Erbil 7°C دووشەممە 23 کانونی یەکەم 05:58

سه‌ید ئه‌حمه‌د به‌رزنجى .. هونه‌رمه‌ندێکى ده‌ست و په‌نجه‌ زێڕین له‌ موزیکى کوردیدا...!

(14/7/1952 _ 3/2/1999)
کوردستان TV
100%

كه‌باس دێته‌ سه‌رباسى هونه‌رى موزيك و گۆرانى كوردى ،ڕاسته‌وخۆ ڕۆڵى هونه‌رمه‌ندى گۆرانبيێژ به‌رجه‌سته‌ ده‌بێت ، به‌ڵام ئه‌وه‌ى گرنگه‌ تاچه‌ند خوێندنه‌وه‌ بۆ ڕۆڵى سه‌ركه‌وتووى هونه‌رمه‌ندى گۆرانيبێژ له‌ڕووى ئه‌دا و تواناى چڕينى گۆرانييه‌كه‌ بكه‌ين ، پێويسته‌ ڕۆڵى هونه‌رمه‌ندانى موزيك ژه‌ن فه‌رامۆش نه‌كه‌ين ، چونكه‌ هه‌ر ئه‌و موزيكژه‌نانه‌ن له‌سه‌ر شانۆ ، له‌ستۆديۆ و له‌ئاهه‌نگه‌كان پشت و هاوكارى هونه‌رمه‌ندى گۆرانيبێژن و تا زياتربه‌هه‌ست و سۆزێكى هونه‌ريي به‌رزه‌وه‌ بچريكێنێ وبه‌رهه‌مه‌كه‌ى بگاته‌ لاى گوێگر .1

 ئه‌وه‌ی زیاتر مه‌به‌ستمه‌ له‌سه‌رى بدوێم هونه‌رمه‌ندانی ژه‌نیاره‌ كه‌له‌سه‌رانسه‌ری كوردستانی گه‌وره‌  خاوه‌نی ده‌یان هونه‌رمه‌ندی به‌توانا ومۆزیسیانی پر ئه‌زموون و پڕ چالاكی هونه‌رین ، كه‌ زۆرێكیان  له‌مێژووی پرشنگداری خۆیاندا به‌و ژیانه‌ ساده‌و ساكاره‌ی هه‌یان بووه‌ و سه‌ره‌ڕاى  نه‌بوونی ته‌كنه‌لۆژیای هونه‌ری  توانیویانه‌ ئه‌و مێژووه‌ پڕ شاكارو كاره‌ هونه‌رییه‌ به‌رزانه‌ تۆماربكه‌ن ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ندێكیان بوونه‌ته‌ مامۆستاو چه‌ندین قوتابیان فێره‌ مووزیك كردووه‌و كه‌ زۆرێكیان ئه‌مڕۆ بوونه‌ته‌ هونه‌رمه‌ندی به‌توانای گه‌له‌كه‌مان و جێ ده‌ست و په‌نجه‌یان دیاره‌ له‌نێو هونه‌ری موزیكدا.

هونه‌رمه‌ندانی ژه‌نیاری گه‌له‌كه‌مان ئه‌وه‌نده‌ زۆر و به‌توانان كه‌ زه‌حمه‌ته‌ لێره‌دا ئاماژه‌ به‌ ناوه‌كانیان بده‌م ،به‌ڵام ئه‌وه‌ی  مه‌به‌سته‌و  ده‌هێنێ خوێندنه‌وه‌ بۆ كه‌سايه‌تى و ڕۆڵ و كاره‌ هونه‌رييه‌كانى  هونه‌رمه‌ندێكى  ده‌ست و په‌نجه‌ زێڕین  بكرێت، كه‌له‌ماوه‌ی ژیانی هونه‌ريدا، ئێستاشی له‌سه‌ر بێت سۆڵۆی كه‌مانچه‌ ( ڤیۆلۆن) كه‌ی هه‌میشه‌ له‌ گوێماندا ده‌زرینگێته‌وه‌، ئه‌ویش هونه‌رمه‌ندی كۆچكردوو( سه‌ید ئه‌حمه‌د به‌رزنجی ) یه‌ .

