Erbil 21°C چوارشەممە 20 تشرینی دووەم 14:03

بۆچی سینەماكانی شاری هەولێر داخران ؟

کوردستان TV
100%

لە نیوەی دووەمی دەیەی چوارەم تا كۆتایی نیوەی یەكەمی دەیەی نۆیەمی سەدەی رابردوو، هەولێر خاوەنی چوار هۆڵی سینەمای گەورە بوو، سەڵاحەددین، حەمرا، سیروان و كریستال كە نوێترین فیلمە بیانی و ناوخۆییەكانی تیادا نمایش دەكرا و خەڵك بەجۆش و خرۆشەوە نۆرەی وەرگرتنی بلیتی فیلمەكانیان دەگرت، بەڵام ئێستا ئەم سینەمایانە یان رووخێنراون یان داخراون و بوونەتە یادگاری و بیرەوەی خەڵكی شارەكە.
لەوبارەیەوە شاخەوان مستەفا سمایل، بەڕێوەبەری سینەمای هەولێر، دەڵێت: لە رابردوودا لە هەولێر، بینەرێكی باش هەبووە بۆ سینەما، بەڵام بە قۆناغ بووە، بۆ نموونە حەفتاكان (1970-1979) جگە لە هۆڵی سینەما، ئەوا سینەمای هاوینەیش هەبووە و خێزان چوونەتە سینەما، بەڵام دەبینین قۆناغەكان لە نەوەدەكان تا دوو هەزار، بە قۆناغێكی رەشی دەبینم كە بووە هۆكاری تۆرانی بینەر لە هۆڵەكانی سینەما، بەداخەوە لەم قۆناغەدا سانسۆرێكی توند نەبوو لەسەر نمایشكردنی فیلمەكان و سینەماش لەلایەن كۆمەڵێك خەڵكی سەرمایەدار بەڕێوەدەبرا، ئیستیغلالی بارودۆخەكەشیان دەكرد، بۆیە فیلمی رووت و ئەو جۆرە فیلمانەیان نمایش دەكرد كە پێی دەڵێن بۆ سەرووی 18 ساڵ و وایان كرد كە خێزان بتۆرێ و تێڕوانینی خەڵك لەسەر هۆڵی سینەما بووە نیشاندانی فیلمی رووت و پۆڕن.
گوتیشی: لە قۆناغی دوای ساڵی دوو هەزار، جارێكی دیكە ئەو متمانەیە گەڕاوەتەوە، بەڵام هێشتا وەهمێك دروست بووە لەلای خەڵك، تا ئەو وەهمە دەڕەوێتەوە پێویستیمان بە كاتە، ئەو رەواندنەوەیە ئەركی ئێمەیە وەكو حكوومەت، هونەرمەند و فیلمساز، ئەو هەوڵەشمانداوە و فیلمی زۆر باشمان دروستكردووە لەم بوارەدا، لەم بەڕێوەبەرایەتییەی ئێمە نزیكەی 200 فیلممان هەیە و هەمووی فیلمی خێزانی، نیشتمانیی و مێژوویین، هەندێكیان فیلمی رووداو و دۆكیۆمێنتارین لەسەر رووداوەكان.
بەڕێوەبەری سینەمای هەولێر ئاماژە بەوەش دەكات كە كۆمەڵێك سیناریۆیان لەبەردەستە بۆ ئەوەی بكرێتە فیلم، بەڵام گرفتی دارایی بووەتە رێگر لەبەردەم جێبەجێكردنی پڕۆژەكەیان و گوتی: لەئێستادا كۆمەڵێك سیناریۆمان لەلان كە لەلایەن هونەرمەندی چاك و بەتوانا نووسراوەوەتە بۆ ئەوەی بكرێنە فیلم، بەڵام بەداخەوە دیسان رووبەڕووی گرفتێكی دیكە دەبینەوە ئەویش بابەتە ئابوورییەكەیە كە بووەتە كەلەپچە بە دەستمانەوە و نازانین چۆن بیكەینەوە، چونكە ساڵ بە ساڵ هونەرمەندان لە داهێناندان، بەڵام كە دەبینێت ناتوانێت بیكاتە كردار، ئەوە داخێكی گەورەیە.
