Erbil 7°C ھەینی 17 کانوونی دووەم 22:43

هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د ئیبراهیم عه‌بدول له‌گۆرانى گوتن له‌باخچه‌کانى هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ بۆ ڕادیۆ و ته‌له‌فزیۆن ...!

( حه‌مه‌ قوتوو ) (1939_ 1992)
کوردستان TV
100%

(كوا چى لێهات كۆڕى گه‌رمى ده‌مه‌ و عه‌سرى لاى ئازيزان

كوا چريكه‌ى پڕ له‌سۆزى ( حه‌مه‌ قوتوو)  و ده‌نگى ( خه‌زان) ) (*1)

ڕۆژگارێك بوو له‌نێو باخچه‌كانى شارى هه‌ڵه‌بجه‌دا، ده‌نگ و چريكه‌و سه‌داى شاگرد و قوتابى قوتابخانه‌كه‌ى هونه‌رمه‌ندى گه‌وره‌ سه‌يدعه‌لى ئه‌سغه‌رى كوردستانى، (عومه‌ر خه‌زان  1929 _12/1/2008) و هونه‌رمه‌نده‌ شيكپۆش و ده‌م به‌خه‌نده‌وجوان خاسه‌كه‌ى هه‌ڵه‌بجه‌ ( حه‌مه‌ قوتوو) به‌ده‌نگ و هونه‌ره‌ به‌رزو هه‌ست بزوێنه‌كانيان  شارى هه‌ڵه‌بجه‌و ده‌وروبه‌رى ئاواز پرژێن و شادى و سۆزو خه‌نده‌و ئارامييان ده‌به‌خشيي ، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌  ئێستا ده‌نگى  ئه‌و  هونه‌رمه‌ندانه‌  له‌نێو كۆڕو به‌زمى شادى و كۆبوونه‌وه‌ى ياران له‌نێو باخچه‌كانى ئه‌وشاره‌دا نابيسترێن ، به‌ڵام بۆ هه‌ميشه‌ ناو و نازناو و ده‌نگ و هونه‌ره‌كه‌يان له‌نێو دڵى دۆست و ياران و هه‌موواندا به‌زيندوێتى ماونه‌ته‌وه‌.11

گرنگ نييه‌ تا چه‌ند به‌رهه‌مى هونه‌ريت هه‌بێ، به‌ڵام ئه‌وه‌ى گرنگه‌ به‌رهه‌مه‌كانت له‌نێو دڵ و ده‌روون و هه‌ستى بيسه‌ر و گوێگر و بينه‌ردا بۆ هه‌ميشه‌ بوونيان هه‌بێـت و به‌زيندوويي بمێننه‌وه ، له‌نێو هونه‌رمه‌ندانى موزيك و گۆرانيدا، هه‌ندێك هونه‌رمه‌ندمان هه‌يه‌ له‌ماوه‌ى ژيانى هونه‌ريدا ‌به‌رهه‌مه‌كانيان  كه‌م و پوخت و خاوه‌نى مۆركێكى ڕه‌سه‌نن  و بۆ هه‌ميشه‌ كاريگه‌ريي و جێي خۆيان له‌نێو گه‌نجينه‌ى هونه‌رى موزيك و گۆرانى كورديدا به‌رزى هێشتۆته‌وه‌‌.

هونه‌رمه‌ندى كۆچكردوو ( محه‌مه‌د ئيبراهيم عه‌بدول ) له‌نێوه‌ندى هونه‌رى و ژيانى كۆمه‌ڵايه‌تى به‌ ( حه‌مه‌ قوتوو) ناوبراوه ‌و ده‌ناسرێت،

ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ زاده‌ى مه‌ڵبه‌ندێكه‌ كه‌ لێوان لێوه‌ له‌ ئه‌ده‌ب و ڕۆشنبيرى و هونه‌ر و به‌هره‌مه‌ند، له‌ژينگه‌ جوان و پاك و بێگه‌رده‌كه‌ى ( هه‌ڵه‌بجه‌) مه‌ڵبه‌ندى شاعيران و هونه‌رمه‌ندان به‌دنيا هات و گه‌شه‌ى كردووه‌.

هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د ئيبراهيم عه‌بدول  له‌ساڵى (1939) له‌خانه‌واده‌يه‌كى ئايينى له‌گه‌ڕه‌كى جووله‌كانى شارى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌دايكبووه‌ ، تاقانه‌ى خانه‌واده‌و دوو خوشكى بووه‌ به‌ناوه‌كانى ( فاتيمه‌و ئايشێ )، باوكى هونه‌رمه‌ند (ئيبراهيم عه‌بدول ) پياوێكى ئيماندار و له‌خواترس و نوورانى بووه‌ به‌ ( ئيبراهيم حۆرى) ناسراوه‌، به‌داخه‌وه‌ هونه‌رمه‌ند نه‌خراوه‌ته‌ به‌رخوێندن، له‌كۆتايي ساڵانى ته‌مه‌نيدا هونه‌رمه‌ند خوێندنى قۆناغى نه‌هێشتنى نه‌خوێنده‌وارى ته‌واو كردووه‌ توانيويه‌تى بنوسێت و بخوێنێته‌وه‌، به‌ڵام هه‌رله‌ته‌مه‌نى منداڵييه‌وه‌ هه‌ستى به‌به‌هره‌ى ده‌نگخۆشيي كردووه‌ ، له‌نێو هاوڕێي و هاوه‌ڵه‌كانيدا له‌ باخچه‌ دڵگيره‌كانى شارى هه‌ڵه‌بجه‌ وه‌ك ( باخى مير و باخه‌ بچكۆله‌ و باخى گوڵان ) گۆرانى وتووه‌ و به‌هره‌ى ده‌نگخۆشيي گه‌شه‌ى كردووه‌ تاهه‌واڵ گه‌يشتۆته‌وه‌ باوكى وچه‌ندين جار باوكى لێى نيگه‌ران بووه‌ و سه‌ركۆنه‌ى كردووه‌ و  پێى وتووه‌ ده‌ترسم ببيته‌ چاوه‌ش ، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و وشه‌يه‌ نيگه‌رانى ده‌كات و به‌ڵێن به‌خۆى ده‌دات كه‌به‌رده‌وام بێت له‌سه‌ر گۆراني خوێندن و تا ببێت به‌گۆرانبێژ .

