ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ى گوند‌و شارۆچهكهو شاران گه‌ڕا له‌پێناو لاوك و ستراندا ( 1912جزيرهو بۆتان _ 17/12/1986 دهۆك )
ئه‌گه‌ر وه‌ك خوێنه‌رێك لاپه‌ڕه‌كانى ژيانى زۆرينه‌ى هونه‌رمه‌ندانى نه‌ته‌وه‌كه‌مان هه‌ڵبده‌ينه‌وه، به‌داخه‌وه رۆشنايي و تروسكايهك به‌دى ناكه‌يت ژيانيان ئاسووده‌يي و ئاراميي تێدا بووبێت، هه‌موو ژيانيان لێوڕيژه له بارگرانى و سه‌ختى و زه‌حمه‌ت، وه وێڵ بوون به‌دواى نان و ژيان دا ، نه‌ك په‌يداكردنى پاره‌و سه‌رمايه ، نه‌خێر به‌ڵكو تێكۆشان له‌پێناو خستنه‌ڕووى ئه‌و هونه‌ره‌ى لهسينهياندايه، له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو بهدبهختييهى چهشتويانه كه‌چى پاشخانێكى ده‌وڵه‌مه‌ندو لێوان لێو له‌گه‌وهه‌ر بۆيان به‌جێ هێشتووين و ئه‌و ژيانه پر چهرمهسهرييه نه‌بۆته ڕێگر له‌به‌رده‌مياندا به‌ڵكو زۆر به خۆشه‌ويستيه‌وه ئه‌و ڕێگا پڕ ههورازو نشێوهيهيان بڕيوه.
كه‌واته ده‌بێت بڵێم هه‌زار ڕه‌حمه‌ت لهخامهى جوان و گڵكۆى پيرۆزت (مامۆستا هێمن) كه دركت به‌ئازار و برك و ژانى هونه‌رمه‌ندان كردووه، له‌خۆڕا ئه‌و هۆنراوه جوان و پڕ واتايهت له هۆنراوه‌ى ( بابرده‌ڵه ) دا نهنوسيوه كه‌ده‌ڵێت :
( هونه‌رمه‌ند و ژيانى خۆش مه‌حاڵه
هونه‌رمه‌ند ڕهنجهڕۆيه، ژينى تاڵه
ورينگه خۆشه‌كه‌ت بۆ تۆ به‌ڵايه
ئه‌تۆ خۆش خوێنى حاڵت بۆيه وايه ) (*1)
يه‌كێك له‌و هونه‌رمه‌ندانه كهپشكى زۆرى له‌نه‌هامه‌تى و نه‌دارى و بێ باوكى و زيندان و ئاواره‌يي به‌رده‌كه‌وێت، هونه‌رمه‌ند ( محه‌مه‌د عارف جزيرى ) يه له‌نێوه‌ندى هونه‌رى موزيك و لاوك و سترانى نه‌ته‌وه‌كه‌ماندا به ( بولبولى كوردستان) ناودێركراوه.
هونه‌رمه‌ندێك له باكورى كوردستانه‌وه له جزير و بۆتانه‌وه له‌مه‌ڵبه‌ندى زێدى شاعيرى گه‌وره‌ى نه‌ته‌وه‌كه‌مان ( مه‌لاى جزيرى) يهوه بهدنيا هاتبێت، به‌دڵنيايه‌وه ئه‌ويش كه‌شكۆڵه‌كه‌ى تژيه له‌هونه‌رى ڕه‌سه‌نى ئه‌و ميللهته هه‌ژارو داگيركراو و چهوساوهيه ، ئازار‌و ئه‌ندێشه‌و فرمێسكى باوك و دايك و خوشكانى نه‌ته‌وه‌كه‌ى لهلاوك و سترانهكانيدا زۆر زيره‌كانه چريوه وبهدهنگه خۆش و سروشتى چيا سه‌ركه‌شه‌كانى كوردستان، خه‌رمانى هونه‌رى نه‌ته‌وه‌كه‌ى پێ ده‌وڵه‌مه‌ندكردووه.