كاره‌ هونه‌رییه‌كانی هونه‌رمه‌ندی كۆچكردوو ئه‌وه‌ نه‌بووه‌ كه‌ ته‌نها له‌ جوگرافیایه‌كی دیاریكراودا ببیسرێت و ببینرێت ، نه‌خێر به‌هۆی ئه‌و توانا هونه‌رییه‌و ژه‌نینه‌ پڕ سۆزه‌كه‌یه‌وه‌، ناو  و نازناو  و هونه‌ره‌كه‌ى  سنووری شاری هه‌ولێری به‌زاندووه‌ و به‌ته‌واوی كوردستاندا بڵاو بۆته‌وه‌ و هه‌میشه‌ بۆته‌ جێی سه‌رنج  و ده‌ستخۆشی بیسه‌رانی كاره‌ هونه‌رییه‌كانی .

هونه‌رمه‌ند  سه‌ید ئه‌حمه‌د عه‌بدولكه‌ریم ساڵح به‌رزنجی،  له‌نێوه‌نده‌ هونه‌رییه‌كه‌دا به (‌سه‌ید ئه‌حمه‌د به‌رزنجی ) زیاتر ناسراوه‌ ، هونه‌رمه‌ندێكی ڕووح سووك و هێمن  و ڕه‌فتار و زمان شيرين و خۆشه‌ویستی  هه‌موو هونه‌رمه‌ندان ،  خاوه‌نی توانایه‌كی باش له‌ ژه‌نینی ئامێری كه‌مانچه‌،  هونه‌رمه‌ند سه‌ید ئه‌حمه‌د به‌رزنجی  له‌ ڕێكه‌وتی 14/7/1952 له‌شارۆچكه‌ی مه‌خموورله‌خانه‌واده‌يه‌كى ڕۆشنبير هاتۆته‌ دنیاوه‌، وه‌ك هه‌رمنداڵیكی  ئاسایی  له‌ ساڵى (1958) خراوه‌ته‌به‌رخوێندن ، قۆناغى سه‌ره‌تايي و ناوه‌ندى له‌ مه‌خمور ته‌واو كردووه‌،  تا ساڵی (1967)  زێده‌كه‌ى  (مه‌خموور ) به‌جێ دێڵێت و ڕووده‌كاته‌ شارى هه‌ولێر، له‌ خانه‌ی مامۆستایانی هه‌ولێر وه‌ك قوتابى  وه‌رده‌گێرێت، هه‌رچه‌نده‌ هونه‌رمه‌ند كاريگه‌ريي ژينگه‌و كه‌لتوور و فه‌رهه‌نگ و هونه‌رى  ده‌ڤه‌ره‌كه‌ى  مه‌خموور (ده‌شت و چياى  قه‌رچووغ ) ى له‌سه‌ر بووه‌ ، به‌ڵام ئه‌و ژيانه‌ نوێيه‌و  تێكه‌ڵاوبوون به‌كه‌لتوورى شار بۆ هونه‌رمه‌ند وه‌رچه‌رخان و هوشياربوونه‌وه‌ و وانه‌ى نوێي له‌سه‌ر ژيانى  هونه‌رمه‌ند داناوه.

4

 قوتابييه‌ك  له‌ده‌ره‌وه‌ى شاره‌وه‌ هاتبێت  و ته‌نها مه‌به‌ستى  خوێندن  و گه‌يشتن به‌ ئاوات و ئامانجه‌كه‌ى بووبێت ، بێگومان دوا ڕۆژێكى ڕۆشن و سه‌ركه‌توو بۆخۆى تۆمارده‌كات ،  له‌ماوه‌ى (3) ساڵى خوێندنيدا ، ساڵى (1969) هونه‌رمه‌ند ‌خانه‌ى مامۆستايانى هه‌ولێر ته‌واو ده‌كات، كه‌ ڕۆڵيكى به‌رچاو و كاريگه‌رى هه‌بووهو وێناى ئه‌وه‌ى تێدا به‌ديكراوه‌ كه‌ هونه‌رمه‌ندێكه‌ دوارۆژى پرشنگدار ده‌بێت.