ته‌مه‌نى هه‌ڵده‌كشێ و عه‌شق و خولياى بۆ هونه‌رى گۆرانيگوتن زياتر په‌ره‌ده‌سێنێ و ده‌كه‌وێته‌ ژێر كاريگه‌رى هه‌ردوو ده‌نگى به‌سۆزى هونه‌رمه‌ندان ( سه‌يد عه‌لى ئه‌سغه‌رى كوردستانى و مه‌لاكه‌ريم ) به‌لاساييكردنه‌وه‌ى گۆرانييه‌كانى ئه‌و دوو هونه‌رمه‌نده‌ ده‌ست ده‌كات به‌  گۆرانيي خوێندن ،هونه‌رمه‌ند كۆڵ نادات و به‌رده‌وام ده‌بێت له‌سه‌ر چرينى گۆرانى، به‌ڵام كاتێك  ده‌زانێ كه‌ هونه‌رمه‌ند (عومه‌ر ڕه‌زا ، 1942 ) ئاوازو هۆنراوه‌ى مامۆستا (ع،ع،شه‌ونم) ى بردووه‌ له‌ڕاديۆ خوێندوويه‌تى و هه‌روه‌ها گوێبيستى ده‌نگى  هونه‌رمه‌ندان (شه‌ماڵ سائيب 1931_ 8/11/1986) و ( حه‌سه‌ن زيره‌ك 1921_26/6/1972)  له‌ڕاديۆى كوردى به‌غدا ده‌بێت ، هونه‌رمه‌ند ( محه‌مه‌د ئيبراهيم عه‌بدول)  هونه‌ره‌كه‌ى په‌لكێشى ده‌كات وبه‌دزييه‌وه‌ له‌ساڵى (1954) ڕووده‌كاته‌ شارى به‌غدا و له‌ده‌رگاى ڕاديۆى كوردى به‌غدا ده‌دات ، به‌پێى ئه‌و هه‌ڵسه‌نگاندن و تاقيكردنه‌وه‌ى ده‌نگه‌ خۆشه‌كان له‌لايه‌ن ليژنه‌ى هه‌ڵسه‌نگاندنى ڕاديۆوه‌ ، ئاشكرايه‌ كه‌ ده‌نگى خۆشيي هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د ئيبراهيم عه‌بدول سه‌رساميان ده‌كات و به‌خۆشحاڵييه‌وه‌ وه‌رده‌گيرێت ، له‌وساڵه‌ دا هونه‌رمه‌ند (6) گۆرانى له‌گه‌ڵ تيپى مۆسيقاى ڕاديۆى كوردى به‌غدا تۆمارده‌كات به‌ناوه‌كانى ( گوڵاڵه‌ سووره‌  ، مه‌گرى مه‌گرى ، باران بارانه‌ ، خانم خانم ، له‌كۆڵانى ته‌نگ و هه‌ى به‌لار و به‌لار)، وێڕاى به‌رزنرخاندن و ده‌ستخۆشيي بۆ ئه‌و گرووپه‌ مۆسيقيه‌ى ڕاديۆى كوردى به‌غدا كه‌ هه‌موويان عه‌ره‌ب بوون ، هونه‌رمه‌ندانى كورد به‌و په‌ڕى لێهاتوويي و توانا و ئه‌داو گه‌رووى كوردانه‌يان، موزيكژه‌نه‌ عه‌ره‌به‌كانيان دواى ده‌نگ و ئاوازه‌ كوردييه‌ ڕه‌سه‌نه‌كان خستووه‌ ، دواى ئه‌وه‌ چه‌ندين جارى تر چۆته‌ ڕاديۆى كوردى بۆمه‌به‌ستى تۆماركردنى به‌رهه‌مه‌كانى له‌نزيكه‌وه‌ ئاشنايه‌تى له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانى ئه‌و كاتى ڕاديۆى كوردى به‌غدا ، هونه‌رمه‌ندان (  عه‌لى مه‌ردان ، محه‌مكه‌د عارف جزيرى ، حه‌سه‌ن جزيرى  ، عيسى به‌روارى  و ...تاد ) په‌يدا ده‌كات .

سه‌باره‌ت به‌گۆرانى  ( له‌كۆڵانى ته‌نگ ) هونه‌رمه‌ند له‌ساڵى (1954) له‌ڕاديۆى كوردى به‌غدا خوێندوويه‌تى، دواتريش له‌ساڵى (1978 بۆ 1979) له‌گه‌ڵ تيپى مۆسيقاى ميللى زانكۆى سلێمانى به‌سه‌رپه‌رشتى هونه‌رمه‌ند و مامۆستا ( ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داخى) به‌ده‌نگ و ڕه‌نگ بۆ ته‌له‌فزيۆن تۆمارى كردووه‌،  سه‌باره‌ت به‌ تێكست و ئاوازى ئه‌و گۆرانييه‌ ده‌ڵێن فۆلكلۆره‌ ، به‌ڵام شاعير و نووسه‌ر و ئاوازدانه‌ر مامۆستا ( ع،ع،شه‌ونم  1925_ 10/10/2020)  مێژووى ئه‌و گۆرانيه‌مان بۆ ڕوون ده‌كاته‌وه‌ و پێمان  ده‌ڵێت ( ئه‌م گۆرانييه‌ مێژووه‌كه‌ى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ساڵى (1932)  (ئه‌حمه‌د موختار جاف 1896_6/2/1935) ، شاييه‌كى كرد بۆ ( ئه‌فراسيا و غاندى ) كوڕى ، شايي ( خه‌ته‌نه‌سووران) ناردى به‌دواى ( ئه‌حمه‌د نازدارى) له‌بياره‌وه‌ بانگى كردوو  هێنايان بۆ هه‌ڵه‌بجه‌ ، ئه‌م ئه‌حمه‌دى نازدارى يه‌ زۆر ده‌نگى خۆشبوو ئه‌و گۆرانييه‌ ئه‌و دايناوه‌) (*2) بۆ زانيارى زێده‌تر هونه‌رمه‌ند و پێشمه‌رگه‌ ( حه‌مه‌ جه‌زا  8/11/1949_1/10/2010)گۆرانى له‌كۆڵانى ته‌نگه‌به‌ر له‌گه‌ڵ تيپى هونه‌رى هه‌ولێر له‌ساڵى( 1978) بۆ ته‌له‌فزيۆن تۆماركردووه‌ له‌ئاماده‌كردنى هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند ( وريا ئه‌حمه‌د و ڕزگار خۆشناو) بووه‌.(*3) بۆ درێژه‌دان و به‌رده‌وامبوون به‌كارى هونه‌ريي هونه‌رمه‌ند له‌ساڵى (1974) يه‌كه‌مين گۆرانى  بۆ ته‌له‌فزيۆنى كه‌ركوك تۆمارده‌كات به‌ناوى ( هه‌ى داده‌ هه‌يڕۆ) .

هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د ئيبراهيم عه‌بدول ، هونه‌رمه‌ندێك بووه‌ له‌پێناو هونه‌ره‌كه‌يدا ژياوه‌ ، نه‌ك هونه‌ره‌كه‌ى بيژێنێت، هونه‌رمه‌ندێكى خۆڕسك و دڵ و داوێن پاك و نه‌فس به‌رزو عاشقى هونه‌ر و موزيكى نه‌ته‌وه‌كه‌ى بووه‌ ، سه‌باره‌ت به‌ تێكست و ميلۆدى گۆرانييه‌كانى له‌ڕێي به‌رنامه‌ى ڕاديۆيي ( ئێوه‌و ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ ) دا ده‌ڵێت ( زۆربه‌ى گۆرانييه‌كانم له‌هۆنراوه‌و ئاوازى خۆمن و تێكه‌ڵ به‌فۆلكلۆرم كردوون ، ته‌نانه‌ت كاتێ گۆرانى يه‌كێكى تريشم وتبێته‌وه‌ ، ده‌ستكاريم كردووه‌ و دامڕشتۆته‌وه‌ ، ده‌نگى هه‌ريه‌ك له‌م هونه‌رمه‌ندانه‌ ( سه‌يد محه‌مه‌دى سه‌فايي ، ئيبراهيمى قادرى ، حه‌سه‌ن گه‌رميانى ، به‌رهه‌م حه‌سه‌ن ، عاره‌ب عوسمان و جه‌لال سه‌عيد) كاريگه‌ريي هونه‌رييان له‌سه‌رم هه‌بووه‌ ) ( *4)

په‌يوه‌ست به‌يادكردنه‌وه‌ له‌هونه‌رمه‌ندى ده‌نگخۆشيي شاره‌كه‌ى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌تايبه‌تى و كوردستان به‌گشتى ( محه‌مه‌د ئيبراهيم عه‌بدول ) هه‌رچه‌نده‌ له‌بنه‌ڕه‌تدا زاده‌ى ناوچه‌ شيرين و دڵڕفێنه‌كه‌ى هه‌ورامان نييه‌ ، به‌ڵام كاريگه‌رى فه‌رهه‌نگ و كه‌لتوور و هونه‌رى هه‌ورامانى له‌سه‌ر بووه‌ له‌گۆرانى خوێندندا ، هه‌روه‌ها پێويسته‌ ئه‌رك و ماندووبوونى مامۆستا و هونه‌رمه‌ندان ( ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داخى  ) و ( ئازاد ساڵح ، سه‌رۆكى تيپى مۆسيقاى شنرۆێ )  له‌ئاماده‌كردن و دابه‌شكردنى گۆرانييه‌كانى هونه‌رمه‌ند ، هه‌روه‌ها  هه‌موو ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ ژه‌نياره‌ به‌ڕێزانه‌ له‌ياد نه‌كه‌ين و ده‌ستخۆشييان لێ بكه‌ين، كه‌ پاڵيشت و هاوكارێكى باشى هونه‌رمه‌ند بوون له‌ تۆماركردنى ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ به‌رهه‌مه‌ جوان و ناوازانه‌.

22

هونه‌رمه‌ند له‌ماوه‌ى ژيانى كۆمه‌ڵايه‌تيدا گه‌لێك كارو پيشه‌ى كردووه‌..