هه‌زار ئافهرين بۆ هونه‌رمه‌ندێك زاده‌ى كه‌لتوورو فه‌رهه‌نگى كرمانجى ژوور‌و، نێوبانگى ده‌نگى خۆش و هونه‌رى به‌رزو ستران و لاوك و سۆلۆى تهمبوورهكهت به‌هه‌موو كوردستاندا بڵاوببێته‌وه‌و بيسهران و گوێگرانى ديالێكتى سۆرانى له‌باشوور و رۆژهه‌ڵاتى كوردستان چێژ له‌هونه‌رى به‌رزت وه‌ربگرن و ، كاريگه‌رى له‌سه‌ر هونه‌رمه‌ندانى ده‌نگبێژو موزيكژهنان دابنێيت و، به‌يه‌كێك له ستوونه سه‌ره‌كييه‌كانى گۆرانى كوردى ئهژماربكرێيت .
هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د عارف جزيرى ، نازناوى هونه‌رى ،
محه‌مه‌د عارف كه‌ريم ، له‌ساڵى (1912) لهخانهوادهيهكى هه‌ژار و كه‌م ده‌رامه‌ت له‌دايكبووه، محه‌مه‌د هێشتا ته‌مه‌نى (2) ساڵان بووه ، كه جه‌نگى جيهانى يه‌كه‌م (1914_1918) كڵپه ده‌سه‌نێ وكوردستانيش به‌و ئاگرى جه‌نگه ماڵوێرانكه‌ره ده‌سووتێ و، له‌ده‌رگاى هه‌موو ماڵه كوردێك ده‌دات، ده‌وڵه‌تى عوسمانى كه‌به‌شێكى سه‌ره‌كى بووه له‌جه‌نگى جيهانى يه‌كه‌م ، سوپاى تورك به‌زۆره‌ملێ باوكى محه‌مه‌د ، واته ( عارف كه‌ريم) ڕاپێچى پێشه‌وه‌ى به‌ره‌كانى جه‌نگى ده‌كه‌ن ئه‌و زۆره‌ملێ بردنه بۆجه‌نگ به ( سه‌فه‌ر به‌لك) ناوبراوه ، له‌به‌ر فراوانى به‌ره‌كانى جه‌نگ ڕۆشن نييه كه باوكى محه‌مه‌د ڕه‌وانه‌ى كامه به‌ره‌ى ئه‌و جه‌نگه ماڵوێرانكه‌ره كراوه ، به‌داخه‌وه باوكى محه‌مه‌د له‌و جه‌نگه سه‌پێندراوه دا ناگه‌ڕێته‌وه و گيان ده‌سپێرێت و محه‌مه‌د لهسۆزو خۆشه‌ويستى و ميهرهبانى و ئامێزى گه‌رمى باوك بێ به‌ش ده‌بێت، هه‌ر زۆر زوو هه‌ست به قورسايي ژيان ده‌كات.
يه‌كه‌م قوتابخانه‌و فێرگه بۆ محه‌مه‌د عارف جزيرى ، ژينگه‌و سروشت و فه‌رهه‌نگ و كه‌لتوورى ناوچه‌كه‌ى بووه ، هه‌روه‌ها ( عه‌دله ڕه‌شيد) ى دايكى كه هونه‌رمه‌ندێكى ده‌نگخۆش و شاره‌زابووه له‌خوێندنى لاوك و سرووته ئايينه‌كان له‌خوێندنه‌وه‌ى مه‌ولود و ته‌راويح و هه‌روه‌ها چرينى داستان وقارهمانێتى و چيرۆكى ئهويندارى ، ئه‌مانه هه‌موويان هۆكارى سه‌ره‌كى بوون بۆ فێربوون و هه‌نگاو هه‌ڵگرتن و زانيارى زياتر له‌سه‌ر چرينى لاوك و ستران و تێشووى گه‌شتى دورودرێژى هونه‌رى محه‌مه‌د عارف جزيرى.
