لە دوای جەنگی جیهانی دووەم كە ئەوسا ئابووری وڵاتان رووبەڕووی ئاستەنگی زۆر بوویەوە بە هۆی لێكەوتەكانی شەڕ و پێویستی بنیاتنانەوەی وێرانەی دوای شەڕ كە تێچووەیەكی زۆری دەویست، ئەو كات دۆلار بەهێزترین دراوی مامەڵەكردن بوو، بۆیە توانی كاریگەری گەورە دروست بكات.
دواتر وڵاتانی زلهێز بیریان لە دیزانكردن و داڕێشتنەوەی سیستەمێكی ئابووری نوێ لە جیهان كرد، لە ساڵی 1944 لە ناوچەی گەشتیاری هامشیری ئەمریكا نوێنەری ژمارەیەك وڵاتان كۆبوونەوە و بڕیاریان لەبارەی دامەزراندنی سیستەمی برێتۆن وودس دا كە بە پێی ئەو سیستەمە نوێیەی ئابووری جیهانییە رێگری لە سیاسەتی خۆپەرستی ئابووری وڵاتان دەكرێت، وە رێگری دەكرێت لە پێشبڕكێی كەمكردنەوەی بەهای دراوەكان و پێكهێنانی بلۆكی بازرگانی هەروەك لە ساڵانی 1930 بیندرا و ئابووری جیهانی دووچاری گرفتی گەورەكردبوو.
هەروەها بە پێی پەیماننامەی برێتۆن وودس، بانکی جیهانی دامەزرا (كە بانکێكی نێودەوڵەتییە بۆ ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان). ئامانجی یارمەتیدانی وڵاتانی ئەوروپا و ژاپۆن بوو بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی ژێرخان و سەرخانی ئابووری وڵاتەكانیان دوای ئەوە بانکی جیهانی بوو بە ڕێکخراوێک بۆ یارمەتیدانی وڵاتانی گەشەسەندوو، هەروەها لە نێو پەیماننامەی برێتۆن وودسدا ڕێکەوتنی گشتی لەسەر گومرگ و بازرگانی كرا و بۆ ماوەی چوار دەیە ڕۆڵی گەورەی لە بەرەوپێشبردنی بازرگانی ئازاد بینی، سەرجەم مامەڵەكان لە رێگای دراوی دۆلار بوون، بەمەش دۆلار زیاتر بەهایەكی جیهانی پەیدا كرد و چەند رێگایەكی دیكەش گیرایەبەر تا سەنگی دۆلار بە بەرزی بمێنێتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش چەند بڕیارێك درا لەوانە:.
یەکەم: دۆلار پشتگیری ئەکرێ بە سیستەمێک کە بە زێڕ پاڵپشتی ئەکرێ کە بۆ هەموو ئەو وڵاتانەی بەژداری ئەکەن بەشێوەیەکی یەکسان و بە نرخێکی نەگۆڕ مامەڵەی لەگەڵ ئەکرێ، بەگوێرەی سیستەمەکە دۆڵار دەبێتە کلیلی گۆڕینی هەر دراوێک بە دراوێکی دیکە لە جیهاندا و بەهۆیەوە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەبێت بە وڵاتی ناوەندی بڕیادەر .
دووەم: وڵاتانی ئەندام بۆیان هەیە بەرز و نزمی بە دراوی وڵاتەكانیان بكەن، بەڵام نەک لەسەر حیسابی دۆلار و هەر گۆڕانكارییەك كە ئەنجامی دەدەن نابێت دژ بێت لەگەڵ بەرژەوەندی دۆلار .
سێیەم : دۆلار نرخی زێر دیاری دەکا نەک زێر نرخی دۆلار دیاری بكات، وەک دەبینین لە ساڵی 1944 لە کاتی ئەنجامدانی ئەو کۆبوونەوەیە نرخی یەك ئۆنس زێر تەنها 33 دۆڵار بووە (1 ئۆنس = 31.1 گرام کە بە نزیکەی 6 مسقاڵ دەکات)، بەڵام ئێستا هەر ئۆنسەیەک نزیکە لە 1800 دۆڵاره.
چوارەم: بە پێی سیستەمەكە، بازرگانان ئازاد دەبن لە مامەڵەكانیان بە مەرجێك لە بازرگانییەكەیان تەنها دۆڵار بەكاربهێندرێت.
ئەم چوار تایبەتمەندیە هۆكاری دیكە بوون لە بە جیهانی بوونی دۆلار.
ئەگەر چی نیشانەكانی لاوازبوونی سیتسەمی بریتۆن وودس دەركەوتبوون، بەڵام هێشتان وڵاتانی ئەندام وایان دەزانی كە دۆڵار بە زێر پاڵپشتی كراوە تا ساڵی 1971 راستیان بۆ دەركەوت.