( شۆفێرى ، چايخانه‌ و كارى ئوتوچێتى ) ، له‌ساڵى (1968) به‌هۆى ئه‌وه‌ى كارى شۆفێرى كردووه‌ له‌نێوان سلێمانى و به‌غداد ، ماڵ و شوێنى نيشته‌جێ بوونى ده‌گوازێته‌وه‌ بۆ شارى به‌غدا و  تاساڵى (1980) به‌ماڵه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ شارى هه‌ڵه‌بجه‌ ، كارى چايچێتى ده‌كات و چايخانه‌ى

( شنروێ )  ده‌بێته‌ پێگه‌ى كه‌سايه‌تى و هونه‌ردۆستان و ئه‌ديبان و شاعيرانى شارى هه‌ڵه‌بجه‌.  

له‌ساڵى (1982) به‌شى ڕۆشنبيرى و جه‌ماوه‌ر له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌كرێته‌وه‌ و وه‌ك ( هونه‌رمه‌ند) داده‌مه‌زرێت و درێژه‌ به‌كاره‌ هونه‌رييه‌كانى ده‌دات و ڕۆڵێكى گرنگ و به‌رچاوى هه‌بووه‌.

بۆ به‌  ( حه‌مه‌ قوتوو )  ناسراوه‌ ؟؟

جوانى باڵا و شيكپۆشيي جل و به‌رگ يه‌كێكه‌ له‌خه‌سڵه‌ته‌ جوانه‌كانى مرۆڤ و هه‌موو كات سه‌رنجى ده‌وروبه‌ر به‌لاى خۆيدا ڕاده‌كێشێ ، سه‌باره‌ت به‌و نازناوه‌ ، هونه‌رمه‌ندى ده‌نگبێژ و سروود بێژ (نه‌جم محه‌مه‌د) نوسيويه‌تى (خۆی وایگێڕاوه‌ته‌وه‌:-(مناڵبووم گۆرانیم ده‌گوت پاك وخاوێن وجلی جوانم له‌به‌رده‌كردوكڵاوم له‌سه‌رده‌ناوله‌ناوباخی میروباخه‌بچكۆل دا و به‌كۆڵانه‌كانداگۆرانیمان ده‌گوت جا ئه‌وه‌نده‌بچكۆله‌وپاك وخاوێن بووم خه‌ڵكی ئه‌یانووت پێم قووتیله‌، قووتیله ‌بوو به‌قووتوو).(*5)

هه‌روه‌ها مامۆستا و هونه‌رمه‌ند ( ئازاد صاڵح ) سه‌رۆكى تيپى مۆسيقاى شنروێ ،به‌ڕێزيان ده‌ڵێت (لێم پرسيي ئه‌م قووتووه‌ له‌كوێوه‌ هاتووه‌ ؟ واى بۆ باس كردم  و وتى دوكانى ئوتووم هه‌بوو زۆر شيك پۆش و جوان پۆش بووم ، هه‌موو كاتێك وايان ده‌زانى له‌قوتوو هاتوومه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌)(*6)

هونه‌رمه‌ند به‌هاوكارى تيپه‌ مۆسيقييه‌كانى  وه‌ك ( تيپى مۆسيقاى ميللى زانكۆى سلێمانى  و تيپى مۆسيقاى مه‌وله‌وى و تيپى مۆسيقاى شنروێ ) ژماره‌يه‌ك گۆرانى  بۆ ته‌له‌فزيۆنى كه‌ركوك تۆماركردووه‌ و بڵاوبۆته‌وه‌ كه‌ توانيويه‌تى خزمه‌تێكى گه‌وره‌ به‌ هونه‌رى گۆرانى  ديالێكتى هه‌ورامى  و سۆرانى  بكات و چه‌ندين ئاوازى كۆنى هه‌ڵه‌بجه‌و شاره‌زوور له‌فه‌وتان ڕزگار بكات و به‌ده‌نگه‌ خۆشه‌كه‌ى سه‌رله‌نوێ بيانچڕێ  و زيندوويان بكاته‌وه‌ ،  ڕۆژنامه‌نوس و هونه‌ردۆست ( تاهير كرمانج ) له‌باره‌ى به‌رهه‌مه‌كانى هونه‌رمه‌نده‌وه‌ نوسيويه‌تى ( سه‌رجه‌مى به‌رهه‌مه‌كانى هونه‌رمه‌ند زياتر له‌ (26) گۆرانى له‌ ڕاديۆى كوردى به‌غدا هه‌يه‌ ، هه‌روه‌ها (16) گۆرانى له‌ته‌له‌فزيۆنى كه‌ركوك و به‌غدا هه‌يه‌ ، هه‌رچه‌نده‌ هونه‌رمه‌ندى خوالێخۆشبوو زۆر ده‌ست كورت و نه‌دار بوو هه‌موو جار ده‌يگووت من له‌خزمه‌تى هونه‌ردا ماندوو نابم ،ئاماده‌م سێ شه‌و  و ڕۆژ نان  و  ئاو نه‌خۆم له‌نۆره‌دابم تا به‌رهه‌مه‌كه‌م تۆماربكه‌م ، گه‌ر له‌ژيانم هيچم بۆ هونه‌رى كوردى نه‌كردبێـت خۆ توانيومه‌ زياتر له‌ (50) گۆرانى فۆلكلۆرى له‌فه‌وتان و نه‌مان ڕزگار بكه‌م  خوداى گه‌وره‌ منى درووست كردووه‌ بۆئه‌وه‌ى خزمه‌تى هونه‌رى ميلله‌ته‌كه‌م بكه‌م ) (*7)