هونه‌رمه‌ند ته‌مه‌نى هه‌ڵده‌كشێ و مێرمنداليكى چوست و چالاك و هه‌ستكردن به‌گه‌رمى و ساردى ژيان ده‌كات و شان ده‌داته به‌ر دابينكردنى بژێوى ژيان، جه‌نگى يه‌كه‌مى جيهان كۆتايي دێت، ده‌وڵه‌تى توركيا له‌ساڵى (1923) داده‌مه‌زرێت، به‌ڵام بۆ گه‌لى كوردى چاره‌ڕه‌ش دژوارتر و چه‌وساندنه‌وه‌ى زياتر و سه‌ركوتكردن وشاڵاوى له‌ناوبردن زۆرترده‌بێت ، شۆرشى شێخ سه‌عيدى پيران سه‌رهه‌ڵده‌دات، محه‌مه‌د عارفى هونه‌رمه‌ند هێشتا ته‌مه‌نى ( 13) به‌هاره واته ساڵى (1925) له‌لايه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانى توركه‌وه ده‌ستگير ده‌كرێت به‌تۆمه‌تى هاوكاريكردنى شۆڕش و هێنانى چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نى له‌باشوورى كوردستانه‌وه بۆ باكورى كوردستان، ڕاپێچى زيندانى دياربهكرى ده‌كه‌ن و ماوه‌ى (4) ساڵ له‌زيندان ده‌مێنێته‌وه واته (1925 بۆ 1929) (*2)
دواى ئازادبوونى له‌زيندان ماوه‌يه‌ك له جزيرو بۆتان ده‌مێنێته‌وه و بارودۆخى وڵات دژوار و نه‌بوونى كار،هونه‌رمه‌ند كارى (سوونهتكردن _ خه‌ته‌نه‌كردنى منداڵ ) ى كردووه، گوند به‌گوند گه‌ڕاوه و له‌پاڵ كاره‌كه‌يدا سترانى خوێندووه‌و وزانيارى زۆرترى له‌سه‌ر ستران و لاوك خستۆته سهرخهرمانى هونه‌رى خۆى چونكه هونه‌رمه‌ند ئاماژه به‌وه ده‌دات كه‌له‌سه‌ره‌تاوه سترانى باش نهزانيوه، له‌ساڵى (1930) له‌گه‌ڵ دايك و براو خانه‌واده‌كه‌ى بڕياردهدهن كه ڕووبكه‌نه باشوور و سه‌ره‌تا له
( زاخۆ ) له‌لاى خزم و كه‌س و كارى دايكى نيشته‌جێ ده‌بن، به‌ڵام بۆ ده‌ستهێنانى كار و بژێوى خانه‌واده‌كه‌يان له‌گه‌ڵ ( ساڵح ) ى براى ڕووده‌كه‌نه شارى (موصڵ) ده‌ست به‌كاركردن ده‌كه‌ن ، دواى ماوه‌يه‌ك شوێنى نيشته‌جێ بوونيان هه‌وار ده‌گوازنه‌وه‌و به‌ره‌و شارى دهۆك و ڕه‌شماڵى غوربه‌ت له‌دهۆك هه‌ڵده‌ده‌ن و درێژه به‌ژيان ده‌دات،
له‌ساڵى (1933) له‌گه‌ڵ خاتوو ( نازدار ) ژيانى هاوسه‌رى پێكدێنێ و به‌روبوومى ژيانى هاوسه‌رگيرى محه‌مه‌د عارف جزيرى لاوكبێژه ناوداره‌كه‌ى كورد‌و نازدار خان ( 3 كوڕ‌و 4 كچ ) ه.