ئه‌وه‌ سيسته‌مى به‌ڕێوه‌بردنه‌ له‌ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست وعێراق به‌تايبه‌تى ، له‌گه‌ڵ گه‌يشتن به‌كۆتا قۆناغى خوێندن ، به‌شێوه‌ى زۆره‌ملێ ده‌بێت ئه‌و ماوه‌يه‌ى دياريكراوه‌ ببيته‌ سه‌رباز و خزمه‌تى سه‌ربازى ته‌واو بكه‌يت، هونه‌رمه‌ند ( سه‌يد ئه‌حمه‌د به‌رزنجى) وه‌ك هه‌موو تاكێك له‌م وڵاته‌ بۆته‌ سه‌ربازو ئه‌و چه‌ند ساڵه‌ى سه‌ربازى له‌ده‌ره‌وه‌ى شار و زێده‌كه‌ى ته‌واو كردووه‌،

دواى ته‌واو كردنى خزمه‌تى سه‌ربازى ، هونه‌رمه‌ند له‌گه‌ڕه‌كى (ته‌يراوه‌) ى شارى هه‌ولێر نيشته‌جێ ده‌بێت و، وه‌ك مامۆستا له‌ ( به‌ڕێوه‌به‌رايه‌تى چالاكى قوتابخانه‌كانى شارى هه‌ولێر ) داده‌مه‌زرێت ، قۆناغى خزمه‌تكردن وقاڵبوونه‌وه‌ له‌خوليا و ئامانجه‌ جوانه‌كه‌ى ده‌ست پێده‌كات.

به‌ڵام بير و هه‌ستيشى هه‌رله‌لاى زێده‌كه‌ى مه‌خموور بووه‌ ، وه‌ك پێويست سه‌ردانى كردووه‌ و فه‌رامۆشى نه‌كردووه‌ ، به‌پێى ماوه‌ وتا ئه‌و جێيه‌ى ده‌رفه‌تى بۆ ڕه‌خسابێت به‌شدارى چالاكييه‌ هونه‌رييه‌كانى مه‌خموورى كردووه‌ و ڕۆڵى گرنگى هه‌بووه‌ له‌سه‌ر هوشيارى و فێربوونى گه‌نج و لاوانى زێده‌كه‌ى .

له‌مێژووى هونه‌رى  هونه‌رمه‌ند سه‌يد ئه‌حمه‌د به‌رزنجى دا ،ئاهه‌نگه‌كانى ساڵانى (1971 ، 1972و 1973) كه‌ به‌ سێ ئاهه‌نگى مه‌زن و مێژوويي  ده‌ژمێردرێت  كه‌له‌ ( بازاڕگه‌  و قه‌ڵاتى مه‌خموور و دێي قه‌سران ) سازكراون  له‌و كه‌ش و هه‌وا ئازادييه‌ى دواى به‌يانى مێژووى (11ى ئادارى 1970) هونه‌رمه‌ند وه‌ك ژه‌نياربه‌شداربووه‌.

له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى شۆڕشى ئه‌يلوول و دامه‌زراندنى (تيپى مۆسيقا و شانۆى شۆڕش ) هونه‌رمه‌ند په‌يوه‌ندى به‌تيپى مۆسيقاى شۆڕشه‌وه‌  وه‌ك پێشمه‌رگه‌يه‌ك و هونه‌رمه‌ندێك كردووه‌ ، به‌ڵام بۆماوه‌يه‌كى زۆر له‌ناو ئه‌و تيپه‌دا نه‌ماوه‌ته‌وه‌و گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ شارى هه‌ولێر.

له سه‌ره‌تاى درووستبوونى ( كۆمه‌ڵه‌ى هونه‌ر و وێژه‌ى كوردى ) وه‌ك هونه‌رمه‌ندێكى ژه‌نيار و ديارى شارى هه‌ولێر په‌يوه‌ندى به‌كۆمه‌ڵه‌ى هونه‌ر و وێژه‌ى كوردييه‌وه‌ كردووه‌ و درێژه‌ به‌كارى هونه‌ريي ده‌دات.

5

  هونه‌رمه‌ند سه‌ید ئه‌حمه‌د به‌رزنجی  له‌ساڵی (1980)  بۆته‌ ئه‌ندامێكی چالاكی (تیپی مۆسیقای هه‌ولێر)  له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی خۆشه‌ویست و به‌توانا ( وریا ئه‌حمه‌د، ڕزگار خۆشناو، جان تۆماس، ته‌لعه‌ت عارف ، كامه‌ران ته‌ها و ڕه‌نجبه‌ر خۆشناو..... تاد ) به‌رده‌وام ده‌بێت له‌كاره‌ هونه‌رییه‌ جوان و به‌رزه‌كانی  تیپی مۆسیقای هه‌ولێر، وه‌ك ژه‌نيار و ئاوازدانه‌رێكى به‌سه‌ليقه‌و لێهاتوو، له‌وماوه‌يه‌دا دابه‌شكردنى موزيك چه‌ند پارچه‌ موزيكێكى داناوه‌و هه‌روه‌ها ئاوازێك بۆ هونه‌رمه‌ند ( كاوه‌ ژاژڵه‌يي) له‌ هۆنراوه‌ى ( نازم دڵبه‌ند).

