ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەم 8ی ئەیلوول، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە جەنەراڵ مایکل کورێللا فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا (CENTCOM) کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە جەنەرال ماتیۆ ماکفەرلین فەرماندەی گشتیی نوێی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا ئامادەی بوو، دوایین پەرەسەندنەکانی بارۆدۆخی گشتیی عێراق و پەرەپێدانی پەیوەندی دوولایەنە تاووتوێ کرا.
جەنەرال کورێللا قوربانیدانەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی بەڕێبەرایەتی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی لە تێکشکاندنی تیرۆریستانی داعش بەرز نرخاند و پابەندبوونی وڵاتەکەشی بە بەردەوامیی پشتیوانیکردنی پێشمەرگە دووپات کردەوە.
سەرۆکی حکوومەت سوپاسی هاریکاریی و پشتیوانی ئەمەریکا و هێزەکانی هاوپەیمانانی کرد و کورتەیەکی دەربارەی پرۆسەی چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم، بەتایبەتی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە خستەڕوو.
گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی بە شێوەیەکی بنەڕەتی و لە سەر بنەمای دەستوور، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.