ئه‌م ژيانه نوێيه بۆ هونه‌رمه‌ند قۆناغێكى تر له‌ژيانيدا سه‌رهه‌ڵده‌دات و ده‌بێته ڕێبوارێكى به‌ئه‌مه‌كى ڕێگاپيرۆزهكهى هونه‌رى لاوك و سترانبێژى ، هونه‌رمه‌ند لهديمانهيهكدا له‌گه‌ڵ گۆڤارى ڕۆشنبيرى نوێ ساڵى (1980) ده‌ڵێت ( كاتێك من ته‌مه‌نم (20) ساڵ بوو لهجزيرو بۆتان ده‌ركه‌وتم و هاتمه دهۆك ، حه‌سه‌نى جزيرى هاوڕێي من بوو، پێكه‌وه دهچووينه ديوه‌خانان ، ئێمه زۆر ده‌گه‌ڕاين بهزگێك تێر و بهزگێك برسى، ڕووبه‌ڕووى زۆر كێشه‌و گرفت ده‌بووينه‌وه، ماوه‌ى (15) ساڵ له‌گه‌ڵ حه‌سه‌نى جزيرى و (15) ساڵى ديكه له‌گه‌ڵ عيسا به‌روارى گه‌ڕاوم ) (*3)
بێژه‌ر و نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نوس و ڕۆشنبيرى به‌ئه‌زموون (كه‌مال ڕه‌ووف محه‌مه‌د ) ده‌ڵێت هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن جزيرى لاى من گوتى ( من، محه‌مه‌د عارف جزيرى هاوه‌ڵى گيانى به‌گيانى بووين ، ههرلهدهوروبهرى گونده‌كانى زاخۆ و دهۆك و ڕاوه ، بهديوهخانى ئاغاياندا گه‌ڕاون به‌ستران چڕينهوه نانيان په‌يداكردووه) (*4)
هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د عارف جزيرى وه‌ك پێشتر ئاماژه‌م پێدا كه توانى هونه‌رى و دهنگخۆشيي دايكى يه‌كه‌م قوتابخانه‌ى هونه‌رى بووه ، به‌ڵام ده‌وڵه‌مه‌ندى ناوچه‌كه‌يان لهستران و لاوك كاريگه‌رى له‌سه‌ر هونه‌رمه‌ند داناوه‌و خۆشى ئه‌و هه‌سته‌ى هه‌بووه ئهولاوك و سترانانه وه‌ك خهرمانهيهك له‌مێشك و سينهيدا هه‌ڵبگرێ، هه‌روه‌ها ده‌ردى هه‌ژارى و نه‌دارى و چه‌وساندنه‌وه‌ى نه‌ته‌وايه‌تى و چينايهتى دركى پێكردووه ئه‌مانه هه‌مووى گهڵاڵهكردووهو له‌لاى خۆى و كردوونى بهههوێنى ستران و لاوك به‌ده‌نگى خۆش و گه‌روه پاراو كوردانهكهى، به‌شێوه‌يه‌كى زانايانه و وه‌ستايانه لاوكبێژى له‌ڕێي ده‌نگه بهسۆزهكهيهوه چريونى و بيسهران و گوێگرانى ده‌نگى خۆشيي خۆى پێ سه‌رسام و سه‌رمه‌ست كردووه.
لهيادكردنهوهى هونه‌رمه‌نداندا نابێت ڕۆڵى خانمه هونه‌رمه‌ند ( ئه‌ڵماس محه‌مه‌د) ناسراو به (ئه‌ڵماس خان 1894 جه‌زيره و بۆتان _1974 به‌غدا ) لهيادبكهين كه ماڵه‌كه‌ى له‌به‌غدا كردۆته يانه‌يه‌كى ڕۆشنبيرى و هونه‌رى شوێنى كۆبوونه‌وه و بهيهكگهيشتنى هونه‌رمه‌ندانى كورد و دهرگايهك بووه بۆ چوونه نێو دنياى هونه‌رى موزيك و گۆرانى و هه‌روه‌ها ڕێگايه‌ك بووه بۆ چوونى هونه‌رمه‌ندان بۆ ڕاديۆى كوردى به‌غدا ، ئه‌م خانمه هونه‌رمه‌نده له‌ساڵى (1926) گۆرانى له‌سه‌ر ( قه‌وان _ سه‌فحه ) تۆماركردووه .
هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د عارف جزيرى ئه‌و هه‌موو حه‌زو خوليايهى بۆ هونه‌رى لاوك و ستران له‌ناخ و سينهيدا په‌نگى خواردۆته‌وه، حه‌زى سترانبێژى په‌لكێشى ده‌كات و ڕێي به‌غدا ده‌گرێته به‌ر و له‌يانه يان ماڵى خانمه هونه‌رمه‌ند ئه‌ڵماس خۆى ده‌دۆزێته‌وه، هونه‌رمه‌ند له‌ساڵى (1934) له‌گه‌ڵ خانمه هونه‌رمه‌ند ( مريه‌م خان 1904 گوندى عێن ديوهز باكورى كوردستان _ 1948 به‌غدا) گۆرانى له‌سه‌ر قه‌وان تۆمارده‌كه‌ن،
يه‌كه‌م لاوكى هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د عارف له‌سه‌ر قه‌وان تۆمارى كردووه به‌ناوى ( بابكۆ ) بووه.
