ئه‌مڕۆ هه‌ینی له شاری به‌غدا شاندێكی پارتی دیموكراتی كوردستان به سه‌رۆكایه‌تی هوشیار زێباری ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ی سیاسی ڕه‌وتی سه‌در كۆبووه‌وه.
شانده‌كه‌ی پارتی له دوێنێ پێنجشمهوه له شاری به‌غدایه بۆ قسه‌كردن له‌گه‌ڵ لایه‌نه سیاسییه‌كانی عێراق سه‌باره‌ت به پرسی هه‌ڵبژاردنه‌كان و هه‌وڵه‌كانی پێكهێنانی حكوومه‌تی داهاتوو.
پارتی دیموكراتی كوردستان كه براوه‌ی یه‌كه‌می هه‌رێمی كوردستان و یه‌كێكه له لایه‌نه سه‌ركه‌وتووه‌كانی عێراق له هه‌ڵبژاردنه‌كانی ڕابردوو به بردنه‌وه‌ی 33 كورسی په‌رله‌مان، ماوه‌یه‌ك پێش ئێستا له‌گه‌ڵ به‌شی هه‌ره‌زۆری حزب و لایه‌نه سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كۆببووه‌وه سه‌باره‌ت به پرسی پێكهێنانی حكوومه‌تی داهاتووی عێراق و یه‌كڕیزی لایه‌نه كوردستانییه‌كان بۆ یه‌كخستنی داواكاری و داخوازییه‌كان له حكوومه‌تی نوێی عێراق.
بڕیاریشه شانده‌كه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان به سه‌رۆكایه‌تی هوشیار زێباری هه‌ر له‌و سه‌ردانه‌ی بۆ به‌غدا له‌گه‌ڵ چه‌ند لایه‌نێكی تری سیاسی عێراق كۆببێته‌وه و له‌گه‌ڵیاندا باسی هه‌ڵبژاردن و ئه‌گه‌ره‌كانی پێكهێنانی حكوومه‌تی داهاتوو بكات.
ئه‌مه له كاتێكدایه كه موقته‌دا سه‌در سه‌رۆكی ڕه‌وتی سه‌در كه به به‌ده‌ستهێنانی 73 كورسی براوه‌ی یه‌كه‌می عێراق و شیعه‌كانه له هه‌ڵبژاردنه‌كان، دوێنێ پێنجشه‌م له شاری به‌غدا له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی ته‌قه‌دوم محه‌مه‌د حه‌لبووسی كۆببووه‌وه كه ئه‌ویش براوه‌ی یه‌كه‌می سوننه‌كانه به 38 كورسی په‌رله‌مانی.
جێی باسه له ڕۆژی 8 و 10ی مانگی ڕابردوو هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی په‌رله‌مانی عێراق به‌ڕێوه‌چوو و تێیدا لایه‌نه كوردستانییه‌كان 63 كورسی په‌رله‌مانیان مسۆگه‌ر كرد كه پارتی له ڕیزی یه‌كه‌میان بوو به 33 كورسی.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.