Erbil 9°C پێنجشەممە 23 کانوونی دووەم 18:25

ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی کوردستان : هه‌موو هه‌وڵ و تواناکانمان بۆ به‌سزا گه‌یاندنی تیرۆریستان ده‌خه‌ینه‌ گه‌ڕ

کوردستان TV
100%

ئه‌مڕۆ دادوه‌ر عه‌بدولجه‌بار عه‌زیز حه‌سه‌ن، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستان پێشوازی كرد له‌ كریستیان ریتچه‌ر راوێژكاری تایبه‌ت و سه‌رۆكی نوێی تیمی لێكۆڵینه‌وه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له‌ تاوانه‌كانی داعش (یونیتاد UNITAD) .

له‌ دانیشتنێكدا سه‌رۆكی نوێی تیمی یونیتاد سوپاسی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستانی كرد بۆ ئه‌و هه‌ماهه‌نگی و هاوكارییه‌ی له‌گه‌ڵ تیمی یونیتاد هه‌یانه‌ و هیوای خواست ئه‌و هاوكاریی و هه‌ماهه‌نگییه‌ بۆ داهاتووش به‌رده‌وام بێت.

هه‌روه‌ها باسی ئه‌وه‌شی كرد كه‌ ئه‌وان وه‌ك تیمی یونیتاد له‌ هاوكاری و هه‌ماهه‌نگییه‌كانی تیمی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری بۆ هاوكاریكردنی یونیتاد رازین و كارو ئه‌ركه‌كانیان به‌ پێی پێوه‌ر و ستانداردی جیهانییه‌ به‌ تایبه‌ت كۆكردنه‌وه‌ی به‌ڵگه‌و دۆكیومێنتی تاوانه‌كانی داعش كه‌ ئه‌مه‌ش له‌ ئامانجه‌ سه‌ره‌كیه‌كانی یونیتاده‌.

هه‌روه‌ها سه‌رۆكی تیمی یونیتاد ئاماده‌یی خۆیان بۆ به‌هێزكردن و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی توانای دادوه‌ر و ئه‌ندامانی داواكاری گشتی و لێكۆڵه‌ره‌وانی دادوه‌ری ده‌ربڕی ئه‌ویش به‌ رێگه‌ی كردنه‌وه‌ی خولی مه‌شق و راهێنانی تایبه‌ت.

له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستان وێڕای به‌خێرهێنانی تیمی یونیتاد، پیرۆزبایی له‌ سه‌رۆكی نوێی تیمه‌كه‌ كرد و هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ خواست له‌ كاره‌كانی.

هه‌روه‌ها سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری رایگه‌یاند كه‌ كورد به‌رده‌وام قوربانی ده‌ستی تیرۆر و توندوتیژی بووه‌ كه‌ دوا نموونه‌یان رێكخراوی تیرۆریستی داعش و تاوانه‌ قێزه‌وه‌نه‌كانیان بووه‌ ده‌رهه‌ق به‌ گه‌لانی ناوچه‌كه‌و گه‌لی كوردستان به‌ تایبه‌ت. بۆیه‌ ئه‌وان وه‌ك ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستان هه‌موو هه‌وڵ و تواناكانیان ده‌خه‌نه‌ گه‌ڕ بۆ به‌سزا گه‌یاندنی تیرۆریستان و ئه‌و كه‌سانه‌ی تاوانی دژی مرۆڤایه‌تیان ئه‌نجامداوه‌.

دواتر سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری كورته‌یه‌كی له‌سه‌ر چۆنییه‌تی دادگایی كردنی تاوانباران و تیرۆریستانی داعش و پرۆسه‌ی دادگاییكردنیان بۆ تیمی یونیتاد خسته‌ڕوو و رایگه‌یاند ئه‌وان وه‌ك هه‌رێمی كوردستان هه‌وڵ ده‌ده‌ن دادگایه‌كی تایبه‌تمه‌ند بۆ دادگاییكردنی تیرۆریستانی داعش له‌ هه‌رێمی كوردستان دابمه‌زرێت و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش داوای له‌ سه‌رۆكی تیمی یونیتاد كرد پالپشتی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن.

له‌ كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌ش هه‌ردوولا ته‌ئكیدیان له‌ به‌رده‌وامیی هاوكاریی و هه‌ماهه‌نگی نێوانیان كرده‌وه‌.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.