هونه‌رمه‌ند و مامۆستا باكورى سه‌باره‌ت به‌يه‌كه‌م گۆرانى هونه‌رمه‌ند له‌سه‌ر قه‌وان يان سه‌فحه تۆمارى كردووه ده‌ڵيت( به‌م جۆره لاوكهكانى محه‌مه‌د عارف كه‌وتنه سه‌رزارى خه‌ڵكى و بڵاوبوونه‌وه، فه‌له‌كان ( ئاشوورييه‌كان) و ئهرمهنييهكان زياتر حه‌زيان به لاوكهكانى ده‌كرد چونكه هه‌ر ئه‌وانيش به‌ئه‌سڵ خه‌ڵكى ده‌وروبه‌رى گۆلى (وان) و ماردين و دياربه‌كر بوون چاك له‌له‌هجه كوردييه‌كه‌ى محه‌مه‌د عارفى جزيرى ده‌گه‌يشتن ) ( *5)
يانه ڕۆشنبيرييهكهى ئه‌ڵماس خان بۆته مه‌ڵبه‌ندێكى بهيهكگهيشتن و يه‌كتر ناسين ، له‌و يانه‌يه هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د عارف زۆر له‌هونه‌رمه‌ندان و كه‌سايه‌تى و ڕۆشنبيرو ئه‌ديب ده‌ناسێ يه‌كێك له‌و به‌ڕێزانه ( كاميلى كاكه مين ) ده‌بێت ، كاتێك له‌ساڵى (1939) ڕاديۆى كوردى به‌غدا ده‌ست به‌په‌خش كردن ده‌كات ، ده‌رگاى ڕاديۆ بۆ هونه‌رمه‌ندانى كورد ده‌كرێته‌وه‌و له‌وێوه ده‌نگى خۆشيان تۆمارده‌كه‌ن و بڵاوده‌بێته‌وه، ئه‌ويش به‌هه‌وڵ و هيمه‌ت و تێكۆشانى چه‌ندين كه‌سايه‌تى دلسۆزو خه‌مخۆرى هونه‌رى موزيك و گۆرانى كوردى .
له‌دواى كردنه‌وه‌ى ڕاديۆى كوردى به‌غدا، ماڵى ئه‌ڵماس محه‌مه‌د ، وه‌ك يانه‌يه‌كى ڕۆشنبيرى زياتر گه‌شه‌ده‌كات و ڕيژهى ميوانه‌كان لهزۆربووندا ده‌بێت ، ئهوشوێنهيان وه‌ك شوێنى بهيهكگهيشتن و ده‌موودوو و ڕاوێژى هونه‌رى به‌كارهێناوه هونه‌رمه‌ندانى گۆرانيبێژ و مه‌قامبێژ و لاوكبێژ و حهيرانبێژ ( عه‌لى مه‌ردان ، تايه‌ر تۆفيق ، حه‌سه‌ن جزيرى ، ڕه‌سوڵ گه‌ردى ، جه‌ميل به‌شير ، مريه‌م خان ، فهوزيه محه‌مه‌د، نه‌سرين شيروان) وهسالهكانى دواتريش واته په‌نجاكانى سه‌ده‌ى پێشوو هونه‌رمه‌ندانى وه‌ك ( شه‌ماڵ سائيب ، سێوه و باكورى )
دواى ئه‌وه‌ى هونه‌رمه‌ند به‌هۆى بڵاوبوونه‌وه‌ى لاوك و سترانهكانى له‌ڕێي قهوانهكانييهوه كه‌بۆى تۆماركراوه لهنێوخهڵكيدا ئه‌و ده‌نگ زوڵاڵه زێده‌تر ده‌ناسرێ و هونه‌رو ده‌نگه‌كه‌ى لاى خه‌ڵك خۆشهويستر ده‌بێت ، له‌ساڵى (1949) ڕووده‌كاته ڕاديۆى كوردى به‌غدا و چونكه پێشتر له‌گه‌ڵ به‌ڕێز (كاميلى كاكهمين) يه‌كتر ده‌ناسن ، يه‌كه‌م گۆرانيى لهڕاديۆى كوردى به‌غدا به‌ناوى ( بهفربارى) بۆتۆماردهكهن، به‌م گۆرانييه زياتر له‌نێو خه‌ڵكيدا ده‌ركه‌وت و ناو و ده‌نگى هونه‌رمه‌ند ده‌بێته وێردى سه‌رزارى خه‌ڵكى،
هونه‌رمه‌ند لهڕاديۆى كوردى به‌غدا له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانى هاوڕێي درێژه به‌كارى هونه‌رى ده‌دات و زياتر تێكه‌ڵ وهونهرمهندانى به‌شه‌كانى تر‌ى كوردستان و شاره‌كانى كوردستان ده‌ناسێت.