هونه‌رمه‌ند ساڵى (1959) ژيانى هاوسه‌رى پێكهێناوه‌ له‌گه‌ڵ خاتوو ( مه‌ليحه‌ ساڵح يونس)  به‌رهه‌مى ئه‌و هاوسه‌رگيرييه‌ى هونه‌رمه‌ند و خاتوو مه‌ليحه‌ ( 4 كچ و دوو كوڕ) بووه‌ ، به‌داخه‌وه‌  (شوان) ه‌ى كوڕى پێشمه‌رگه‌ى حيزبى شيوعى بووه‌ له‌هه‌ڵمه‌ته‌كانى ئه‌نفالى قه‌ره‌داغ   دا له‌ساڵى (1988) له‌ گوندى (ميرياسى) شه‌هيد ده‌كرێت، ئه‌م كاره‌ساته‌ ناخ هه‌ژێن و جه‌رگبڕه‌ تادواساته‌كانى ژيانى هونه‌رمه‌ند كاريگه‌رى  زۆرى له‌سه‌ر ده‌بێت وله‌ دنيا جوانه‌كه‌ى هونه‌ر دوورده‌كه‌وێته‌وه‌ و به‌و ئازاره‌وه‌ ده‌تلێته‌وه‌.

گۆرانييه‌كانى هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د ئيبراهيم عه‌بدول كه‌ تائێستا له‌گوێي هه‌واداران و گوێگرانى هونه‌رى ڕه‌سه‌ن دا ده‌زرينگێته‌وه‌ و بۆن به‌رامه‌و مۆركى  هه‌ورامان و هه‌ڵه‌بجه‌و شاره‌زوورن،  بريتين له‌ ( له‌كۆڵانى ته‌نگ ، هه‌ى سه‌وزه‌ سه‌وزه‌، ئه‌م ئێواره‌يه‌، نايه‌ ده‌نگى لايه‌كه‌ت، سه‌وزه‌ كاڵه‌به‌ى، كه‌نيله‌ ، هه‌ريه‌سه‌، له‌نجه‌ گيان به‌له‌نجه‌ ، بيمارم ، مه‌گرى مه‌گرى ، بچمه‌ قاسم خان ، ئه‌ى ياران ياران ، ئه‌ى داده‌ ڕۆ ڕۆ، كۆڵان به‌كۆڵان ، شيرين دامه‌چۆ ، ڕێحان ، ئاى له‌خاڵانى ،به‌رقه‌ڵامه‌ڕۆ، ئامين و ئامين ، قه‌ڵاى سينگ بارانى خه‌م ،خڕبينايي ديده‌م .....تاد ) ،