هونه‌رمه‌ند سه‌يد ئه‌حمه‌د به‌رزنجى  له‌گه‌ڵ تيپى مۆسيقاى هه‌ولێر درێژه‌ به‌كاره‌كانى ده‌دات تا ساڵى (1983) و تيپى ناوبرا به‌جێ دێڵێت، له‌ هه‌مان ساڵدا له‌(سه‌نديكاى كرێكارانى هه‌ولێر ) به‌هاوكارى كۆمه‌ڵێك گه‌نج و لاوى به‌هره‌مه‌ند تيپێكى مۆسيقا به‌ناوى  ( تيپى مۆسيقاى كاوه‌) داده‌مه‌زرێنێت، چه‌ندين چالاكيي هونه‌ريي ئه‌نجام ده‌ده‌ن و به‌شدارى بۆنه‌ نيشتمانى و نه‌ته‌وايه‌تييه‌كان ده‌كه‌ن و كۆمه‌ڵيك به‌رهه‌مى جوان بۆ هونه‌رمه‌ندان تۆمارده‌كه‌ن ،و هه‌روه‌ها چه‌ند گۆرانييه‌ك له‌ته‌له‌فزيۆنى كه‌ركوك تۆمارده‌كه‌ن يه‌كێك له‌و به‌رهه‌مه‌  جوانانه‌ گۆرانى ( باگيێ ) بۆ هونه‌رمه‌ند ( عاره‌ب عوسمان)، هه‌روه‌ها گۆرانی ( نه‌شمیل  ) بۆ هونه‌رمه‌ند ( بورهان خۆشناو) .    

  هونه‌رمه‌ند سه‌يد ئه‌حمه‌د به‌رزنجى ،هه‌میشه‌ خولیاو عه‌شقێكی بێ وێنه‌ی  هه‌بووه‌ بۆ هونه‌ری نه‌ته‌وه‌كه‌ی و،  به‌رده‌وام به‌شداری چالاكی هونه‌ریی كردووه‌، وه‌ك ژه‌نیارێكی به‌توانا و به‌ ئه‌زموون كاری له‌گه‌ڵ زۆرێك له‌ هونه‌رمه‌ندانی گۆرانیبێژ كردووه‌و  هاوكارو پشتيوانيان بووه‌ وه‌ك  ( حه‌مه‌ جه‌زا ، ناسری ڕه‌زازی ، ته‌حسین ته‌ها ، میران هه‌ركی ،سه‌عید گاباری  ، جه‌لال سه‌عید ) .

دواى ئه‌و ماوه‌ كاركردن و به‌خششه‌ هونه‌رييه‌و درێژه‌دان به‌ڕێگا پيرۆزو فراوانه‌كه‌ى هونه‌رى موزيك و گۆرانى ، هونه‌رمه‌ند له‌ساڵى (1997) ده‌بێته‌ سكرتێرى ( تيپى ئۆركێستراى كوردستان ) و هه‌روه‌ها ئه‌ندامى ده‌سته‌ى به‌ڕێوه‌بردنى ( كۆمه‌ڵه‌ى هونه‌رمه‌ندانى كوردستان)، له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕاندنى ئه‌و قۆناغانه‌ى ژيانى هونه‌ريي و  به‌ده‌ستهێنانى سه‌ركه‌وتنى زياتر، هونه‌رمه‌ند  له‌ساڵى  ( 1998) ده‌بێت به‌به‌ڕێوه‌به‌رى ، به‌ڕێوه‌به‌رايه‌تى  كه‌له‌پوورو هونه‌رى  ميللى له‌شارى هه‌ولێر له‌سه‌ر ميلاكى وه‌زاره‌تى ڕۆشنبيرى و لاوان.

له‌و ماوه‌يه‌دا به‌هۆى ئه‌و توانا و ئه‌زموونه‌ى چه‌ندين ساڵه‌ى له‌ هونه‌رى موزيك و ژه‌نينى ئامێرى كه‌مانچه‌ ، هاوكارو پشتيوانى زۆرى له‌و  گه‌نج و لاوه‌ به‌هره‌مه‌ندانهكردووه‌.