ئه‌و ناساندن و ده‌ركه‌وتنى هونه‌ره به‌رزه‌ى لهلاوكبێژى و ستران چڕينداهونهرمهند محه‌مه‌د عارف جزيرى ڕێگاى هونه‌رى فراوانتر ده‌بێت و ده‌رگاى گهشتكردنى هونه‌رى له‌به‌رده‌مدا ده‌كرێته‌وه ، له‌ساڵى (1961) به‌ياوه‌رى هونه‌رمه‌ندان ( حه‌سه‌نى جزيرى و ئه‌لياس حاجى ) گه‌شتێكى هونه‌رى بۆشارى كرماشان له‌ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستان ئه‌نجام ده‌ده‌ن و ميوانى ڕاديۆى كرماشان ده‌بن و چه‌ند به‌رهه‌مێك تۆمارده‌كه‌ن، له‌و سهردانهياندا ده‌بنه ميوانى هونه‌رمه‌ند و بليمهتى نه‌مر ( حه‌سه‌ن زيره‌ك) زيره‌ك ميواندارييهكى باشيان لێده‌كات و هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د عارف جزيرى به تهمبوورهكهى گۆرانى (كيژان ده‌چنه مێرگوڵان) له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زيره‌ك تۆمارده‌كات.
دواى گه‌ڕانه‌وه‌ى له‌ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستان ، هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د عارف جزيرى به‌هۆى ئه‌وه‌ى هونهرهكهيي و ده‌نگى لاوك سترانهكانى له‌ڕێي راديۆى كوردى به‌غداوه زياتر ده‌ناسرێت و سنوورى جواگرافياى عێراق ده‌به‌زێنێت و له‌ده‌وره‌ى وڵاتيش به‌ده‌نگه زوڵال و خۆشه‌كه‌ى ئاشنا ده‌بن ، له‌سه‌ر (1966) له‌سه‌رداواى كۆمهڵيك جوله‌كه‌و ئاشوورى عێراقى كهلهوڵاتى ( كوه‌يت) نيشته‌جێن بانگهێشتى هونه‌رمه‌ند ده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ چه‌ند گۆرانيبێژێكى عێراقى ، هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د عارف جزيرى به‌ده‌م بانگهێشتكردنهكهيانهوه ده‌چێت و هه‌ر شه‌وه لهماڵيك به‌ده‌نگه خۆشهكهيي و ژهنينى تهمبوورهكهى لاوك و ستران ده‌چڕێ و دڵى ئاماده‌بووان و گوێ‌گران خۆش ده‌كات و شادى و ئاراميي و موزيك و هونه‌رى چياكانى كوردستانيان پێ ده‌به‌خشێت.
