نێچیرڤان بارزانی،سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له په‌یامێكیدا ده‌ڵێت:توندوتیژی و كه‌وتنه‌وه‌ی قوربانی، مایه‌ی داخ و نیگه‌رانییه و مه‌ترسیی ئاڵۆزبوونی زیاتری دۆخه‌كه ده‌هێنێته ئاراوه.
ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ..
په‌یامێك له سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانه‌وه
له نزیكه‌وه چاودێریی ڕووداو و پێشهاته‌كانی به‌غدا و خۆپیشاندانه‌كان و لێكه‌وته نه‌خوازراوه‌كانی ده‌كه‌ین. توندوتیژی و كه‌وتنه‌وه‌ی قوربانی، مایه‌ی داخ و نیگه‌رانییه و مه‌ترسیی ئاڵۆزبوونی زیاتری دۆخه‌كه ده‌هێنێته ئاراوه. وێڕای سه‌ره‌خۆشی و هاوخه‌می بۆ خانه‌واده‌ی قوربانییان، داوا له هه‌موو لایه‌ك ده‌كه‌ین دان به خۆیاندا بگرن و كارێكی وا نه‌كرێت دۆخه‌كه به ئاقارێكی خراپتردا بڕوات.
ده‌ستوور و یاسا مافی خۆپیشاندان و ده‌ربڕینی ناڕه‌زایی به شێوه‌یه‌كی مه‌ده‌نی و ئاشتیانه دیاری كردووه و ده‌یانپارێزێت، به هه‌مان شێوه ڕێگه‌ی له ئاڵۆزی و پشێوی و توندوتیژی گرتووه. داوا ده‌كه‌ین خۆپیشاندان و ناڕه‌زایی و مامهڵهكرنیش له‌گه‌ڵیاندا له چوارچێوه‌ی یاسادا بێت و هه‌مووان ئارامی بپارێزن و ڕه‌چاوی به‌رژه‌وه‌ندیی گشتیی وڵات بكه‌ن.
سه‌ركه‌وتنی پرۆسه‌ی ده‌نگدان و هه‌ڵبژاردن، سه‌ركه‌وتنی عیراقه و هه‌ر تانه و سكاڵا و تێبینییه‌كیش له‌سه‌ر ئه‌نجامه‌كانی هه‌بێت، ده‌بێ به ڕێكاره یاسایییه‌كان یه‌كلایی بكرێنه‌وه. ده‌بێ هه‌موومان له عیراق له ئاستی به‌رپرسیاریه‌تیی نیشتمانیدا بین و پێكه‌وه، یه‌كڕیز و ته‌با، ئاشتیانه كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ین، ڕووبه‌ڕووی مه‌ترسییه‌كان به‌تایبه‌تی تیرۆر ببینه‌وه، ئارامی و ژیان و گوزەران و خزمەتكردنی ھاووڵاتییان ئامانجی سەرەكیی ھەمووان بێت.
نێچیرڤان بارزانی
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان
2021/11/6
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.