ئهمڕۆ پێنجشهم له شاری بهغدا، لیژنەی باڵای ئاسایش و سەربازیی تایبەت بە دیالۆگی ستراتیجی لەنێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا دووهم كۆبوونهوهی خۆی ئهنجام دا.
وهزارهتی پێشمهرگه بڵاوی كردهوه: ئەمڕۆ پێنجشهم لە بارەگای فەرماندەیی هێزە هاوبەشەکانی عێراق لە بەغدا، لیژنەی باڵای ئاسایش و سەربازی تایبەت بە دیالۆگی ستراتیجی لەنێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، بە سەرپەرشتی قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراقی و بە سەرۆکایەتی فریق رکن عهبدوڵا ئهلشهمهری جێگری فەرماندەی گشتیی هێزە هاوبەشەکانی عێراق، جەنڕاڵ برینان فەرماندەی هێزی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا و عەمید روکن هەژار عومەر ڕاوێژکاری باڵای وەزارەتی پێشمەرگە و نوێنەری هەرێمی کوردستان، دووەم کۆبوونەوەی خۆیان ئەنجام دا، لە دوای گەڕی چوارەمی دیالۆگی ستراتیجی لەنێوان عێراق-ئەمریکا کە لە مانگی تەمووز 2021 لە واشنتۆن ئەنجامدرابوو.
بڵاویشی كردهوه: لە کۆبوونەوەکەدا باس لە هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی رێککەوتنی دیالۆگی ستراتیجی نێوان عێراق و ئەمریکا کرایەوە، هەردوولا پابەندی خۆیان پیشان دا بۆ جێبەجێکردنی بڕگەکانی رێککەوتنی نێوان هەردوو وڵات کە بڕیارە تا کۆتایی ئەمسال هێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا ڕۆلیان بگۆڕێت لە هێزی شەرکەرەوە بۆ هێزی پاڵپشتی هێزەکانی عێراقی لە ڕووی (ڕاوێژ، پاڵپشتی، بەرزکردنەوەی ئاستەکان).
ههروهها بڵاوی كردهوه: هەر لەکۆبوونەوەکەدا فەرماندەی فەرماندەیی هێزە جیاوازەکانی عێراقی و هێزەکانی پێشمەرگە ڕاپۆرتی خۆیان پێشکەش کرد، سەبارەت بە بوارەکانی پەیوەندیی ستراتیجی لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان، هەروەها گرینگترین ئەو پێداویستییانەی بۆ بەرزکردنەوەی ئامادەسازی و ئاستی هێزەکانی عێراقی و هێزەکانی پێشمەرگە پێویستن، پێشکەش بەشاندی هاوپەیمانان کران.
وهزارهتی پێشمهرگه ئاشكراشی كرد: لە کۆبوونەوەکەدا لایەنی عێراقی پابەندیی خۆیان دووپات کردەوە بە پاراستنی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق، هێزەکانی هاوپەیمانانیش بەڵێنیان دا بەردەوام بن لە پاڵپشتی و ڕاوێژدان بە هێزەکانی عێراقی و هێزەکانی پێشمەرگە لە شەڕی دژی داعش.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەشدا بڕیاردرا کە ئەم کۆبوونەوانە بەشێوەی دەوری بەردەوامیان هەبێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.