له‌نێوان ساڵانى (1979 تا 1986 ) جوانترين و پڕ به‌رهه‌مترين  سه‌رده‌مى به‌خشينى هونه‌رى ده‌نگه‌ خۆشه‌كه‌ى هونه‌رمه‌ند بووه‌  كه‌ به‌هاوكارى   تيپى ميللى  زانكۆى سلێمانى و تيپى مۆسيقاى مه‌وله‌وى و تيپى مۆسيقاى شنرۆێ  ئه‌وبه‌رهه‌مانه‌ى له‌ ته‌له‌فزيۆن تۆماركردووه‌ ، له‌ساڵى (1982) هونه‌رمه‌ند ( ئازاد صاڵح ) له‌گه‌ڵ هاوكاره‌ ژه‌نياره‌كانى  تيپى مۆسيقاى شنرۆێ ، گۆرانى  ( ئاى له‌خاڵانى  )  له‌باخه‌كانى( باوه‌كۆچك )  خودى هونه‌رمه‌ند ئازاد صاڵح به‌كامێراى سينه‌مايي به‌ده‌نگ و ڕه‌نگ  بۆى تۆمارده‌كات ، وه‌هه‌روه‌ها هونه‌رمه‌ند له‌ساڵى (1991) سه‌ردانى شارى مه‌ريوان ده‌كات و له‌و گه‌شته‌دا شه‌وێك له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند( عه‌ينه‌دين) ميوانى ماڵێك ده‌بن و هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند به‌ده‌نگه‌ خۆشه‌كه‌يان شه‌وێكى لێوڕيژ له‌ئاوازى گه‌ڕيان وميلۆدييه‌ خۆشه‌كانى هه‌ورامان و هه‌ڵه‌بجه‌و شاره‌زوور تۆمارده‌كه‌ن و شادى و خه‌نده‌ به‌ئاماده‌بووان ده‌به‌خشن .33

هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د ئيبراهيم عه‌بدول ، (3) جار چۆته‌ وڵاتى سعوديه‌وه‌ سه‌ردانى ماڵى خوداى كردووه‌، واته‌ سێ حه‌جى كردووه‌ ،(*8)

ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ قسه‌ خۆش و خۆش مه‌شره‌ب و شادى به‌خشه‌ به‌ ده‌وروبه‌رو هاوڕێيان و خانه‌واده‌و جگه‌رگۆشه‌كانى ، وه‌هه‌روه‌ها باوكێكى ميهره‌بان و زمان شيرين و ڕه‌فتار نه‌رم و نيان بووه‌ له‌گه‌ڵ منداڵه‌كانى و زۆر جار له‌ماڵه‌وه‌ كه‌ حه‌زى كردووه‌ گۆرانى بخوێنێ منداڵه‌كانى له‌ده‌ورى خۆى كۆكردۆته‌وه‌ و پێى وتوون من گۆرانى ده‌ڵێم بۆتان و ئێوه‌ش ببنه‌ كۆرس و سه‌ربه‌ندى گۆرانييه‌كه‌م بۆ بڵێنه‌وه‌ ، به‌داخه‌وه‌ ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ مه‌زنه‌ ، ئه‌و ده‌نگه‌ گه‌شاوه‌و ڕه‌سه‌ن و زيندوكه‌ره‌وه‌ى فۆلكلۆره‌،  له وه‌رزى ‌زستانى ساڵى (1992) ئه‌و ساڵه‌ زستانى  شارى سلێمانى ، زستانێكى سه‌خت و ساردو ڕه‌هێڵه‌ و باو  زريان بوو ، له‌شه‌وى ( 10 له‌سه‌ر 11/2/1992)  له‌ميواندارى له‌لاى هاوڕێيه‌كى هه‌ڵه‌بجه‌يي ده‌بێت و به‌نيازى گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ماڵ ، له‌نزيك  ميوانخانه‌ى ( ئه‌بوسه‌ناء) دووچارى ( جه‌ڵته‌ى ده‌ماغ ) ده‌بێت ، به‌داخه‌وه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ى به‌ته‌نها بووه‌، له‌ناو ئۆتۆمبێله‌كه‌يدا به‌ئازاره‌وه‌ ده‌مێنێته‌وه‌ تا گيانى ده‌سپێرێت و كۆچى دوايي ده‌كات كه‌س هه‌واڵى نازانێت ، تا به‌يانى له‌ناو ئۆتۆمبێله‌كه‌يدا به‌ته‌نيا ده‌مێنێته‌وه‌ ، دواى گه‌ڕانێكى زۆر له‌لا‌يه‌ن خانه‌واده‌و كه‌س و كارييه‌وه‌ له‌و شوێنه‌دا ده‌يدۆزنه‌وه‌.

