌ڵایی، هۆنراوه‌ی (ئاسۆ ) ئاوازی حه‌سه‌ن ده‌رزی

19/ خۆزگه‌ به‌و ڕۆژه‌

20/ لاده‌ ده‌سرۆكه‌ 

21/ نامه‌چۆ

22/ لای لایه‌ 

23/ هه‌ی نایه‌ نایه‌

24/ دایه‌ گیان

25/ سزای تۆ تا چەند سەبری من تاکی؟
هۆنراوه‌ی ( شه‌ریف ) و ئاوازی حه‌سه‌ن ده‌رزی .

26/ گۆرانی بۆ شاره‌ جوانه‌كه‌ی  (بۆكان) هۆنراوه‌ی (ئاسۆ ) و ئاوازی حه‌سه‌ن ده‌رزی.

27/ وه‌ته‌ن،  هۆنراوه‌ی هێمن موكریانی و قانع و گۆران 

 ئاواز و وتنی حه‌سه‌ن ده‌رزی   ،  و   ده‌یانی تر .

  هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن ده‌رزی دوای تۆماركردنی  به‌رهه‌می (وه‌ته‌ن) له‌شاری هه‌ولێره‌وه‌ به‌ره‌وه‌ هه‌نده‌ران ڕێ ده‌گرێته‌ به‌ر و له‌ وڵاتی ( به‌ریتانیا ) له‌شاری (له‌نده‌ن ) جێگیر ده‌بێت ، جیا له‌به‌شداریكردنی له‌ئاهه‌نگ و بۆنه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان ، چه‌ند به‌رهه‌مێكی دیكه‌ی تۆماركردووه‌و بڵاو كردۆته‌وه‌ ، سه‌رقاڵی ئه‌لبومی شه‌شه‌مه‌،

ژیانی تاراوگه‌ بۆ مرۆڤ به‌گشتی ژیانێكی سه‌خت و دژواره‌ ، به‌ڵام بۆ هونه‌رمه‌ند و شاعیر پڕ ئازار و مردنێكی له‌سه‌ره‌خۆیه‌ ،  هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن ده‌رزی له‌ هه‌نده‌رانیش هه‌میشه‌ بیرو هۆشی له‌وڵاته‌ و له‌گه‌ڵ ئازار و سته‌م و چه‌وساندنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌كه‌یدا ده‌ژی ، سه‌باره‌ت به‌ژیانی تاراوگه‌ له‌دیدارێكدا هونه‌رمه‌ند ده‌ڵێت  ( بۆئه‌وكه‌سه‌ی نیشتمان په‌روه‌ربێت هیچ شوێنێك جیاوازی نییه‌  و هه‌رنه‌حه‌ساوه‌یه‌، ئه‌گه‌ر خوێنی كوردێك به‌ناحه‌ق ده‌ڕژێ من لێره‌وه‌ هه‌موو جارێك لایه‌ك له‌جه‌رگم ده‌بڕدرێت وه‌ك به‌ردی ناو هه‌مپانه‌كه‌ هه‌موو جار لایه‌كی جه‌رگی منیش ده‌بات ) (8).

دوای ئه‌و مێژووه‌ جوانه‌ لێوڕێژه‌ له‌هونه‌ری ڕه‌سه‌ن و بێخه‌وش و پڕ له‌ناسكی هۆنراوه‌و میلۆدی ، هیوای به‌رده‌وامی  له‌ هونه‌ری ئاوازدانان و چرینی گۆرانی  بۆ ده‌خوازم ، به‌وئومێده‌ی  به‌سه‌ربه‌رزی و ئازادی بگه‌ڕێته‌وه‌ زیده‌كه‌ی خۆیی و به‌ ئامێره‌ شیرینه‌كه‌ی كه‌مانچه‌و ده‌نگه‌ به‌سۆزه‌كه‌ی  گۆرانی و ئه‌وێنداری  بۆ وڵات و  خوایه‌ وه‌ته‌ن ئاواكه‌ی بۆ منداڵانی قوتابخانه‌ بڵێته‌وه‌،پێی ده‌ڵێم هه‌میشه‌ پڕ ته‌ندروست بیت  هونه‌رمه‌نده‌ خۆشه‌ویسته‌كه‌ی وڵات و شاری بۆكان  ، هونه‌رمه‌ندی ده‌نگخۆشیی میللی  (سه‌یدمحه‌مه‌دی سه‌فایی ( 1932_ 30/11/1995)  ، له‌گۆرانی  ( چین چین و لۆ لۆ  سه‌باره‌ت به‌ هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن ده‌رزی ده‌ڵێت  :

ئه‌وه‌نه‌م وتییه‌ تۆ بۆ من فه‌رزی

یاخوا خۆشبی كاك حه‌سه‌نی ده‌رزی ) ، ڕه‌حمه‌ت له‌گڵكۆكه‌ت  هونه‌رمه‌ند سه‌ید محه‌مه‌دی سه‌فایی ، دڵنیایه‌ ئێمه‌ش حه‌سه‌ن ده‌رزی یمان  خۆش ده‌وێت.

جه‌مالی ده‌لاك  18/9/2022 هه‌ولێر.

سه‌رچاوه‌ :

(1)هۆنراوه‌ی (بۆ دوور وڵاتێ) ،محه‌مه‌د سه‌عید نه‌جاڕی ( ئاسۆ)  دیوانی ( په‌یكی شادی) كۆمه‌ڵێك له‌شیعره‌كانی (ئاسۆ) .

(2 و  3  و 5) فیچه‌رێك له‌سه‌ر ژیاننامه‌ی هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن ده‌رزی، له‌زاری هونه‌رمه‌ند خۆیه‌وه‌ ئه‌و ژیاننامه‌یه‌ ده‌گێرێته‌وه‌ ، كۆمپانیای چاو له‌شاری سلێمانی ، یوتوب (27/7/2022).

(4) هۆنراوه‌ی : شه‌ریف حسێن په‌نا

دیوانی (ملوانكه‌ی شین ) لاپه‌ڕه‌ (16).

(6) ئینیستاگرامی هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن ده‌رزی .

(7)  وتوێژ له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیار هه‌لبه‌ست سه‌لاح ، له‌دیوانی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری  ، له‌ 11/9/2022.

(8) سایتی نوچه‌ نێت ، ئالان عومه‌ر (29/12/2009).

کوردستان بناسە

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.