شاخەوان مستەفا سمایل تیشكدەخاتە سەر قەیرانی دارایی و ئەوەشدەخاتەڕوو كە جێبەجێكردنی پڕۆژە هونەرییەكان وەكو پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان گرنگە و گوتی: "ساڵی 2014 كە قەیرانی دارایی دروستبوو، بووەتە قۆناغێكی ئیفیلجبوون بۆ ئێمە و هونەرمەندان، ناتوانین كارەكان بكەین، ئەگەر بۆ هەر پێداویستییەك داواكاری بۆ وەزارەت بەرزبكەینەوە، ئەوا وەزارەتی رۆشنبیریی داواكەی ئێمە ئاراستەی وەزارەتی دارایی دەكات، بەڵام لەوێ سەیر دەكرێت و پێمان دەڵێن : پڕۆژەی خزمەتگوزاریی لە پێشترە لە پڕۆژەی هونەریی، هەرچەندە ئێمە بە پێچەوانەوە دەیبینین و پێمانوایە كە پڕۆژەی هونەریی بەقەد پڕۆژەی خزمەتگوزاریی گرنگە، هەروەكچۆن ئاو و كارەبا گرنگە هونەریش هێندە گرنگە، چونكە هەندێك گرێكوێرە هەیە بە هونەر دەكرێتەوە، سینەما هونەرە گەورەكەیە و هەندێكجار بە شانۆیەك یان پارچە مۆسیقایەك دەتوانی دونیایەك موعاناتی كۆمەڵگا بە دونیا بگەیەنی.
شاخەوان مستەفا سمایل، بەڕێوەبەری سینەمای هەولێر، لەبارەی مێژووی دروستبوونی هۆڵی سینەما لە هەولێر و پڕۆژەی بەڕێوەبەرایەتی سینەما بۆ ئاشتبوونەوەی بینەر بە سینەما گوتی: یەكەم هۆڵی سینەما، سینەما سەڵا‌حەددین بوو كە لە ساڵی 1947 دروستكرا، دواتر سینەما حەمرا، سیروان و كریستال دروستكران، ئەو چوار سینەمایە سەرمایەدارانی هەولێر دروستیانكردووە و كەرتی تایبەت بووە و بەخواستی خۆیان دایانخستووە و ویستوویانە كارەكەیان بگۆڕن.
گوتیشی: لەم قۆناغەی دواییشدا ئەو بووژانەوە ئابوورییەی رووی لە هەرێمی كوردستان كرد، سیستەمێكی جوان دروست بوو، ئەویش دانانی هۆڵی سینەما بوو لەناو مۆڵەكان و هاووڵاتییان سەردانی دەكەن، هەرچەندە بلیتی چوونە ژووەوە گرانە و لە خواستی هاووڵاتییاندا نییە.
بەڕێوەبەری سینەمای هەولێر ئاشكرایشی دەكات كە داواكارییەكیان بەرزكردووەتەوە بۆ ئەوەی هۆڵێكی سینەما هەبێت تایبەت بە كەرتی گشتیی و نرخی بلیت پارەیەكی كەم بێت و ئەو فیلمانە نیشان بدرێت كە بۆ خێزان دەشێن و ببێتە مایەی ئاشتبوونەوەی بینەربە سینەما 
لە شاری هەولێر سینەما سەڵا‌حەددین یەكەم و كۆنترین سینەما بوو كە لە ساڵی 1947دروستكرا و بەم ساڵانەی دواییدا رووخێنرا و لەئێستادا، شوێنەكەی كراوەتە شوێنی وەستانی ئۆتۆمبێل، دوای ئەویش سینەما حەمرا ساڵی دواتر دروستكرا كە ئێستا بووەتە كۆگا بۆ عەمباركردنی خۆراك، دوای ئەویش سینەما سیروان دروستكرا كە بەهۆی ئەوەی بەر ماستەرپلان دەكەوێت، تەواوی دوكانەكانی دەوروبەریشی چۆڵكراوە و هۆڵێكی وێرانەی بێ بنمیچ ماوەتەوە، بەدوای ئەویش سینەما كریستال دێت كە ئەویش ماوەی چەندین ساڵە دەرگاكەی داخراوە. 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.