ڕۆحى شاد و ياد و ياده‌وه‌رييه‌كانى هه‌موو كات به‌رزو به‌ڕێز و سڵاو له‌مێژووى به‌رزى هونه‌رى  هونه‌رمه‌ند حه‌مه‌ قوتوو ،  هه‌رچه‌نده‌ به‌جه‌سته‌ لێمان دووره‌ به‌ڵام ده‌نگ و هونه‌ركه‌ى هه‌ميشه‌ زيندووه‌ و وه‌ك ميراتگرى ده‌نگه‌ به‌سۆزه‌كه‌ى هونه‌رمه‌ند (محه‌مه‌د ئيبراهيم عه‌بدول ) بتوانێت به‌باشترين شێوه‌  و شێوازى  ده‌نگى گۆرانييه‌كانى هونه‌رمه‌ند بڵيته‌وه‌ ئه‌ويش هونه‌رمه‌ندى ئازيز ( ئازاده‌ ڕه‌ش ) ه‌، به‌هيواى سه‌ركه‌وتن و به‌رده‌وامى له‌هونه‌ردا بۆ كاك ئازاده‌ ڕه‌ش ده‌خوازم.

جه‌مالى ده‌لاك  27/3/2021

سه‌رچاوه‌ : ( *1) هۆنراوه‌ى  ( برينێكى به‌ئازار ) ( ديار هه‌ڵه‌بجه‌يي ) ماڵپه‌ڕى ( ئه‌نفالستان) 15/3/2020

(*2) يادێك له‌هونه‌رمه‌ند (حه‌مه‌ قوتوو) كه‌ناڵى ئاسمانى ( NRT) ساڵى 2014

(*3) چريكه‌و سۆزى ،، حه‌مه‌ جه‌زا ،، كۆكردنه‌وه‌ و ئاماده‌كردنى  ( عه‌بدولواحيد ئيدريس شه‌ريف ) 2011 ، لاپه‌ڕه‌ ( 163)

(*4) به‌رنامه‌ى (ئێوه‌و ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ ) له‌ڕاديۆى كوردى به‌غدا په‌خش كراوه‌ ، له‌ساڵى (1986) له‌ئاماده‌كردنى (جاسم وه‌ندى ) و پێشكه‌شكردنى ( نيشتمان عومه‌ر ) ئه‌و ديداره‌ له‌ساڵى 1986 له‌شارى سلێمانى هونه‌رمه‌ند جاسم وه‌ندى له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د ئيبراهيم عه‌بدول ، سازيكردووه‌.

(*5) هونه‌رمه‌ندێ له‌ له‌نجه‌ى گۆرانى  ،،هه‌ناسه‌يادێك له‌هونه‌رمه‌ندى نه‌مر ( محه‌مه‌د ئيبراهيم عه‌بدول ) ، له‌ ئه‌كاونتى خۆى  له‌تۆڕى كۆمه‌ڵايه‌تى فه‌يسبوك  له‌ڕيكه‌وتى ( 13/2/2019) بڵاويكردۆته‌وه‌.

(*6) به‌سوپاسێكى زۆره‌وه‌‌  بۆ مامۆستا و هونه‌رمه‌ند (ئازاد صاڵح ) سه‌رۆكى تيپى مۆسيقاى شنروێ )  و هه‌روه‌ها هونه‌رمه‌ند (عه‌زيز حه‌مه‌ كه‌ريم ، ناسراو به‌مامه‌ عه‌زه‌ ) له‌ڕێي ماسنجه‌ره‌وه‌ زانيارييان له‌سه‌ر هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د ئيبراهيم عه‌بدول پێبه‌خشيوم .

(* 7 و 8) كتێبى ژيان و هونه‌ر _ كۆكردنه‌وه‌ و ئاماده‌كردن ، تاهير كرمانج ، لاپه‌ڕه‌ (183) ديدارى تاهير كرمانج له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د ئيبراهيم عه‌بدول له‌ شه‌وى 24_25/7/1986 سلێمانى .

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.