به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ نه‌خۆشيي ده‌بێته‌ ڕێگر و به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م هونه‌رمه‌ند سه‌يد ئه‌حمه‌د به‌رزنجى و چيتر ئه‌و چوست و چالاكييه‌ى جارانى نامێنێ تا ئه‌و ئه‌رك و هيوايه‌ى بۆ پێشخستنى هونه‌رى موزيك و گۆرانى كوردى هه‌يبووه‌  بيگه‌نێته‌ ئه‌نجام ، به‌ڵام له‌ماوه‌ى ژيانى هونه‌ريدا  كه‌مى خزمه‌تى به‌ هونه‌رى نه‌ته‌وه‌كه‌ى نه‌كردووه‌ به‌ڵكو  ناو و نازناوى هونه‌رى وه‌ك چرايه‌كى ڕۆشن ده‌دره‌وشێته‌وه‌.

6

جێى داخه‌وه‌ ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ ، هێمن و دڵساف و هونه‌ردۆست ونه‌فس به‌رز و كوردپه‌روه‌ره‌، له‌شه‌وى  2 له‌سه‌ر 3/2/1999 بۆ هه‌ميشه‌ چاوه‌كانى  داده‌خات و ماڵئاوايي ده‌كات ، به‌ڵام  هونه‌رمه‌ند و ئه‌ديب و رۆشنبيران و كه‌سايه‌تيه‌ جوانه‌كان نامرن  و هه‌موو كات له‌لوتكه‌ى نه‌مريدا ده‌مێننه‌وه‌ ، چونكه‌ به‌كارو كرده‌وه‌ و  به‌رهه‌م و به‌خششه‌كانيان مێژوويه‌كى لێوڕيژ له‌شانازييان دروستكردووه‌ و ناويان به‌پيرۆزى ده‌مێنێـته‌وه‌.2

هونه‌رمه‌ند له‌ساڵى ( 1978) ژيانى هاوسه‌رگيرى پێكدێنێ و خاوه‌نى كوڕو كچه‌، هونه‌رمه‌ند سه‌يد ئه‌حمه‌د به‌رزنجى، وه‌ك مامۆستا و هونه‌رمه‌ند و باوكێكى دلسۆزو ميهره‌بان بۆ منداڵه‌كانى ، به‌شێوه‌يه‌كى جوان و ڕه‌وشت به‌رزى په‌روه‌رده‌ى كردن و دواى كۆچكردنى ڕێگا پيرۆزه‌كه‌ى هونه‌ر ڕۆشنه‌ له‌ناو خانه‌واده‌كه‌ى هونه‌رمه‌ند و سێ له‌ كوڕه‌كانى ( دارڤان ، ڕێڤان و بۆتان وه‌ك گۆرانيبێژ وموزيكژه‌ن ڕێبوارێكى به‌ئه‌مه‌كى ڕێگا پيرۆزه‌كه‌ى باوكيانن.

، هه‌زاران سڵاو  و چه‌پكه‌ گوڵ بۆ گڵكۆی  هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیار سه‌یدئه‌حمه‌د به‌رزنجی و هه‌موو هونه‌رمه‌ندانی  ژه‌نيار وه‌ك  (ولیه‌م یوحه‌ننا ، شه‌وكه‌ت ڕه‌شید ، موشته‌بای میرزاده‌ ، قاله‌ مه‌ڕه‌ ، قادردیلان ، مسته‌فا ڕه‌ووف و حه‌سه‌نی نه‌یی  و  ... تاد  ، ڕووحیان شاد و ئارام و گڵكۆكانیان هه‌میشه‌ چراخان و لێوریژ بێت له‌میلۆدی پڕ چێژ و ڕه‌سه‌نی نه‌ته‌وه‌كه‌مان .

سه‌رچاوه‌ / زۆر سوپاس و پێزانينم بۆ هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند و مامۆستا

( وريا ئه‌حمه‌د و ڕه‌نجبه‌ر خۆشناو ) كه‌له‌ڕێي په‌يوه‌ندى ته‌له‌فۆنييه‌وه‌ زانياريان له‌سه‌ر هونه‌رمه‌ندى كۆچكردوو پێ به‌خشيم ، هه‌روه‌ها ئینسكلۆپیدیای هه‌ولێر  لاپه‌ڕه‌  (3089).

جه‌مالى ده‌لاك  10/3/2021

 

 

 

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.