ده‌نگ و هونه‌رى به‌رز و لاوك و سترانى محه‌مه‌د عارف جزيرى وه‌ك خۆر دهدروشێتهوهوبهشدارى بۆنه نيشتمانى و نه‌ته‌وه‌ييه‌كان ده‌كات له‌گه‌ڵ هاوڕێ هونه‌رمه‌نده‌كانى ، له‌ساڵى (1968) به‌بۆنه‌ى جه‌ژنى نه‌ته‌وه‌يي (نه‌ورۆز)ه‌وه له‌هۆڵى ( خولد) له‌شارى به‌غدا ، له‌ته‌ك كۆمهڵيك هونه‌رمه‌ند ( عه‌لى مه‌ردان ، تايه‌ر تۆفيق ، فوئاد ئه‌حمه‌د، ڕه‌سوڵ گه‌ردى و باكورى و هه‌ندێك له هونه‌رمه‌ندانى گۆرانيبێژانى عه‌ره‌ب) به‌شدارى ئه‌و ئاهه‌نگه نه‌ته‌وه‌ييه بهلاوك ستران ده‌كات ،
هه‌روه‌ها به‌بۆنه‌ى به‌يانى مێژوويي 11ى ئادارى ساڵى 1970 و جه‌ژنى نه‌ورۆزى ئه‌و ساڵه هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د عارف جزيرى به‌سه‌رپه‌رشتى ده‌زگاى ڕاديۆ و ته‌له‌فزيۆنى عێراقى ، لهشارهكانى كوردستان به‌هاوكارى هونهرمهنداني كورد‌و عه‌ره‌ب ( عه‌لى مه‌ردان ، تايه‌ر تۆفيق ، حه‌سه‌ن جزيرى ، حسێن نيعمه ، ياس خضر ، عيسا به‌روارى و باكورى،چه‌ند ئاهه‌نگێك سازده‌كه‌ن ، سه‌ره‌تا دووشه‌و له‌شارى كه‌ركوك و دواتر جه‌ماوه‌رى شارى سلێمانى به‌گوڵى نێرگز پێشوازى له‌هونه‌رمه‌ند و هاوڕێ هونه‌رمه‌نده‌كانى ده‌كه‌ن و دووشهويش له‌سلێمانى و پاشان سێ شه‌ويش له‌شارى هه‌ولێر ئاهه‌نگ ده‌گێڕن و خۆشيي و شادى و به‌سته و لاوك و ستران به‌بۆنه‌ى ئاشتى و ئازادى و نه‌ورزۆ ده‌به‌خشنه خه‌ڵكى كوردستان، له‌كۆتايي ئه‌و گه‌شته هونهرييهدا له‌شارى هه‌ولێر هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د عارف جزيرى لهيانهى (فه‌رمانبه‌ران) ده‌ڵێت ( من واچاوه‌ڕوان نه‌بووم له‌شارى هه‌ولێر به‌م سۆز‌و گه‌رمييه‌وه پێشوازييان لهئێمهى هونه‌رمه‌ندانى بادينى بكه‌ن و ئه‌و چه‌پڵه زۆره‌مان بۆ لێبده‌ن) ، وتمان ئه‌زبه‌نى شتى باش و ڕه‌سه‌ن له‌دڵى خه‌ڵك جێى خۆشه‌ويستي خۆى هه‌يه ، گۆرانى و لاوكى خۆشتان پێشكه‌شيان كردوون ، ئه‌وانيش چه‌پڵه‌ى گهرمييان بۆ لێداوون ..! ئه‌مه‌يه وه‌ڵامدانه‌وه لهبهينى گۆرانيبێژ و جه‌ماوه‌ر ) ( *6)
له‌ساڵى (1973) هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د عارف جزيرى گه‌شتێكى هونه‌رى بۆ وڵاتى ( لوبنان) بههاوڕێيهتى هونه‌رمه‌ندان ( گوڵبه‌هار و عيسا به‌روارى ) و وهفدى هونه‌رى عێراقى ئه‌نجام ده‌ده‌ن له هۆڵى ( ڕيڤۆڵى به‌يروت) ئاهه‌نگ بۆكوردهكانى لوبنان ده‌گێڕن و دواتر ميوانى ( سه‌عيد يوسفى ) ده‌بن .
هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د عارف جزيرى ڕێبوارێكى به‌ئه‌مه‌ك و دڵسۆزى ڕێگا پيرۆزه‌كه‌ى هونه‌رى لاوك و ستران ده‌بێت له‌گه‌ڵ هاوڕێ ڵلسۆزهكهى ( تهمبوورهكهى) خزمه‌تێكى گه‌وره به‌هونه‌رى موزيك و گۆرانى كوردى ده‌كات ، (350) لاوك و سترانى تۆماركردووه ( غه‌زاڵ غه‌زال ، ده‌روێش عه‌بدى ، چورمه ئورفايه و بهفربارى و ، بابێ سهيرۆ و عهيشانا عه‌لى و ئاى ده‌لال ) ناودارترين لاوك‌و سترانهكانيهتى ،
هونه‌رمه‌ند له‌دوا قۆناغه‌كانى ژيانى له‌شارى دهۆك پۆستى به‌رپرسى به‌شى مۆسيقا له‌به‌ڕێوه‌به‌رايه‌تى رۆشنبيرى هونه‌رى دهۆك وه‌رده‌گرێت ، تا ساڵى (1974) ماڵئاوايي له‌كارى وه‌زيفى ده‌كات و خانه‌نشين ده‌بێت ،
له‌ساڵى ( 1979) بڕيارده‌دات ڕووبكاته ماڵى خودا به‌نيازى به‌جێهێنانى ئه‌ركى(حه‌ج) كردن ، ده‌بێت بهحاجى محه‌مه‌د عارف جزيرى ، به‌ڵام دواى بهجێهنانى ئه‌و ئه‌ركه ئايينيه ، ده‌ست به‌ردارى ته‌مبوور و لاوك و ستران نه‌بووه‌و به‌رده‌وام بووه له‌سه‌ر چڕينى لاوك و ستران .
هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د عارف دواى ئه‌و ماوه دوور و درێژه پڕ ههورازو نشێوهى لهدنياى هونه‌رى موزيك و ستراو لاوكبێژيدا ، ڕووبه‌ڕووى بۆته‌وه ، ئه‌و ده‌نگ زوڵاڵه له‌نێو كورد و ئه‌رمه‌ن و ئاشوورييدا بههونهرمهندێكى مه‌زن نێوبانگى ده‌ركردووه ، خزمه‌تێكى زۆر و بێ ئه‌ندازه‌ى بهنهتهوهكهى كردووه ، هه‌روه‌ها لهدواساڵهكانى ژيانيدا و زه‌برو زه‌نگ و كاره داپلۆسێنهرهكانى به‌عس و شه‌ڕى دۆڕاوى قادسيه حيزبى به‌عس نه‌يتوانى كار له‌سه‌ر بيركردنهوهو تواناى هونه‌ريي هونه‌رمه‌ند بكات و بيخاته به‌ره‌ى دژ بهگهلهكهيي و به‌شان و باڵى سه‌ركرده‌و حيزبى به‌عسدا لاوك و ستران بچڕێ ، نه‌خێر هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د عارف له‌به‌ره‌ى گه‌له چه‌وساوه‌و ستهمديدهكهيدا خه‌باتى هونه‌رى خۆى درێژه پێدا ، به‌ڵام نه‌خۆشيي شه‌كره زه‌فه‌رى پێبرد و له‌ڕێكه‌وتى ( 17/12/1986) بۆهه‌ميشه چاوه‌كانى لێكنا و ماڵئاوايي له ته‌مبووره ئازيزهكهيي و خاكى كوردستان و هونه‌رى لاوكبێژى و ستران و خانه‌واده‌و هونه‌رمه‌ندان و ئازيزانى كرد.
ڕۆحى شاد و هه‌زاران چه‌پكه گوڵى كێوهسهركهشهكانى كوردستان بۆ سهرگڵكۆى پيرۆزى له گۆڕستانى ( شاخكێ ) له‌شارى دهۆك ، گڵكۆكهى هه‌ميشه چراخان و لێوڕيژ بێت لهلاوك و ستران .
ئاماده‌كردنی: جه‌مالى ده‌لاك
سه‌رچاوه : (*1) كتێبى (تاريك و ڕوون) گوڵبژێرێك لهشيعرهكانى هێمن ، هۆنراوه‌ى بابرده‌ڵه ، لاپه‌ڕه (113)
(*2) يار و ديار ،، جه‌ميلى مه‌لا قه‌ره ،، كۆمهڵيك بابه‌ت ده‌رباره‌ى فه‌رهه‌نگى كوردستان له‌ئێران و تۆران ، له‌خانه‌قينه‌وه تا لاچين ،، لاپه‌ڕه (62)
(*3) گۆرانيبێژه نه‌مره‌كان ، باكوورى ، به‌شى يه‌كه‌م ، لاپه‌ڕه ( 144)
(*4)كتێبى مێژووى ڕاديۆى كورديى به‌غدا 1939_1958 به‌رگى يه‌كه‌م / به‌شى يه‌كه‌م لاپه‌ڕه ( 723)
(*5) گۆرانيبێژه نه‌مره‌كان ، باكوورى ، به‌شى يه‌كه‌م ، لاپه‌ڕه ( 147)
(*6) گۆرانيبێژه نه‌مره‌كان ، باكوورى ، به‌شى يه‌كه‌م ، لاپه‌ڕه ( 151)
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.