ڕیچارد نیکسۆن سەرۆکی ئەو کاتەی ئەمەریکا ڕایگەیاند کە هیچ پەیوەندییەک لە نێوان زێر و دۆلار نەماوە و چیتر دۆلار بە زێر پاڵپشتی ناكرێت، بەڵكو دۆلار بووە کاڵایەکی سەربەخۆ، ئەم هەوڵە بووە هۆی هەڵاوسانی ئابووری لە زۆربەی وڵاتانی ئەندامی نێو سیستەمەكە، تەنانەت لە ناو ئابووریناسان بە رووداوێکی مێژوویی دادەندرێت و شۆكێكی گەروەی دروست كرد كه پێی دەگوترێت (نیکسۆن شۆک).
ئەمریكا بۆ پاراستنی بەهای دۆلار جارێكی دیكە پاڵپشتییەكی بۆ دۆلار پەیدا كرد و لە ساڵی 1973 بەدواوە دۆلار بە نەوت پاڵپشتی كرا، ئەمەش دوای ئەوە هات كە هێنری کیسینجەر و پاشا فەیسەڵی سعوودیە رێکكەوتن کە کڕین و فرۆشتنی نەوت تەنها بە دۆڵار بێت.
ئەگەر چی بە هۆی بە هێزی ئابووری ئەمریكا و زۆر بەی مامەڵەكانی جیهان بە دۆلار بوو، تا ئێستا دۆلار كاریگەری لە نێو ئابووری جیهاندا هەیە، بەڵام لە چەند ساڵی رابردوو بە كۆمەڵێك هۆكار، دۆلار كاریگەرییەكانی كەمتربووەوە بە تایبەت دوای ئەوەی چین وەك وڵاتێكی خاوەن هەژموونی ئابووری دەركەوت و كاریگەرییەكانی دۆلار بەرامبەر (دراوی یوانی چینی و یەنی یابانی و یۆرۆی ئەوروپی و جونەهیی ئیستەرلینی بریتانی) كەمتر بووە، بە مانایەكی دیكە ئەو دراوانە كاریگەرییەكانی دۆلاریان كەمتر كردۆتەوه.
كۆمەڵێك هۆكاری دیكە كە پەیوەندی بە بازاڕی نەوت و بەرزبوونەوەی نرخی نەوتەوە هەیە، چونكە بەرز و نزمی نرخی نەوت پەیوەندییەكی پێچەوانەی لەگەڵ دۆلار هەریە كە بەهای نەوت بەرز بووەوە نرخی دۆڵار دادەبەزێت، هەڵبەتە بۆ زێڕێیش ڕاستە، نەوت و زێر لە چەند ساڵی رابردوو لێكەوتەی گەورەیان بەسەر لاوازكردنی كاریگەری دراوی دۆڵار هەبووە، ئەمە جگە لە بوونی جەنگی تەكنەلۆژیا و بازرگانی نێوان چین و ئەمریكا و ملێملانێ سیاسی و ئابوورییەكانی جیهان و رێككەوتنی وڵاتانی بەرهەم هێنانی نەوت لە ناوخۆیاندا لەسەر بڕی بەرهەم هێنان و نرخ و راوەستانی گەشەی ئابووری جیهان لە چەند ساڵی رابردوو، ههروهها بڵاو بوونەوەی پەتای كۆڕۆناش هەموو ئەمانە هەژموونی دۆلاریان بەسەر ئابووری جیهان كەمكردۆتەوە.
لە ئێستادا كە مڵمڵانێكان گەیشتوونەتە ئاستی شەڕ و سزادانی یەكتری وڵاتان بە تایبەتی شەڕی (رووسیا و ئۆكراینا) و بڕیاری ئەم دواییەی رووسیا بۆ فرۆشتنی گاز و وزەی وڵاتەكەی بە تەنها بە دراوی رۆبڵی رووسی، هۆكارێكی دیكەی كەمكردنەوەی قیمەتی دۆلارە لەنێو ئابووری جیهان و بازاڕی نەوت و وزە، كە رەنگە لە داهاتووشدا چەند وڵاتێكی دیكەی بەرهەمهێنی نەوت و وزە بیر لە وەها رێگەیەك بكەنەوە نەوت بە دۆلار نەفرۆشن، لە ئێستاشدا هەریەكە لە رووسیا و ئێران لەنێو تاوتوێكردنی پڵانێكن بۆ وەڵامدانەوەی سزاكانی سەر هەردوو وڵات لە لایەن ئەمریكا، پلانەكە بەو شێوەیەیە كە هیچ جۆرە مامەڵەیەك بە دراوی دۆلار نەكەن و تەنانەت بەكارهێنانی دۆڵار لە ناوخۆی وڵاتەكانیان قەدەغە بكەن، كە ئەمەش گورزێكی دیكەیە بەر دۆلار دەكەوێت.
هەروەها رۆبەرت كیۆساكی ئابووریناسی ناوداری جیهانی و خاوەنی پڕفرۆشتین كتێب، لەبارەی رووخانی دۆلار دەڵێت، دۆلار بلقێكی گەورەیە رۆژێك دەتەقێت، بۆیە پێویستە خەڵكی لە بری پاشەكەوت كردن بە دۆلار زێڕ بكڕن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.